ناونیشان: جێناو و جۆرەکانی لە ڕێزمانی کوردیدا
ئامادەکردن: م. #ئیدریس هاشمی#
جێناو چییە؟ پێش ئەوەی جێناو لە ڕێزمانی کوردییەوە بناسینەوە،
جێناو چییە؟ جێناو بەشێکە لە بەشەکانی ئاخاوتن کە لە جێی ناوی کەسێک یان شتێک دێت واتە دەبێتە جێگرەوەی ناوەکە.
$جێناو بە دوو شێوە لە ڕستەدا دێن:$
(سەربەخۆ) جێناوی کەسیی سەربەخۆ
(لکاو) جێناوی کەسیی لکاو
پێناسەی جێناوی کەسیی سەربەخۆ:
– ئەو وشەیە کە بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە جیاتی ناوێک بەکاردێت لە ناو ڕستەدا جا ناوەکە تاک بێت یان کۆ. جێناوە سەربەخۆکان ئەو جێناوانەن بە سەربەخۆیی لە ڕستەدا دێن، واتە پێویستیان بە هیچ وشەیەک نییە پێیەوە بلکێن بۆیە پێیان دەگوترێت جێناوی سەربەخۆ. نموونە :
(ناز) چیرۆک دەخوێنێتەوە./لە جێی ناوی ناز دەڵێین ئەو/ ئەو جێناوی(ناز)ە.
(ئەو) چیرۆک دەخوێنێتەوە.
$جێناوی کەسیی سەربەخۆ:$
من/ جێناوی کەسیی سەربەخۆیە بۆ کەسی (یەک)ەمی تاک. نموونە:
(من) چووم بۆ گەشت.
تۆ/ جێناوی کەسیی سەربەخۆیە بۆ کەسی (دوو)ەمی تاک. نموونە:
(تۆ) چوویت بۆ گەشت.
ئەو/ جێناوی کەسیی سەربەخۆیە بۆ کەسی (سێ)ەمی تاک. نموونە:
(ئەو) چوو بۆ گەشت.
ئێمە/ جێناوی کەسیی سەربەخۆیە بۆ کەسی (یەک)ەمی کۆ. نموونە:
ئێمە چووین بۆ گەشت.
ئێوە/ جێناوی کەسیی سەربەخۆیە بۆ کەسی (دوو)ەمی کۆ. نموونە:
ئێوە چوون بۆ گەشت.
ئەوان/ جێناوی کەسیی سەربەخۆیە بۆ کەسی (سێ)ەمی کۆ. نموونە:
ئەوان چوون بۆ گەشت.
$گەردانکردنی (صرف کردن) جێناوەکان:$
من هاتم
تۆ هاتیت
ئەو هات
ئێمە هاتين
ئێوە هاتن
ئەوان هاتن
$نموونەی جێناوی کەسیی سەربەخۆ لە ناو ڕستەدا:$
(من) بۆ قوتابخانە دەچم.
(تۆ) بۆ قوتابخانە دەچیت.
(ئەو) بۆ قوتابخانە دەچێت.
(ئێمە) بۆ قوتابخانە دەچین.
(ئێوە) بۆ قوتابخانە دەچن.
(ئەوان) بۆ قوتابخانە دەچن.
$نموونەی تر:$
(من) کتێبم کڕی.
(تۆ) کتێبت کڕی.
(ئەو) کتێبی کڕی.
(ئێمە) کتێبمان کڕی.
(ئێوە) کتێبتان کڕی.
(ئەوان) کتێبیان کڕی.
جێناوی کەسیی لکاو (ضمير شخصی متّصل) چییە؟ پێش ئەوەی جێناوی کەسیی لکاو (ضمير شخصی متّصل) لە ڕێزمانی کوردییەوە بناسینەوە، پێناسەیەک لەبارەیەوە بە فارسی دەڵێم.
$پێناسەی جێناوی لکاو:$
لە جیاتی ناوی کەسێک یان شتێک بەکار دێت و هەمیشە بە وشەوە دەلکێن. بەتەنیا هیچ مەبەستێک بە دەستەوە نادەن بەڵام کە لکان مەبەست دەپێکن. ئەو جێناوەیە کە ناتوانرێت سەربەخۆ بگوترێت ئەگەر نەخرێتە پاڵ وشەیەکی تر. لە جیاتی کەسی یەکەم و دووەم و سێیەمی تاک و کۆ بەکار دەهێنرێت لە بری کەسێک کە بدوێت يا بدوێنرێت يا لێی بدوێن.
