هەواڵەکان
#ڕەسوڵ بەختیار#
لەنێو تەکسییەکەدا دابووم، شوفێرەکە تەلەفۆنێ بۆ هات، یەکسەر گوتی: ها قالە ڕزیوو، چۆنە وا تەلەفۆن دەکەی، دەڵێی هەواڵی نوێت پێییە، خۆ تۆش باس لەپردە ڕووخاوەکە ناکەی، تۆش خۆت بەشرۆڤەکار دەزانی.
هەواڵەکان چۆراوجۆرن، هەواڵ هەیە، حەز بەوە دەکەیت، بەردەوام بێ، کەچی هەواڵی وا هەیە هیچ گرنگییەکی نییە، حەز ناکەیت گوێت لێ بێ.
لەهەمووی سەیرتر هەواڵە بەپەلەکان ژیانی لێ تێکداوێن، دەزگە و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن وا دەزانن هێشووە تریان پێشکەش بەبینەرانیان کردووە، ئەمڕۆ بەیانی کاتێک لەخەو هەڵسام سەیرێکی فەیسبووکم کرد، بینیم لاپەڕە و سایتەکان هەر یەک لەلای خۆیەوە باس لەرووخانی پردێک دەکات، تەنیا ئەوەندە پردێک ڕووخاوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکی دیکە نییە، تەنیا پردێک ڕووخاوە، یەکێک نەبزانێ ئەم پردە لەکوێییە، کۆمێنتێکی دورودرێژی سەبارەت بەپردەکانێ جیهان نووسیووە، باسی پردەکەی لای خۆمانی نەکردووە، یەکسەریش هێرشی کردە سەر دەسەڵاتی ناوچەکە و شارەوانی و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی بەگەندەڵ لەقەڵەم داوە.
لەهەموو ئەوانەگەڕێ، بۆمبێک لەئەمریکا تەقیوەتەوە، کەچی ڕاگەیاندنەکانی ئێمە وەک ئەوەی تەقینەوەکە لەپاڵ خۆیدا تەقیوەتەوە، چەندین کەس لەسەر هێڵی تەلەفۆن و میوان بانگ دەکات، تا شرۆڤەی ئەو هەواڵە بکەن، کەچی بۆ کێشە ناوخۆییەکان هیچ قسەیەکیان نییە. دەڵێن واز لەمە بێنە، ئێستا کێشەی ڕووسیا و ئۆکرانیا گرنگە، هەواڵەکانی لای ئێمە وەک بازاڕکردنی ئەو ژن و کچانەیە، کاتێک بەدوای ستیانێک دەگەڕێن، لەنێو پۆتیەکەدا ژنەکان دەبێتە مشت و مڕیان لەبارەی پیاوەکانیان، بەوەی حەزیان لەچ ڕەنگێکە.
لەوەش گەڕێ کچە مۆدیلەکان بۆتە بابەتی لاپەڕە سێبەرەکان هەر یەکەو لەلای خۆیەوە پێشبڕکێیەتی بۆ ئەوەی گرتە وروژینەرەکانیان بڵاوبکاتەوە، تا لایک و بینەرانیان زۆر بێ.
زۆری نەبرد هەر لەنێو تەکسییەکەدا، شوفێرەکە گوتی: سەیری ئەم وێنە و نووسینە بکە بزانە قالە ڕزیوو، چۆن شەن و کەوی هەواڵی پردە ڕووخاوەکە و نوێترین گۆرانی کردووە. هەردوو هەواڵی بەیەکەوە بەستۆتەوە.[1]