ناونیشان: شەهید #لەیلا قاسم# سیمبوولی خەباتی پیرۆزی ئافرەتی کورد
نووسەر: #نەسرین حەسەن#
سەرۆک (مەسعوود بارزانی) لە بارەی (لەیلا قاسم)ەوە دەڵێت: لە ڕۆژێکدا هەواڵی شەهیدبوونی خوشکە (لەیلا) و هاوڕێیانیمان لە کوردستان پێ گەییشت، کوردستان لە ژێر دڕندەترین هەڵمەتی ڕژێمی فاشیستدا بوو، ڕۆژ نەبوو دەیان شەهید نەدەین، بەڵام باوەڕ بکەن، هیچ ڕووداوێک بە قەد ڕووداوی لەسێدارەدانی (لەیلا) و هاوڕێکانی تەئسیری لە (بارزانی) و قیادەی شۆڕش نەکرد، ڕاستە بە دیمەن لە بەرچاومان نەبوون، بەڵام بە ڕاستی (لەیلا) و هاوڕێکانی بوونە نەخش لە دڵی هەموو کوردێکدا، لە دڵی هەموو ئازادیخوازێکدا، وێنەیان بوو بە نەخش، ناویان بوو بە ئاڵای سەرفرازی و بەرخودان.
رۆژێک لەناو پاسدا گفتوگۆی نێوان من و کچێکی قوتابیی زانکۆ گەرم ببوو، باسی لە خۆشی و ناخۆشییەکانی زانکۆ دەکرد، باسی گرفتەکانی کچ و کوڕانی زانکۆ و وەک کچێک زۆر بابەتی هەستیاری ورووژاند، تەنانەت ڕەخنەی لە دەسەڵات گرت کە بە دەنگ داواکاریی قوتابیانەوە نایەن، ئیتر هەرچی حەزی لێ بوو باسی کرد و منیش زۆر بە سەرنجەوە گوێم بۆ گرتبوو، جاروباریش دەکەوتمە ناو قسەکانی و دڵخۆشیم دەدایەوە، کە بە هەموو کەموکوڕییەکەوە دەبێ شانازی بەو دەستکەوتە مەزنەوە بکەین و بیپارێزین و هەوڵ بدەین هەموو بە یەکەوە کار بۆ باشترکردنی ڕەوشی کوردستان بکەین، لە میانی قسەکانیدا گوتی، من لە بەشەناوخۆیی (لەیلا قاسم) دەژیم، کە گوێم لەوە بوو گوتم، ئای.... زۆر باشە، کەواتا دەزانی (لەیلا قاسم) کێ بوو، گوتی، نەخێر بە باشی نایناسم، بۆ، کێ بوو؟ لەناو کەسایەتییە سیاسییەکانی کورد کەم کەس هەیە ناوی (لەیلا قاسم)ی نەبیستێت و یان لەگەڵ مێژووی خەباتی ئەو کچە شۆڕشگێرە ئاشنا نەبووبێت، بۆیە زۆر جار کە گوێمان لەو ناو مەزنە دەبێت بیر لە ڕۆژانی سەختی کاروانی کوردایەتی دەکەینەوە کە بە شەهیدبوونی خۆیان مێژووی پڕ لە سەروەریی ئەمڕۆیان تۆمار کرد و، ئافرەتیش وەک بەشێکی گرینگ لەو کاروانە کوردایەتییە مێژوویەکی پڕ لە شانازی بۆ گەلەکەی تۆمار کرد، کە شەهید (لەیلا قاسم) نموونەیەکی بەرزی ئەو سیمبوولە پیرۆزەیە.
(لەیلا قاسم) ناوی تەواوی (لەیلا قاسم حەسەن عەلی) لە قەزای خانەقین و لە گوندی (بانمیل) لە عەشیرەتی (وندی) سەر بە پارێزگای (دیالە) لە ساڵی 1950 زایینی لە خێزانێکی هەژار و کوردپەەوەر لە دایک بووە، بۆ یەکەم جار لە ساڵی 1958 چووەتە بەر خوێندن و هەر بە سروودی نیشتیمانی پەروەردە کرا و ئەو هەستە نیشتیمانپەروەرییە هەر لەو ساتەوە کاریگەرییەکی بە هێزی لە دروستبوونی کەسایەتیی ئەو دادەنێت کە ڕێبازی (بارزانی نەمر) هەڵبژێرێت و لەو ڕێبازە پیرۆزەدا درێژە بە خەباتی سیاسیی خۆی بدات.
