ناونیشان: ڕۆڵی میدیای کوردیی لە بڵاوکردنەوەی ترس لە کۆرۆناڤایرۆس
نووسەر: #سەروەت عەبدوڵڵا#
لە سایەی ڤایرۆسێکی مەترسیداری بەجیهاندابڵاوبو و میدیاگەلێک کە ناتوانن لە مەترسییەکانی بڵاوکردنەوەی ترس تێبگەن، دۆخێکی شڵەژاو و نادڵنیایان هێناوەتە پێش. نادڵنیایی و قەلەقی لەو دوو تایبەتمەندییە سەرەکییەن کە دەکرێت ئێمە هەمیشە کەلتوری ترسی پێبناسینەوە. واتە، کاتێک لە کۆمەڵگەیەکدا تاکەکانی لە بارودۆخێکی ئاوادا دەژین دەتوانین بڵێن: ئەو کۆمەڵگەیە کەلتوری ترسی بەسەردا زاڵە و ڕۆژانە لەگەڵیدا مامەڵە دەکەن..!
فرانک فرێدی، لە نمونەیەکدا بەم شێوەیە بابەتی نادڵنیایی و قەلەقی ڕووندەکاتەوە، دەڵێت: “ئێستا دایکان و باوکان لە دۆخێکی سەرتاپا قەلەقی و نادڵنیایی ترساودا دەژین. بۆ نمونە لە بابەتێکی وەک بەرکەوتنی تیشکی خۆردا بۆ جەستەی منداڵ، دکتۆرە پڕۆفیشناڵەکان بۆ دوو دەستەی تەواو جیاواز لە بۆچووندا دابەشبوون. دەستەیەکیان هەمیشە دێن و قسە لەوە دەکەن، کە ئاگاداربین لەوەی منداڵەکانمان بخەینە بەر تیشکی خۆر، چونکە تیشکی خۆر هۆکاری سەرەکی توشبوونە بە شێرپەنجەی پێست (لێرەدا وەک زانیاری لە وڵاتێکی وەک ئوسترالیا شێرپەنجەی پێست لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە، زۆربەکەمی کەسێک دەتوانێ بگاتە تەمەنێکی گەورە و دوچاریی ئەو نەخۆشییە نەبێت، کە هۆکاری سەرەکی تیشکی خۆرە)
دەستەی دووەم، پێماندەڵێن کە دەبێت زۆر ئاگاداربین، منداڵەکانمان ڕۆژانە ببەینە بەر تیشکی خۆر، چونکە تیشکی خۆر سەرچاوەی سەرەکی ڤیتامین دییە، بە نەبوونی ڕێژەی پێویستیی منداڵ تووشی ئێسکە نەرمە دەبێت”. ئەم دوو بۆچوونە دژ بەیەکە لە ئاساییترین دۆخدا، ئێمە دوچاریی قەلەقی و نادڵنییایییەکی زۆر دەکەنەوە، کە ئەنجامەکەی واتە ژیان لەناو ترسدا، بە جۆرێک بە کەلتوری ترس باسی لێوەدەکرێت.
ئەگەر بێین ئەم بابەتە لە دۆخی ئێستایی کۆمەڵگەی کوردیدا تەماشابکەین، دەبینین هەندێک لە میدیای کوردی لە ڕێگەی هەواڵ و ڕاپۆرت و شیکردنەوەکانیانەوە هەمان دۆخیان بۆ تاکی کوردی سازاندووە. لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی مەترسیی ڤایرۆسەکە، ئاستی قەلەقی و نادڵنیاییش بەرز دەبێتەوە، چونکە لە ئاوا دۆخێکدا وەک Dr Michael Sinclair ی ڕاوێژکاری دەروونی دەڵێت: مرۆڤ هەوڵدەدات خۆی سەربەخۆیانە ڕێکارەکانی خۆپارێزی بگرێتەبەر، چونکە مێشکی ئێمە بە جۆرێک کاردەکات کە تەرکیز دەکاتە سەر ترس و نارەحەتییەکان، چونکە مێشک بەردەوام لێیدەداتەوە تاوەکو دەگات بەوەی ڕێگەچارەی نوێ بدۆزێتەوە بۆ بەردەوامی بەژیان و خۆپارێزی. بۆیە دەبینین هەرچەند پزیشکەکان دەڵێن ماسک ڕۆڵێکی بەرچاوی نییە لەپارێزگاریکردن لە توشبوون، بەڵام خەڵکی هەر بەردەوامە لە کڕین، چونکە ئەوان شوێن ئەوە دەکەون و بە گوێی ئەوە دەکەن کەمێشک پێیان دەڵێت. لەبەر ئەمەشە سایکۆلۆجیست Silva Neves دەڵێت: لەم بارودۆخانەدا نابێت گوێ بۆ مێشکمان بگرین و ئەوە بکەین کە ئەو داوامان لێدەکات. لێرەدا قسەکە لەو دۆخە ناڕوون و پڕ لەقەلەقی و نادڵنییاییە کە هەیە. ئەوەی ئێمە تێبینی دەکەین بەداخەوە هەندێک لەمیدیاکارانی کوردستان ئاستی نائارامی و قەلەقییەکەیان بەرزتر کردۆتەوە. بەم شێوەیەش بەردەوام بن، دۆخەکە بەرەو ئەوە دەچێت لەکۆنتڕۆڵ دەربچێت. ئەوەی جێگەی سرنجە بۆ ئێمە، کە وەک دروستکردنی