ناونیشان: پێویستە لە سیاسەت تێبگەین
نووسەر: #نەسرین حەسەن#
کاتی خۆی ڕادیۆیەکی بچوکمان هەبوو,کە گوێگرتن لە بەرنامەکانی چێژێکی تایبەتی پێ دەبەخشین، بەڵام ئەوەی زۆربەی کات کێشەی لە سەر بوو، هەواڵ و بەرنامە سیاسیەکان بوو کە باوکم زۆر گوێی لێ دەگرت و دایکیشم حەزی لێ نەبوو، پێی وابوو، سیاسەت تەنیا بۆ پیاو گونجاوە و پێویست ناکات ئێمە گوێی بۆ بگرین.
دامەزراوەی نێودەوڵەتی پەروەردەیی و هاوکاری ئافرەتان، کە پێکهاتووە لە 20 ڕێکخراوی سەربەخۆ لە جیهاندا ڕێنوێنی ئافرەتان دەکات کە لە پێگەی خۆیاندا چالاکانە ڕۆڵی ئاشتیخوازانەیان لە کۆمەڵگە و جیهاندا هەبێت و یەکێک لەو بابەتانەی کە زۆر گرنگی پێدەدەن ڕۆڵ و بەشداری ئافرەتە لە کایەی سیاسیدا و کتێبێکیان بە نێوی (رێنوێنی بۆ بەشداری سیاسی ئافرەت)بڵاو کردۆتەوە، کە چەند ئاماژەیەکی جوانی تێدایە و لێرە دەیخەمە ڕوو: ئەمڕۆ لە تەواوی جیهاندا ڕۆڵ و کاریگەری ئافرەتان لە گۆرانکارە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت، بەشداری ئافرەت لە کایەی سیاسیدا هەنگاوێکی بنەرەتیە بۆ دروستبوونی هەلومەرجی گونجاوی ئابووری و کۆمەڵایەتی کە دەرفەتی یەکسان بۆ ئافرەت و پیاو دەرەخسێنێت، هەڵبەت ئێمە لە کۆمەڵگەیەکی جیاواز دەژین و باروودۆخی فەرهەنگی و ئابووری و سیاسی جياوازمان هەیە، بەڵام دەتوانین لە یەکتر فێر بین و تێروانینە هاوبەشەکەمان پەرە پێبدەین، تێروانینێک کە پێ بە پێ لێی بکۆڵینەوە و لە هەمان کاتدا زیاتر فێربین کە چۆن هاولاتییەکی چالاک و کاریگەر بین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەنوکە کێشەی زۆرمان لە پێشە کە ئالۆزترینیان ئەو تێروانین و بۆچونانەن کە ڕۆڵی ئێمەی ئافرەت لە کۆمەڵگە دا پێناسە و دیاری دەکات کە هەڵقوڵاوی هەندێک لە نەریتی کۆمەڵایەتین کە لە سەر بنەمای جیاوازی ڕەگەزی دروستبوون، بۆیە پێویستە چاوپێداخشاندێک بەو بابەتانە بکرێت بۆ گەیشتن بە ماف و داخوازیەکانمان و یەکێکيان بەشداری ئافرەتە لە کایەی سیاسیدا، هەڵبەت ئەمەش بە هاوکاری پیاوەکان و هەموو ئەو گروپانە دەکرێت کە خوازیاری دادپەروەری کۆمەڵایەتین.
هۆکاری سەرەکی لە پرۆسەی سیاسیدا پەیوەندییە لەگەڵ کەسانی تر، هەر بۆیە ئەم پرۆسەیە بێ بەشداری ئافرەت پرۆسەیەکی کامڵ نابێت، سیاسەت بەشێکە لە ژیان و تەنیا بە ناوەندەکانی سیاسییەوە پەیوەست نییە، ئێمە لە ژیانی ڕۆژانەماندا ممارسەی پرۆسەی سیاسی دەکەین بێ ئەوەی خۆمان هەستی پێبکەین.بۆیە پێویستە گوێ لە سیاسەت بگرین و لێی تێبگەن.[1]