ئامادەکردن: د. هەڤین کەمال شا محەمەد
$فایبرۆمایەڵجیا چییە؟$
ئازار لە هەموو لەش و بێهیزی بەردەوام و پشکنینەکان هەمووی ئاسایین
ئازاری ماسولکە و ڕیشاڵەکان:
نەخۆشی فایبرۆمایەڵجیا: بریتی یە لە کۆمەڵێک نیشانەی هەمەجۆر کە ماسولکە و جومگەکان وبەستەرەکان ئازارێکی زۆریان تێدائەبێت لەگەڵ بوونی خاڵی بە ئازار لە نێو ماسوولکەکاندا لە کاتی دەست لێدانا، وە لەکاتی پشکنینی خوێن و تیشک دا هەموو پشکنین و ئەشیعەکانی نەخۆشەکە هەموو ئەنجامەکانی ئاسایین و نۆرماڵن.
$گرنگترین نیشانەکانی:$
1- بوونی ئازارێکی زۆر لەزۆربەی ماسولکه و جومگەکاندا، بوونی ئازاری زیاتر بە دەست لێدان لە چەند شوێنێکی دیاریکراو کە بە خاڵی ئازار وروژێنەر ناسراون.
2- ناڕێکی لە خه و و کێشەی نووستن لەگەڵ بێهێزی و شەکەتی بەردەوام و خەمۆکی و قەلەقی و کەمی تەرکیز.
3- ڕەق بوونی ماسوولکەکان و بە زەحمەت جوڵانی جومگەکان لە بەیانیان دا.
4- سڕبوون و میروولەکردنی دەست و قاچ و پەنجەکان.
5- سەرئێشەی بەردەوام یان ناوبەناو.
6- کۆنیشانەی گرژبوونی کۆڵۆن، ناڕەحەتی لە کاتی میزکردن دا.
7- ئازار لە کاتی سووڕی مانگانەدا لە ئافرەتاندا.
$هۆکارەکانی نەخۆشی فایبرۆمایەڵجیا:$
تا ئێستا پزیشکەکان هۆکاری ڕاستەقینەی نازانن بەڵام:
1- خانمان زیاتر تووش دەبن لە پیاوان.
2- هۆکاری بۆماوەیی: ئەگەر یەکێک لە ئەندامانی خێزان نەخۆشیەکەی هەبێت ئەگەری توشبوون زیاد دەکات.
3- دوای زەبری جەستەیی یان دەروونی.
4- تەمەن: بە زۆری لە نێوان (19 - 45 ساڵ)دا هەیە.
$شێوازی دەستنیشان کردنی:$
دەستنیشان کردنی نەخۆشیکە، تەنیا لەڕیێ نیشانەکانیەوە ئەبێت، هەندێک جاریش بوونی خاڵی ئازار لە ماسولکەکاندا لەکاتی دەست لێدانا، جگە لەوانە هەموو پشکنینەکان ئاساییه، بەڵام زۆر گرنگە فەحسی خوێنی (CBP) و فەحسی غوودەی دەرەقی و فەحسی ڕۆماتیزمی جومگە بۆ نەخۆش ئەنجام بدرێت. هەروەها توێژینەوە تازەکان سەلماندویانە کە ئەو کەسانەی نەخۆشی فایبرۆمایەڵجیایان هەیە ڕێژەی هۆرمۆنی سیرۆتۆنینیان کەمترە لە خەپلەی خوێن و کۆئەندامی دەمار بە بەراورد بە کەسێکی ساغ، هەروەها ڕێژەی هۆرمۆنی گەشە شیان کەمە بەهەمان شێوە، وەهەروەها NGF یان چوار ئەوەندە زیاترە لە شلەی دڕکە پەتکدا.
$چۆنیەتی چارەسەرکردنی:$
گرنگترین خاڵ لە چارەسەرکردنی فایبرۆمایەڵجیا پەیوەندی نێوان دکتۆر و نەخۆشەکەیە کە کاریگەریەکی زۆری هەیە لە چارەسەرکردنی ئەم نەخۆشیە، چونکە باری دەروونی کاریگەریەکی زۆری هەیە.
$چارەسەرکردنی نیشانەکان لە ڕێگای دەرمانەوە:$
چارەسەری چۆیس و باشترین لەم حاڵەتەدا و بەپێی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، دژە پەرکەم و دژە خەمۆکییەکانە، لەدوای ئەوان دەتوانرێت هەندێک جار ئازارشکێنە ناستیرۆیدەکان بەکاربهێنرێت لەهەندێک حاڵەتدا.
$چارەسەری سرووشتی:$
1- مەساج کردنی قووڵ بۆ ماسوولکەکان.
2- بەکارهێنانی (هایدرۆسیراپی) واتە ئاو بۆ نەرم کردنەوەی ماسوولکەکان بۆ نموونە ساونا یاخود وەرزشکردن لەناو ئاودا.
3- وەرزشکردن بە تایبەتی ئه و وەرزشانەی کە ماسوولکەکان خاو دەکەنەوە و سترێچینگ، یۆگا و میدیتەیشن.
4- دەرزی ئاژەنین و درای نیدڵینگ یاخود ڤاکیومینگ و کەپینگ، کە ئەمەش بەکارهێنانی کاسی تایبەت کە لەهەوا خاڵیدەکرێتەوە لە خاڵی ئازارەکاندا دادەنرێت، هاوشێوەی کەڵەشاخ بەڵام بەبێ وەرگرتنی خوێن و بریندارکردن.
5- بەکارهێنانی تەزووی کارەبا (TENS).
6- بەکارهێنانی تیشکی سونەر (ultrasound) و شۆک وەیڤ بۆ کردنەوەی خاڵی ئازار.
فایبرۆمایەڵجیا نەخۆشیەکی درێژخایەن و بێزارکەرە، توشبووان پێی هەمیشە دەناڵێنن بە دەست ئازاری بەردەوامەوە، وەزۆرینەی جار خێزان و دەوروبەریان باوەڕیان پێناکەن، چونکە پشکنینەکانیان هەمووی نۆرماڵ و ئاساییە.[1]