سیاسەت: پڕۆسەیەکە یان شێوازی وەرگرتنی بڕیارە بۆ گروپەکان و بەڕێوەبردنی حکومەت. لایەنێکی گرنگی شارستانیەتی ئیسلامیە، پڕ بایەخە و هەموو کایەکانی ژیانی پێوە وابەستەیە، لەژیاری ئەمڕۆی موسڵمانان، ئەوەی سیاسەت و دەسەڵاتی بەدەستە، پابەند نیە بە یاساکانی خوداوە! ئەمەش وایکردوە ناوی سیاسەت، وەک شتێکی نامۆ لەگەڵ دین یەکانگیربکرێتەوە و وەک لایەنێکی بەد و ناشرین تەماشابکرێت.
دوای نەکسەی موسڵمانان و ڕوخانی دەوڵەتی ئیسلامیی، خەڵکی وا تێگەیەنرابوو وشەی سیاسەت واتە چەواشە و فێڵکردن. ئبن تەیمیە، لەبارەی وشەی سیاسەت دەفەرموێت: وشەیەکی عەرەبیە و بەواتای بەڕێوەبردنی کاروبار و پەروەردەکردن و چاککردن دێت. لەیاسای کوەیتیدا، بەمانای چاکسازیکردن و باش بەڕێوەبردن دێت لەکارەکانی ژیان. ئەم پێناسانە ڕەتی دەکاتەوە وشەی سیاسەت، مانای خراپ بدات بەدەستەوە و خەڵکی بەجۆرێکی ناشرین تەماشای بکات.
ئیبن قەییم دەفەرموێت: جۆرێک سیاسەت هەیە کە بریتیە لە نا دادگەریی و ستەمکاری و چەواشە و فێڵکردن، ئەمە نەک ئیسلام لەگەڵی نیە، بەڵکوو حەڕامی کردوە و دژی دەوەستێتەوە و بەکارێکی نابەجێی دادەنێت. هەروەها لەبەرامبەریدا سیاسەتێکی تەندروست و باش و دادگەرانە هەیە، ئەمە بەشێکی گرنگە لەژیار و ئاینی ئیسلام. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە، سیاسەت پایەیەکی گرنگە و لەئاینی پیرۆزی ئیسلام هەیە.
تایبەتمەندییەکانی سیستەمی سیاسی ئیسلامیی:
جیاواز لەئاینەکانی دیکە، ئیسلام سیستەمێکی دیاریکراوی خۆی هەیە، کە دەست و کاریگەری مرۆڤەکانی لەسەر نییە، بەڵکوو سیستەمێکی ئیلاهییە، ئەمەش وایکردوە هیچ دەقێکی دژ و پێچەوانەی یەکدی نەبێت. ئەم خاسیەتی گەڕانەوە بۆ خوداییە لە سیستەمی ئیسلامیی، کاریگەرە لەسەر ئەوەی تاکی موسڵمان، گەر کار بە سیستەم و فەرمانەکان نەکات، دواجار ڕێزیان لێ بگرێت و بەهەند تەماشایان بکات.
سیستەمی ئیسلامیی، سیستەمێکی گشتگیر و جیهانییە، بۆ کات و سەردەمە جیاوازەکان دەگونجێت و کاریان پێ دەکرێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ زانایی خودای گەورە، کەتەنها هێڵە گشتییەکانی باسکردوە و ناوەڕۆکەکەی بۆ شیکارکردن و لێکۆڵەرانی ئاین و زانا و داناکان بەجێهێشتووە. بەپێچەوانەی سیستەمەوە، خودا بیروباوەڕ و شەرعی ورد و درشت باسکردوە.
سیستەمی ئاینی ئیسلام، مامناوەند و نێوەندگەراییە، بەفەرمانەکانی خەڵکی ناخاتە دۆخێکی نا هەموار و ناڕەحەتەوە، بەدەستکراوەی و شلگیری کۆمەڵگا بەرە و ئاقارێکی ناشایستە و نەشیاو نابات، کەدووربێت لەئادابەکانی ئیسلام. پاشان کەسی یەکەمی وڵات مرۆڤە و وەک تاکێکی وڵاتەکەی ئاساییە و جیاوازی چینایەتی لەم سیستەمەدا نییە و بەدی ناکرێت.
تایبەتمەندییەکانی سیستەمی سیاسی ئیسلامیی:
لە سیستەمی ئیسلامیی، خزمایەتی و دۆستایەتی نییە، بەڵکوو کەسانی شیاو، لەشوێن و پلەی گونجاو دادەنرێت، بەدەردەبێت لەدەستی دەرەکی و حزبایەتی. دەسەڵاتدار سەرباری ئەوەی دەبێت کەسێکی دانا بێت، هەمان کات پێویستە بۆ خزمەتکردنی گەل و وڵاتەکەی ڕەفتار و ئەخلاقی و دڵسۆزیی لە ترۆپکدا بێت.
بنەماو کۆڵەیەکی سەرەکیی دروستکردنی شارستانییەت، پەروەردە و فێرکردن، لەنێویان زانست و زانیارییە، گرنگیدان بەم لایەنانە، ژیاری وڵات لەبەرەو پێشچووندا دەگاتە ترۆپک و لەسەرجەم سێکتەرەکان دەسەڵاتێکی بەهێزی بۆ دروستدەکات. گەر بێت و گرنگی نەدرێت بە زانست و زانیاری، پووکانەوە و دواکەوتن و ڕوخانی شارستانییەت و سیستەمەکان دێتە ئاراوە، کەدواجار ماڵوێرانی لێدەکەوێتەوە.
کۆمەڵەی زانایانی موسڵمان، کۆکن لەسەر سیاسەتکردن و بەڕێوەبردنی وڵات. دەسەڵاتدار و کەسی یەکەم، گەر بەشێوەیەکی باش و دادگەرانە یاساو ڕێساکانی سیستەمی ئیسلامی پەیڕەو بکات، ئەوا پلەو پایە و پاداشتی لای خودای گەورە، بەرز و بەپێزە. ڕای کۆمەڵەی زانایان وایە، گەر بێت و پێشەوایەک دەسەڵاتەکەی بەخراپی و نادادی بەکاربهێنێت، ئەوا لای خودای گەورە لەخەڵکی تاوانبارتر و سزاکەشی قورسترە.
#40 وانە لە شارستانیەتی ئیسلامی# / #سەربەست جەباری#
ئامادەکردنی: #ئەیوب سڵێمان حسێن# [1]