دەقی پەیامەکەی مەکتەبی سیاسیی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#:
کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
ئەمڕۆ کە یادی سی و چوار ساڵەی ترسناکترین تاوانی سەدەی بیست تاوانی ئەنفال دەکەینەوە، وێرای دانەواندنی سەری ڕێز بۆ ڕۆحی پاکی گشت ئەو مرۆڤانەی کە بەدڕندانەترین شێوە لەگۆڕە بە کۆمەڵەکاندا گولەباران کران، یان لەبرس و تینوێتیدا لەسەحرا وزیندانەکاندا ژیانیان لێسەندرایەوە.
لەم یادەدا وەبیر هەموو لایەکی دەهێنینەوە، بەهۆی زۆر و زەوەندیی ئەوزیانە گیانی وماڵی ومەعنەوییانەی کەبەخەڵک وناوچەکانی کوردستان کەوت لەو تاوانەدا، سەرەڕای هەوڵەکانی سۆراغ و گەڕان بە دوای بێسەروشوێنکراوان و دۆزینەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان و ئاشکراکردنی ناسنامەی شەهیدەکان و هێنانەوەی ڕوفاتەکانیان بۆ کوردستان، بەڵام هێشتا لە ناساندنی تاوانی ئەنفال وەک جینۆسایدکردنی گەلی کورد لە ئاستی جیهانیدا و قەرەبوکردنەوەی زیاتری ئەوانەی لەو تاوانەدا ڕزگاریان بوە و هەروەها کەس وکاری قوربانیەکان و ئاوەدانکردنەوەی ئەو گوند وناوچانەی بەهۆی پەلامارەکانی ئەنفالەوە زۆرترین زیانیان بەرکەوتوە نەگەیشتۆتە ئاستی ڕازیبونی هەموو لایەکمان.
بۆیە لێرەدا جارێکی تر دوپاتیدەکینەوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەمیشە لەو هەوڵانەی بەردەوامە کەلەسەرەوە ئاماژەمانپێدا و هەروەها بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبونەوەی تاوانێکی وەها بەرامبەر گەلەکەمان، لە نێوەندە سیاسی و دبلۆماسیەکاندا گشت توانایەکی خستۆتەگەڕ بۆ زامنی زیاتری پارێزگاریکردن لەو مافە دەستوریانەمان کە جێبەجێکراون وکارو هەوڵی بەردەوام بۆ ئەوانەشی بەدینەهاتون، ئەمانەش پێویستیان بە گفتوگۆ و زمانی دیالۆگی بەردەوامە نەک مزایەدەی بێ هودە کە ببنە هۆی هەڵچون و دروست بونی تەنگژەی وەها کە ئاقارەکەی بەرەو کێشە و ڕودانەوەی کارەساتێکی تر بڕوات و بارگرانی زیاتر لەسەرشانی گەلەکەمان دروست بکات.
هەر لەم یادە خەمناک و کارەساتبارەدا بەڵێن دووپاتدەکەینەوە هەموو هەوڵەکانمان بۆساڕێژکردنی یەکجارەکی برینەکانی ئەنفال و لێکەوتەکانێتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!