پیتەکان و دەنگەکان:
پیتەکان: پیتەکانی ئەلفبێی زمانی کوردی (34) پیتن و بەم شێوەیەی خوارەوە ڕیز دەکرێن: (ئ - ا - ب - پ - ت - ج - چ - ح - خ - د - ڕ - ڕ - ز - ژ - س - ش - ع - غ - ف - ڤ - ق - ک - گ - ل - ڵ - م - ن - ه - ه - و - وو - ۆ - ی - ێ.)
تێبینی: گرنگە پیتەکان بەو شێوەیەی سەرەوە ڕیز بکرێن و شوێنەکانیان پێش و پاش نەخرین.
$دەنگەکان:$
زمانی کوردی (37) دەنگی هەیە، بەڵام لە سیستەمی ئەلفبێدا (34) پیتی بۆ دیاری کراوە.
نیمچەبزوێنەکان (w, y):
1- بۆ دوو دەنگی بزوێن و نیمچەبزوێنی (u و w) تەنها یەک پیتی (و) دانراوە: (وانە wane)، (کورد Kurd).
2- بۆ دوو دەنگی بزوێن و نیمچەبزوێنی (î و y)یش یەک پیتی (ی) دانراوە: (میر mîr)، (مەی mey)، (یار yar).
3. بۆ دەنگی درێژی (û)ش واو دووپات بووەتەوە (وو = û).
پیتی (و) و پیتی (ی) کە دوو ئەرک دەبینن پێیان دەوترێت: نیمچەبزوێن.
دەنگی فرەکورتی (i) هیچ پێتێکی بۆ دانەنراوە: (بردن birdin)، هەر بۆیە لە ئەلفبێی کوردیی ناوەڕاستدا پێی دەوترێت “بزرۆکە“، واتە بزر بووە. ئەمە بە کرمانجی پێی ناوترێت بزرۆکە، خۆ لەوێ بزر نییە و دیارە، ئەو پیتە وەک دەنگەکانی تر چاوی لێ دەکرێت و بزوێنێکە، بەڵام بزوێنی فرەکورت.
کەوا بێت بۆ پێنج (5) دەنگی (w, u, y, î, i) تەنیا (2) پیتی (و، ی) لەبەرچاو گیراوە، هەر بۆیە دەڵێن ژمارەی دەنگەکان (37)ن و ژمارەی پیتەکان (34)ن. لە زۆربەی زمانەکانی دنیادا ژمارەی دەنگەکان و پیتەکانی ئەلفبێ وەکوو یەک نین، بۆ نموونە لە زمانی فارسی، سویدی و ئینگلیزیدا.
3- بزوێنەکان بزوێن به و دەنگانە دەوترێن کە لە کاتی بێژە و گۆکردندا، دەم و زار تۆزێک زیاتر دەکرێنەوە و زیاتر دەکێشرێن. بزوێنەکان جووڵە و بزواندن دەخەنە ناو وشەوە. بزوێنەکان لەڕاستیدا (8) دەنگن، بەڵام لە ئەلفبێدا تەنها (7) دەنگیان پیتیان بۆ دانراوە و دەنووسرێن و بریتین لە: (ا، ە، و، ۆ، وو، ی، ێ).
$یاسا:$ هەر وشەیەکی کوردی پێک هاتووە لە لانی کەم یەک بڕگە و لە هەر بڕگەیەکیشدا یەک بزوێن هەیە، بۆ نموونە:
1- یەکبڕگەیی: (ناو naw).
2- دووبڕگەیی: (کۆ مار = کۆمار komar).
3- سێبڕگەیی: (هێ لا نە = هێلانە hêlane).
4- چواربڕگەیی: (جاڵجاڵۆکە callcalloke).
4- (هێشوو cluster):
ئەگەر چاو لە وشەی “مەست mest” بکەین دەبینین کە لە نێوان “س” و “ت”دا هیچ بزوێنێک نییە، ئەمە پێی دەوترێت “هێشوو” چونکە هیچ بزوێنێک ناکەوێتە نێوانیانەوە. وشەی “هێنان” هیچ هێشوویەکی تێدا نییە، چونکە بەدوای یەکتردا بزوێن و نەبزوێن دێن.
هێشوو جاری وایە لە دوو دەنگی کپ و جاری واشە لە سێ دەنگی کپ دروست دەبن.
هێشوو جاروبار دەشتوانێت بکەوێتە سەرەتای وشەوە، وەک: (ستران stran)، (ستۆکهۆڵم Stockholm).
لە سەرەتادا دوو یان سێ دەنگی کپ (نەبزوێن) بەدوای یەکتردا هاتوون بێ ئەوەی نەبزوێنێک بکەوێتە نێوانیان، واتە هێشوویان دروست کردووە.
هێشوو لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی تر جیاوازە چونکە پێکهاتەی زمانەکان جیاوازن. لە زمانی کوردیدا ئەم فۆنیمانە (c – ç – s – ş – x – k) و (ج، چ، س، ش، خ، ک) لەگەڵ (w)دا هێشوو دروست دەکەن، نموونە: جوان cwan، چوار çwar، سوێند swênd، شوێن şwên، خوار xwar، کوا kwa.
[1]