کەرەکەم کرد بە زەنگ
کەرە: ڕۆنەکەرە و فەریکەڕۆنیشی پێ دەوترێت، ئه و چەورییە کە بەژەندن یان شڵەقاندنی ماست و دۆ لە مەشکەدا دەگیرێت، ڕەنگی زەرد و سپیی هەیە بە گوێرەی ماستەکه هەژێنراوەکە ، دەتوانرێت بەخاوی بخرێتە سەر نان و بخورێت یان سەوزە و هەندێ خۆراکی پێ سوور بکرێتەوە، بە شێوەیەکی گشتی لە بەرهەمی شیرەمەنی مانگا و گامێش و مەڕ و بزن دا دەست دەکەوێت، زەنگ: واتە ڕۆنی قاڵی شلی زرنگ، کە دوای خستنە سەر ئاگری کەرە بۆ قرچاندنەوە و کوڵاندنی تاوەکو ڕۆنی ساف و ساغی لێ دەست کەوێت، کاتێک لەسەر ئاگرەکە دەقرچێندرێتەوە، کەفێکی سپی دەکەوێتە سەرەوەی تاوێرەکە و ڕۆنە زرنگە شلە قاڵەکەش دەکەوێتە ژێرەوە کە ڕەنگێکی زەردباوی کاڵی هەیە، ئه و کەفەی سەرەوەی دەگیرێت و جیادەکرێتەوە، ئەوەی دەمێنێتەوە پێی دەوتریت: ڕۆن ساغ، یان زەنگ و زرنگ، لە کەرەیەکی زۆر ئینجا هەندێک ڕۆنی ساغ بەرهەم دەهێنرێت، دەگێڕنەوە لەگوندی(گۆرقەرەج)ی زێدی گەورە شاعیری کورد(حاجی قادری کۆیی) لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەیەم، کێخوایەکی هەبووە کە سەرانەی(کەرە)ی ئاوایی(گۆرقەرەج)ی بۆ فەرمانبەرانی فەرمانگەی ڕێژەی تەقتەق بردووە لە سەروبەندی دەسەڵاتدارییەتی خەلافەتی عوسمانییەکان، لەلای بەڕیوەبەری فەرمانگەکە دەڵێت: ئه و برە کەرەیەیەی بۆ ئێمەتان داناوە زۆر و قورسە ناتوانم ئەوەندەتان بۆ بهێنم، لەبری ئەوە زەنگ-زرنگتان بۆ دەهێنم، ئه و قۆنتەرات چییەی فەرمانگەی ڕیژەی تەقتەق به و پێشنیارەی مام کێخوا ڕازی دەبێت، مام کێخواش دەگەڕێتەوە بە خەڵکی ئاوایی دەڵێت: کەرەکەم کردە زەنگ، ئەوەش بووە بە ئیدیۆم و بۆ فەقیرحاڵی و نەفامی و دەبەنگی و غەریبی کەسێک دەوترێت بەخوا بابە کەرەکەی بۆمان کردە زەنگ، واتە باری قورستر کردین، چونکە چەند کیلۆیەک کەرە ئەگەر نیو کیلۆ یان زیاتر ڕۆنی زرنگ و ساغی لێ بەرهەم بهێنرێت.[1]