گاوان تا لەگاڕانێ نەیەتەوە نانی نادەنێ
گاڕان: گاگەل و ڕانەگایە لە کوردستاندا هەموو ئاوایی و لادێ و گوندێک گاڕانێکی هەبوو، بە گوێرەی لەوەڕ و لایەنی دارایی و توانای خەڵکی ئاوایی، گاڕان تا گاڕان توافەتی هەیە لەدەیان سەر ڕەشەوڵاغەوە دەست پێ دەکات تاسەدان و هەزار ڕەشەوڵاغ، ئه و کەسەی بۆ لەوەڕ دەیانباتە هەرد و پێدەشت و کەنار چەم و هەڵەدن و زوورگان و بانان لە گەردی بەیانیەوە تا زەردەی دەم کەل پێی دەوترێت: گاوان، کاری گاوانی لە دێر زەمانەوە لەناو ئاواییەکانی کوردستان، ئەرک و پاداشتەکەی بە مامەڵەی(ئاڵشت) بووە، شمەک بەشمەک یان ڕەنج بە شمەک(حەقە شوانی و حەقە گاوانی)، وەکو: ڕەنجی گاوان بۆ لەوەڕاندنی هەر گا و مانگایەک لە بەیانیەوە تا ئێوارە تەنها(1) یەک نانی تیری بووە و بە نانەسکی ئه و کارەی کردووە، هەر خاوەن مانگایەک یەک نانی داوە به و گاوانە ئەویش دوای ئەوەی گا و مانگاکانیان ئێوارە گەڕاوەتەوە ماڵەوە، لەوەڕاندنی چێڵ و مانگا بەنان بووە به و ئیدیۆمە و وەکو ئامۆژگاری و ڕێنمایی بەکاردەهێنرێت بۆ هاندان بۆ کاسبی و کارکردن چونکه ئەوەی کار نەکات ناخوات بۆ ئەمەش کورد گوتویەتی: گاوان تا لەگاڕانێ نەیەتەوە نانی نادەنێ.[1]