ناونیشان: سوودە تەندروستیەکانی زەردەچەوە (کرکم)
ئامادەکردن: د. #هەڤین کەمال شا محەمەد#
زەردەچەوە جۆرێکە لەبەهاراتی ڕەنگ زەردی مەیلەو پرتەقاڵی کە زیاتر لە ووڵاتی هند و باشووری خۆرهەڵاتی ئاسیا و ناوەڕاستی ڕۆژهەڵات بەکاردێت بە ڕێژەیەکی زۆر لە خواردن دروست کردندا، وەهەروەها چەند سەدەیەکی زۆریش وەکو دەرمان وچارەسەر لەوڵاتی هندا بەکار هاتووە بۆ چارەسەری کێشەکانی هەناسەدان، هەروەها زەردەچەوە یەکێکە لەو خواردنانەی پێدەگوترێت (super food) چونکە کاریگەری هەیە لەسەر چارەسەری شێرپەنجە، خەمۆکی.
$سوددە تەندروستیەکانی:$
1- خەمۆکی (depression):
زۆر لە پێکهاتەکانی ناو زەردەچەوە کاریگەری هەیە لەسەر تەندروستی، بە تایبەتی باری دەروونی و خەمۆکی، بەتایبەتی مادەی کورکمین(curcumine)کە پێکهاتەیەکی سەرەکی ناو زەردەچەوەیە یارمەتی کەم کردنەوەی خەمۆکی دەدات و یارمەتی دژە خەمۆکیەکان دەدات کە باشتر ئیش بکەن.
2- نەخۆشی شەکرە جۆری دوو:
لەبەرئەوەی ماددەی کورکمین وەکو دژە هەوکردن کاردەکات، وە یارمەتی جێگیرکردنی ڕێژەی شەکرەی ناو خوێن ئەدات..لەبەرئەوە یەکێکە لەو خواردنانەی بەکار دێت بۆ ڕێگرتن و چارەسەرکردنی نەخۆشی شەکرە جۆری دوو، توێژینەوەیەک لەسەر 240 کەس کراوە کە بۆ ماوەی 9 مانگ کورکمینیان دراوەتێ بەشێوەی سەپلیمێنت، بینراوە کە بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش ڕێگری دەکات لە دروست بوونی نەخۆشی شەکرە.
3- هەوکردنی ڤایرۆسی یاخود پەتا:
بینراوە کە چای زەردەچەوە کاریگەرییەکی باشی هەیە لەکاتی توشبوون بە پەتا و هەڵامەتی ڤایرۆسی، بەڵام ئەبێت ئەوەت لەبیر بێت زەردەچەوە تەنیا لە 3٪ کورکمینە، بۆیە لەوانەیە بە خواردنەوەی یەک چا ئەمەندە هەست بە جیاوازی نەکەیت.
4- کەم کردنەوەی ئازار و ناڕەحەتیەکانی پێش سووڕی مانگانە (pre menstrual symptom):
چەند توێژینەوەیەک لەسەر هەندێک لەوانەی ئام ناڕەحەتییەیان هەیە کراوە، مادەی کورکمینیان دراوەتێ بۆ ماوەی سێ مانگ پێش کاتی سوڕی مانگانە، بینراوە کە ئازار و ناڕەحەتیەکانیان نەماوە.
5- بەرزی کۆڵیستڕۆڵ:
لەهەندێ توێژینەوەدا بینراوە کە زەردەچەوە دەبێتە هۆی دابەزینی چەوری جۆری LDLکەناسراوە بە چەوری خراپ، توێژینەوەکان دەڵێن کەکاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر پاراستنی دڵ.
6- نەخۆشی ئەلزهایمەر:
ئەو نەخۆشیانەی تووشی ئەلزهایمەر دەبن هەمیشە هەوکردنی بەردەوامیان هەیە، وە زەردەچەوە لەبەرئەوەی دژەهەوکردنی تیادایە هەندێک توێژینەوە دەڵێن کاریگەرییەکی باشی هەیە لەم نەخۆشانەدا.
7- داخورانی جومگەکان:
زەردەچەوە وەکو شۆرشێکی دروست کردووە لەزانستی تازەدا بۆ چارەسەرکردنی ئازاری جومگە، بەتایبەتی ئەگەر لەگەڵ بیبەری ڕەش (black pepper)دا بخورێت، چونکە یارمەتی هەڵمژینی زیاتری زەردەچەوەکە دەدات لەگەدەدا، وە بەشێوەی سەپلیمینت هەیە ئێستا بە شێوەی (neoflex) یان
(Neuro360) یاخود (curcumin).
8- شێرپەنجە:
لەتاقئگەکاندا بینراوە کە زەردەچەوە گەشەی خانە شێرپەنجەییەکان دەوەستینێت، یارمەتی ئەو ئەنزیمانە دەدات کە خانەکان پاک دەکەنەوە بەشێوەیەکی باشتر ئیش بکەن.
9- تەهەیوجی کۆڵۆن (irritable bowel syndrom):
لەهەندێ توێژینەوە دا بینراوە کە لەسەر 207 کەس کراوە، کە زەردەچەوە لەوانەیە ئازاری سک کەم کاتەوەو نیشانەکانی تەهەیوجی کۆڵۆن کەم کاتەوە، لەهەندێ نەخۆشی ڕیخۆڵەکان وەکوو (crohn's disseas)یان (Ulcerative colitis) وەکو چارەسەر بەکاردێت.
10- سەر ئێشە:
هەروەکو چۆن دیارە کە زەنجەفیل ئازارشکێنێکی سروشتی یە بۆ سەر ئێشە، بینراوە زەردەچەوەش هەمان کاریگەری هەیە، هەندێک توێژینەوە دەڵێن دەتوانرێت بەکار بهێنرێت بۆ ڕێگری لە دروست بوونی سەر ئێشە ئەویش بەخواردنەوەی بە شێوەی شەربەت.
11- زیپکە:
بەبەکارهێنانی زەردەچەوە بە شێوەی ماسک لەسەر پێست یاخود خواردنی دەبێتە هۆی کەم کردنەوەی دروست بوونی زیپکە و نەهێشتنی ئەویش بەهۆی ئەو ماددە دژە بەکتریاو دژە هەوکەرانەی تیایدایە.[1]