تۆڕی کۆمەڵایەتی ئافاتی داهێنانە
حوسێن لەتیف
1
باشلار کاتێک مرد ساڵی 1962 بوو، یەکێک لەکێشەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان ئەوەبوو باشلار وێنەیەکی لەبەردەستدا نەبوو لەگەڵ هەواڵی مردنەکەیدا بڵاوبکرێتەوە!
ئەو وێنەی نەبوو، بەڵکو کتێبی هەبوو، کتێبەکانی لە بریتی خۆی قسەی دەکرد و دەرکەوتبوو.
نووسەر، بوونی لەناو دەقدایە نەک لە ناو میدیا و ئۆرگانەکانی تری کۆمەڵگە. دەسەڵاتیشی لەناو دەقەدا دەردەکەوێت، فلۆبێر ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، دەسەڵاتی نووسەر پێویستە وەک دەسەڵاتی خودایانە بێت، هەستی پێبکرێت و بەرجەستەش نەبێت. لەدونیای نوێدا، بەتایبەت لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، زۆرینەی شاعیر و نووسەرانمان دەسەڵاتیان لەناو میدیادا هەیە، بەڵام دەسەڵاتیان بەسەر کاغەزە سپییەکەی بەردەمیاندا نییە.
باشلار لەپاش مەرگیشی دەسەڵاتەکەی هەرماوە، چونکە دەسەڵاتی بەسەر کاغەزدا دەشکا. ئێمە کەلەناو دونیای مەجازییدا ئامادەییمان هەیە، ڕەنگە لەگەڵ مردنماندا هەموو شتێک کۆتایی بێت.
چونکە لەدایکبوونی ڕاستەقینەی نووسەر لەدونیای ئێمەدا پاشی مردنیەتی، ئیتر ئەوەی کە دەدوێت، بەتەنها دەقەکانێتی، بەڵام کاتێک لەژیاندایە، هەم خۆی دەدوێت، هەم دەقەکانیشی.
ژەنراڵی پایز، بەهیچ شێوەیەک تۆڕی کۆمەڵایەتی بەکارنەدەهێنا، بەڵام لەپاش گۆرانەوە، لەو شاعیرە بەختەوەرانەیە، زۆر خوێنراوەتەوە، ڕەخنەی کوردی ئاوڕی زۆری لێداوەتەوە.
سەباح ڕەنجدەریش تۆڕی کۆمەڵایەتی بەکارناهێنێت، بەڵام شاعیرێکە سەنگی خۆی هەیە، ڕەخنەی کوردی بڕێک ئاوڕی لێداوەتەوە، تا ئەو ڕادەی لەبەشی عەرەبی لە زانکۆی سەڵاحەدین، نامەی ماستەری لەسەر وەرگیراوە.
لەم ڕۆژانەدا، چەند هاوڕێیەک سەردانی دکتۆر (ئەنوەر قادر)مان کرد، ئەو خاوەنی ڕەفەیەک کتێبە لەشیعر و لێکۆڵینەوە و وەرگێڕان، چەندین زمانی زیندوو دەزانێت، بەڵام تۆڕی کۆمەڵایەتی بەکارناهێنێت.
2
یەکێک لە ڕۆژنامە ئیتالییەکان، لەم ساڵانەدا، داوای لەکۆمەڵێک نووسەر کرد، هەریەکەیان وتارێکی خراپی خۆیان بنێرن بۆ بڵاوکردنەوە، لەنێو ئەو نووسەرانەدا، ئەمبرتو ئیکۆی تێدابوو، خراپترین وتاری خۆی نارد، ئامۆژگارییەک بوو بۆ کوڕەکەی، تیایدا سەرنجی کوڕەکەی بۆ زیانەکانی شاشە ڕادەکێشێت، بۆ نموونە دەڵێت (تۆ بە دەستبەرکەوتنیێک هەموو زانیارییەکانت لەدەست دەردەچێت، بەڵام من وانیم، ئاگاداری زۆرینەی ڕووداوە کۆن و تازەکانم، بیرم ناچنەوە، چونکە وەرزش بە ماسولکەکانی مێشکم دەکەم.
بۆ نووسەر هەر ئەوەندە بەس نییە وەرزش بە ماسولکەکانی مێشکی بکات، بەڵکو پێویستە وەرزش بە ماسولکەکانی خەیاڵیشی بکات.
3
تۆڕی کۆمەڵایەتی یەکەمجار کاتە گرنگەکانت تاڵان دەکات، کاتێک دەزانیت ڕۆژەکەت، یان شەوەکەت تەواو بووە، ئەو کتێبەشی بڕیار بووە بیخوێنیتەوە، هەر لەتەنیشتتەوەیە و پێشەکییەکەیت تەواو نەکردووە. دووەمجار خەیاڵت دەکوژێت، چونکە ناهێڵێت سوود لە توانا ناوەکییەکانی خۆت ببینیت.
4
بە باوەڕی من شاعیر بوون و نووسەر بوون هەڵبژاردن نییە، زۆر جار شتێکە وەک چارەنووسی ئەوکەسە، هەرچەند کەم نین ئەو شاعیر و نووسەرانەی لە وێستگەیەکی ژیانیاندا واز لەنووسین دەهێنن، بەڵام دیسانەوە ئەوەش هەر جۆرێکە لە چارەنووس و بەشی ئەوان لەژیان. ئەگەر نووسین بۆ زۆرێک لە نووسەران جۆرێک لە چارەنووس بێت ئەوا ئەندامبوون لەتۆڕی کۆمەڵایەتی نەفرەتێکی دڵخوازانەی خۆیانە.
5
نووسەری ڕاستەقینە، قەیرانی کاتی هەیە، ئەوەی بەرنەفرەتی نووسین کەوتووە لەقەرەباڵغی هەڵدێت، ئەوەشی خۆی بەنووسیندا هەڵواسی بێت لە کات هەڵدێت و لە تەنیایی دەترسێت.
6
تۆڕی کۆمەڵایەتی ئافاتی داهێنان و داهێنەرانە.[1]