ناونیشان: دۆزینەوەی ڕەگی کار
بۆ دۆزینەوەی ڕەگی کار، دەکرێت بە شێوەی ڕێزمانی و وردەکاری هەموو جۆرەکانی فرمان لە زمانی کوردیدا ڕوون بکرێنەوە و دانە بە دانە باسیان بکرێت، ئەوە بابەتێکی چڕوپڕی ڕێزمانییە، زۆر جار خوێندکار لێی ئاڵۆز دەبێت و فێربوونی ئاسان نییە، بەڵام لێرەدا بە شێوەیەکی ئاسانتر شێوەی دۆزینەوەی ڕەگی کار ڕوون دەکەینەوە کە فێربوونی زۆر سادە و سانایە:
دۆزینەوەی ڕەگی کار:
هەر کارێکمان هەبێت بۆ نموونە لە دۆخی چاوگدا، دەیکەینە دۆخی ڕانەبردووی یەکەم کەسی سادە:
نموونەی 1:
“خواردن”، دەکەینە دۆخی ڕانەبردووی یەکەم کەسی سادە، واتە: (خواردن) دەکەینە (دەخۆم).
دە + خۆ + م = دەخۆم.
پاشان ئەگەر “دە” … “م” لابەرین، ئەوە ڕەگی کار دەمێنێتەوە: “خۆ“.
کەوا بێت ڕەگی کاری “خواردن” دەبێتە: “خۆ“.
نموونەی 2:
“کڕین”: دۆخی ڕانەبردووی یەکەم کەسی سادە: = دەکڕم: دە + کڕ + م = دەکڕم.
ڕەگی “کڕین” = “کڕ“.
ڕەگی “هاتن” وا بەدەست دێت: د + ێ + م = دێم.
ڕەگی “هاتن” = “ێ”.
چەند نموونەی تر بۆ دۆزینەوەی “ڕەگی کار” لەم خشتەیەی خوارەوەدایە کە لە فایلی پەیوەندیدار دانراوە:
چاوگ ڕانەبردوو ڕەگی کار
کڕین دەکڕم دە کڕ م
خوێندن دەخوێنم دە خوێن م
کردن دەکەم دە کە م
ڕژاندن دەڕژێنم دە ڕژێن م
[1]