رۆڵی وەرگێڕ لە ناساندنی نووسەردا
سەدیق سەعید ڕواندزی
محەمەد شوکری لە کتێبی (ژیانم یەکبینە دڵشکان بوو) کە دەقی دیمانەیەکی درێژە لەگەڵیدا سازکراوە. دەڵێت:(کە ڕۆمانی نانی ڕووتم نووسی، هیچ دەزگایەکی نێو خۆی وڵات ئامادە نەبوو بۆم چاپ بکات، بگرە بە ڕۆمانێکی زۆر سادە و نا هونەریشیان دەزانی و دەیانگوت تۆ بێ شەرمانە ژیانی خۆت کردۆتە ڕۆمان، بۆیە ڕۆمانەکەم چاپ نەکرا، بەڵام کاتێ هاوڕێیەکی فەرەنسیم، ڕۆمانەکەی وەرگێڕایە سەر زمانی فەرەنسی، ئیدی بە جۆرێک دەنگدانەوەی هەبوو، کە من نەک لەسەر ئاستی وڵاتەکەم و نیشتمانی عەرەبی، بگرە لەسەر ئاستی جیهانیش ناسرام و پێشوازییەکی گەورە لە ڕۆمانەکەم کرا) ڕەنگە ئەمە نموونەیەکی بەرجەستە و دیار بێت، بەوەی کە چۆن زۆرجار وەرگێڕەکان دەبنە هۆکاری بە ناوبانگبوونی نووسەرێک، نەک بەرهەمەکەی خۆی بە زمانی نەتەوەیی. بێگومان کەس ناتوانێ نکۆڵی لەوە بکات، کە وەرگێڕان ڕۆڵێکی سەرەکی لە ناساندنی بەرهەمی نووسەران، بە تایبەتیش ئەوانەی بە هەر هۆکارێکەوە بێت بۆیان نەلواوە بە زمانی دایکییان بنووسن، دەگێڕێت. بۆیە گەلێک جار دەبینین، نووسەرێک بە ئەندازەیەک دەناسرێ و دەبێتە ناو، کە لە ماوەیەکی زەمەنی کورت و لە ڕێگەی وەرگێڕانی نووسینەکانی، دەخوێنرێتەوە کە ڕەنگە پێشتر کەس گوێی لە ناویشی نەبوو بێت. بۆیە وەرگێڕان، پردی ناساندن و پەڕینەوەی کەلتوور و فەرهەنگ و نووسەرانی گەلانە بە دنیا و بە یەکتریش. بەداخەوە گەلێک جار، ڕۆڵی وەرگێڕەکان لەو ناساندنەدا، نادیدە دەگیرێت و پەراوێز دەخرێن. یاخود کاتێ ڕۆماننووسێک، بەهۆی یەک ڕۆمانی بڵاوکراوەیەوە، لە ڕێگەی وەرگێڕانی ڕۆمانەکەیەوە، ناوی بڵاو دەبێتەوە و دەناسرێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئەگەر خودی وەرگێڕەکە نەبووایە، ئەو هێندە نەدەناسرا. نموونەی بەرجەستە و دیار لە نێوەندی ئەدەبی کوردی لەم ڕووەوە زۆرن، کە دەتوانین ئاماژەیان پێ بدەین. بۆ نموونە: ئەگەر وەرگێڕێکی جواننووسی وەک (سەباح ئیسماعیل) نەبووایە، بە ئاسانی (جان دۆست) لە نێو خوێنەرە کوردەکانی ئەم بەشەی کوردستان نەدەناسرا. تەنانەت ئەگەر ئەو وەرگێڕە نەبووایە، من هەرگیز نەمدەتوانی ڕۆمانی (مارتینی بە ختەوەر) بە زمانی کوردی بخوێنمەوە، کە جگە لە کوردی هیچ زمانێکی دیکە نازانم.
خوێنەر سەراسیمە دەبێت
وەرگێڕ بە شێوەیەک ئەو ڕۆمانە و (ئەوانی دیکەشی) کردوونەتە کوردی، خوێنەر کە دەیخوێنێتەوە، وا هەست دەکات ڕۆمانەکە لە بنەڕەتدا بە کوردی نووسراوە. هەموومان ڕۆڵی ئەو وەرگێڕە، لە ناساندنی جان دۆست بە خوێنەری کوردی دەزانین و دەناسین، کەواتا نابێ لە پەراوێزی خەڵاتکردنی ئەو ڕۆماننووسەدا، کەس وەرگێڕی بەرهەمەکانی بە بیر نەبێت، یاخود ڕۆڵەکەی نادیدە بگرن. لەم ساڵانەی دواییدا، (دەمیرتاش) لە ڕێگەی چیرۆکەکانییەوە زۆر لەنێو خوێنەرانی کورد ناسرا، هەمووشمان دەزانین دەمیرتاش کە بەداخەوە ئێستا لە زیندانی تورکەکانە، ناتوانێت بە کوردی بنووسێت، بەڵام لە ڕێگەی (فەرهاد چۆمانی) یەوە، چیرۆکە جوانەکانی دەمیرتاشمان خوێندنەوە. چۆمانی، بە جۆرێک ئەو بەرهەمانەی کردۆتە کوردی، کە خوێنەر سەراسیمە دەبێت، بەو زمانە پەتی و جوان و بێ گرێ و گۆڵ و کوردانەی، ئەو وەرگێڕە گەنجە هەیەتی. گەلێک جار، بە حوکمی ئەو ستەم و داگیر کارییەی تورک لە ئێمەی کردووە، جۆرێک لە ڕق و دیدگایەکی شۆفێنیمان بەرامبەر بە نەتەوەی تورک و فەرهەنگەکەی لا دروست دەبێت، بەڵام کاتێ ڕۆمانێکی ئەلیف شەفیق دەخوێنینەوە کە (فەرهاد چۆمانی) وەریگێڕاوە، بەبێ ئەوەی پێی بزانین زمانی تورکیمان خۆش دەوێت. بە هەمان شێوە، ئەگەر وەرگێڕانەکانی (ئازاد بەرزنجی) نەبووایە، کەس خالید حوسێنی نەدەناسی و بە نەهامەتییەکانی گەلی ئەفغانی ئاشنا نەدەبوو. ئەگەر (شەفیق حاجی خدر) نەبووایە، ئەستەم بوو (قادر دانساز) لە نێو خوێنەری کورد بەو شێوەیە بناسرێت و ڕۆمانەکانی بخوێنرێنەوە، یاخود ئەو هەموو زانیارییانەمان لە بارەی گەلی جوولەکەوە هەبێت، کە دەیان کتێبی لە بارەی مێژوو و ژیانی سیاسی جوولەکەکان وەرگێڕاوە. ئەمانە و دەیان نموونەی دیکەش، کە ڕۆڵی وەرگێڕەکان لە ناساندنی نووسەر و بەرهەمەکانییان دەردەخەن. کەچی بە داخەوە زۆر جار هەوڵ و شەونخوونی و ماندووبوونی وەرگێڕەکان ون دەکرێت و نووسەر بە جۆرێک وەسفی خۆی و بەرهەمەکانی دەکات، وەک ئەوەی هەر لە سەرەتاوە بەو شێوەیە ناسرابێت و بە ناو و دەنگ بووبێت. لە زۆر لایەنی دیکەش، ستەم لە وەرگێڕەکان و کایەی وەرگێڕان دەکرێت. [1]