=KTML_Bold=زمانەوانی=KTML_End=، زمانناسی یان (بە ئینگلیسی Linguistics) بریتییە لە زانستی لێکۆڵینەوەی ورد و هەمەلایەنەی زمان. بە واتایەکی تر زمانەوانی بە دوای دۆزینەوەی ئەم پرسیارانەدایە: (زمان چییە؟ (چۆن کار دەکات و لە چی پێکهاتووە؟ (مرۆڤەکان چۆن پەیوەندی بە یەکەوە دەکەن؟ (زمانی مرۆڤ لە چیدا لەگەڵ سیستەمە پەیوەندییەکانی گیانداران جیاوازە؟ (منداڵ چۆن زمان دەگرێت؟ (زمانی مرۆڤ چۆن گەشەی سەندووە؟ (خزمایەتی نێوان زمانەکان چۆنە؟ (تایبەتمەندییە هاوبەشەکانی زمانەکانی دونیا کامانەن؟ مرۆڤ چۆن دەنووسێت و چلۆن زمانی نووسین لێک دەداتەوە؟ و...
زمانناسی بەم واتا تازەوە، زانستێکی نوێیە، بەڵام وەک لێکۆڵینەوە لە سەر زمان بۆ چەند سەدە پێش لە زایین دەگەڕێتەوە، یانی ئەو سەردەمەی پانینی ڕێزمانی بۆ زمانی سانسکریت دانا.
لە زمانناسیدا، لە چەند ڕوانگەوە سەیری زمان دەکەن: دەنگناسی، شێوەناسی، واتاناسی، ڕستەناسی، وشەناسی و هەروەها بوارەکانی کۆمەڵناسی زمان، دەروون ناسی زمان، دەمار ناسی زمان، زمانناسی داد، زمان و ژیری و...
لە بەر ئەوەی زمان دیاردەیەکی گران و ئاستەمی مرۆڤی و کۆمەڵایەتییە، لێکۆڵینەوەی ورد و هەمەلایەنەی زمان، بە بێ کەڵک وەرگرتن لە زانستەکانی تر سەرناگرێت. کە وا بوو زمانناسی بێجگە لە باری ناساندن (تەوسیفی) و بیرۆکەیی زمان، تیشک دەخاتە سەر باری کەڵک ناسی، دەروونناسی، خەڵکناسی، کۆمەڵایەتی، هونەری، وێژەیی، فەلسەفی و نیشانەناسی زمان. کە وا بوو زمانناسی ئەمڕۆ زۆر گۆڕەپانی زانستی دەگرێتە خۆی.
زمانەوان یان زمانناس بەو کەسە دەبێژن کە دەپەرژێتە سەر لێکۆڵینەوەی زانستی زمان، پێچەوانەی بیری باوی کۆمەڵگا، زمانەوان پێویست نییە بە سەر چەند زماندا زاڵ بێ، گرنگ ئەوەیە بتوانێت دیاردەکانی زمانناسی وەک وشە، بڕگە، ڕستەناسی و واتا بناسێت و بە جوانی لێکی بداتەوە. لە بیرمان بێ کە کاری زمانەوان ناساندنە، نەوەک دانان.
=KTML_Bold=کورتە مێژوو=KTML_End=
پانینی لە سەدەی پێنجەمی پێش زایین، ڕێزمانێکی چڕ و پڕی بۆ زمانی سانسکریت نووسی، بەڵام زمانناسی لە واتای ئەمڕۆدا، لەگەڵ نووسینی کتێبی خولی زمانی گشتی بەرهەمی فردینان دێسوسور دەستی پێکرد. لە دەیە کانی 1950، بیرۆکەکانی نوام چامسکی شۆڕشێکی لەو بوارەدا بەرپا کرد و بووە هۆی سەرهەڵدانی ڕێزمانی زایەنی یان (Generative grammar). چامسکی لە سەر ئەو باوەڕە بوو کە بنەما و دانستەکانی زمان لە مرۆڤدا سروشتی و زاتییە، واتە کە فێر بوونی زمان بە شێوەی جێنێتیکی و بۆماوەیی لە مێشکدا داڕێژراوە و ژینگەی منداڵ تەنیا وەک هاندەرێک لە فێر بوونی زمانی دایکیدا دەوری هەیە. منداڵ کۆمەڵێک زانیاری لە ژینگەی زمانی خۆی وەردەگرێت و بۆ خۆی دەتوانێت کۆمەڵێک پێکهاتەی تازەی لێ دروست بکات.
=KTML_Bold=شۆڕشەکانی زمانناسی=KTML_End=
چەند خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی زانستی زمانناسیدا بەدی دەکرێت.
