ئامینە کاکە باوە؛ کچی ڕۆژهەڵات و بەرگریکاری ڕۆژئاوا
کچێک لەجنسی پۆڵا و خۆڕاگرێکی پێداگر بەرامبەر داواکانی و تا داواکانی نەچەسپاند وازی نەهێنا.
کچێک کە بۆ یەکەمجار کوردی کردە یەکلاکەرەوەی دۆخێکی قورس و گەورەی نێودەوڵەتی و هەمووان چاویان لەدەست و دەمی کوردێک بوو بۆ ئەوەی دۆخێک تێپەڕێنن.
لەم ڕۆژانەدا بینەری شانۆی یەکلاییبوونەوەی پرسێکی سیاسی تەواو هەستیاربووین کە پرسی متمانەدان و لێسەندنەوەی متمانە بوو لەکابینەی حکومەتی سوید و هەوڵەکانی ئەو وڵاتەیە بۆ ئەندامبوونی لەهاوپەیمانی ناتۆ، ئەم دوو پرسە شەقامی سوید و میدیاکانی ئەو وڵاتە و ئەوروپاشی بەخۆیەوە سەرقاڵکردبوو.
یەکلاییکردنەوەی پرسی متمانەدان بەحکومەتی سوید بەسترابۆوە بەدەنگی ژنە پەرلەمانتارێک لەپەرلەمانی ئەو وڵاتەدا، کە ئەویش ئامینە کاکە باوەیە.
میدیاکانی سوید لەڕۆژانی ڕابردودا بەتایتڵی گەورە نووسیبویان حکومەتی سوید لەنێوان ئەردۆغان و ئامینە کاکە باوە کامیان هەڵدەبژێرێت؟
هەندێک لەمیدیاکانی تریش دەیانوت ئامینە کاکە باوە ئەو پەرلەمانتارەیە کە بەدوگمەکەی بەردەستی چارەنوسی حکومەتی سوید یەکلایی دەکاتەوە.
ئامینە کاکە باوە پەرلەمانتارێکی کوردە لەپەرلەمانی سوید، بەتەنها دەنگی دەیتوانی پرسی متمانەدان یان لێسەندنەوەی متمانە لەحکومەت یەکلایی بکاتەوە، بەڵام دەنگدانی بەو حکومەتە بەستەوە بەچەند مەرجێکەوە کە ئەویش پشتیوانیکردنی حکومەتی سوید لەمافەکانی گەلی کورد و بەتایبەت ئیدارەی ڕۆژئاوای کوردستان و ڕەتکردنەوەی داواکارییەکانی تورکیا بوو.
حکومەتی سوید متمانەی وەرگرتنەوە و مەرجەکانی ئامینە کاکە باوە قبوڵکراو داواکارییەکانی تورکیاش ڕەتکرانەوە کە پەیوەستبوون بەکوردەوە، ئەمەش ئەوەندەی دیکە پایە و پێگەی ئامینە کاکە باوەی لەناو سوید و کورددا بەرزکردەوە، چونکە لەیەککاتدا دوو پرسی یەکلاکردەوە، یەکێکیان متمانەی حکومەت و ئەوی دیکەیان مسۆگەرکردنی پشتیوانی حکومەتی ئەو وڵاتەیە بۆ نەتەوەی کورد بەتایبەت لەڕۆژئاوای کوردستان.
دوای پێدانەوەی متمانە بەحکومەتی سوید، ئامینە کاکە باوە ڕایگەیاند، حکومەتی ئێستا بەدەنگی من متمانەی وەرگرتووە، پێش ئەوە بەبەرپرسانی حزبەکەم و بەحکومەتم وتووە، سوید بەمەرجەکانی تورکیا ڕازیبێت، دەنگ بەبوودجە نادەم و هەنگاوی دیکەش دەگرمەبەر.
ئامینە کاکە باوە دژی ئەندامبوونی سودیشە لەهاوپەیمانی ناتۆ، چونکە پێیوایە ناکرێت وڵاتێکی دیموکراسی و ئاشتیخوازی وەک سوید ببێتە ئەندام لەهاوپەیمانییەکدا کە وڵاتێکی وەک تورکیای تێدابێت.
ئامینە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و لەتەمەنێکی کەمدا بووەتە پێشمەرگەی کومەڵە و چوار ساڵ لەڕیزەکانی پێشمەرگەدا خەباتیکردوە، ساڵی 1992 کوردستانی بەرەو ئەوروپا جێهێشتووە و لەسوید نیشتەجێبووە.
