ناونیشان: جۆرەکانی سەر ئێشە
ئامادەکردن: د. #هەڤین کەمال شا محەمەد#
سەرئێشە، نەخۆشیەکە کە ڕەنگە بەبێ جیاوازی تووشی هەموان ببێت، بەهۆی سەرماوە یاخود کرژبوونی ماسولکەکان، یان ماندووبوونێکی زۆرەوە، بێگومان ئەگەر کەسەکە نەخۆشیەکی دیکەی نەبێت، گرنگتری جۆرەکانی سەرئێشە ئەمان:
1- سەرئێشەی کافیین:
ئەگەر ڕاهاتویت لەسەر خواردنەوە کافاینەکان وەک چا و قاوە لە کاتێکی تایبەت دا لەڕۆژدا، ئەگەر لەهەمانکاتدا نەیخۆیتەوە ڕۆژانە، لەشت داوای کافاین دەکات و توشی سەرئێشە دەبیت.
2- سەرئێشە بەهۆی ئازاری ددانەوە:
هەندێک کات بوونی ئازار لە ددانەکانتدا، بەهۆی هەوکردنی پوک یان کلۆربوونەوە، جۆرێک لە سترێسی بۆ دروست دەبێت و دواجار دەبێتەهۆی سەرئێشە.
3- سەرئێشەی هەڵگەڕاو:
بەکارهێنانی دەرمان، یان دژە هەڵئاوسانەکان لە لوتدا، دەبێتەهۆی لوتگیران، دواجاریش کاریگەری لەسەر سەرت دەبێت و تووشی ئازار دەکات.
4- سەرئێشەی سترێس:
یەکێکە لە باوترین جۆرەکانی سەرئێشە، کە بەهۆی سترێس و باری دەروونی ناجێگیرەوە دروستدەبێت، ئازارەکە تووشی هەردوولای سەر و ناوچەوان و بەشی پشتەوەی مل و چەناگە دەبێت.
5- سەرئێشەی هۆڕمۆن:
زیاتر لە ژناندا هەیە، بەهۆی گۆڕانکاری لە هۆڕمۆنەکان لە سوڕی مانگانەدا یان بەکارهێنانی حەبی مەنع، یاخود کاتی دووگیانی.
6- سەرئێشەی نیوەیی-شەقیقە:
ئەم سەرئێشەیە لایەکی سەرت دەگرێتەوە، لەهەمانکاتدا تووشی گێژبوون و دڵ تێکهەڵهاتن و ڕشانەوە دەبیت، هەستیاریش دەبیت بەرامبەر ڕوناکی و دەنگەکان.
7- سەرئێشەی هێشوویی:
بەهەمانشێوە تووشی بەشێکی سەر دەبێت، زیاتر لە دەوری چاودایە، لەهەمانکاتدا لوت دەگیرێت و هەڵئاوسان ڕوودەدات، فرمێسکیش بەچاوتدا دێتەخوارێ.
8- سەرئێشەی هەوکردنی گیرفانەکانی لووت:
بەشی پێشەوەی سەر و دەموچاوت تووشی ئازار دەبێت، بەهۆی هەوکردنی گیرفانەکانی لوتەوە.[1]