پاشای گەورە
شاناز هیرانی
رۆمانی پاشای گەورە باس لە قۆناغێکی زێڕینی مێژوویی جوگرافیایەکی گرنگ و بەرفراوانی کوردستان و مێژووی گەلی کورد دەکات و نەخشەی دامەزراندنی دەوڵەتی سۆرانی پیشانی خوێنەران داوەتەوە. ڕووداوە مێژووییە گرنگ و چیرۆکە زارگۆتە سەرنجراکێشەکان دەگێڕێتەوە. نووسەر لێهاتوانە و بەزمانێکی پاراو واقیعی میرنشینی سۆرانی بە شێوازی جۆراجۆر خستۆتە سەر لاپەڕەکان.
پاشای گەورە لەسەردەمێکی پرکێشمەکێش و ڕووداوی چارەنووساز بووە. ئەو ڕۆلێکی یەکجار گرنگی لە بەهێزکردنەوەی ڕوحی نەتەوایەتی و جۆشدانەوەی لەناو دڵ و دەرونی نەتەوەی کورد هەبووە. لەم ڕۆمانەدا وێنای پاشای گەورە و سەرکەوتن و دەستکەوتە مێژووییەکانی تۆمار کراوە.
پاشای گەورە دوای دەست بەکاربوونی وەکو فەرمانڕەوا چەندین کاری گرنگ و بەرچاوی کردووە لەوانە دانانی ئەنجومەنێک بۆ سەرپەرشتی کاروباری ئیداری میرنشینەکە، هەروەها ئەنجومەنی سەربازی بەسەرۆکایەتی (ئەحمەد بەگی)ی برای. ئەنجومەنی زانایان بۆ دانانی یاسا مەدەنی و ئاینییەکان و سەرپەرشتیکردنی حوکمەکانی شەریعەت و ئەنجومەنێکیش بۆ دروستکردنی قەڵا و شورە و سەنگەر و پرد، بەکورتی لەم ڕۆمانەدا دەردەکەوێ پاشا حکومەتێکی ڕێکوپێکی هەبووە.
یەکێکی تر لە کارە گرنگەکانی کە لە دەوڵەتێکی سەربەخۆ چووە و دەیسەلمێنێت کە ئەم پاشایە چەند بەتەنگ سەربەخۆیی و سەربەستی میرنشینەکەیەوە بوە: وەک لێدانی (سکە)، واتە پارەی تایبەت بە میرنشینەکەی کە لەیەکێک لە ڕووەکانی دراوەکە مۆری پاشای لەسەر بووە و لەدیوەکەی تری نووسراوە (لە ڕەواندز لێ دراوە) ئەمەش بەڵگەیەکی ڕوونە و دەیسەلمینێ کە میرنشینەکەی پاشای گەورەی ڕواندز سەربەخۆ بووە. پاشا بەمەشەوە نەوەستاوە و گرنگییەکی زۆری بە لایەنی سەربازیش داوە، تەنانەت توانیویەتی سوپایەکی بەهێز دابمەزرێنێ کە لەهەزاران پیادە و سوار و تۆپخانە پێکهاتبوو. کارگەیەکیشی بۆ دروستکردنی تۆپ و تفەنگ و باروت دامەزراندوە.
هەروەها سنورێکی بۆ دزی و ڕاو و ڕووت و تاڵانبردن داناوە و سزای بۆ تاوانباران و ئەنجامدەرانی دیاری کردووە، واتە لەسەرتاسەری سۆران ئاسایش و سەقامگیری بەرقەراربوون. لەهەمان کاتدا پەیوەندی لە نێوان خۆی و (ئیبراهیم پاشای کوڕی محەمەد عەلی) پاشای میسر دورست کردووە، بۆ ئەوەی دژی هەوڵەکانی دەوڵەتی عوسمانی بوەستنەوە و بەر بە داگیرکاری بگرن.
پاشای سۆران بەهێزی سوپاکەی توانیویەتی سەرکردایەتی جوڵانەوەیەکی سەربەخۆخواز لە ساڵی (1826ز)دا بکات و بڕیار لەسەر ڕزگاربونی کوردستان بدات، ئەویش دوای یەکخستنی میرنشینەکانی دراوسێی خۆی و کۆکردنەوەیان لە ژێر سەرکرادیەتی خۆی.
یەکێکی تر لەو ماکە ناوچەییانەی کە تام و بۆنێکی ناوچەیی و ئیقلیمی بە ڕۆمانی (پاشای گەورە) بەخشیوە، تیشک خستنە سەر داب و نەریتی نەتەوەییە. چونکە گەشە و بەرزبونەوەی داب و نەریتەکان کاریگەری لەسەر بەرزبونەوەی فەرهەنگی نەتەوەیش هەیە. وەسفی داب و نەریتی خەڵکی ئەو ناوچەیە بۆ بەر دەنگیکی نائاشنا بابەتێکی جوان و نوێیە و ڕەنگێکی واقیعی بە بەرهەمەکە بەخشیوە. بۆ نمونە دەکرێ ئاماژە بەو نەریتانە بکەین کە ژیانی تاکی ناوچەکەدا برەوەیان هەبووە، وەک بەشێکیش لەمیراتی کەلتوری ڕەنگی داوەتەوە. وەکو: داب و نەریتی پەیوەست بە شایی و زەماوەند، یان ئەو داب و نەریتانەی زۆربەیان ئاوێنەی باڵانوێنی ڕێزگرتن لەمرۆڤ و ڕوحی پێکەوە ژیان و هاوکاری و میوانگری و یەکتر خوێندنەوەیە و لەخوێندنەوەی خەڵک ناسانەدا جێگەی سەرنج و تێڕامانن.
