ناونیشانی پەڕتووک: میتۆد و لێکۆڵینەوە
ناوی نووسەر: پ.ی.د. #سامان حوسێن ئەحمەد#
شوێنی چاپ: #سلێمانی#
دەزگای پەخش: چاپەمەنی جەمال عیرفان
ساڵی چاپ: 2020
ژمارەی چاپ: چاپی یەکەم
هەمیشە جەدەلێکی قوڵ لە نێوان عەقڵ و میتۆدی لێکۆڵینەوە و گەڕانی مرۆڤ بە دوای ڕاستییەکاندا هەبووە، کە بەدرێژایی مێژووی مرۆڤایەتی پرسیار و گەڕان بە دوای وەڵامەکاندا و ڕووبەرووبوونەوی کێشەکان و چۆنییەتی چارەسەرکردنیان و شێواز و ڕێگای گەڕان بەدوای وەڵام و چارەسەرە گونجاوەکان، بەشی هەرە زۆری ژیان و سەرقاڵی مرۆڤیان داگیرکردووە و لێرەشەوە پێبەپێ پەریان بە میتۆدەکانی بیرکردنەوە و لێکۆڵینەوە داوە، بە تایبەتیش لە سەردەمی نوێ بەملاوە، کە سەرلەبەری عەقڵی ئەوروپی و دواتریش مرۆڤایەتی شۆڕشی میتۆدەکانی لێکۆڵینەوە بووە، لەوێشەوە مێتۆدی لێکۆڵینەوەی زانستی وەکو یەکێک لە بنەما گرنگەکانی زاڵبوونی مرۆڤایەتی بەسەر کێشەکانی و گەشەسەندن و پێشکەوتن دەرکەوتووە و ڕۆڵی بووە. لێکۆڵینەوەو میتۆدی کارکردنیش لەم ڕووەوە بۆتە بناغەی سەرەکی کاری ئەکادیمی و جیاکردنەوەیان لە کارە نا ئەکادیمی و ئایدیۆلجی و عەقیدەیی و مەزهەبییەکان و ئەوانی تر، هەربۆیە پرسی ناسینی میتود و لێکۆڵینەوە و میتۆدی زانستی یەکێکە لە کایە زۆر گرنگەکانی پێشکەوتن و پەرەسەندنی لایەنی زانستی و ئەکادیمی و بونیادنانی بنەمایەکی مەعریفی دروست لە تەواوی ناوەندە ئەکادیمییەکان و کۆمەڵگادا، لەبەر ئەوە ئەم کتێبەی هەوڵ دەدات کار لەسەر ناساندنی لێکۆڵینەوە و متیۆدی لێکۆڵینەوە و دواتریش میتۆدی لێکۆڵینەوەی مێژوویی و چۆنییەتی و هەنگاوەکانی نووسینەوەی لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی بکات، ئەوێش بەمەستی ڕوونکردنەوەی بەشێک لەو ناروونیانەی، کە لە ئێستادا لە بواری لێکۆڵیەوەی زانستی و میتودی کاردکردنی ئەکادیمی و زانستی لە کۆمەڵگا و ناوەندە ئەکادیمییەکادا هەیە و ئاشناکردنی خوێنەر بە بنەما زانستی و میتۆدیەەکانی نووسین و توێژینەوە و جیاوازیکردن لە نێوان نووسینی ئاسایی و نووسینی ئەکادیمی لە ڕوویی هەنگاوەکانی لێکۆڵینەوە و تەکنیکی نووسین و زمانی نووسینی ئەکادیمی، هەروەها ئاشناکردنی خوێنەر بە میتۆدەکان و ناساندنیان، بۆ ئەوەی کاتێک کاری ئەکادیمی ئەنجام دەدەن ئەو میتۆدەی کاری پێدەکەن بناسن و و بزانن بە چ ڕێگایەک کار دەکەن و هەنگاو دەنێن ئەمە چ بۆ نووسەری ئاسایی و چ بۆ فێرخواز و توێژەرانی ناوەندە ئەکادیمییەکان. ئەم کتێبە لە چوار بەشی سەرەکی پێکهاتووە، کە هەر بەشێکی بەسەر چەند باس وتەوەرەیەکدا دابەشبوون و هەر یەکەیان لایەنێک و جومگەیەک ڕوون دەکەنەوە، بەشی یەکەم بە ناونیشانی (چەمکی لێکۆڵینەوە و هەنگاوەکانی) یەوەیە کە تایبەتە بە قسەکردن لەسەر پێناسە و گرنگی و هەنگاوەکانی لێکۆڵینەوە، باسی یەکەمی تایبەتە بە ناساندنی لێکۆڵینەوە، لە ڕێگای خستنەڕووی چەند پێناسەیەکی لێکۆڵینەوە لە چەند دیدگایەکەوە و دواتریش شیتەڵکردنیان بە مەبەستی ڕوونکردنەوەی چەمکی لێکۆڵینەوە.