بەیادی سۆزانییە بەڕێزەکەی سارتەر
ڕاکۆ فاروق
شانۆنامەی “سۆزانییە بەڕێزەکە”ی ژان پۆڵ سارتەر چەند ساڵێکی زۆر پێش ئێستا لەلایەن نووسەر و وەرگێڕی کورد #فەرهاد پیرباڵ#ەوە کراوە بەکوردی. کارەکە لە ڕووداوێکی ناو فارگۆنی قیتارێکەوە دەستپێدەکات. ڕووداوەکە دووهێڵی لێدەبێتەوە و دابەشدەبێت بەسەر دوو گێڕانەوەدا، دەقیق ئەمە بەدرێژایی مێژوو وابووە، لەبەر ئەوەی بەقەولی فەیلەسوف مرۆڤ ئاژەڵێکە زمانی هەیە و دەگێڕێتەوە، بۆیە هەر ڕوداوێک ڕودەدات لەنزیکی هەمیشە دوو، دە، سەد و زیاتر چیرۆکی جیاوازی بۆدروستدەکرێت و فەنتازیا و بەرژەوەندی و ویستی گشتی سێبەر بۆ چیرۆکە ڕاستەقینەکە دروستدەکەن. دەقیق ئەم کارەی سارتەر کە لە جەوهەردا دەربارەی نامرۆڤی سیستم و دونیایی نادادپەروەرانەی ئەوانی ترە. لە فۆڕمدا بەو شێوازەی ئاماژەمان پێدا کاری تێداکراوە. چیرۆکێکیان چیرۆکی ڕاستەقینەی ڕووداوەکەیە، کە بەهۆی ویستێکی گەورەتر و باڵادەستترەوە ناتوانێت بە نێو خەڵکیدا بڵاو ببێتەوە. چیرۆکی دووەمیش چیرۆکێکی ساختەیە بە تەواوی ڕووداوەکەی بەهۆی ئایدۆلۆژیایەکی باڵادەستەوە هەڵگێڕاوەتەوە و توانیویەتی تەواوی شار و وڵات بتەنێتەوە و هەموان وەک ڕاستییەکی بەڵگە نەویست قبوڵی بکەن. ئەوەی وای کردووە چیرۆکی یەکەم (راستەقینە) بکەوێتە ژێر هەیمەنەی چیرۆکی دووەم (ساختە)ەکەوە. هیچ نییە جگە لە ویستێکی ئایدۆلۆژی زاڵ. ئایدۆلۆژیایەک کە بە جۆرێک توانیویەتی مرۆڤەکان لەسەر ناڕێکییەکی گەورە و نادادپەرانە بار بهێنێت.
شانۆنامەی سۆزانییە بەڕێزەکەی سارتەر دەیەوێت ئەو دنیایەمان پیشان بدات، چۆن بە شێوەیەکی نالۆجیکی دابەشکارییەکی نائەقڵانی لەنێوان مرۆڤەکاندا کردووە. دابەشکردنێک کە دەیەوێت حکوومدان لە باشە و خراپەی مرۆڤەکان ببەستێتەوە بەڕەنگی پێستیانەوە. دنیایەک کە ئەویتر، لەبەر جیاوازی ڕەنگی پێستی بە خراپ دەست نیشاندەکات و وادەکات توندوتیژی وەک منداڵی ئەوی تر بناسرێت کە لەم ناچێت.
شانۆنامەکەی سارتەر پاس بڵاوکردنەوەی هەڵایەکی گەورەی نایەوە، هەندێک لەوانەی دژی سارتەر بوون و هەندێک لەوانەی هەموو ڕێگایەکیان دەگرتە بەر بۆ ئەوەی دژی دونیایەکی پلورال بووەستنەوە دەیانویست بەجۆرێک لێکی بدەنەوە گوایا سارتەر هەوڵی داوە دژی ئەمریکا بوەستێتەوە. بەڵام لە ڕاستیدا، کلتوری ڕەگەزپەرستی دوور نییە لە کلتوری ئەمریکییەوە، جابۆ سارتەری فەیلەسوف و نووسەر ئەوەندەی پرسەکە گرنگبوو شوێنەکە گرنگ نەبوو، ئەو دەیویست نیشانی بدات کە ڕەنگی پێست و جیاوازییە کۆمەڵایەتییەکان ناتوانن بڕیاربدەن لەسەر باشی و خراپی کەسایەتی کەسێک.
