ماڵی ڕێحان ناونیشانی ڕۆمانێکی هۆشەنگ شێخ محەمەدە، لە دوتوێی 104 لاپەڕەی قەبارەی مامناوەندی، بە دیزاینێکی جوان چاپکراوە.
لە پێشەکی ڕۆمانی ماڵی ڕێحان وەها نووسراوە: فالچییەکان، هەر کەسە و بەپێی تەمەن و ئەزموونی خۆی پێشبینیەک دەکات: فاڵچییەک پێی وایە ئەو شتەی پێی ئاوسم، مرۆڤێکە لە چەشنی بباران و دونیا نقووم دەکات. فالچییەک پێی وایە شیعرێکە و دونیا دەکاتە بیابان. یەکێک، یەقینە کە باخی ڕێحانێکە و دنیا گەماڕۆدەدا و مرۆڤەکان لە جیاتی هەوا بە بۆنی ڕێحان هەناسە دەدەن، یەکێکی دی، دەبینێت ڕووبارێکە لە خوێن، قەترە قەترە دەرژێتە ناو ڕۆحمەوە.
ڕۆمانەکە لە چەند چاپتەر و ناونیشانێکی جیا پێک هاتووە، وەک: سەرەتاکانی ڕێحانزادە، حەکایەتەکانی بۆنی ڕێحان، هەندێ لە چیرۆکەکانی ڕێحان، گەڕان بە دوای باخی ڕێحانی کافوریدا، پیاسەیەک لەنێو شاردا، کەشکۆڵە بەرگ شینەکە، کاتژمێرێک بە ڕێوە، چیای هەوەست، کچی چیا.
نووسەر لە دەسپێکی ڕۆمانی ماڵی ڕێحان دا نووسیویەتی: ئێستا دوای ئاوسبوونم لە ڕووداوەکان ڕادەمێنم، وەک جەنگاوەر و پادشا و پیرەمێردەکەی کتێبخانە و کەسانی دیکەش ڕامانی ڕووداوەکان دەکەم، سەرەتا من لە قولاغی قەلایەکەوە جەنگاوەرم، تەماشای سوپای دوژمن دەکەم، لە بیری ئەوەدام، مێژوونووسێکی بێ ویژدان، چۆن ئەو ساتانە دەنووسێتەوە.
هەر ساتێکی ژیانی مرۆڤ بۆ خۆی ڕۆمانێکە خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانەش پێمان دەڵێ نەمانتوانیوە چرکەیەک لەم ژیانە پێناسە بکەین.
لەم ڕۆمانەدا، هۆشەنگ شێخ محەمەد، ئاماژەی بە ناوی چەند دانا و زانایەک کردووە، لەوانە: سوهرەوەردی سوهرەوەردی لای دەستە ڕاستەوە، نزیک بە دوو مەترێک دوور، دانیشتووە، سەر و سیمای برسییەتی و تێنوویەتیی پێوە دیارە و لەوە دەچێ چوار یان پێنج ڕۆژ ببێت، کە هیچی نەخواردبێ و ئاویشی نەخواردبێتەوە. ل 59 هەروەها لە شوینێکی دیکەی ڕۆمانەکەدا تیشکی خستووەتەوە سەر هەمان زاناسوهرەوەردی تەماشای هەمووانی دەکرد و وەک ئەوەی کۆمەڵە پەیکەرێکی مەڕمەڕی ببینێ، لە دڵی خۆیدا دەیگوت، ڕووخسارتان کتومت لە بیرکردنەوەتان دەکا، بیرکردنەوەی بێ گیان! ل 59.
هەر بەپێی زانیارییەکانی من نووسەر لە هەوڵی نووسینی کتێبێکە بۆ ناساندنی سوهرەوەردی بە کوردی، لە بەشی یەکەمدا باس لە ژیان و مردن و ڕۆشنبیریی سوهرەوەردی کراوە، لە بەشی دووەم باسی ئەو زەمینەیە ئایینی و سیاسی و ڕۆشنبیرییە کراوە کە حیکمەتی ئیشراقی تێدا لەدایک بووە، لە بەشی سێیەمدا باس لە سەرچاوە فەلسەفییەکانی سوهرەوەردی کراوە، لە بەشی چوارەمدا چەند بنەمایەکی ئیشراقی دەستنیشان کراون، لە بەشی پێنجەمدا ڕاڤەی حیکمەتی ئیشراق کراوە.
چەند ڕستەیەکی جوان لەو ڕۆمانە نووسراوە وەک: پێش ئەوەی جەنگاوەرێک بەسەر گوڵێکدا، بەدوای کچێکدا غار بدات، دڵی من پان دەبێتەوە، پێش ئەوەی گوڵەکان بسوتێن، قرچەقرچ و دووکەڵی ڕەحم ئاسمانی باخەکان داگیر دەکات. یاخود نووسراوە:هەموو قەڵاکان دەڕووخێن، تەمەنی هەموو قەڵاکان کورتە، کورتە و دواتر دەڕووخێن. ل 76
بۆ نووسەرێک باشترین ڕێگەی قسە کردن، نووسینە. قسە با دەیبات، بەڵام وشە نووسراوەکان قەت لە ناو ناچن. نووسەر زۆر بە ئازایانە و چاونەترسانە قسە دەکات، تەنانەت ئەو وشەی کە تۆ بە نەگونجاوی دەزانیت ئەو وەکو خۆی دایناوە، لە ڕووداوەکاندا هیچ کۆدێکی دانەناوە.
ڕانان: سەباح شێخانی[1]