بابم لە خەستەخانەیە، جلێکی شینم لەبەر دەکەن، شین وەکو ئاسمانی ئەو بەرەبەیانیانەی دایکمی تێدا خۆشدەویست..
تا نەزانێ هەمووی خەریکی کاری خۆیانن، دەڵێم لەبەر دەرگا هەموو خزمەکان وەستاون..
ناوی هاوڕێیەکی دێنێ کە دەمێکە مردووە کلێنسێکی تەڕی بەچاودا دەهێنم و دەڵێم بەڵێ ئەویش دوێنێ ئێوارە بە شازدە کاکڵە گوێز و شازدە دەنکە مێوژ وەک داشی دامە هاتبوو.
تێمەگەیاندووە مرۆڤ هێندە تەنیا نیەو
لەوەتەی نەخۆش کەوتووە ترافیکەکان کەمێک درەنگتر سەوز دەبن..
هەموو ئەو ژنانە هاتوون وەختی خۆی لاوک و حەیرانی لەبەر خۆیەوە بۆ گوتوون..
ئای حاجی ئەم دنیایە زۆر لەوە بێ وەفاترە وێنات کردووە، وەکو ڕێزێک بۆ هێمنیی هەناسەدانی، پێیناڵێم ئێستا هەموومان مەمنوونی منداڵێکین لەبەردەم تەلەفزێۆنەکەدا بێعاری بکا و هەواڵی بەپەلەی ژمارەی قوربانیەکانمان لێ بشارێتەوە
نووسەر: #تەڵعەت تاهیر#[1]