جێناوە کەسییە لکاوەکان دەکرێن بە 4 کۆمەڵە
کۆمەڵەی 1 ڕوون دەکەینەوە:
(م، ت، ی/ مان، تان، یان)
$ڕاڤەی جێناوی لکاو لە ڕستەدا:$
هەنجیرەکەم خوارد.
ئەگەر سەرنج بدەینە ڕستەکەی سەرەوە دەبینین: بێژەی (م) لە ڕستەی (هەنجیرەکەم خوارد)، لە جێی کەسێک بەکار هاتووە کە دەدوێت، بەڵام چونکە لە پاڵ وشەیەکی دیکەیە، لەبەر ئەوە پێی دەگوترێت جێناوی لکاوی کەسی یەکەمی تاک.
$نەخشەکەت هەڵگرت.$
ئەگەر سەرنج بدەینە ڕستەکەی سەرەوە دەبینین: بێژەی (ت) لە ڕستەی (نەخشەکەت هەڵگرت) لە جێی ئەو کەسە بەکار هێنراوە کە دەدوێنرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی لە پاڵ وشەیەکی دیکەدا نەبێت، سەربەخۆ نابێژرێت لەبەر ئەوە پێی دەگوترێت جێناوی لکاوی کەسی دووهەمی تاک.
$تۆپەکەی بە دەست گرتەوە.$
ئەگەر سەرنج بدەینە ڕستەکەی سەرەوە دەبینین: بێژەی (ی) لە ڕستەی (تۆپەکەی بە دەست گرتەوە)دا لە جێی ئەو کەسە بەکار هێنراوە کە لێی دەدوێین بەڵام، ئەگەر لەگەڵ وشەیەکی دیکەدا نەبێت سەربەخۆ نابێژرێت، لەبەر ئەوە پێی دەگوترێت جێناوی لکاوی کەسی سێهەمی تاک.
$پرسیارمان لە مامۆستا کرد.$
ئەگەر سەرنج بدەینە ڕستەکەی سەرەوە دەبینین: بێژەی (مان) لە ڕستەی (پرسیارمان لە مامۆستا کرد)دا لە جێی کەسانێک بەکار هاتووە، کە دەدوێن بەڵام لەبەر ئەوەی لەگەڵ وشەیەکی دیکەدا نەبێت سەربەخۆ نابێژرێت، پێی دەگوترێت جێناوی لکاوی کەسی یەکەمی کۆ.
$ڕۆژنامەتان خوێندەوە.$
ئەگەر سەرنج بدەینە ڕستەکەی سەرەوە دەبینین: بێژەی (تان) لە ڕستەی (ڕۆژنامەتان خوێندەوە) لە بری ئەو کەسانە بەکار هێنراون کە دەدوێنرێن، بەڵام لەبەر ئەوەی دەخرێتە تەک وشەیەکی دیکەوە پێی دەگوترێت جێناوی لکاوی کەسی دووهەمی کۆ.
$پۆلەکەیان خاوێن کردەوە.$
ئەگەر سەرنج بدەینە ڕستەکەی سەرەوە دەبینین: بێژەی (یان) لە ڕستەی (پۆلەکەیان خاوێن کردەوە) لەبری ئەو کەسانە بەکار هێنراون کە لێیان دەدوێین بەڵام لەبەر ئەوەی سەربەخۆ نابێژرێت، دەخرێتە پاڵ وشەیەکی دیکەوە پێی دەگوترێت جێناوی لکاوی کەسی سێهەمی کۆ.
$ئەمانە جێناوی لکاوی کۆمەڵەی یەکەمن:$
(م) = جێناوی لکاوە بۆ کەسی یەکەمی تاک.
من نانەکەم خوارد.
(ت) = جێناوی لکاوە بۆ کەسی دووهەمی تاک.
تۆ نانەکەت خوارد.
(ی) = جێناوی لکاوە بۆ کەسی سێهەمی تاک.
ئەو نانەکەی خوارد.
(مان) = جێناوی لکاوە بۆ کەسی یەکەمی کۆ.
ئێمە نانەکەمان خوارد.
(تان) = جێناوی لکاوە بۆ کەسی دووهەمی کۆ.
ئێوە نانەکەتان خوارد.
(یان) جێناوی لکاوە بۆ کەسی سێهەمی کۆ.
ئەوان نانەکەیان خوارد.
(م) جێی (من) دەگرێتەوە.
کتێبەکەم هێنا.
(مان) جێی (ئێمە) دەگرێتەوە.
میوەمان خوارد.
(ت) جێی (تۆ) دەگرێتەوە.
نانەکەت بخۆ.
(تان) جێی (ئێوە) دەگرێتەوە.
