بە بیانووی ساڵیادی ڕۆژنامەگەری کوردییەوە، یادی گۆڤاری هۆرە
#شوان کەریم کابان#
یەکێک لە هەرە خەسڵەتە دیار و گرنگەکانی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان بە ڕابەرایەتی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#، ئەو پانتاییەی ئازادی ڕووناکبیری بوو کە شۆڕش ڕەخساندبووی و کەش و هەوایەکی وەهای هێنابووە کایەوە، چەندین ڕێکخراوی پیشەیی لە ناوچە ڕزگار کراوەکاندا دروست ببن و کاری خۆیان بکەن. گومانی تێدا نییە بەشێکی ئەندامانی ئەو ڕێکخراوانە ئەندامی حزبی بوون و پێشمەرگە بوون، بەڵام ژمارەیەکی باشیشیان خەڵکانی بێلایەن و ناحزبی بوون.
ئەو پانتاییە و گرنگی دان بە ڕووناکبیری و خۆ ڕۆشنبیرکردنە، وای کردبوو بزاوتێکی چالاکی کاری ڕۆژنامەگەری و چاپکردنی بابەتی سیاسی و فیکری و ئەدەبی و هونەری دروست بێ، جگە لە بڵاوکراوە حزبییەکان کە لە چاپخانەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەردەچوون و هەروەها بڵاوکراوەی باڵەکانی یەکێتی، کۆمەڵەی ڕەنجدەران و یەکێتی شۆڕشگێران، کە خۆیان لە چەندین ڕۆژنامە و گۆڤار سەدان نامیلکە و کتێبدا دەبینییەوە، مەڵبەندەکانی یەکێتیش گۆڤار و مانگنامەی خۆیانیان بڵاو دەکردەوە، ئەمە جگە لە هەندێ بڵاوکراوەی تر کە لەڕێی تاکە کەسەوە بڵاودەکرانەوە، ئەو ڕێکخراو و گروپانەی لە شاخ بوون، بڵاوکراوە و گۆڤاری تایبەت بەخۆیان هەبوو، وەک یەکێتیی نووسەرانی کوردستان و یەکێتی مامۆستایانی کوردستان و خوێنکاران و یەکێتیی هونەرمەندانی کوردستان — کۆمیتەی شاخ و تیپی مۆسیقای شەهید کارزان. یەکێک لەو گۆڤارە تایبەتمەندانەی لەشاخ دەردەچوو، گۆڤاری هۆرە بوو کە تایبەت بوو بە مۆسیقا و لەلایەن یەکێتیی هونەرمەندانی کوردستان کۆمیتەی شاخەوە بە هاوکاری ڕاستەوخۆ و کاریگەری تیپی مۆسیقای شەهید کارزان دەردەکرا.
بیرۆکەی دەرچواندنی گۆڤارێکی لەم بابەتە، هی هەردوو هونەرمەند مامۆستا دلێر ئیبراهیم و سالار ئەحمەد بوو، مەبەست لە دەرکردنی گۆڤارەکە بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیریی هونەری مۆسیقا و گرنگیدان بوو بە هەندێ بابەت و کەسایەتی تایبەت بەو بابەتە. هونەرمەند مامۆستا دلێر ئیبراهیم و شوان کەریم کابان دەستەی نووسەران بوون، بەشێک لە ئەندامانی تری تیپی مۆسیقای شەهید کارزان کاریان تێدا کردووە، وەک هونەرمەندان، ئاراس ئیبراهیم، هوشیار ئەحمەد، سیار بامەڕنی، ڕزگار ئیسماعیل. جگە لەو بەڕێزانە، چەند بەڕێزێکی تر کاری چاپیان تیدا کردووە، لەوانە بەختیار حەمە شەریف و بەختیار عومەر. گۆڤارەکە بایەخێکی شایستەی بەبوارەکانی تایبەت بە مۆسیقا داوە، لەوانە سروودە کوردییەکان، مێژوو، سەمفۆنیا، ئامێرە موسیقییەکان، هونەرمەندە شەهیدەکان، بابەتی لێکۆڵینەوە، وەرگێڕان. چوار ژمارە لەم گۆڤارە دەرچووە، ژمارەی یەک لە کانوونی یەکەمی 1985، و دووەم لە ئابی 1987 لە بەرگەڵو، ژمارەی سێ و چواری بەیەکەوە لە شاری #سەقز# دەرچوون و هەر چوار ژمارەکە لە چاپخانەی شەهید ئیبراهیم عەزوو چاپکراون. بۆ هەردوو ژمارەی سێ و چوار خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد هاوکارییەکی بەرچاوی ماددی پێشکەش کرد. دەرچواندنی ئەم گۆڤارە لەو بارودۆخەدا، بە یەکەم هەوڵ ئەژمار دەکرێت لە مێژووی شۆڕشەکانی کوردستاندا.[1]