بابەت: وتار
نووسین: #حەیدەر عەبدوڵڵا#
لە دیدەنی #عەزیز گەردی#دا
$دەمەوێت وشە بە تەرازوو دابنێم$!
عەزیز گەردی بۆ کتێب ژیا و لەگەڵ کتێبیش سەری نایەوە. بۆ کۆکردنەوەی وشەی کوردی و بەکارهێنانیان لە وەرگێڕان و نووسیندا تەنیا بە فەرهەنگ و کوردیزانانی پێش خۆی دڵی دانەکەوتووە، بەڵکە گوند بە گوند گەڕاوە و گوێی بۆ پیرەژن و پیرمێردان گرتووە و هەرچی لە دەمیان بەربووەتەوە، لە کەشکۆڵەکەی بەردەستی تۆماری کردوون.
بەڵێ ئەکادیمی بوو، بەڵام خۆی لەنێو چوارچێوەیەکی بەرتەسکی سەرچاوەڕێژکراو قەتیس نەکرد، ڕقی لەوە بوو پیتی (دال) لەپێش ناوی خۆی بنووسرێت، هەر بۆیە لە هەموو کتێبەکانی هەر (عەزیز گەردی)یە.
ئەو، بەر لەوەی نووسەر بێت، خوێنەر بوو. بەر لەوەی زمانە بیانییەکان بزانێت، لە زمانی کوردی و شێوەزارەکانی قاڵبووەوە.
لە ساڵی 2015 سەردانم کرد، هەر ئەو دەم شتێکم لەسەر نووسی، بە کەمێک دەستکارییەوە لێردا دای دەنێمەوە:=KTML_Photo_Begin=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2022/416777/0001.JPG=KTML_Photo_Alt=لە دیدەنی عەزیز گەردیدا؛ دەمەوێت وشە بە تەرازوو دابنێم=KTML_Style=width:30%;height:20%;float:right;=KTML_Photo_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2022/416777/0001.JPG=KTML_Photo_End=
لەوەتەی سەروکارم لەگەڵ خوێندنەوەدا پەیدا کردووە، عەزیز گەردی لە ڕێگەی بەرهەمەکانیەوە دەناسم. تاکە وەرگێڕێک کە ئێستە هەموومان شانازیی پێوە دەکەین، بە وەرگێڕێکی مەزن و هەڵکشاوی زمانی کوردی نێوزەدی دەکەین، ڕۆژانە بە شانوشەپێلکیدا هەڵدەدەین، عەزیز گەردییە.
دەمێکە حەز دەکەم بچمە دیدەنی، لە دەریای ئەزموونەکانی سوود وەربگرم و بە قسە خۆشکەڵەکانی خۆشباربم.
لەم ڕۆژانەدا ئارەزووی دیداری ئەم زانا زمانزان و وەرگێڕە مەزنە، کەللەی گەرم کردمەوە، پێوەندیم بە چەند کەسێکەوە کرد، کە ئەم دیدارەم بۆ ڕێک بخەن، هەموو وتیان باشتر وایە نەچیت، چونکێ ئه و نەخۆشە و لەوانەیە دەرگەشتان لێ نەکاتەوه! تەنانەت بەشێک لە هاوڕێیان دەترسان ژمارەشم بدەنێ، چونکە ئەو لە زۆربەی دۆستانی خۆی زیز بووە!
بەم بڕوبیانوانە دڵم ئاوی نەخواردەوە، هەر سووربووم لەسەر ئەوەی دەبێ هەر بیبینم. نیوەڕۆیەک پێوەندیم بە هێمن خوڕشیدەوە کرد و گوتم: بابڕۆین.
-بۆ کوێ؟
+ماڵی عەزیز گەردی.
- بە بێئیزن و هیچ پێشەکیيەک، شتی وا چۆن دەبێت؟
+برا ئەگەر دێیت، دەنا من بە تەنیا دەڕۆم...عەزیز گەردی پێشەکی و مێشەکی ناوێ...
-دەی منیش دێم...
رۆیشتین، لە ڕێگە هەر باسی کتێبەکانی (داغستانی من، لاوەچ، قۆڵبڕ، سەروا، درەختی چل داستان، زارا عەشقی شوان، ژیان و جەنگ و هیچی تر)مان دەکرد.
دوای سۆراخ و پرسێکی زۆر، گەنجێگ ماڵەکەی نیشانداین و هەر خۆیشی لە دەرگەیدا... پیاوێکی پیر هاته دەر، بۆی چووم و هەر خێرا ئەولا و ئەملام ماچ کرد، ئاخر ناهەقم نەبوو، وامزانی عەزیز گەردییە. گوتی: ببووره! من برای ئەوم... تەزوویەکی سارد بە جەستەمدا هات. هێمن خوڕشیدیش لەم لاوە دەستی بە دەمەوە گرتبوو و بەپێکەنین لاربووبووەوە.