کلتوری ترس تەماشا دەکرێت ئەوەیە، کە دەبینین هەندێک لەمیدیاکان زۆر قسە لەسەر ئەوە دەکەن جیهان ئێستا دابەش بووە بۆ دوو بەشی زۆر مەترسیدار، ئەوانیش توشبووان و مردوان، لەهەمانکاتدا ئاماژە بە چاکبووەکانیش دەکەن. جا کاتێک میدیایەکی کوردی دێت لە گۆشەی چەپی شاشەکەیەوە بە سور دابەشکاری کردووە و بەردەوام ژمارەی تووشبوان، مردوان و چاکەوەبووان بڵاودەکاتەوە. بەم کارەی بییەوێت و نەیەوێت کار لەسەر دروستکردنی دۆخێکی ترساو دەکات و بەجۆرێک تاکەکان تەنانە لەماڵیشەوە لەناو ترسدا بژین. هەروەک وتمان زۆرێک لەو بڕوایەدان بەم هەواڵەی کە ڕێژەی چاکبوونەوە لە مردن زۆرترە دەیانەوێت دڵنیایی و ئارامی بگەڕێنەوە، بەڵام بەداخەوە مێشکی مرۆڤ تەنها دوو بەشی سەرەکی مردن و تووشبوان دەبینێت و بەتایبەتی مردن، چونکە ئەویان زیاتر جێگەی مەترسییە. لەلایەکی دیکە دێن قەلەقی لەسەر شێوازی خزمەتگوزاری و شوێنی خزمەتگوزاری و جێگەتایبەتەکان بڵاودەکەنەوە بەجۆرێک هاووڵاتی هەست بەوە بکات، کە ڕێوشوێنەکان لەئاستی پێویستدا نیین! ئالێرەدایە ئیتر دەگەینە ئەوەی کە بوونی میدیایەکی نیشتمانیی لەدەرەوەی حیزب و ئایدۆلۆژیایەکی بەرتەسک چەنێک پێویستە!
میدیا نیشتمانییەکان لەئاوا ڕووداوێکدا، هەوڵدەدەن دۆخەکە لەچوارچێوە کۆنتڕۆڵکراوەکەی خۆیدا بهێڵنەوە. ئەو جوداکردنەوەی ئێستا گیراوەتە بەر لەگەڵ توشبووان، یان ئەوانی سەردانی دەرەوەیانکردووە تاکە ڕێگای بەرەنگاربوونەوەی دۆخەکەیە، بۆیە میدیا دەبێت هاوکاربێت بەوەی بەردەوام ئەوە لەخەڵکی بگەیەنێت کاتێک کەسێک جودا دەکەنەوە بەمانای ئەوە نییە لەکۆمەڵگە دایدەبڕن و حاڵەتێکی زۆر مەترسیدارە، بەڵکو ئەم ڕێوشوێنە لەهەموو دونیادا گیراوەتە بەر و زۆریش ئاساییە و جیهانییشە. هەرچەندە بەپێچەوانەوە، میدیای کوردی کارێکیانکرد ئێستا ئەوانەی گەڕاونەتەوە نایەن پشکنینیان بۆبکرێت و بخرێنە ژێرچاودێرییەوە. ئەویش لەبەر ئەو ترس و قەلەقییەی بۆیان دروست بوو. لەسۆشیال میدیاشەوە هەندێک ڤیدیۆ بڵاودەکرێنەوە، کە گوایە ئەوە تووشبووی ڤایرۆسەکەیە لەپڕ دەکەوێت و دەمرێت و شێت دەبێت، یان پۆلیس بەزۆر دەیانبات، کەزۆرێک لەو گرتانە ڕاست نین و پەیوەندی بەم دۆخەوە نییە. بۆیە حکومەت و میدیاش دەتوانن بۆ ئاساییکردنەوەی دەروونی هاووڵاتییان لەو بارەیەوە قسەبکەن و ڕونکردنەوەی بەردەوامیان هەبێ.
بۆئەم دۆخە میدیا ڕۆڵی زۆر گرنگ دەبینێت، بۆیە پێویستی بەوە هەیە میدیاکاران شارەزایانەتر مامەڵە بکەن. ئەو دۆخەی کە لەترس دروستبووە، بەرەو ئارامی ئاِراستەی بکەن و دورکەونەوە لەوەی هەر هەواڵێکی بچوکتریان دەستکەوت لەسەر ئەم ڤایرۆسە بڵاوبکەنەوە و بە هەواڵی بەپەلە و لە دامێنی شاشە و بە گوێچکەکانیاندا بگەیێنن، ئەوەنییە دکتۆر Silva Neves دەڵێت: “لە ئەگەری قەلەقی هەوڵبدە سەیری تەلەڤزیۆن و هەواڵەکان نەکەیت! بڕیاربدە ڕۆژی یەکجار وەک وەرگرتنی نوێترین پێشەوەچوون لەم بوارەدا گوێ بۆ هەواڵەکان بگریت … ئێمە ناتوانین ڤایرۆسەکە کۆنتڕۆڵ بکەین (تەنها کۆمەڵەی پزیشکی دەتوانێت)، بەڵام هەمووان دەتوانین هاوکاری یەکتری بکەین، بەوەی بڵاوبوونەوەی ترس و تۆقاندن ڕابگرین”. ئەمەش تەنها بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخی قەلەقییە، بۆیە زۆر گرنگە میدیاکانیش لەم بابەتی کۆنتڕۆڵکردنی قەلەقییەدا هاوکاری هاووڵاتیان بن![1]