نوری تاڵەبانی ڕایگەیاند، ئەو بڕیارەی سەرۆکی پەڕلەمانی عێراق بۆ دووبارەکردنەوەی دەرگا بۆ کاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق نادەستورییە، چونکە لەکاتێکدا دەقێکی دەستووریمان هەبێت بە ئاشکرا ئیتر لە دەستوردا باس لەوە نەکراوە ئەگەر ناکۆکی لایەنەکان هەبوو ئەوا نا دەستوری و ناقانونی بکرێت.
د. نوری تاڵەبانی پسپۆڕی یاسای دەستوری بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، لە هەموو وڵاتێکی دەستووریدا کار بە ڕیزبەندی یاسایی دەکرێت، سەرەتا بە دەقە دەستوورییەکان، دواتر دەقە یاساییەکان، پاشان بە ڕێنماییەکان، ئەوەی ئەمڕۆ لە عێراقدا ڕوودەدات بەداخەوە پابەندنەبوونە بەو دەقە دەستوورییانە، ئەگەر دەقە دەستوورییەکان بە ئاشکرا ئەمەی ڕوونکردبووەوە پێویست ناکات بگەڕێینەوە بۆ هیچ دەقێکیتر، لە ماددە 13ی دەستووری عێراقدا ئەو ڕاستییە یەکلایی کراوەتەوە، بەڵام بەداخەوە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس حکومەت و دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق پابەندنەبوون بەو پڕەنسیبە دەستوورییە، یان بەپێی بەرژەوەندی خۆیان کارییان کردووە، چەندین ماددەی دەستوری هەیە خۆیان لێی لاداوە و کارییان پێنەکردووە، هەروەک ماددە 140 ی دەستوری عێراقی کە دەبوو تا کۆتایی ساڵی 2007 جێ بەجێبکرێت، بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەکان جێ بەجێیان نەکرد.
ئەو دەشڵێت”دەیانەوێت بەشێوەیەکی وا کارەکە ئەنجام بدەن کە ڕوون و ئاشکرا نەبێت، بەڵام لە واقعدا ئەوە کارێکی نادەستوورییە پێویستە بگەڕێنەوە بۆ دەقی دەستووری لەکاتێکدا بەشێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا لەدەستووردا یەکلایی کرابێتەوە پێویستە بەپێی ئەو ماددە دەستورییە یەکلایی بکرێتەوە”.
باسیلەوەشکرد، ئەگەر کارێک بە نادەستووری کرا، ئەوە ئەو کارە هەر بە نادەستووری دەمێنێتەوە، هەتا شوێنەوارەکەی دەمێنێت، لەبەرئەوەی کاری نادەستوری هەر نادەستورییە، هەتا ئەگەر بە کاری پێچوپەنا شتێکی وایان کردبێت کە پێچەوانەی دەستوور بێت، دەبێت هەڵبوەشێتەوە، هەتا دادگای فیدراڵی لە هەرکاتێکدا بێت دەتوانێت ئەو بڕیارە هەڵبوەشێنێتەوە ئەگەر ئەو کاندیدەی لەو ماوە دەستووریە خۆی کاندید کردووە پۆستەکەی وەرگرتبێت، چونکە کاری سەرەکی ئەو دادگایە ئەوەیە کە نەهێڵێت کاری نادەستوری ئەنجام بدرێت، بەڵام بەداخەوە لە عێراق تا ئێستا ئەوە ڕووینەداوە.[1]