مۆرفیم بریتییە لە بچووکترین یەکەی زمان، کە هەڵگری باری ڕێزمانی و واتایی سەربەخۆیە. مۆرفیمەکان لە پێکەوەلکانی فۆنیمەکان پێک دێن. لە زانستی زمانەوانیدا، مۆرفیمەکان لە نێوان دوو برۆدا دەنووسرێن، وەک: (دڵ)، (من).
مۆرفیمەکان بە دوو دەستەی سەرەکی دابەش دەبن:
1-مۆرفیمی ئازاد (یان ڕاستەوخۆ یان بنەما)
2-مۆرفیمی بەسراو.
1-مۆرفیمی ئازاد
بە مۆرفیمێک دەڵێن کە تەنیا و سەربەخۆ لە ڕستەدا بەکار دێت، مۆرفیمی ئازاد بە دوو دەستە دابەش دەبێت:
مۆرفیمی ئازادی ڕێزمانی: بە مۆرفیمێک دەڵێن کە واتایەکی سەربەخۆی نییە؛ بەڵام لە پێکهاتەی ڕێزمانی ڕستەدا، سەربەخۆیە. وەک: بە، لە، بۆ، با، دا و…. هەموو ئەم مۆرفیمانە لە هەر کوێی ڕستەدا کە بن، بە وشە دەژمێررێن، تەنانەت ئەگەر بە وشەیەکی ترەوە بلکێن و واتاکەی بگۆڕن، وەک: بۆ من، لەو، بە خۆشییەوە و… ئەم پێکهاتانە لە ڕستەدا بە دوو وشە دەژمێررێن.
مۆرفیمی ئازادی فەرهەنگی (یان وشەیی): مۆرفیمێکە واتای سەربەخۆی هەیە، لە فەرهەنگی وشەکاندا واتایەکی بۆ دەستنیشان کراوە. وەک: هەور، مانگ، دەست، ئەسپ و….
2-مۆرفیمی بەستراو:
بە مۆرفیمێک دەڵێن کە ئەرک و واتایەکی سەربەخۆی لە نێو ڕستەدا نییە و بە مۆرفیمێکی ترەوە دەبەسترێتەوە. مۆرفیمی بەستراو دوو جۆری هەیە:
مۆرفیمی بەستراوی ڕستەوانی: ئەو مۆرفیمانەی وشەی تازە دروست ناکەن؛ تەنیا باری وشەکە دەگۆڕن و بۆ جێگرتن لە نێو ڕستەدا دەیگۆڕن. وەک: (ان) لە پیاوان، (تر) لە خێراتر و….
مۆرفیمی بەستراوی داڕشتنی: ئەو مۆرفیمانەی دەبنە هۆی پێکهاتنی وشەیەکی نوێ بە واتایەکی سەربەخۆ. وەک: (ۆڵە) لە کیژۆڵە، (ەر) لە نووسەر، (یلە) لە وردیلە و…. [1]