ناونیشان: گیرانی دەماری ناوەڕاستی دەست چییە؟
ئامادەکار: د. #هەڤین کەمال شا محەمەد#
کارپاڵ تونیل بریتییە لە تونێلێک لەبەشی پێشەوەی دەستدا کە پێکهاتووە لە ئیسقان و ژێیی هەندێک ماسولکە و دەمارێک بە ناوی (median nerve). ئەم دەمارە بەرپرسە لە هەستەوەری و جووڵەی پەنجە گەورەو دوو پەنجە و نیووی یەکەمی دەست، هەر کاتێک ئەم دەمارە فشاری بچێتە سەر بەهەر هۆیەک بێت دەبێتە هۆی سڕی و لاوازی و ئازار و هەستی مێروولەکردن لە دەستدا.
$نیشانەکانی:$
1- هەستی دەرزی ئاژەنین و مێروولەکردن : یەکەم جار ئەم هەستە بە شەوان هەیە لە دەستەکاندا، لەگەڵ بەیانیان کاتی لەخەو هەستیان، لەڕۆژدا لەکاتی شت هەڵگرتندا زیاترە وەکو هەڵگرتنی مۆبایل و کتێب، بەجوڵاندنی پەنجەکان کەمتر دەبێت.
2- بێهێزی و لاوازی ماسولکەکانی دەست: کەزیاتر هەستی پێدەکرێت لەکاتێکدا ناتوانیت شت هەڵگریت یاخود شتت لە دەست بکەوێتە خوارەوە یاخود ناتوانیت مشتت دابخەیت، یاخود قۆپچەکانت دابخەیت.
3- سڕبوون: سڕی پەنجەکان و دەست، هەندێک جار نەخۆش هەست بە ئاوسان دەکات لە پەنجەکاندا و لەوانەیە نەتوانێت گەرمی و ساردی جیابکاتەوە.
$هۆکارەکانی:$
لەبەرئەوەی تونێلەکە لەبنەڕەتدا خۆی تەسکە، هەر ئاوساویەک یان هەوکردنێک لەناو تونێلەکەدا ئەبێتە هۆی فشار لەسەر دەمارەکە و دروستبوونی نیشانەکان، لەوانەیە لە یەک دەستدا یان لە هەردووکیاندا هەبێت، کە زیاتر لەو دەستەدا دروست ئەبێت کەزیاتر بەکاردەهێنرێت.
$کێن ئەوانەی زیاتر تووش دەبن؟$
1- ئافرەت سێ ئەوەندەی پیاو زیاتر.
2- ئەوانەی ئەم نەخۆشیانەیان هەیە: نەخۆشی شەکرە، نەخۆشی سستی غودەی دەرەقی، نەخۆشی ڕۆماتیزمەکان.
3- لەکاتی سکپڕی و دوو گیانی دا.
4- لەجێچوون و شکاندنی جومگەی مەچەک.
5- جۆری ئیش کردن : واباوە کەهەندێک جۆری کار زیاتر توشبن بەم حاڵەتە، وەکو ئەوانەی نوسین دەکەن لەسەر کۆمبیوتەر، یاخود ئەوانەی هەندێ ئامێری لەرەلەرکەر بەکاردەهێنن لە کارەکەیاندا وەکو درێل.
$ئەو حاڵەتانە چین کە لە کارپال تونێل دەچن؟$
1- پێکانی ماسولکە یاخود ژێی ماسولکە یاخود کۆتایی ماسولکەکان.
2- داخورانی جومگەی پەنجە گەورە یان مەچەک.
3- بوونی کێشەی دەمار وەکو لەوانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە.
$دەستنیشانکردن:$
1- پشکنینی نەخۆش و ئەنجامدانی چەند تێستێک وەکو(phalen test)، کەنەخۆشەکە بەشی پشتەوەی هەردوو دەستی ئەنوسێنێت بە یەکەوە بۆ دروست بوونی سڕی یاخود دەکێشرێت بەسەر دەمارەکەدا بۆ ئەوەی بزانرێت تووشی سڕی دەبیت یان نا.
