بیرکردنەوە لەگەڵ نیتشە، دژی نیتشە
حوسێن لەتیف
1
کتێبێک هەیە بەناوی (زەردەشت وەها دووا)، ئەو کتێبە نیتشە کە خۆی نووسەری کتێبەکەیە لەبارەیەوە دەڵێت: (بۆ هەموو کەسێکە و بۆ هیچ کەسێکیش نییە). ئەم کتێبە بۆ من کتێبی عومرە، هەر جارێک خوێندبێتمەوە، ڕووبەرێکی تری بۆ ڕووناک کردوومەتەوە، ڕووبەرێکی تاریکی ناخم. ئەو کاتانەی کەوتوومەتە قەیرانێکی ڕۆحی و دەروونییەوە پەنام بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە بردووە. کتێبێکە پۆڵێن ناکرێت، وەکچۆن بۆ هەموو کەسێکە و بۆ هیچ کەسێکیش نییە، ئاوەهاش ناتوانین لە کایەیەکدا جێی بکەینەوە. جگە لە هونەری بەرزی گێڕانەوە و شیعرییەتی گێڕانەوە، کتێبێکە لەیەک کاتدا دەکرێت وەک فەلسەفە و کۆمەڵناسی و شیعر و دەروونناسی بخوێنرێتەوە. ئەو فرە بوارییەی کتێبەکە وامان لێ دەکات نەتوانین لەیەک چوارچێوە و یەک کایە و یەک ژانردا بیخوێنینەوە. دەروونناسان دەتوانن لە گۆشەی دەروونناسییەوە بیخوێننەوە، ئەمەش لەڕێگای ئەو ڕۆشناییە زۆرەی(زەردەشت) لەکاتی گوتارداندا دەیخاتە سەر دەروونی گوێگرەکانی خۆی و (منی خوێنەر)، کۆمەڵناسانیش دەتوانن لە پرسی ئایین و ژن و ئازادی و خێزاندا ڕەهەندە کۆمەڵناسییەکەی ببیننەوە. هەروەها فەیلەسووفان و فەلسەفەکارانیش دەتوانن وەک کتێبی فەلسەفی بیخوێننەوە، بەتایبەت لەو جێگانەی قسە لەسەر میتافیزیک و ئاسمان و زەوی دەکات، سیاسەتمەدارانیش دەتوانن وەک کتێبێکی سیاسی بیخوێننەوە، لەو جێگایانەی باسی دەوڵەت دەکات.
کتێبێک ئەوەندە فرە ڕەهەند بێت (بۆ هەموو کەسێکە و بۆ هیچ کەسێکیش نییە)بیخوێنێتەوە.
2
هەموو ئەو ڕەهەندانە لەپێناو یەک ڕستەی سەرەکی و بنەڕەتیدان. ئەویش (باڵا مرۆڤ)ە. باڵا مرۆڤ ئەو مرۆڤەیە بەها باوەکان تێکدەشکێنێت و بەهای نوێ دەخولقێنێت. باڵا مرۆڤ مرۆڤێکی داهێنەرە، چونکە توانای تێپەڕاندنی مرۆڤی هەیە.
داروین لە ڕووی جەستەییەوە مرۆڤی بە قۆناغێکی پێشکەوتووتر و باڵاتر لە مەیموون وەسفکرد. نیتشە مرۆڤی بە پردێک یان بەردەبازێک وەسفکرد بۆ گەیشتن و چوون بەرەو باڵا مرۆڤ. ئەگەر قۆناغی “مرۆڤ”بوون لای داروین قۆناغێکی ژیاریی بێت، ئەوا لای نیتشە ئەو قۆناغە دەبێت تێبپەڕێندرێت، چونکە قۆناغێکی ترسناکە، لە زاری زەردەشتەوە دەبێژێت (مرۆڤ چییە جگە لە ژێیەک لەنێوان ئاژەڵ و باڵا مرۆڤدا، ژێیەک لەنێوان دوو هەڵدێردا، گەڕانەوە مەترسیدارە، مانەوە مەترسیدارە، ڕۆیشتن بەرەو باڵا مرۆڤ هەر مەترسیدارە) کەواتە مرۆڤبوون دەبێت تێبپەڕێندرێت.
3
گرنگی ئەم کتێبە بەتەنها لەوەدا نییە فێری جۆرێک لە بیرکردنەوەمان بکات، فێری دۆخ گۆڕینمان دەکات، بەڵکوو فێری ئەوەمان دەکات وەکچۆن لەڕێگای گوتارەکانی زەردەشتەوە لەگەڵ نیتشەدا بیر دەکەینەوە، ئاوەهاش فێرمان دەکات چۆن دژی نیتشە بیر بکەینەوە. ئەو مامۆستایەک نییە خۆی بەرهەم بهێنێتەوە لەڕێگای قوتابییەکانییەوە، بەڵکوو مامۆستایەکە لەڕێگای قوتابییەکانییەوە خۆی دەسڕێتەوە (قوتابی ئەگەر هەر بەقوتابێتی بمێنێتەوە، بەوە پاداشتێکی خراپی مامۆستاکەی دەداتەوە. بۆچی تاجەگوڵینەکەم لەسەر داناگرن؟ ئێوە من بەرز ڕادەگرن؟ ئەی چی دەڵێن ئەگەر ئەم بەرزڕاگرتنەی ئێوە ڕۆژێک هەرەسی هێنا؟ وریابن پەیکەرەکە نەڕوخێ بەسەرتاندا وردتان بکات)ل196. نیتشە دژی بتە، هەڵبەتە بت جیادەکەمەوە لە پەیکەر، پەیکەر ڕەهەندی هونەریی تێدایە و لەبەکاربردندا بت بۆ پەرستن بووە، ئەو ڕقی گەورەی لە پیشەسازی بتسازییە، لە بتی فیکرییەوە بۆ بتی سیاسی و پەروەردەیی. ئەو بەردەوام زەنگی مەترسییەکمان بۆ لێدەدات کە ژیانمان دەخاتە مەترسییەوە، ئەو مەترسییەش بەرهەمێنانی بتە. تەنانەت ناشیەوێت خۆیشی وەک بتێکی پەروەردەیی بپەرسترێت، چونکە بت وەکچۆن دروست دەکرێت ئاوەهاش دەشکێنرێت. ئایا ئەمە بەس نییە بۆ ئەوەی بڵێین نیتشە داوەتمان دەکات بۆ بیرکردنەوە لە دژی خۆی.
4
ڕەنگە پێویستی قسەکردنی ئەکادیمییانە وابێت کاتێک قسە لەسەر کتێبێک دەکەین، ئەوا ئەکادیمییەت ناچارمان دەکات، کتێبەکە وەک ڕووداوێک لە ناوکۆییە کولتوورییەکەی خۆیدا لەبەرچاوبگرین، بەڵام هەندێک کتێبیش هەیە لەزیاتر لە سەردەم و ژینگەیەکدا کاریگەرییان هەیە، بۆ نموونە ئەم کتێبە زەردەشت وەها دووا، ئەمەش بە حوکمی لێکچوونی ژینگەی کولتووری. هەمان ئەو ڕەخنانەی نیتشە لە میتافیزیکا و مرۆڤبوون و دەسەڵاتی ئایینی و دەوڵەت هەیبووە، دەشێت لە ژینگە ڕۆژهەڵاتیەکانیشدا ئەو ڕەخنانە ئاڕاستە بکرێنەوە.
5
وەرن پێکەوە لەگەڵ نیتشەدا دژی نیتشە بیربکەینەوە.[1]