$کچێکی ئەنفالکراو دوای سی ساڵ دەگەڕێتەوە$
تەمەنی #نگین محەممەد عەبدوڵڵا# یەک ساڵ بوو کاتێک دایک و باوکی لە بیابانەکانی باشووری عێراق خرانە ژێر خاک، ئەویش کەوتە لای خێزانێکی عەرەبی ناوچەی گەرمیان. خەمەکانی نگین لەگەڵ گەورەبوونی باڵایدا باڵایان کرد، لە تەمەنی 13 ساڵاندا درایە پیاوێکی بە تەمەنی ئێرانی، ئێستاش لە #سلێمانی# بێ لانەیە.
نگین محەممەد لە دایکبووی ساڵی 1987ی گەرمیانە، تەمەنی یەک ساڵان بووە کە دایک و باوکی بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتن، ئەویش کەوتە لای خێزانێکی عەرەب. ئەو خێزانە کە منداڵیان نەدەبوو، بڕیاریان دا نگین بگرنە خۆیان.
نگین کە ئێستا لە سلێمانی دەژی، باسی ژیانی خۆی دەکات و دەڵێت: بیرمە منیان نارد بۆ قوتابخانە، بەڵام زۆرم نەخوێند، لە قوتابخانە دەریانهێنام و کاری نێو ماڵیان پێدەکردم.
ئەو نەیدەزانی منداڵی ڕاستەقینەی ئەو خێزانە نییە، تاوەکو ڕۆژێک ژنەکە ئەو چیرۆکەی بۆ دەگێڕێتەوە.
وەک نگین باسی دەکات، باوکە عەرەبەکەی کە ناوی ئەحمەد بووە، هەڵسوکەوتی لەگەڵی باش بووە، بەڵام ژنەکە لەگەڵی خراپ بووە. نگین تەمەنی 13 ساڵان بووە کە ئەو ماڵەی بەجێهێشتووە.
ئەو دەڵێت: ئێوارەیەکیان مەلایەک و پیاوێکی ئێرانی بەناوی خەلیل هاتنە ماڵەوە، پێیانگوتم ئەوانە هاتوون بۆ ئەوەی تۆ ببەنەوە ماڵی خۆت.
نگین زۆر دڵخۆش بووە، بەڵام ئەوکاتیش بە گومان بووە، دواتر بۆی دەردەکەوێ کە هاتوون بۆ خوازبێنی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کاردانەوەی نابێ، دواتر بۆی دەردەکەوێ ئەو بەو پیاوە فارسە فرۆشراوە گوێم لێبوو باسی پارەیان دەکرد کە خەلیل پارە دەداتە ئەحمەد نگین وادەڵێت.
بۆ ڕۆژی دواتر نگین و خەلیل بەڕێدەکەون بۆ شاری ئەسفەهانی ئێران. لە ئەسفەهان ئاهەنگێکی بچووک لە ژێر ناوی ئاهەنگی هاوسەرگیری بۆ نگین ڕێکدەخەن و بەوجۆرە نگین دەبێتە هاوسەری خەلیل کە تەمەنی 55 ساڵ بووە و ژیانێکی ئاسایی بەڕێ دەکەن لەگەڵ دایکی خەلیل کە هەشتا بەهاری بینیوە.
ژیانی نگین لە ئەسفەهان زۆر داخراو بووە، ئەو دەڵێت خەلیل و دایکی نەیاندەهێشت بچمە دەرەوەی ماڵ و نەیاندەهێشت هیچ بزانم، بۆیە نەمدەزانی ئایا ڕەگەزنامە و ناسنامەم هەیە یان منداڵەکەم هەیەتی، تەنها ئەوەم دەزانی کە من لە ئەسفەهانم.
نگین و خەلیل دوای دوو ساڵ، دەبنە خاوەنی موبین، منداڵاکەیان تەمەنی پێنج ساڵان بوو کە خەلیل کتوپڕ مرد. ئیدی نگین بێ پشت و پەنا دەمێنێتەوە، لە هەمووشی ناخۆشتر ئەوە بوو کە دواتر دەردەکەوێ دووگیانیشە، هێندەی دیکە باری ژیانی قورس دەبێ. دوای هەشت مانگ لە مردنی خەلیل، نگین دەبێتە خاوەنی کچێک و ناوی لێدەنێ ڕوئیا.
