پایزە برا
لە وڵاتی کوردەواریدا لە سەرەتای بەهار و خاکەلێوە، سەرما و سۆڵەی زستان بارگەی دەپێچێتەوە ئیتر کشتیار و وەرزێر و شوانکارەی کورد دەکەونە خۆ بۆ کارکردن و کاری کێڵگە و زەوییە کشتوکاڵیەکان و بە خێوکردنی مەڕوماڵات هێندە زۆر دەبێت، کەس سەری خۆی پێ ناخورێنرێت، ئه و بەروبومی دانەوێڵەی(گەنم و جۆ و نۆک و نیسک)ەی لە زستان چێنراوە، خەریکە بەره و پێگەیشتن دەچێت و جۆزەردان و خەرمانان و گەڵاوێژ دێت، دروێنە و کیشە و قشرە و خەرمان و قەسەر و گێرە و کوتان و شەنە باکردن و ڕەشکە و سواخی کادین و دەسکەنەی نۆک و نیسک و بژاری بێستان و لە ئاژەڵداریش بڕینەوەی مەڕو ماڵات و شه و بەکێو و بێرکردن، لە زەوییە کشتوکاڵیەکانیش جووتکردن و کێڵان و وەرد دانەوە و شۆبڕین و هەڵدانەوەی دۆریخه و پێ مەڕە و بێڵ تەپ و گۆڵ و خەت و خاکاو و ئاودان و ئاودێری و جۆگە و جۆبار هەڵبەستن و ئاوبارە و شەڵەگە و شتڵ لێدان و بژارکردن و کاروباری زۆر و زەوەندی کێڵگە و توتن لێدان و گەڵاجاڕ و زاخە و بۆ بازاڕ بردن و ساغکردنەوەی بەرهەمەکان و گواستنەوە و باراش لێکردن و ڕێگای ئاشی و..تاد، لەگەڵ کۆتایی هاتنی کاروباری ئاژەڵداری و باخداری و کشتیاری و وەرزێری، لە کۆتایی مانگی گەڵاوێژدا جوتیارەکان دەگەڕێنەوە ناو ئاوایی و کاری سەرسواخ و قوڕکاری و خشت بڕین دەکەن، هەموو ئه و کاروبارانە لە کوردەواریدا پێویستی بە هەرەوەزی و کاری بەکۆمەڵ و دەستگرۆیی و زبارەکردن هەیە، کورد لە کۆندا لەوەرزی بەهار و هاوین هێندە پڕ ئیش بووە، شه و و ڕۆژی لەسەر یەک داناوە بۆ ڕاپەڕاندنی کاروبارەکان تاوەکو وەرزی پایز هاتووە ئینجا بێن و پشوویەکی داوە، ئه و حاڵەتە پڕ ئیشیەی بەهار و هاوین و بێ کاروبارەییەی پایزان و سەرماوەرز و سەرەتای زستانان بووە بە ئیدیۆم و بەکاردەهێنرێت بۆ کەسێک کە لەکاتی کاروبار و دەستگرۆیی و زبارە و هەرەوەزی دیار نەبێت و بۆ ئیش و کارێکی خۆی دوای تەواوبوونی کارەکان سەربدات، کارێک یان داواکاریەکیشی هەبێت، یان بە بێ ئیش سەر لەکەس نەدات بە تەوسەوە به و جۆرە کەسانە دەوترێت: پایزە برا. [1]