جۆری وشە: ناو
واتا: مەلیسا: بادڕەنگ، گیایەکی بۆنخۆشە بە پەنیرەوە ئەخورێ. گیایەکە چەند ساڵە و باڵا بەرز لە 40 تا 80 سانیمیتر باڵا دەکات و گەڵاکان لە بەرامبەری یەکتردا بە لاسکەکەیەوە نووساون کە ڕەنگیان سەوزێکی تۆخ و درەوشاوەیان هەیە. لاسکەکەشی چوارسووچ و بێ کورکە. گوڵەکانی چکۆلە و سپین کە بە شێوەیەکی سروشتی لە هاویندا خۆیان نیشان دەدەن و ئەو کاتە مێش هەنگوینیان لێ دەهاڵێ. دیارە ڕەنگی گوڵەکانی لە هێندیک جۆریدا ڕەنگیان تۆزێک تۆخترە و لە ڕەنگی گوڵی بەهێیە و لە هێندیک جۆری دیکەدا تەنانەت وەک سوور و بەنەوشن.
ناوە زانستیەکەشی لە وشەی Melissa (مێش هەنگوین) وەرگیراوە و هۆکارەکەشی ئەوەیە کە مێش هەنگوین زۆر زۆر حەزی لەم گیایەیە، هەروەها لە زمانی یۆنانیشدا مەلیسا فولون یان گەڵای مێش هەنگوینی پێدەڵێن پێشتریش بۆ گرتنی مێش هەنگوین کەڵکیان لێ وەرگرتووە واتە لەو شوێنەی کە پێیان خۆش بووە مێش هەنگوین بنیشێتەوە، گەلا و لقی ئەم گیایەیان داناوە ئەوانیش هاتوون و لە دەوری ئاڵاون و ماونەتەوە. ئەگەر گەڵای ئەم گیایە لە نێوان دوو قامکدا دابنێی و تۆزێک بیتلیقێنی هەست دەکەی کە بۆنێکی خۆیشی لێ بڵاو دەبێتەوە کە تۆزێک وەک بۆنی لیمۆیە. هەر لەبەر ئەم بۆنە خۆشەیەتی کە بە فارسی فرنگ مشکی پێ دەڵێن لەبەر ئەوەی پێیان وایە بۆنەکەی لە بۆنی مشک و عەنبەر دەچێ. دەبێ لێرەدا پەرانتزێک بکەمەوە بۆ ئەوەی موشک لەگەڵ مشک تێکەڵ نەبێ. (ئەو بۆنە کە بۆنی مشکە بە موشک دەخوێندرێتەوە و یەکێک لە بۆنە خۆشەکانە، دەڵێن لە نێو ناوکی ئاسکی نێرینە دەری دێنن. لە هۆنراوەی هۆنەرانی کلاسیکی کورددا زۆر بەکار هاتووە. نالی دەڵێ:
خەتات فەرموو کە خۆشە چین و ماچین
کە ناچین، لێرە خۆشە چینی ماچین
برۆت هەر چین و پەرچەم چین لەسەر چین
ئەمەندە چینە، قوربان، پێم بڵێ چین؟!
شکافێکە کڵافەی نافی زوڵفت
دەڕێژێ میسک و عەنبەر لێرە تا چین
لەسەر بەرگی گوڵێکی باغی حوسنت
هەزار، گوڵچینی بێبەرگ و نەواچین!
لە قەدیمەوە ئەم گیایە بۆ دەرمانی زۆر نەخۆشیان بەکار دەبەن. لە فەرانسەدا گەڵاکەی وەک چایی دێم دەکەن و دەیخۆنەوە.
بە فەرانسەوی Melisse و Melisse officinale و Ciltrionelle و The Franceی پێدەڵێن.[1]