دوای تێپەڕبوونی دوو مانگ بەسەر لەدایکبوونی ڕوئیا، فەریبای دایکی خەلیل بە نگین دەڵێت: من بەساڵاچووم، تۆش بڕۆوە بۆ وڵاتی خۆت و منداڵەکانیش لەگەڵ خۆت ببە. دوای حەوت ساڵ مانەوە لە ئەسفەهان، نگین ناچار دەبێ ئێران جێبهێڵێت و هەر چونێک بێ خۆی دەگەیەنێتە سەر سنووری باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
نگین گوتی: گەیشتمە باشماخ داوای پاسپۆرتیان لێکردم، منیش گوتم هیچم نییە، تەنیا ئەوە نەبێت کە دەزانم خەڵکی شاری سلێمانیم، بۆیە ڕێگەیان پێنەدام بپەڕمەوە، دواتر کەسێک هاتە لام گوتی ئەگەر پارەم بدەیتێ بە قاچاخ دەتگەیەنمە سلێمانی، منیش پارەم پێنەبوو، دواتر گوارەکەی خۆم فرۆشت و پارەکەم دایە قاچاخچییەکە و ئەویش منی گەیاندە سلێمانی.
نگین هیچ شوێنێک شک نابات و کەسیش ناناسێ لە دەرگای بدات، بۆیە پەنا بۆ گۆڕستانێکی شاری سلێمانی دەبات و هەفتەیەک لە گۆڕستانەکە دەمێنێتەوە، دواتر ژنێک دەبێتە فریادڕەسی و هاوکاریی دەکات.
نگین دەڵێت بارودۆخمان زۆر خراپ بوو، ئێوارەیەک ژنێک هاتە لام و زۆر پرسیاری کرد لەوەی بۆچی لێرەم و گوتی من چاودێری تۆم کردووە تۆ چەند ڕۆژێکە لێرەی، کاتێک باسی ژیانی خۆمم بۆ کرد باوەشی پێداکردم و منی بردەوە ماڵی خۆیان.
نگین دەڵێت: نزیکەی هەفتەیەک لە ماڵی ئەو ژنە مامەوە، زۆر خزمەتی کردین، دواتر خانووێکی لە نزیک ماڵی خۆیان بۆ بە کرێ گرتم، هەر خۆیشی کرێی خانووی بۆ دەدام.
نگین ساڵێک لە خانووەکەدا دەمێنێتەوە، خاوەنەکەی بڕیاری تێکدانی خانووەکە دەدات، ئیدی نگین ناچار دەبێت خانووەکە چۆڵ بکات و بچێتە خانووێکی دیکە لە گەڕەکی سەرچنار کە خەڵکی خێرخواز کرێی خانووەکەی بۆ دەدەن.
نگین دوای ئەوەی گەڕاوەتەوە کوردستان، بۆ ماوەیەکی زۆر سۆراخی خێزانەکەی کردووە، بەڵام هیچی دەستنەکەوتووە، دواتر بە هەوڵێکی زۆر لە دادگا ناسنامەیەکی بۆ دەردێنن، دادوەر ناوی باوک و باپیری دەکات بە محەممەد عەبدوڵڵا.
تاوەکو ئێستا نگین و هەردوو منداڵەکەی لەو خانووەی سەرچناردان و لە ژیانێکی کولەمەرگیدان و کوڕەکەی نەخۆشیی گورچیلەی هەیە، نگین ئەگەرچی خۆی بە بەجێماوی ئەنفال دەزانێ، بەڵام تاوەکو ئێستا مووچەی نییە. ئەو چاوی لە دەستی خێرخوازانە یارمەتی بدەن.
فوئاد عوسمان، گوتەبێژی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراون گوتی :بە ناوی شەهیدان سێ جۆر خەڵک مووچە وەردەگرن، ئەوانیش شەهیدی سەنگەر و شەهیدی جینۆساید کە کیمیاباران و ئەنفالکراوانن، هەروەها شەهیدی هاووڵاتی هەیە. گوتیشی ئێستا 100 هەزار کەس وەک کەسوکاری شەهیدان لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان مووچە وەردەگرن.
ئەو کەیسەی نگینیش کە باسی دەکەن ئەگەر مامەڵەی نەکردبێ، مووچەی نییە و ئەگەر کەسوکاری ئەنفالکراوە دەتوانێت مامەڵە بکات و مووچە وەربگرێ. بەڵام نگین هیچ بەڵگەنامەیەکی نییە بیسەلمێنێ کە ئەو بەجێماوی ئەنفالە.
[1]