بە هەمەحاڵ، گوتم: هاتووین بۆ لای مامۆستا عەزیز گەردی.
گوتی: بەداخەوە! تازە دەرچوو... قەیرێک قسەمان لەگەڵ برایەکەی کرد و
بە دڵساردی گەڕاینەوە.
ڕۆژی 19- 01- 2015 دیسان بە هومێدی دیدەنی، کەوتینەوە ڕێ، خوا هەڵناگرێت برایەکەی کارئاسانیی زۆری بۆ کردین، ڕێک لەبەردەم دەرگا وەستیان و مامۆستا عەزیز گەردی دەرگای لێ کردینەوە، زۆر بە خەمباری پێشوازیی لێ کردین، گوتم: ببوورە مامۆستا کاتت دەگرین.
گوتی: کات هیچ بەهای نییە!
گوتم: ئاخر لای تۆ جوانترین بەهای وەرگرتووه.
گوتی: لەکنە من لە هەمووشتێک پیسترە! یەکسەر هاتەسەر ئەوەی کە غەدری لێکراوە، ئەزیەتدراوە، خولاسە بەشێک لە دەردەدڵی خۆی بۆ هەڵڕشتین.
کتێبێکی بە دەستەوە بوو، تەماشام کرد کتێبی (ڕێبەری کتێبسازە کوژراوەکان) بوو.
دۆشەکێکی لە دەرەوە ڕاخستبوو، گوتی: فەرموون دانیشن! بینیم کتێبێکی دیکەشی لەبەر دەست بوو، لاپرەیەکی سپی لەنێو دانابوو، ئەویش ڕۆمانی (ماڵی نانی) بوو.
گوتم: چما تۆ کتێبی نوێبابەتیش دەخوێنیتەوە؟
گوتی: حەز دەکەم هەرچییەک کە دەردەچێت، بیخوێنمەوە، بەس کوا پێ ڕادەگەم؟
بۆیە ئه و پرسیارەم لێی کرد، چونکە بەشێک لە نووسەرە کۆنەکان، کە باسی بەرهەمی ئێستەی نووسەرانیان بۆ دەکەیت، گرژ دەبن، دیارە ئەوانیش ناهەق نین، لە جیهانی نووسینی ئەمڕۆدا پاشاگەردانییەکی زۆر هەیە، کەس بەکەس نییە.
مەجلیس گەرم بوو، بەرەبەرە ڕەنگ و ڕوخساری دەگەشایەوە، دەستی بە نوکتە و قسەی خۆش کرد. زۆر بەڕێزەوە دەدوا.
گوتم: مامۆستا تۆ لەنووسینەکانت وشەی هاوواتا (مرادف) زۆر بە دوای یەکەوە دەکاردێنیت.
گوتی: ڕاستییەکەی من دەمەوێت وشە بە تەرازوو دابنێم، بەڵام دەشکرێ وام کرد بێت، بەڵام شێوازی دەقە ئەسڵیەکە زۆرجار شێوازی وەرگێڕانت پێ دەگۆڕێت.
هێمن خوڕشید گوتی: مامۆستا من ئه و تامەی لە کتێبی (#داغستانی من#) کردم، نەمتوانی ئه و چێژە لە کتێبەکانی دیکەیت بکەم.
گوتی: یەک خاڵی زۆر گرنگ هەیە، ڕاستە من له و کتێبەدا زۆر خۆم ماندوو کردوو و وشەی جوانم تێدا بەکارهێنا، بەڵام من پێم وایە بابەت دەور دەبینێ. تۆ دەبێ بۆ هەر بابەتێک، زمانێک بەکار بێنێ. لەوانەیە زمانی داغستان وای لێ کردبم بەم شێوە ناسکەی تۆ دەیڵێیت وەریبگێڕم.
لەبارەی نووسینەوە گوتی: من پێش نەخۆشییەکەم، لە بەیانییەوە تاکوو دەمژمێر یەکی شه و دەمنووسی، بەڵام ئێستە بڕستم لێ بڕاوە.
گوتم: ڕاستییەکەی تۆ شایا نی خەڵاتێکی زۆر گەورەی، ئه و خزمەتەی تۆ کردووتە کەم نییە.
بەمە نەختێک دەموچاوی تێکناو و فەرمووی: بۆچی کاک حەیدەر! تۆ خەڵاتت پێ هێندە شتێکی گەورەیە؟ ئەوەی هیچ نەبێ لە کوردستان خەڵاتە!
کێن ئەوانەی خەڵات دەدەن؟ بۆچی دەیدەن؟ ڕاستییەکەی خەڵات ڕەتکردنەوە، زۆر لە خەڵات وەرگرتن باشترە.