لەرۆمانی پاشای گەورەدا، جگە لە هەڵدانەوەی لاپەرەکی تر لە مێژووی میرنشینەکە، چەندین چیرۆک و بەسەرهاتی سەرنج ڕاکێش دێنە بەر دیدی خوێنەر، کە چێژێکی یەکجار زۆر دەبەخشن، چونکە ئەو چیرۆکانە گوزارشت لە هەڵوێست و دانایی و مەردایەتی کارەکتەرەکانی ئەو ناوچەیە دەکات، لێبوردەیی و خۆشەویستی و هەست کردن بە بەرپرسیاریەتی، مرۆڤدۆستی دەبینرێت لەو چیرۆکانەدا. هەر لە چیرۆکی گوڵخاتر و نەسرینە دۆم و دانایی مام مۆتک و ژیریی سەیدا و لێهاتویی مەلا عەزیز و...هتد. وێرای نیشاندانی دەست ڕەنگینی و کارامەیی پیشەوەرانی ناوچەکە، ئاسنگەر و جوتیار و کاسبکار و بازرگانان..ئەمانە هەموویان لایەنێکی پرشنگداری ئەو مێژووە پڕ بەهایەن و مرۆڤ بەئاشنابون بەو چیرۆک و بەسەرهاتانە شانازی بە کوردبوون و داب و نەریتی کۆمەڵی کوردەواری و ناوچەکەش دەکات.
$پێگە و ڕۆڵی ژنان لەناو میرنشینەکە$
ژنانی میرنشینی سۆران خاوەن پێگە و کەسایەتی بەرز بوینە. هەر لەشازەمانی خاتونی گەورە، کە توانیویەتی ژیرانە بەرگری لە تەختی پاشایەتی هاوسەر و کوڕەکەی بکات و ڕیش سپیانی میرنشینەکە قایل بکات بە دانانی میر محەمەد بە پاشا، تا دەگاتە گوڵستانی دەڤ ژەن و شەمامی جەنگاوەر.
شەمام ئەو ژنە قارەمانەی لەشەری زێی گەورە بە سواری ئەسپەوە مانۆری کردوە و سەری لە دوژمن شێواندووە. چیرۆکی شەمام و مەردایەتیەکەی، چیرۆکێکی پڕ لەشانازی ژنانی میرنشینەکە نیشان دەدات، تەنانەت پاشای گەورە بە خانزادی دووەم ناوی بردووە.
شەمام کاتێک دەچێتە بەردەم پاشا و داوای لێدەکات ببێتە جەنگاوەر، پاشا سەری سوردەمێنی و لێی دەپرسێ تۆ دڵنیایت؟ ئەویش لەوەڵامدا دەڵێت: بۆ ئێمە چیمان کەمترە لە میهراکۆ و مەستورەی ئەردەلان؟ ڕاهێنان و مەشق دەکەین و دەبینە جەنگاوەر و بەرگری لە خاک و وڵاتی خۆمان دەکەین. لەشەڕیشدا ڕۆڵێکی هێندە مەزنی گێڕاوە کە دەبنە ویردی سەر زمانی شاعیر و هونەرمەندان. هەر لەبەرئەوەشە پاشا قۆنگرانەی پاراستنی پایتەختیان پی دەسپێریت و تا ئەمڕۆش بە ناوی (شەمامێ) یە. جگە لەوەش ژنێکی ژیر و دانابووە و زۆرجار بۆ چارەسەری کێشەکان پرس و ڕای پێکراوە.
$هۆکارەکانی ڕوخانی میرنشینی سۆران$
هۆکارە ناوخۆییەکان:
بڵاوبونەوەی پەتای (تاعون) لەناو میرنشینەکە، کە بۆتە هۆکاری هەژاری و سەرگەردانی خەڵکەکە.
ناکۆکی نێوان میرنشینی سۆران و میرنشینە کوردییەکانی تر، بەتایبەت میرنشینی بابان.
هۆکارە دەرەکییەکان:
پیلانگێڕی دەوڵەتی عوسمانی بۆ لەناوبردنی میرنشینەکە
ئینگلیزەکان چیتر نەیانویست عوسمانییەکان لاواز ببن. بۆیە هاوکاری و یارمەتیان پێشکەش کردن تا بەهێز ببنەوە و پەلاماری میرنشینەکە بدەن.
رێکەوتنی کۆتا لە ساڵی (1833) لەنێوان ئاستانە و ئیبراهیم پاشا بە نێوەندگیری ئینگلیز.[1]