هەڵدانە سەر تۆڕه
کورد لە ئاخاوتندا زۆر درکە و کینایە و ئیدیۆمی جۆراوجۆری بە توێکڵ و پەلکەوە دەخاتە ڕوو، هەندێجار ئەوانەی خوانەناسن، مەرامی خۆیان هەیە لە گوفتاردا هەندێ بابەت دەخەنە بەرباس بۆ دەرخستنی نهێنی و ئاشکراکردنی شتە شارەواکانی ئەوانیتر، یان بۆ بوختان و ناشیرینکردنی خەڵکی، قسە فڕێ دەدەنە کۆڕ و مەجلیسان، قسە فڕێدان یەکێکە لە کار نەگریسەکانی مرۆڤ بۆ لەکەدارکردنی خەڵک، بەبێ ئەوەی ڕاستی و دروستی له ناوەڕۆکی قسەکەدا هەبێت، تەنها بۆ ئەوەیە هۆشە لاوازەکان ئه و قسە ژەهراوییە بچێتە عاقڵیانەوە و لە مەجلیسان بیگەڕێنن و ببیتە بنێشتە خۆشەی سەر زاران، لە بەرامبەر ئەوەدا لەگەڵ دەکەوتنی تۆپی بالە(طائیرة) یاریزانەکان کەباس و بەرزکەرەوەی تۆپیان هەیە، یاریزان هەیە باڵای زۆر درێژ نییە، پێی دەوترێت(بەرزکەرەوەی تۆپ-رەفاع) یاریزانیش هەیە باڵای بەرزە بۆ کاری کەباسی باشە، ئینجا ئەوەی تۆپەکە بەرزدەکاتەوە بۆ سەر تۆڕەکە بۆ ئەوەیە یاریزانە کەباسەکە کەپسەی لێ بدات، ئەوە لایەنی ڕاستینەی بابەتەکەیە وەکو ئیدیۆمیش بەکاردەهێنرێت بۆ کەسێک کە لە کۆڕ و مەجلیسان قسەیەک لەسەر یەکێک بخاتە بەرباس بۆ ئەوەی ئەوانەی لە مەجلیسەکەدان بیخەنە بەر نەشتەری قسەوباسان به و جۆرە قسە فڕێدانە دەوترێت فڵانە کەس حەزدەکات هەڵیبداتە سەر تۆڕ و بووە به و ئیدیۆمە جوانە و دەوترێت: هەڵدانە سەر تۆڕە.[1]