دەقی پەیامەکەی #مەسعود بارزانی#:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
شۆڕشی گوڵان، قۆناغێکی گرنگی بەرخودانی پێشمەرگە و گەلی کوردستانە. ئەم شۆڕشە درێژکراوە و هەڵگری پەیام و ئامانجەکانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو. ئەو شۆڕشە سەلماندی کە ئەگەر لە قۆناغێکدا خەباتی گەلی کوردستان بۆ ماوەیەکی کورت تووشی وەستان و نسکۆ هاتبێت، بەڵام ئیرادەی تێکۆشان و خەباتی گەلی کوردستان هیچ کات نەشکاوە و بە هەناسە و هێزێکی تازە بەردەوام دەبێت بۆ گەییشتن بە ئازادی. ئەو ئازادی و دەستکەوتانەی ئێستا هەن بەرهەمی خوێن و قوربانیدانی گەلەکەمانە لە شۆڕشی گوڵان و گشت شۆڕشەکانی تر.
لە چل و شەشەمین ساڵیادی شۆڕشی گوڵاندا، پێزانینم بۆ هەموو ئەو تێکۆشەر و پێشمەرگە و ڕێکخستنەکانی ناوخۆ و ئەو نیشتیمانپەروەرانە هەیە کە فیداکارانە ماندوویەتی و ئاوارەییان هەڵبژارد و قوربانییان دا و بوونە بەشێک لە شانازییەکانی گەلەکەمان.
لەو یادە پیرۆزەدا هەزاران سڵاو بۆ گیانی یەکەم شەهیدی شۆڕشی گوڵان شەهید سەید عەبدوڵڵا حاجی ئۆمەرانی و هەموو شەهیدانی کورد و کوردستان دەنێرین و هەروەها سڵاو لە خۆڕاگری و قارەمانێتیی پێشمەرگە کە بە خوێن و قوربانیدانی خۆیان سەرفیرازیان بۆ گەلەکەیان بەدیهێناوە.
مسعود بارزانی
26ی ئایاری 2022[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!