چیرۆکی یەکەمی ناو قیتار (چیرۆکە ڕاستەقینە)کە و چیرۆکی دووەمی ناو قیتار (ساختە)ەکە بە هۆی دەمەقاڵێی نێوان فرێد و لیزییەوە دەخرێنە ڕوو. فرێد کوڕی دەسەڵاتدارێکە کە سیناتۆرێکی کلارکە لە ئەنجومەنی پیران دەیەوێت لیزی واژۆی چیرۆکە ساختەکە بکات، بەڵام لیزی ڕەتی دەکاتەوە. فرێد چیرۆکی قیتارەکە بەو شێوەیە دەگێڕێتەوە کە وێبستەر بۆی باسی کردووە ” لەناو شەمەندەفەرەکەدا، دوو ڕەشتپێست هاتنە ناو ئەو فارگۆنەی تۆ (لیزی) تیایدا دانیشتبوویت، پاش چەند خولەکێک هەر دوو ڕەشتپێستەکە پەلاماریان دایت، تۆش هاوارت کرد و داوای یارمەتیت لە خەڵکی کرد. سپی پێستەکان بۆ یارمەتی دانت هاتن، یەکێک لە ڕەشپێستەکان بە گوێزانی ڕیشتاشین هێرشی کردە سەر سپی پێستەکان، سپی پێستێکیش بە گولە ساردی کردەوە، ڕەشپێستەکەی تریش ڕای کرد” بەڵام لیزی دەڵێت: وێبستەر لە کوێ زانی ڕووداوەکە بەم شێوەیە بووە؟ فرێد دەڵێت تەواوی شار بەم جۆرە باسی ئەم ڕووداوە دەکەن. لیزی ئەم قسانە بە درۆ دەزانێت، دەڵێت: نەخێر هەرگیز شتی وا نەبووە.
چیرۆکی دووەمی ڕووداوەکە کە سۆزانییەکە دەیگێڕێتەوە:” هەرگیز هیچکاتێک شتی وا نەبووە دوو ڕەشتپێستەکان بە هێمنی دانیشتبوون، قسەیان لەگەڵ یەکتر دەکرد تەنانەت سەیری منیشیان نەدەکرد. ئەو کات چوار سپیپێست هاتنە فارگۆنەکەی ئێمەوە لەتەنیشت منەوە دانیشتن و پاڵەپەستۆیان دەخستە سەرم بە جۆرێک دەیانوت لە پێشبڕکێی ڕەگبی گەڕاونەتەوە. پێشبڕکێکەشیان بردبووەوە و سەرخۆش بوون. لەپڕ یەکیان هاواری کردووە بۆنی بۆگەنی ڕەشپێستت لێ دێت. چوار کەسەکە هەڵیان کوتایە سەر ڕەشپێستەکان دەیانویست هەڵیانبەنەوە خوارەوە لە جامەکەوە. ڕەشپێستە بەدبەختەکانیش تا پێیان کرا بەرگرییان لە خۆیان دەکرد. پاشان شەقێک بەر دەموچاوی سپیپێستێکیان کەوت، لەو کاتەدا یەکێک لە سپیپێستەکان دەمانچەیەکی دەرهێنا، یەکێک لە ڕەشپێستەکانی کوشت، ڕەشپێستەکەی تریش ڕای کرد”.
لێرەوە ململانێی دوو چیرۆک لەسەر یەک ڕووداو دەست پێ دەکات. فرێد دەیەوێت لیزی (ژنە لەشفرۆش)ەکە دانی پێدابنێت ڕووداوەکە بەو شێوەیە نەبووە کە لیزی بە چاوی خۆی بینیویەتی! بەڵکو بەو شێوەیەیە کە ئایدۆلۆژیای دەسەڵات هۆنیوێتییەوە. لیزیش پێداگرانە جەخت لەمە دەکاتەوە کە بەم شێوەیە نەبووە.
ئەم شانۆییە بۆ ئەمڕۆی سیاسی و کلتوری ئێمە، بۆ کلتورێک کە خەریکی دابەشکاریی جێندەری و سیاسی و ئابوری و چینایەتییە لەسەر بنەما نادروستەکانی خۆی شانۆیەکی گرنگ و تایبەتە، وێنای کۆمەڵگایەکە کە سۆزانیەکان لەمرۆڤە بەناو ڕاستگۆکانی نێوی ڕاستگۆترە. [1]