ناونیشان: کۆمەڵێک هۆکاری سەرسوڕهێنەر بۆ دروستبوونی ئازار لە جەستەت دا
ئامادەکردن: د. #هەڤین کەمال شا محەمەد#
هەندێکجار بوونی ئازار لە جەسەتدا هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەڵبژاردنە سادەکانمان کە ڕۆژانە دەیکەین، ئەمانەی خوارەوەش هەندێک لەو نمونانەن
1- لەپێکردنی نەعل و پێڵاوی نەگونجاو وەکو سەندەل و نەعلی لاستیک و پێڵاوی نووک تیژ کە دەبنە هۆی ئازاری پێیەکان، قولە پێ، ئەژنۆ.
2- بەکارهێنانی زۆری مۆبایل (سمارت فۆن)، نووسینی تێکست و نامە بە بەردەوامی دەبێتە هۆی ئازاری پەنجەکانی دەست و شان و ملت، بۆیە هەر کاتێک هەستت بە ئازار کرد پشوویەک وەرگرە لە مەسج و نامە.
3-جزدانی پارەکەت، دانانی جزدانی پارەکەت لەبەشی پشتەوەی پانتۆڵەکەت، لەوانەیە هۆکارێک بێت بۆ دروستبوونی ئازار لە پشت، سمت، هەروەها ئازارێکیش کە بگات بەبەشی خوارەوەی قاچ ئەویش بەهۆی فشار خستنە سەر دەماری (سایەتیک) کە لەوشوێنەدایە ڕۆژ بە ڕۆژ، هەروەها لەوانەیە شێوازی سروشتی وەستانی بڕبڕەکانی پشتیش تێکبدات، بۆیە باشترە پێش هەموو دانیشتنێک جزدانەکەت لابدەیت.
4- دانیشتنی هەڵە لەکاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلدا، دانانی کورسی ئۆتۆمبێلەکەت بە گۆشەیەکی هەڵە وادەکات کە بێتە پێشێ بۆ گرتنی سووکان، بۆیە ئازاری شان و ملت بۆ دروست دەکات، بۆ ئەوەی تووشی ئەمە نەبیت پێویستە بەڕێکی کوشنی ئۆتۆمبێلەکەت دانێیت بەگۆشەیەکی وەستاو بەجۆرێک پاڵپشتی سەرو مل و بەشی خوارەوەی پشتت بکات، سوکان دەبێت بە ئاسانی دەستت بیگاتێ و دەستەکانت کەمێک نوشتاوەو ڕیلاکس بن.
5- گەمەکردن بە یارییە ئەلکترۆنییەکان، هەندێک یاری ئەلکترۆنی کە جوڵەکانی وەک جووڵەی چەند وەرزشێک وایە لەوانەیە ببنە هۆی برینداری بەستەر و تەقینی کرکڕاگە هەندێک جار شکاویش، چارەسەریش ئەوەیە کە هەندێ وەرزشی ڕاکێشان و سترێچینگ بکەیت پێش ئەنجامدانی ئەو گەمانە، هەروەها بۆ کاتێکی کەم ئەنجام بدرێت.
6- خواردنی زۆری پەنیر، ئەو کەسانەی حەزێکی زۆریان لەپەنیر خواردنە ڕەنگە هۆکاری سەرئێشەکەتان بێت، بەتایبەتی پەنیرە خۆشەکراوەکانی وەکو شیدەر، پارمیزا، سویسریەکان ئەویش بەهۆی زۆری ماددەی (تایرامین) تیایاندا، هەروەها ئەم ماددەیەی کە سەرئێشە دروست دەکات لەوانەیە لەهەندێک گۆشتی دروستکراو و معلب و هەندێک خواردنەوەی وەکو بیرە یاخود ئەلکهولەکان هەبێت، بۆ چارەسەری ئەمەش دەتوانیت یادەوەرییەک دانێت بۆ ئەو خۆراکانەی ئازارت بۆ دروست دەکەن و دوورکەویتەوە لێیان.
7- پاڵکەوتن لەسەر قەنەفە، لەکاتی سەیر کردنی تیڤی یاخود پشوو دان بەشێوەی هەڵە لەوانەیە ئازاری پشتت بۆ دروست کات، بۆیە باشترە نەهێڵیت لەو کاتانەدا خەوت لێکەوێت بەشێوازێکی هەڵە، هەمیشە کاتی نووستن بچۆرە جێگای خۆت.
