چۆن کاریگەری بەرزی پلەی گەرما کەم دەکەیتەوە لەسەر ئازاری جومگەکانت؟
ئامادەکردن: #هەڤین کەمال شا محەمەد#
لەگەڵ ئەوەی زانست لێکدانەوەی تەواوی پێنیە بۆ هۆکاری زیادبونی هەندێک جۆر لە ئازاری درێژخایەن بەهۆی بەرزبونەوەی پلەی گەرما و شێداریەوە، بەڵام ناشتوانرێت ئەم ڕاستییە فەرامۆشبکرێت.
زۆر لەو کەسانەی کە ئازاری درێژخایەنیان لەگەڵدایە باس لەوەدەکەن کە گۆڕانی وەرزەکان کاریگەری هەیە لەسەر ئازارەکانیان و بەگۆڕانی پلەی گەرما و پاڵەپەستۆی هەوا و شێداری لە هەوادا لەوانەیە ئازارەکانیان زیاد بکات
لێرەدا باس لە هەندێک ڕێگا دەکەم کەپێویستە پەیڕەویکەیت ئەگەر ئازارەکانت بە گەرمی زیادبکەن :
1- لەماڵەوە بمێنەوە: ئەگەر شێ و بەرزی پلەی گەرما ئازارەکانت زیاد دەکەن باشترە لەماڵەوە بمێنیتەوە لە بەردەم فێنککەرەوەی گۆنجاودا. مانەوە لە دەرەوە لەپلەی گەرمای بەرزدا ئازاری جومگەکان زیاد دەکات و کاریگەری ئازارشکێنەکانیش کەمدەکاتەوە.
2- ئاو خواردنەوە: زیادکردنەوەی ئاوخواردنەوەو دورکەوتنەوە لە وشکبونەوە و گۆڕانی خوێ و ئەلکترۆلایتەکان، کاریگەرییەکی باشی هەیە بۆ ڕێگری لەو جۆرە ئازارانەی کەبەهۆی وشکبوونەوە توشمان دەبێت.
3- جلوبەرگی فراوان و فش بپۆشە: لەبەرکردنی جلوبەرگی کەتان و پەموو و هەروەها فراوان و فش یارمەتی ساردکردنەوەی جەستە دەدەن و دەهێڵن خانەکانی لەش هەناسەبدەن. بەڵام جلوبەرگی نایلۆن و تەسک ڕێگری لە بەهەڵمبوونی ئارەقەی لەش دەدەن و پلەی گەرمای جەستە بەرز دەکەنەوە.
4- مەلەکردن : مەلەکردن ڕێگایەکی زۆر گرنگە بۆ کەمکردنەوەی ئازاری جومگە و ماسولکە و لەگەڵیشیدا خۆ فێنککردنەوە لە هاویندا. ئەنجامدانی ڕۆشتن و سووکە وەرزش لەناو ئاودا زۆر باشە بۆ ئەو کەسانەی ئازاری جومگەو وهەوکردنی درێژخایەنی جومگەکانیان هەیە.
5- وەرزش کردن بەشێوەیەکی ڕێک و ڕۆژانە ڕێگایەکی زۆر باشە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئازار، بەڵام باشترە لە ڕۆژی گەرمای زۆردا لە ژوورەوە وەرزشەکانت ئەنجامبدەیت.
6- نوستنی تەندروست: یەکێکەلەو ڕێگاچارانەی بەکاردێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئازار، ئەویش بۆ ماوەی هەشت کاتژمێر لە شەودا
7- دوور بکەوە لەو خواردنانەی کە ئازارت بۆ زیاد دەکات، وەکو خواردنی سوێر، شەکر، کافایین، ئەو خواردنانەی مەوادی حافزەی تیادایە، خواردنی شیرەمەنیەکان بە ڕێژەیەکی زۆر لە هاویندا کاریگەری خراپی هەیە چونکە جۆرە ماددەیەک دروست دەکات لە جومگەکاندا کە بە شێداری و گەرمی هەوکردن زیاد دەکات.[1]