ئامادەکرد: د. #هەڤین کەمال شا محەمەد#
هەستکردن بە بوونی گەرمی لە پێ دا دیاردەیەک زۆر باوە و ئه و کەسە بێزار دەکات بەڵام لە هەمان کاتدا گەلێک حاڵەت وەک پێویست هۆکارەکانی نادۆزرێنەوە و دەست نیشان و چارەسەر ناکرێن.
$گرنگترین هۆکارەکانی گەرمبوونی پێیەکان مرۆڤ:$
1- زۆربەی حاڵەتەکان بە بۆنەی تێک چوونی دەمارەکانی پێ و قاچەکان ڕوو دەدات لەبەر هۆکاری جیاوازەوە لەوانە:
نەخۆشی شەکرە: بە تایبەت کاتێ ئاستی شەکرەی نەخۆشەکە زۆر ناڕێک بێت و زوو زوو بەرز بێتەوە؛ هەروەها دوای تێپەڕ بوونی چەند ساڵێک بە سەر بوونی نەخۆشی شەکرە
کەمی ڤیتامین تایبەت: ڤیتامین: (B6)، (B12) ,(Folic Acid)
سستی گورچیلە یان وەستانی گورچیلە.
زۆر خواردنەوەی ماددە کحولەیەکان.
سستی غوددەی دەرەقی.
ژەهراوی بوون بە جیوە، زەرنیخ لە کارێکاری ناو کارگەکان ڕوو دەدات.
نەخۆشی ئایدز، نەخۆشی (Lyme disease)، (Erythromelalgia)، (Chronic inflammatory demyelinating polyneuropathy (CIDP) نەخۆشی کۆنیشانەی گۆلیان بێری.
بوونی فشار لە سەر دەمارێکی دیاریکراو لە قاچ.
بەکارهێنانی هەندێ دەرمان وەک : میتڤۆڕمین، ئەمایۆداڕۆن، ئایزۆنایەزاید، دەرمانی چارەسەری کیمیاوی، بڕێکی زۆر لە ڤیتامین (B6)، هتد...
2- نەخۆشی تەسک بوونەوەی خوێنبەرەکانی پێ و قاچ یان هەوکردنی خوێنبەرەکانی پێ و قاچ.
3- نەخۆشی هەوکردنی پەنجە و پێ بە هۆی کەڕووەوە (athlete's foot).
4- دوای نەخۆشی بڕینی گەددە بۆ چارەسەری قەڵەوی.
$کەی پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت؟$
1- بەردەوام بوونی هەستکردن بە بوونی گەرمی لە پێ دا زیاتر لە دوو هەفتە.
2- زیادکردنی گەرمی پێ لەگەڵ ئازاری زۆر.
3- هەستکردن بە بوونی گەرمی لە قاچ دا.
4- نەمانی هەست لە پەنجە و پێ دا.
$دەستنیشانکردن:$
1- پشکنینی نەخۆش لە لایەن پزیشکەوە بۆ دیارکردنی هۆکار و جۆر و قۆناغی نەخۆشیەکە و هەبوونی ئاکام و دەرئەنجامی مەترسیدار
2- پشکنینی خوێن:
پشکنینی گشتی: CBP & ESR: ڕێژەی خوێن، ئاستی شەکرە، پشکنینی گورچیلە، چەوری خوێن، ئەنزیمەکانی جگەر.
پشکنینی ڤیتامین و کانزاکان؛ بە تایبەت B12 و ڕێژەی ئاسن و فۆلیک ئەسید.
فەحسی هۆرمۆن: غودەی دەرەقی.
زەرعی خوێن بۆ بوونی هەوکردن، فەحسی کۆئەندامی بەرگری، نەخۆشی بۆماوەیی.
2- هێڵکاری دەمار و ماسوولکەکانی قاچ وپێ.
3- دەرهێنانی ئاوی پشت : بۆ پشکنین و زەرع.
4- وەرگرتنی نموونە لە دەمارەکان لە هەندێ حاڵەتی تایبەت.
$شێوازی چارەسەرکردنی:$
1- نەهێشتنی هۆکاری سڕبوونەکە ئەگەر (یان کەمکردنەوەی) بە ڕێگەی شیاو بۆ نموونە:
کۆنتڕۆڵ کردنی نەخۆشی شەکرە لە ڕێگەی دەرمان و پارێزی خواردنەوە، هەروەها هەموو نەخۆشیەکانی تر.
گۆڕینی ئه و دەرمانانەی دەبنە هۆی سڕ بوون بە جۆرێکی تر گونجاو.
چارەسەرکردنی کەمی ڤیتامین.
چارەسەری حاڵەتی هەوکردنی پەنجە و پێ بە هۆی کەڕووەوە (athlete's foot) لە ڕێگەی حەپ و مەڵحەمی پێویست.
2- لە ڕێگەی دەرمانەوە وەک: بەکارهێنانی دژە خەمۆکی و دژە پەرکەمەکان.
تێبینی: بەکارهێنانی دەرمان پێویستە لە لایەن پزیشکەوە دیاری بکرێت و سەرپەرشتی ماوەی بەکارهێنانی بکات.[1]