ناونیشانی پەڕتووک: دەروازەیەک بۆ میتافیزیکا
ناوی نووسەر: ئیمام عەبدولفەتاح ئیمام
ناوی وەرگێڕ: #هۆشمەن جەلال#
وەرگێڕان لە زمانی: عەرەبی
سەبارەت بە خاڵی یەکەم، لەم کتێبەدا (میتافیزیکا)م بە درێژایی سەردەمە جیاوازەکانی خستووەتە ڕوو، پاشان گەیشتووین بە گرفتەکانی و تەنها دوو گرفتیمان خستووەتە ڕوو: (گرفتی بوونی خودا): بەڵگە و پووچەڵکردنەوە، هەروەها گرفتی دەروون (ڕۆح)ی مرۆیی و پەیوەندیی بە جەستەوە؛ بەڵام نابێت خوێنەر وا هەست بکات ئێمە باسمان لە هەموو گرفتەکانی میتافیزیکا کردووە؛ چونکە ئەمە تەنها چەند نموونەیەکە و هیچی تر. هیواخوازین لە چاپەکانی داهاتوودا نموونەی دیکە بخەینە بەر باس. بۆ ئەوەش خوێنەر قەبارەی گرفتە میتافیزیکییەکان بەدی بکات، ئەوەندە بەسە بڵێم کە (فرانسیس برادلی– F. Bradley) (1846–1924) لە کتێبە گەورەکەیدا کە پێشتر ئاماژەمان بۆ کرد: (ڕواڵەت و هەقیقەت) کە تەنها وەک (وتارێک دەربارەی میتافیزیکا) لێی ڕوانیووە، هەڵدەستێت بە تاوتوێکردنی واقیعی ڕاستەقینە (Reality) و چەمکی پەیوەندیي (Relation) (ناوەکی و دەرەکی)، کات و شوێن، جووڵە و گۆڕان، هۆیەتیی (هۆکار و بەرکار– السببیە)، مانای خود، هەقیقەتی خود و سروشتی واقیع، هزر و واقیع، مانای خراپە... تد. هەموو ئەمانەش گرفتی میتافیزیکین.[1]