ماڵەکەتان خۆشە.
(ی) جێی (ئەو) دەگرێتەوە.
وانەکەی خوێندبوو.
(یان) جێی (ئەوان) دەگرێتەوە.
خانووەکەیان فرۆشت.
جێناوی لکاو و سەربەخۆ لە ڕستەدا:
م- من = گوڵەکەم برد./ من گوڵەکەم برد.
ت- تۆ = گوڵەکەت برد./ تۆ گوڵەکەت برد.
ی- ئەو = گوڵەکەی برد./ ئەو گوڵەکەی برد.
مان- ئێمە = گوڵەکەمان برد./ ئێمە گوڵەکەمان برد.
تان- ئێوە = گوڵەکەتان برد./ ئێوە گوڵەکەتان برد.
یان- ئەوان = گوڵەکەیان برد./ئەوان گوڵەکەیان برد.
$ ئەرکی جێناوە کەسییە لکاوەکانی کۆمەڵەی یەک: (م، ت، ی، مان، تان، یان)$
بە دوو شێوە لە ناو ڕستەدا ئەرکی ڕێزمانی دەبینن:
1- ئەگەر بکەر “فاعل” لە ڕستەکەدا بوونی هەبوو دەگەڕێتەوە بۆ بکەر
نموونە:
ئەوان وانەکەیان خوێند.
(یان) لە (وانەکەیان) جێناوی لکاوە بۆ کەسی سێهەمی کۆ. دەگەڕێتەوە بۆ بکەر واتە ئەوان.
2- ئەگەر بکەر “فاعل” لە ڕستەکەدا بوونی نەبوو، جێگەی بکەر دەگرێتەوە. نموونە:
وانەکەیان خوێند.
(یان) لە (وانەکەیان)، جێناوی لکاوە بۆ کەسی سێهەمی کۆ. بکەرە.
$جێناوی نیشانە:$
وشەیەکە یەک کەرتە، لەناو ڕستەدا جێگەی ناو دەگرێتەوە و لە ڕستەدا هەمان ئەرکی ڕێزمانیی ناوەکە دەبینێت.
جێناوە نیشانەکان لە کوردیی ناوەڕاستدا ئەمانەن:
(ئەمە) = جێناوی نیشانەیە بۆ تاکی نزیک.
ئەمە بخوێنەرەوە.
(ئەوە) = جێناوی نیشانەیە بۆ تاکی دوور.
ئەوە بەسوودە.
(ئەمانە) = جێناوی نیشانەیە بۆ کۆی نزیک.
ئەمانە بهێنە.
(ئەوانە) = جێناوی نیشانەیە بۆ کۆی دوور.
ئەوانە دەناسم.
شرۆڤەی جێناوی نیشانە
1. (ئەمە) بنووسەوە.
2. (ئەوە) زیرەکە.
3. (ئەمانە) چالاکانە کار دەکەن.
4. (ئەوانە) دەناسم.
کاتێ سەیری ڕستەکان دەکەین، دەبينين کە وشەکانی ناو کەوانەکان، هەموویان جێناوی نیشانەن، لەبەر ئەوەی هەریەکەیان جێی ناوێکی گرتووەتەوە.
لە ڕستەی 1، جێناوی نیشانەی (ئەمە)، جێی ناوێکی گرتووەتەوە و بۆ تاکی نزیک بەکار هاتووە.
لە ڕستەی 2، جێناوی نیشانەی (ئەوە)، جێی ناوێکی گرتووەتەوە و بۆ تاکی دوور بەکار هاتووە.
لە ڕستەی 3، جێناوی نیشانەی (ئەمانە)، جێی چەند ناوێکی گرتووەتەوە و بۆ کۆی نزیک بەکار هاتووە.
لە ڕستەی 4، جێناوی نیشانەی (ئەوانە)، جێی چەند ناوێکی گرتووەتەوە و بۆ کۆی دوور بەکار هاتووە.
جیاوازییەکانی هاوەڵناوی نیشانە و جێناوی نیشانە
لە وانەی پێشوودا زانیمان کە (هاوەڵناوی نیشانە) وشەیەکە (ناوێک دەستنیشان دەکات) و دەبێتە (دیارخەری ناوەکە). ئەو گوڵە بکڕە.
بەڵام جێناوی نیشانە وشەیەکە (جێی ناوێک) دەگرێت. ئەوە بکڕە.
1- هاوەڵناوی نیشانە (دوو کەرتە، ناوێک دەکەوێتە نێوانیان)، بەڵام جێناوی نیشانە (یەک کەرتە و شوێنی ناوێک) دەگرێتەوە.