8- هەڵگرتنی منداڵەکەت، ڕۆژانە هەڵگرتنی منداڵەکەت بەهەردوو دەستت دەبێتە هۆی هەوکردنی بەستەرەکانی پەنجە گەورەو مەچەک، بۆیە باشترە ئاگات لەهەڵگرتنی منداڵەکەت بێت بێ ئەوەی فشار بخەیتە سەر مەچەکت، دەستت بخەرە ژێر سمت و پشت و ماسولکەکانی قۆڵت بەکاربهبێنە.
9- لاپتۆپەکەت، شێوازی هەڵگرتنی لاپتۆپ بە یەکشان یاخود بە دەست ئازارت بۆ دروست دەکات بۆیە باشترە کە جانتایەک بەکاربێنیت بە هەردووشان هەڵگیرێت یاخود زوو زوو جێگۆرکێ بکەیت بەجانتاکە لە شانەکانتدا.
10- توند بەستنی قژ لەناو خانماندا، لەوانەیە سەرئێشە دروست بکات یاخود ئەوانەی شەقیقەیان لەگەڵە هەستیار ترن بەرامبەر لاستیکی قژ، کڵاوی تەسک و توند، بۆیە لەو کەسانەدا باشترە قژیان نەبەستن و پەخشانی بکەن.
11- پزیشکەکان هەتا ئێستا نازانن بۆ، بەڵام بۆنی بەهێز یەکێکە لە هۆکارەکانی دروست بوونی ئازاری شەقیقە، وەکو عەتری تیژ، بۆنی دووکەڵ و جگەرە، بۆنی بۆیاخ، بۆیە باشترە بزانیت کام بۆن ناڕەحەتت دەکات و دوورکەویتەوە لێی.
12- شێوازی نووستنی ناڕێک، ئەوانەی بە دەمدا دەخەون لەسەر گەدەیان، یاخود بەلایەک و لەسەر باڵێکیان هەمیشە ئازاریان بۆ دروست دەبێت، باشترین ڕێگا بۆ نووستن بەپشتا یاخود بەلادا بەشێوەی منداڵ لەسکی دایکیدا.
13- خواردنەوە ئەلکهولیەکان بەتایبەتی شەرابی سوور، ویسکی، بیرە، شەمپانیا بۆیە باشترە تەرک بکرێن یاخود کەم بکرێنەوە.
14- نەخواردنی ژەمێک، دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی شەکری لەش لەهەندێ کەسدا، کە دەبێتە هۆی سەرئێشەیەکی زۆر بێ ئەوەی بزانیت کە هۆکارەکەی برسی بوونە، بۆیە باشترە ژەمەکانت ڕێکخەیت و خواردنی بەسوود بخۆیت.
15- کێشەکانی چاو و کزی بینین هەندێک جار دەبنە هۆکاری سەرئێشە بۆیە باشترە هەمیشە پشکنین بۆ بینینت بکەیت.
16- هەڵگرتنی شتی قورس بەڕێگەی هەڵە خراپترین شێوازیش چەمانەوە بۆ پێشەوەیە بۆ هەڵگرتن ئینجا ڕێک کردنەوەی پشت لەکاتی هەڵگرتن دا، باشترین شێواز چەمانەوەی ئەژنۆ و حەوزە بۆ هەڵگرتنەوەی شت.
17- سترێس و بیرکردنەوەی زۆر هەمیشە ئازار زیاد دەکات.
18- سێکس کردنی زۆر، لەوانەیە فشاری خوێن بەرزکاتەوەو هەروەها کاریگەری هەیە لەسەر گرژبوونی ماسولکەکانی شان و مل، ئەمیش لە پیاواندا زیاترە وەک لە ژنان.
19- هەڵگرتنی منداڵ بەشان یاخود وەکو پێی دەوترێت قەڵادۆشکانی منداڵ هۆکارە بۆ دروست بوونی ئازاری شان ومل.
20- هەندێ کێشەی ددان و شەویلگە بە تایبەتی ئەوانەی لە کاتی خەودا دانیان جیڕ دەکەنەوە و توندی دەکەن، ئازاری شەویلگەو سەرئێشەیان بۆ دروست دەبێت.[1]