(لەیلا قاسم) لە دوای دەرچوونی لە پۆلی شەشەمی ئامادەیی بە نمرەیەکی باش لە بەشی کۆمەڵناسی لە زانکۆی بەغدا وەردەگیرێت، ، (لەیلا) لە نێو قوتابییە کوردەکانی زانکۆی بەغدا ڕۆلێکی کاریگەری لە وشیارکردنەوە و ڕێکخستنی قوتابیان هەبوو، بەو پێیەیش شانبەشانی قوتابییە کوردەکان خەباتێکی بەرفراوانی بەڕێوە بردووە، دژی نایەکسانیی پیاو و ئافرەت بووە، هەروەها بۆ ماوەی چوار ساڵ لە ڕێکخستنەکانی (پ.د.ک) کاری کردووە و یەکێک بووە لەو کەسانەی کە لەناو حیزبدا بە تەواوی پشتی پێ بەستراوە. لە ساڵی 1974 بووە بە ئەندامی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، بەڵام گەڕایەوە بۆ بەغدا و درێژەی بە شۆڕش و خەباتی سیاسی دا. هەر ئەو ساڵەیش لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە لەگەڵ هاوڕێیەکانی دەستگیر دەکرێت و بە دڕندانەترین شێوە سزا دەدرێت، تا ئەو کاتەی کە هەر دوو چاوی بە حەربە دەردەهێنن بۆ ئەوەی نهێنییەکانی حیزب ئاشکرا بکات، بەڵام لەو کارەدا سەرکەوتوو نابن و (لەیلا) زۆر بوێرانە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە بێئەوەی هیچ نهێنییەک ئاشکرا بکات، پێیان دەڵێ: کوردستان زۆر گەورەترە لە ڕوحم و چاوم، بریا سەد چاوی ترم هەبووایە تا پێشکەشی کورد و کوردستانم بکردبایە
هەڵوێستە مەزن و بوێرییەکەی (لەیلا قاسم) لەو ساتە سەختە سیاسییەی ئەو کاتەدا نموونەیەکی بەرزی وەفاداری بۆ نەتەوەکەمان و لە هەمان کاتدا سەلماندنی دڵسۆزیی خۆی بۆ ڕێبازە پیرۆزەکەی (بارزانی) بوو، لەوەی کە تەمەنی گەنجیەتی خۆی پێشکەش بە کورد و کوردستان بکات...
بەر لە لەسێداردانی داوای جلی کوردی لە ماڵەوە دەکات بۆ ئەوەی بە جلی کوردییەوە لە سێدارە بدرێت و هەر بەو شانازییەیشەوە لە شەوی 12-13/5/1974 لە سێدارە درا و شەهید بوو و وەک خۆی بە خوشکەکەی دەڵێ: خوشکە گیان دوای ڕۆژێکی تر دەبمە بووکی کوردستان و دەچمەوە ناو باوەشی کوردستان و خۆشەویستیم بۆ کوردستان سنووری نییە، بە خۆشحاڵییشەوە جەستەی خۆم پێشکەش دەکەم و داوا دەکەم ئاڵای کوردستانم بۆ بکەن بە کفن و بە ئاڵای کوردستان بمنێژن و لە بری گریان و شین، دەنگی من بگەیەننە سەرکردی لێهاتوو (مستەفا بارزانی).
سروودی نیشتیمانی، سەرفرازیی ئاڵا، مێژووی سەرکردەکانی کورد هەموویان پێناسەی نەتەوەن، بۆیە ئێمەی کوردیش کە خاوەنی سەرمایەیەکی نەتەوەیین، دەبێ بزانین کە خاوەنی چ مێژوویەکی گەورە و پڕ لە شانازین، دەبێ نەوەی داهاتوو شارەزا بێت لە مێژووی نەتەوەکەی، ئەمەیش بەرپرسیارەتییەکی نیشتیمانییە کە هەموومان دەبێ پێوەی پابەند بین، نموونەی ئەو کچە قوتابییە و دەیان قوتابیی دیکە کە چاوی کردووەتەوە بە ئازادی کوردستان، لەوانەیە تاوانی نەبێت کە نەزانێ ئەم سەروەرییەی کە بە ئازادی قسە دەکات و بە ئازادی ڕەخنە دەگرێت چۆن دەستەبەر بووە، ئەگەر من و دایک و باوک و مۆستایان و هەموو ئەوکەسانەی کە بەرپرسین لەو ئەرکە، نەمانتوانیبێت ئەو ئەرکە نەتەوەییە بە باشی ئەنجام بدەین، کەواتا تاوانی ئەو قوتابییە و دەیان قوتابی تری وڵاتەکەم لە چیدایە؟ بۆیە پێویستە هەموومان لە ئاست ئەو بەرپرسیارەتییەدا کەمتەرخەم نەبین و بە یادکردنەوەی بۆنە و یادەکان بە شێوازێکی شاییستە، بیری نەتەوایەتی لە هزری منداڵەکانماندا بچەسپێنین..
لە کۆتاییدا دەڵێم: بە ئارامی سەر بنێوە ئەی شەهیدە سەربەرزەکەم، ئەمرۆ دەیان (لەیلا)ی دیکە لە باوەشی ئافرەتی کورددا پەروەردە کراون.
سەرچاوە:
پەرتووکی: #لەیلا قاسم تەمەنێکی بچووک و مێژوویەکی گەورە 1950-1974#
[1]