ناوبراو 14 ساڵە لەسەر لیستی پارتی چەپ ئەندامی پەرلەمانی سویدە و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لەبواری ڕاوێژیی کۆمەڵایەتی و بڕوانامەی ماستەری لەفەلسەفە لەزانکۆی ستۆکهۆڵم بەدەستهێناوە، ئیستاش لەپاڵ ئەرکە پەرلەمانتارییەکەی شەوانە دەخوێنێت و دەیەوێت بڕوانامەی بەرزتر بەدەستبهێنێت.
ئامینە کاکە باوە کارەکەی تەنها لەپەرلەمانتاری کورت نەبووەتەوە، بەڵکو ساڵی 2005، لقی سویدی ڕێکخراوی فێمینستی فەرەنسی بەناوی (نە لەشفرۆش و نە ستەمدیدە)ی دامەزراندوە کە ئەو ڕێکخراوە داکۆکی لەمافی کچانی کۆچبەر و پەنابەرانی سوید دەکات.
ئامینە خۆی دەڵێت، سەر سەرسامە بەکچە شەڕڤانەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، بۆیە لەژووری کارەکەیدا وێنەی کچە شەڕڤانانی هەڵواسیوە، بەردەوامیش گرنگی بەڕۆڵ و کاریگەری شەڕڤانان دەداو لەدیمانە و چالاکییەکانیدا بەنموونەی ژنی بەهێز دەیانهێنێتەوە.
ئەو پرسانەی کە ئامینە زۆر بەسەختی بەرگریان لێدەکات و کاریان لەسەردەکات بریتین لە(پرسی بەشوودانی بەزۆری کچان، خەتنەی مێینە، توندوتیژی دژ بەژنان، بازرگانیکردن بەمرۆڤ، ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەوانی، پرسی پەنابەران، توندڕەوی، مافی منداڵان، کەسانی بێلانە و هێرش و داگیرکارییەکانی تورکیا و ئێران).
ئامینە کە پێشتر پێشمەرگە بووە و چەکی لەشان بووە دژ بەکۆماری ئیسلامی ئێران، دەڵێت، ئەو هیچ کاتێک لەگەڵ هەڵگرتنی چەک نییە و هیواداریشە کچان و کوڕانی گەنج ناچار نەبن چەک هەڵبگرن.
بەهۆی چالاکییە بەرگریکارییەکانی لەکورد و ناساندنی تورکیا وەک وڵاتێکی دیکتاتۆر و داگیرکەر، حکومەتی تورکیا ناوبراوی خستووەتە لیستی داواکراوانیەوە، ئێستاش داوای لەحکومەتی سوید کردوە کە ناوبراو ڕادەستی تورکیا بکاتەوە، ئەوەشیکردوەتە مەرجێکی دیکە بۆ ڕازیبوونی بەئەندامبوونی سوید لەناتۆ.
ئامینە کاکە باوە تائێستا چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی سویدی وەرگرتووە، لەپای بەرگریکردنی لەمافی ژنان و منداڵان، هەروەها لەلایەن ژنانی سویدەوە وەک سمبولی بەرگریکردن لەمافی ژنان لەو وڵاتەدا دەناسرێت.
تورکیا چەند مەرجێکی دانابوو بۆ ئەندامبوونی سوید لەهاوپەیمانی ناتۆ، کەئەو مەرجانەش بریتین لەوەی (سوید پشتیوانی لەپەکەکە نەکات و ڕێگە بەهیچ چالاکییەکی لایەنگرانی پەکەکە و پەیەدە نەدەن، 35 داواکراو ڕادەست بەتورکیا بکەنەوە، هەروەها هیچ پشتیوانییەک لەئیدارەی ڕۆژئاوای کوردستان نەکەن).
بەڵام لەسەر داوای ئامینە کاکە باوە سوید مەرج و داواکارییەکانی تورکیای ڕەتکردەوە، بەڵام ئەندامبوونی سوید لەو هاوپەیمانییەتیە لەمسۆگەر نزیکە و داواکانی ئامینە کاکە باوە لەسیاسەتی دەوڵەتی سویددا چەسپێنراوە سەبارەت بەمافەکانی کورد و ڕەتکردنەوەی داواکانی حکومەتەکەی ئەردۆغان بەتایبەت لەبارەی ڕۆژئاوای کوردستانەوە.[1]