باسی دووەمیش ئەرک و ئامانجەکانی لێکۆڵینەوەی زانستی ڕوون کراوەتەوە، لە باسی سێیەمیشدا کار لەسەر دەرخستنی گرنگترین تایبەتمەندییەکانی لێکۆڵێنەوەی زانستی کراوە، باسی چوارەمیش تەرخانکراوە بۆ ڕوونکردنەوەی تایبەتمەندییەکانی کەسایەتی توێژەری زانستی سەرکەوتوو، لە باسی پێنجەم و کۆتاییشدا باس لە هەنگاوەکانی ئەنجامدانی توێژینەوەیەکی زانستی دەکرێ هەر لە هەنگاوی دەستنیشانکردنی بابەتی توێژینەوەوە تا دەگاتە نووسین و بە ڕاپۆرتکردنی توێژینەوەی زانستی. بەشی دووەم، کە بە ناونیشانی (میتۆد و جۆرەکانی) یەوەیە، لە چەند باسێکدا قسە لەسەر پێناسەو چەمکی میتۆد دەکات و گرنگترین جۆرەکانی دەخاتە ڕوو. لە باسی یەکەمدا، جگە لە پێناسەکردنی میتۆد هاوکات قۆناغەکانی گەشەسەندنی میتۆد خراوەتەروو، باسی دووەمیش بەشک لە جۆرەکانی میتۆد و وپۆلێنکردنەکانی کە لەبارەی میتۆدەوە کراون باسکراون. بەشی سێیەمیش (چەمک و پێناسەی مێژوو)، لە چەند باسێکدا هەوڵ دەدات مێژوو پێناسە بکات و چەمکەکەی ڕوون بکاتەوە هەروەها قسە دەربارەی دەرکەوتنی هەستی مێژوویی و قۆناغەکانی گەشەسەندنی نووسینەوەی مێژوو دەکات هەر لە سەرەتاکانی مێژووەوە تا دەگاتە سەردەمی هاوچەرخ، دوای ئەوەش باس لە دەرکەوتنی مێژوونووسی نوێ و قوتابخانە نوێیەکانی مێژوونوسی دەکات هەروەها باس لە مێژووی زارەکی و گەشەسەندنی و گرنگی دەکات، لە باسی پێنجەمیشدا سودەکانی خوێندنی میژوو دەخاتە ڕوو، لە باسی شەشەمیشدا بە وردی و دوور درێژی باسی میتۆدی لێکۆڵینەوەی مێژوویی کراوە. لە باسی کۆتاییشدا پەیوەندی مێژوو بە زانستەکانی ترەوە ڕوونکراوەتەوە. بەشی چوارەم و کۆتاییش دەربارەی هەنگاوەکانی نووسینەوەی توێژینەوەی مێژووییە، کە تیایدا باس لە هەنگاوەکانکراوە، کە لە ئەنجامدانی توێژینەوەیەکی مێژوویدا دەگیرێتە بەر، هەر لە هەڵبژاردنی بابەتی توێژینەوەوە دەستپێدکات وتیایدا ئەو هەنگاوانە خراونەتە ڕوو کە بۆ دیاریکردنی بابەتی توێژینەوەیەکی مێژوویی دەگیرێنە بەر، دواترێش چۆن پلانێک بۆ کارەکە دادەنرێت، دوای ئەوەش باس لە هەنگاوی کۆکردنەوەی سەرچاوە وکەرەستەی توێژینەوەکە کراوە، لە باسی دواتریشدا ئەو ڕێگایانە خراونەتەروو کە بۆ کۆکردنەوەی زانیارییەکان دەگیرێنەبەر لەدوای ئەویش باسی قۆناغی نووسینەوەی توێژینەوە کراوە، کە تیایدا شێوازی نووسین و زمانی نووسین و چۆنییەتی نووسین خراونەتە ڕوو هەروەها باس لە چۆنییەتی لێوەرگرتن و نووسینی دەق و ڕەخنەی مێژووی و ئیجتیهاد لە کاتی نووسینەوەی مێژوودا کراوە، دوای ئەوانەش قسە لەسەر خاڵبەندی و شێوازەکانی دانانی پەراوێز کراوە، دواتریش چۆنییەتی نووسینی ئەنجامگیری توێژینەوە و پێشەکییەکی زانستی بۆ توێژینەوەیەکی مێژوویی باسکراوە. لە کۆتایشدا هەنگاوەکانی توێژینەوەیەکی مێژوویی لە بەرگی یەکەمەوە بۆ بەرگی کۆتایی خراونەتە ڕوو.[1]