2- هێلکاری دەمار و ماسولکە بۆ دەرخستنی سستی دەمارەکە.
3- هەندێ جار پشکنینی دەمارەکە و دەورروبەری بە ئامێری سۆنەر، کەهەڵئاوسانی دەمارەکە و دەوروبەری دەبینرێت.
$چارەسەر:$
1- پشودان و نەجوڵاندنی جومگەکە : چارەسەر لەهەندێ حاڵەتی وەکو شەکرە و داخوراندن پێویستیان بە چارەسەرە..بەڵام پزیشکەکەت لەوانەیە پێت بڵێ پشوو بە جومگەکە بدەیت و بەکارهێنانی کیف (brace) بە تایبەتی لە شەودا.
2- بەکارهێنانی ئازار شکێنەکان وەک (NSAI)، هەندێک جار ڤیتامین بی یەکان و هەندێ دەرمان کە میز کردن زیاد دەکەن (diuretic) کاریگەریان هەیە لەسەر کەم بوونەوەی ئاوساویی دەوری دەمارەکە.
3- بەکارهێنانی پاکی سارد بۆ کەم کردنەوەی ئازارەکە.
4- لێدانی هەندێک دەرزی تایبەت بۆ ناو تونیلەکە و لە دەوری دەمارەکە ئەویش لەژێر ئامێری سۆنەردا، وەکو ستیرۆیدەکان، زایلۆکەین و ل 5٪ دکسترۆز یاخود کەم کردنەوەی فشارەکە بە ڕێگای(hydrodissection) لەژێر سونەردا.
5- وەرزش کردن بە دەست: ئەویش لە ڕێگای ئەو وەرزشانەی کەدەبنە هۆی ڕاکێشانی دەمارەکەو ژێی ماسولکەکانی دەوروبەری.
6- چارەسەرە تەواوکەرەکان : وەکو دەرزی چینی، یۆگا.
7- نەشتەرگەری یاخود بەکارهێنانی نازوور بۆ لابردنی فشاری دەوری دەمارەکە، کاتێک ڕێگا چارەکانی تر سودیان نابێت.
$چی ڕوودەدات ئەگەر چارەسەر وەرنەگریت؟$
ئەگەر پشتگوێ بخرێت دەبێتە هۆی زیادکردنی ئازارو سڕی و ڕۆشتنی بەرەو قۆڵ و شان، جگەلەوە پوکانەوەی ماسولکەی پەنجە گەورە و بڕێک جار دوای چارەسەریش هەست و هێزی ماسولکەکە هەرگیز وەکو خۆی لێنادێتەوە.
$چۆن خۆمان بپارێزین لە گیرانی دەماری ناوەڕاستی دەست؟$
1- پۆستچەری باش: واتە دانانی دەست و قۆڵ بەشێوەی باش و بێ هەڵە، و دووربوون لە خراپ بەکارهێنانی.
2- ڕێکخستنی کار و ئیش کردن.
3- وەرزش کردن : ئەویش بە کردنی ئەو وەرزشانەی دەبنە هۆی ڕاکێشانی ماسولکەکانی دەست و دەمارەکە.
4- وەرگرتنی پشووی بچووک لەکاتی کارکردندا، بۆ جوڵاندن و ڕاوەشاندنی دەست و بازوو و قۆڵەکان.
$تێبینی:$ ڤیدیۆکە ئەنجامدانی چارەسەرە بۆ یەکێک لە چارەخوازە ئازیزەکانمان لە ژێر ئامێری سۆنەر، خۆشبەختانە لەدوای دوو هەفتە بەهیچ جۆرێک سڕی و ناڕەحەتی نەما و ڕێژەی سەرکەوتنی ئەم ڕێگایە لە80٪ یە.[1]
=KTML_Link_External_Begin=https://www.kurdipedia.org/docviewer.aspx?id=417209&document=0001.MP4=KTML_Link_External_Between=کلیک لێرە بکە بۆ بینینی ڤیدیۆکە=KTML_Link_External_End=