ئارکیۆلۆژیای زانستە مرۆڤایەتییەکان
ئامادەکردنی: کامۆ حەوێزیی
ئەم کتێبە بابەتێکی فیکریی مەعریفییە گوزارشت لە زانستی ئاسەوار و ئاشکراکردنی زانستە مرۆڤایەتییە کۆنەکانی مرۆڤایەتی و بوونی مرۆڤ و پێشکەوتن و توێژینەوەی پرۆسەی شارستانییەتە دێرینەکان دەکات، یەکێک لە نووسەرە دیارەکانی ئەم بوارە هاشم ساڵحە کە خاوەنی ئەم کۆمەڵە وتارەی کتێبەکە کە شوان ئەحمەد وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردیی، ئێمە لێرەدا تیشک دەخەینە سەر بەشێک لە ناوەڕۆکی کتێبەکەی هاشم ساڵح تاکوو خوێنەر شارەزاییەکی لەبارەی گرنگی ئاسەوار و شارستانییەتەکان هەبێت.
شاهۆ سەعید پێشەکی بۆ ئەم کتێبە نووسیوە و، دەڵێ : لەنێوان زمانی فیکر و زمانی ئاخاوتندا جیاوازییەکی زۆر هەیە، ئەگەر زمانی ئاخاوتن لەبنەڕەتدا بە مەبەستی پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکان و بەڕێکردنی ژیانی ڕۆژانەیان دامەزرابێت، ئەوا زمانی فیکربە مەبەستی پەیوەندیی و ڕێکخستنی مانا و بیرۆکە و چەمکەکانی نێو زەینیان دامەزراوە.
ئەگەر زمان لە دۆخی یەکەمدا ئامرازی مامەڵەی نێوان مرۆڤەکان بێ ، ئەوا لە دۆخی دووهەمدا ئامرازی بیرکردنەوەی زاتی و ئاڵۆگۆڕی چەمکە زەینییەکانە، ئەگەر ئامانجی سەرەکی زمانی ئاخاوتن ساناکردنەوەی ئاڵۆزی و کێشەکانی ژیان بێت، ئەوا ئامانجی زمانی فیکریی قوڵبوونەوەیە بەناو ئەو ئاڵۆزی و کێشانەدا، بە مەبەستی ڕۆشنکردنەوەی ئەو ڕووبەرانەی زمانی ئاسایی نایان بینێ ، یان ناپەرژێتە سەر بینینیان.
فەلسەفەی هاوچەرخی ئەوروپی
قسەکردن دەربارەی ناوەڕۆکی ئەم کتێبە کە لە فەلسەفەی هاوچەرخی ئەوروپی بە هەموو ئاقارو ناوە دیارەکانییەوە کارێکی سانا نییە، فەلسەفەی هاوچەرخی ئەڵمانی جێگای تایبەتی خۆی هەیە، نەک تەنها لە ئەوروپا، بەڵکو لەسەرتاسەری جیهاندا، هەرکە باسمان لە ناوی گەورە فەیلەسوفانی سەردەمی تازەکرد، دەبینین زۆربەیان ئەڵمانین، لێرەدا ئەوەندە بەسە کە ناوی لایبتنز و کانت و هیگڵ و مارکس و ماکس ڤیبەر و نیچە و فرۆید بهێنین، تەنانەت لای مارتن هایدگەر کار گەیشتە ئەوەی بڵێت: لە جیهاندا دوو زمان بۆ فەلسەفە لێدان هەیە، ئەوانیش زمانی یۆنانی و زمانی ئەڵمانی، پاش سوکرات و ئەفلاتون و ئەرستۆ، ئەوا فەلسەفە بۆ ئەڵمانەکانە.
ئەم لێدوانە شۆڤێنیەی هایدگەر بەشێوەیەکی تایبەت بووە مایەی ناڕەزایی فەرەنسییەکان، چونکە ئەوان گەورەترین ڕکابەری مێژووی ئەڵمانەکانن لە ئەوروپا، فەرەنسا بۆخۆی خاوەنی چەندین فەیلەسوفن، لەوانە، دیکارت، ڤۆڵتێر، ڕۆسۆ، سارتەر، میشێل فۆکۆ....هتد
ئەگەرچی هایدگەر ڕوحێکی نەتەوە پەرستانەی هەیە، بەڵام لەڕاستیدا ئەڵمانەکان ڕیشەیەکی قوڵیان لەگەڵ فەلسەفەدا هەیە، گرنگی ئەم کتێبە لەوەدایە شارەزاییەکی باشی مێژووی فەلسەفە و فەیلەسوفەکانی ئەڵمانیا و فەرەنسامان دەکات، پێشکەوتن و گەشەکردنی سەرمایە و فیکری مرۆڤایەتی لە ئەسیناوە بەرەو ئەڵمانیا و فەرەنسا شۆڕبووەتەوە، هاشم ساڵح لەم کتێبەیدا بە وردی لە بارەی ئەو ململانێیەی نێوان فەرەنسی و ئەڵمانەکانمان دەدوێت.
هۆرکهایمەر و ئۆدۆرنۆ، ڕەخنە لە عەقڵییەتی خۆرئاوا
ئەزموونی ئەوروپای پاش جەنگی یەکەمی جیهانی، ئەزموونێکی تاڵ و ئاڵۆزە، عەقڵانیەت لە ئەوروپا تووشی شکست دەبێت، فەیلەسوفەکان و بیرمەندەکان پێیانوابوو جارێکی دی عەقڵانییەت لە ئەوروپا تووشی شکست نابێت، بەڵام چاوچنۆکی فاشیزم لە ئەوروپا، دۆخەکەی وێران کرد و کۆمەڵگەی ئەوروپی تووشی شەڕ و قات و قڕی کرد، پاش ئەزموونی فاشیزم و نازیزم و ئەو تاوانە دڕندانەی ئەنجامیاندا، کە بوو بە مایەی کاولبوونی ئەوروپا، ئێستا نەوەیەکی نوێ لە فەیلەسوف دەردەکەون و هەموو شتێ نەفرەت دەکەن، ئەگەر بزوتنەوەی سوریالیزم لە بواری ئەدەب و هونەردا پاش جەنگی یەکەمی جیهانی وەک پەرچەکردار لە بەرانبەر مەرگەساتی خەڵک هاتبێتە ئاراوە، ئەوا قوتابخانەی فرانکفۆرت لە دوای جەنگی دووهەمی جیهانی کاردانەوەی فەلسەفی بەرانبەر تاوانەکانی جەنگ دەبێت دەردەکەوێت.
ئەم ئەزموونە تاڵ و ماڵوێرانیانەی ئەوروپا، بە فیکر و فەلسەفە بەرپەرچ دەدرێتەوە، ئەوەی هاشم ساڵح لەم کتێبەدا دەیخاتەڕوو، ئەوەمان پێ دەڵێ هەموو ئەو شەڕو ماڵوێرانیانەی ئەوروپایان هاڕی، پرشکی بەر ئێمەی ڕۆژهەڵاتیش کەوت، کەچی ئێمە هیچ کاردانەوەیەکی ئەرێنیمان نەبوو، ئێستاشی پێوە بێت ئێمە لەنێو ئەم گێژاوەدا سەرگەردانین، لە هەر بستێکی ئەم سەرزەمینە گرفت هەبێت بەر لە ئەوروپا ئێمەی ڕۆژهەڵاتی دەبینە قوربانیی.[1]