وێجا لایەکی لێ کردمەوە و گوتی: نابرا! تۆ بە هەڵە لە خەڵات گەیشتوویت، بە دەیان جار ناوم بۆ خەڵات زل هاتووەتەوە، ڕەتم کردووەتەوە.
بزەیەکی کرد و گوتی: تەنها یەکجار خەڵاتێکی زۆر گەورەم وەرگت... با بۆت بگێرمەوە چۆن بوو، لە چایەخانەی مەچکۆ کابرایەک گوتی: ئیللا وبیللا دەبێ بچینەوە ماڵەوە، دۆڵمەمان هەیە دەبێت لەگەڵمان بخۆیت. منیش دڵم نەشکاند و لەگەڵی چووم... وەختێک لە ماڵیان دانیشتم، کابرا بانگی کوڕەکەی کرد و گوتی: کۆڕم وەرە ئەوە عەزیز گەردییە!
کوڕەکە سەرێکی بە ژووردا گرت و گوتی: تخوا بابە ئەوە عەزیز گەردییە! دواتر منداڵەکە هات لەگەڵمان دانیشت، ناوەناوە سەری خۆی خواردەکردەوە و دەیگوت: تخوا بابە ئەوە عەزیز گەردییە؟ تومەز چیرۆکەکانی منی خوێندبوونەوە، یان بۆی خوێندرابوونەوە... ئەوە باشترین خەڵاتە کە من لە دونیا وەرمگرتبێت.
لەسەر زۆر بابەتی ئەدەبی قسەمان کرد... ئه و پێی وابوو کەسێک گەر بیەوێت بنووسێت، دەبێ بازنەی خوێندنەوەی فراوان بکات، خۆی بە زلتر نەزانێت، دەنا باشتر وایە واز لە نووسین بێنێت. دەیگوت ئاخر چۆن دەکرێ بنووسی و ئاگات لە نووسینەکانی هەژار و هێمن و عەلائەدین و مەسعوود محەمەد و، مەلاشوکر...نەبێت.
گەردی کەسێکی خاکی بوو، بە شەڕواڵە تۆزاوییەکەی هێندەی تر خۆی لە دڵی ئێمەدا شیرین کرد. ژیانی ئه و جگە لە کتێب هیچی تر نییە... ڕەنگی ڕووخساری زۆر لە ڕووپەلی کتێب دەچوو.
گوتم کاتێک دیوانی حاجی قادری کۆیم بە شەرحی مسعوود محەمەد خوێندەوە، هەستم کرد لێکدانەوەی مەسعوود محەمەد لە شیعرەکانی حاجی بەنرخترن.
گوتی: منیش هەمان بۆچوونم هەیە و پێم وایە مەسعوود محەمەد زۆر بە ئاستێکی بەرز نووسیویەتی.
گەردی زمانی عارەبی، ئینگلیزی، فارسی، فەڕەنسی و ئیتاڵی دەزانی و پێیان وەردەگێڕێت. وێڕای ئەمانەش، زمانی کوردی بە زۆربەی شێوەزارەکانیەوە دەزانێت.
کاتی خۆی بۆ فێربوونی وشە و زاراوەی زیاتر، سەردانی چەندان گوندی کوردستانی کردووە، لەنێویاندا گوندی (#شێخ وەسانان#) بووە، چونکە کە گوتم خەڵکی گوندی (شێخ وەسانان)م، پێکەنی و گوتی: کاتی خۆی چوومەتە شێخوەسانان و لە وێ لای (حاجی لاس) زۆر دانیشتووم، زۆر شتی کۆنم لێ پرسیوە... دواتر هێمین عومەر خۆشناویش ئەمەی پشتڕاست کردەوە و گوتی بە یەکەوە لە گوندان زۆر گەڕاوین.
لە کۆتایییەکەی ویستمان هەستین، گوتی هێشتا دانیشن، دیاربوو مەجلیسەکەی ئێمەی زۆر پێ خۆش بوو... گوتی: بە دڵ خۆشم ویستن.
ڕاستییەکەی لەزەتێکی خۆشم لە دیداری وەرگرت، ئەوەی ویستم لێم پرسی. دەبێ کورد شانازیی بەخۆیەوە بکات، کە کەسێکی هێندە بە توانا و زانای وەک عەزیز گەردی هەیە.
ڕۆژی 03- 06-2022 لەگەڵ #زیرەک کەمال# لە نەخۆشخانە سەردانمان کرد و بۆ دووەم جار بە دیداری گەیشتمەوە، پەیتاپەیتا نووسەر و خوێنەران سەردانیان دەکرد، بەڵام وا دیاربوو دوا دیدار بوو، لە ڕۆژی
06-06-2022 بە یەکجاری بەجێی هێشتین.
حەیدەر عەبدوڵڵا
#07-06-2022#
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!
[1]