کەس نازیشی هەیە، گازیشی هەیە
کەس وکار، خزمایەتی خوێن، ئه و کەس و کارەی کە باب و برا و مام و برازا و بن عام و خزمی پشتێ دەگرێتەوە، ئەوانە خوێنی یەک کەس لە دەمارەکانیاندا هەیە و بە سیستەمی خێڵ و هۆزگەرایی، هەندێک ماف و ئەرک لە نێوانیاندا هاوبەشە، پاراستنی ئەندامانی خێڵ و ناموس و خوێنگری و شکۆی خانەوادە و بنەماڵە و هۆز و گەورە و بچوکی و داب و نەریت و هەرەوەزی و کۆمەک و بەشداریکردن لە خۆشی و ناخۆشیەکانی یەکتری هەموو ئەوانە ناز و منەتباری لێ دەکەوێتەوە بەرامبەر یەکتری لە ناو کەس و کاردا، لە ڕوویەکیتریشەوە بەهۆی نزیکی لە یەکترییەوە هەندێجار تەماع و چاوتێبرێن لە زەوی و زار و ناوان بەزاندن و ناموس هەتکردن و ملومۆی بۆ کچ و ژن و ڕزق و ڕۆژوو و دەست بەسەراگرتن و بەدەستهێنان و بردنی پلە وپایە و براگەورەیی و خۆفەڕز کردن و سەپاندن و...تاد دەبێتە هۆی گازگرتن و کوشتن و بڕین، هەموو ئەوانە لە نێوان خزم و کەس و کار لە منەتباری و چاوتێبڕینەوە بووە به و ئیدیۆمە جوانە و کورد بەدرکەوە وتویەتی: کەس نازیشی هەیە، گازیشی هەیە واتە: خزم و کەس و کار خراپیشی هەیە و چاکیشی هەیە، پیرەمێردی نەمریش لە چوارینە پەندێکدا ناوەڕۆکی هەمان ئیدیۆم دەخاتەڕوو :
دەڵێن چاکترە کەس لە بێگانە
لە کاتی دەرد و ڕەنج و تەنگانە
بەڵام داخەکەم گەلێ کەس و کار
دەکەونە گیانت وەکو مۆرانه[1]