ئەم گوڵە بکڕە. (“ئەم… ە” هاوەڵناوی نیشانە)
ئەمە بکڕە. (ئەمە: جێناوی نیشانەیە)
2- لە هاوەڵناوی نیشانە، “ناوی دەستنیشانکراو (دیارخراو) باس دەکرێت” و “دەکەوێتە نێوان هەردوو کەرتەکە”، بەڵام لە جێناوی نیشانە، ناوی دەستنیشانکراو “باس ناکرێت”.
ئەو کچە جوانە. (کچ = دیارخراو/ ئەو… ە = هاوەڵناوی نیشانە)
ئەوە جوانە. (ئەوە = جێناوی نیشانە)
3- هاوەڵناوی نیشانە “لە پاڵ ناوێک دێت و دەبێتە دیارخەری”، بەڵام جێناوی نیشانە” جێی ناوێک دەگرێت و هەموو ئەرکەکانی ناو دەبینێت”.
ئەم کوڕە زیرەکە. “ئەم… ە” (هاوەڵناوی نیشانە)
ئەمە زیرەکە. (جێناوی نیشانە)
لە وانەی پێشوودا زانیمان “هاوەڵناوە نیشانەکان” بریتین لە:
1- ئەم… ە = ئەم گوڵە بکڕە.
2- ئەو… ە = ئەو گوڵە بکڕە.
3- ئەم… انە = ئەم گوڵانە بکڕە.
4- ئەو… انە = ئەو گوڵانە بکڕە.
ئێستا بۆ ئەوەی لەو ڕستانە، هاوەڵناوی نیشانە بکەین بە “جێناوی نیشانە”، تەنها ناوەکە واتە (گوڵ) دەسڕینەوە، دەبێتە جێناوی نیشانە:
1- ئەمە بکڕە. (ئەمە جێناوی نیشانەیە.)
2- ئەوە بکڕە. (ئەوە جێناوی نیشانەیە.)
3- ئەمانە بکڕە. (ئەمانە جێناوی نیشانەیە.)
4- ئەوانە بکڕە. (ئەوانە جێناوی نیشانەیە.)
$تێبینییەکی گرنگ:$
هەندێک جار جێناوە نیشانەکان شێوەی خۆیان دەگۆڕن، بەتایبەت کاتێک لەگەڵ پێشبەندەکان یەک دەگرن. وەکوو:
لە + ئەمە = لەمە
بە + ئەوە = بەوە
لە + ئەمانە = لەمانە
لە + ئەوانە = لەوانە
لەوانە فێری ڕەوشت ببە.
لە + ئەوانە = لەوانە
ئەوانە جێناوی نیشانەیە
پوختەی بابەتەکە
جێناوی نیشانە وشەیەکە (یەک کەرتە)، لە ناو ڕستەدا (جێگەی ناو) دەگرێتەوە و (هەموو ئەرکەکانی ناو) دەبینێت.
ئەمە زیرەکە.
ئەوە زیرەکە.
ئەمانە زیرەکن.
ئەوانە زیرەکن.
جێناوە نیشانەکان لە شێوەزاری کوردیی ناوەڕاستدا ئەمانەن: (ئەمە، ئەوە، ئەمانە، ئەوانە)
بەراوردی نێوان هاوەڵناوی نیشانە و جێناوی نیشانە
هاوەڵناوی نیشانە تەنها ئەرکی (دیارخەری ناو) دەبینێت.
جێناوی نیشانە (هەموو ئەرکەکانی ناو) دەبینێت.
هاوەڵناوی نیشانە (لەگەڵ ناو) دێت و ناوەکەش دەبێتە ناوێکی (ناسراو).
جێناوی نیشانە (لە جێی ناو) دێت.
هاوەڵناوی نیشانە لە ناو ڕستەدا دەبێتە (دوو پارچە)، پارچەیەکیان دەکەوێتە پێش ناوەکە، پارچەکەی تریان دەکەوێتە دوای ناوەکە.
جێناوی نیشانە لە ناو ڕستەدا لە شێوەی (یەک پارچە) دێت.
هەندێک جار جێناوە نیشانەکان شێوەی خۆیان دەگۆڕن، بەتایبەت کاتێک لەگەڵ پێشبەندەکان یەک دەگرن. وەکوو:
بە + ئەوە = بەوە
بەوە جیا دەکرێتەوە.
لە + ئەمە = لەمە
پێنووسەکە لەمەدا نییە.
لە + ئەمانە = لەمانە
لەمانە میوەیەک هەڵبگرە.
لە + ئەوانە = لەوانە
لەوانە فێری ڕەوشت ببە.[1]