ناو: محەمەد ئەمین
نازناو: ڕاتب، مەولوودیان
ناوی باوک: مەولوود
ناوی دایک: زینەت
شوێنی لەدایکبوون: #مەهاباد
شوێنی کۆچی دوایی: #مەهاباد
مام حەمەدەمین یان مام حەدەمەین (وامان بانگ دەکرد) هەر وەکوو دوکتور ئاسۆ ئاماژەی پێداوە، زڕبرای نەمر کاپیتان بوو. چالاکێکی سیاسی بوو کە دەگەڵ مامە غەنی بلوریان و کاک جەلیل گادانی و کۆمەڵێکی تر لە تێکۆشەرانی گەل، بە تاوانی ئەندامبوون لە حیزبی دیموکڕاتی کوردستان لە زیندانی تەورێز و زیندانی قەسر لە تاران بۆ ماوەی 10 ساڵان ئەشکەنجەی زۆر درا و بە وتەی کاک جەلیل گادانی لە ژێر ئەشکەنجەدا باری دەروونی تێکچوو و خۆی نەگرتەوە کە کاک جەلیل شاهیدی هەموو بەسەرهاتەکەی ناو زیندان بوو کە چۆن مام حەدەمین لەپاش ئەشکەنجەدانی کتوپڕ باری دەروونی تێکچوو. مامۆستا محەممەدی خزریش لە پەڕتووکی (لە قەرەشلاخەوە بۆ سوئێد ل 238) لەسەر کاک حەمەدەمین دواوە و بە هەمان شێوەی کاک جەلیل گادانی باسی دەکات. دوای کوێرەوەری، ئەشکەنجە، ئازار، ماڵوێرانی و دەربەدەریەکی زۆر لە ساڵی 1991 گەڕایەوە سابڵاخ، بەڵام بەداخەوە باری دەروونی ناسەقامگیر بوو. خزم وکەس زۆریان حەوڵ دەگەڵدا کە لە ماڵی ئەوان بمێنێتەوە یان ئیزنیان بدات ماڵی بۆ بگرن. بەڵام هەراهەرا و گرمەگرمی ناو شار، ئەوی ئازار دەدا. لەکن جەزیرەی مەهاباد کەپرێکی لە چەلەنگ و مەقەببا و شڕوشاڵات ساز کردبوو و لەوێدا دەژیا. خەڵکی بە ئەمەگی سابڵاخ و دەورووبەر زۆر چاکیان ئاگا لێبوو. مرۆڤێکی یەکجار نیشتمانپەروەر بوو و هەتا ئێسقان باوەڕی بە کوردایەتی و ئازادی و یەکسانی هەبوو و کوردوستانی بە قیبلەی خۆی دەزانی، هەر بۆیەش لە ناو خەڵکدا زۆر خۆشەویست بوو. لە یادمە کە سوێندی دەخوارد دیگوت: (بە خاکم، بە نیشتیمانم، بە کوردستانم، بە ئاڵام، بە زمانم). لەسەر ڕاوێژی مام حەدەمین هەموو منداڵی بنەماڵەش لێی فێر ببوون و ئەوانیش هەروا سوێندیان دەخوارد. یەکێک لە منداڵەکان (ڕامیار) کە لە هەمووان گچکەتر بوو و لە مانای زمان، وەکوو زمانی دایکی (کە مەبەستی سوێندەکەی مام حەدەمین بوو) تێنەدەگەییشت و پێی وابوو مەبەستی مام حەدەمین زمانی ناو زارە. کە سوێندی دەخوارد، کاتێک دەگەییشتە ئەو بەشەی کە دەیگوت سوێند بە زمانم، ددانیشی دەگەڵ دەخست و دەیگوت: (بە خاکم، بە نیشتیمانم، بە کوردستانم، بە ئاڵام، بە زمانم، بە ددانم.....) ئەو بە ددانمە تا ماوەیەکی زۆر ببوو بە جێگای جەفەنگ و پێکەنینی کۆبوونەوەکانی شەوانەمان. بەداخەوە لەسەر ڕێگای جەزیرەش نەیتوانی هەڵبکات لەبەرئەوەی هاتوچۆی زۆر بەسەرەوە بوو، بۆیە لە دۆڵی مەعدەن لە سەرەوەی باخی مکائیل کۆنە ژوورێکی بێدەرک و پەنجەرەی لێبوو و ئەوێی کردە مزڵی خۆی. ئەوێ شوێنێکی ئارام و بێدەنگ بوو. مخابن کە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2000ی زایینی بە هۆی ڕاوەستانی دڵ تەرمی بێگیانی ئەو دڵسۆزەی نیشتمان لەو ژوورەدا دەدۆزرێتەوە. ڕۆحیان شاد و یادیان هەرمان. [1]