یەکەمین شۆڕشی زانستی لە گۆڕەپانی زمانناسیدا ڕابردوو خوازییە، کە لە سەدەی هەژدەیەمی زایینی سەری هەڵدا. خاڵی دەستپێکی ئەم شۆڕشە بۆ 1786 دەگەڕێتەوە، کاتێک کە ویلیام جۆنز لە گوتارە بەناوبانگەکەیدا، دەقە سانسکریتیەکانی لەگەڵ فارسی کۆن و لاتین هەڵسەنگاند و وێکچوونەکانیانی دەرخست و ئەم زمانانەی بۆ سەرچاوەیەکی هاوبەش، واتە زمانی هیند و ئەورووپایی گەڕاندەوە. دوابەدوای ئەمە باسی بەسەرهات، خێزان و سەرچاوەی زمانەکان داهات، زانایانی ئەم سەردەمە لە سەر گۆڕانکارییەکانی زمان لە درێژایی مێژوودا دەکۆڵینەوە.
دووەمین شۆڕش لە زمانناسیدا، پێکهاتە خوازی بوو، کە فردینان دێسوسور بە دامەزرێنەری دەناسرێت. شۆڕشی دووەم کاردانەوەیەک بوو لە هەمبەر شۆڕشی یەکەم، ئەوەی سوسور باسی لێ دەکرد، بارودۆخی هاوچەرخە، نە لێکدانەوەی مێژوویی. سوسوور زمانی وەک سیستەمێک لە نیشانەکان دەبینی و زمانناسی لە سەر بنەڕەتی نیشانە دامەزراند، لە ڕوانگەی دێسوسورەوە نیشانە هەمان وشەیە. ئەم جۆرە زمانناسییە تا پەنجا ساڵ درێژەی سەند.
شۆڕشی سێیەم لە ساڵی 1957 ز. لە سەر دەستی نوام چامسکی و لەگەڵ دەربڕینی بیرۆکەی ڕێزمانی جیهانی و زمان فێربوونی منداڵان سەری هەڵدا، ئەم بیرۆکانە بوونە هۆی دروست بوونی چوارچێوەیەکی گرنگ لە زانستی زمانناسیدا کە بە ڕێزمانی زایەنی ناسرا. لە ڕوانگەی چامسکی، ڕستە یەکەی لێکۆڵینەوە لە سەر زمانە. ئەم ڕوانگەیە لە 1957 ەوە تا ئەمڕۆ بە سەر زانستی زمانناسیدا زاڵە.
بەڵام لە دەیەی شەستەوە، جۆرێکی تر هاتە ئاراوە، کە ناوی شۆڕشی چوارەمی بە باڵای خۆی بڕی. ئەگەر چامسکی یەکەی زمانناسی بە ڕستە دانا، لەم ڕوانگەیەدا یەکەی لێکۆڵینەوە لە زمان گوتە یە. چامسکی زمانناسی تێکەڵ بە دەروونناسی و ژینناسی کردبوو، بەلام لەم ڕوانگەیەدا تێکەڵ بە کۆمەڵناسی بووە. شۆڕشی چوارەم دەڵێت: هەر ڕستە لە دەقێکدا، ئەگەرچی زۆر سادەش بێ، هەڵگری سێ توێکە:
ناوەڕۆک (بابەتی قسە)
لە دەربڕینی ئەم ناوەڕۆکەدا چۆن مامەڵە دەکات
ئەم ڕستەیە وەک پێکهاتەیەکی دەقەکە، چەندە لە پێکهێنانی دەقەکەدا کاریگەرە.
لەم ڕوانگەیەدا گوتە گرنگە، ڕستەش تەنیا لە ناو دەقدا کەسایەتی هەیە. ئەگەرچی لە زۆر جێگەدا دەق بە گەورەترین و دیارترین یەکەی زمانناسی دەناسرێت، بەڵام جاری واش هەیە تەنیا یەک وشە دەتوانێت ببێتە گوتەیەکی تەواو.
=KTML_Bold=لقەکان=KTML_End=
دەنگناسی: بریتییە لە لێکۆڵینەوەیەکی زانستییانە لە دەنگەکانی زمان لە ڕووی چۆنیەتیی دروستبوونیان و پەیوەندییان لەگەڵ یەکدا.
شێوەناسی: کۆنترین بەشی ڕێزمانە بەڵام نوێترین بەشی زمانەوانییە، چونکە لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەیەمدا سەری هەڵداوە.
واتاناسی: لقێکی زمانناسییە کە لە واتای وشە دەکۆڵێتەوە.
ڕستەناسی: دەکۆڵێتەوە لە پێکهاتن و دروستکردنی ڕستە.
وشەناسی: لە پێکهاتن و دروستبوونی وشە دەکۆڵێتەوە.
کەڵک ناسی: ئەو بەشەی زمانناسییە کە لە واتا و بەکارهێنانی دەکۆڵێتەوە.
لێکدانەوەی گوتە. [1]