ڕوانینێکی نوێ بۆ حەیران
#حەسەن جودی#
حەیران شێوازێکی ڕەسەنی هونەری سترانبێژی میللییە و بەشێکی دەوڵەمەندی کەلەپووری کوردییە. سروشت و پێکهاتەی هونەری حەیران تایبەتمەندی جیاوازی پێداوە و لەهونەرە میللییەکانی دیکەی جوداکردۆتەوه و هەر ئه و تایبەتمەندییانەشی وایکردووە کە بەنەمری و زیندوویی بمێنیتەوە و تا ڕۆژگاری ئەمڕۆ وەک یەکێک لە جۆشدارترین هونەری میللی کوردی چەشە و چێژی تایبەتی خۆی هەیە
شارەزایانی حەیران بەگشتی دەقی حەیران بە پەخشانە شیعر، یان شێوازێکی تایبەتی شیعری ئازاد لەقەڵەمی دەدەن و لە ڕووی سەرواشەوە سێ سەروای خۆی هەیه کە بریتییە له: سەربەند، ناوبەند و دوابەند. ئەمەش لەڕووی دەقەوە حەیران لە لاوک و بەیت و بەستە و سیاچەمانە و هۆرە و جۆرەکانی دیکەی سترانبێژی جودای دەکاتەوە. شارەزایانی بواری مۆزیکی کوردیش ئەوەیان دەستنیشان کردووە کە حەیران زیاتر لەسەر پەیژەی مەقامی بەیات دەگووترێت و زۆر کەم بە پەیژەی مەقامی دیکەی دەچڕدرێت. کە ئەمەش نەک هەر حەیرانی سنووردار کردووە، بەڵکو وایکردووە لەهەموو جۆرەکانی دیکەی سترانبێژی و دەنگبێژی جودا ببێتەوە و لەهیچ شتیکی دیکە نەچێت. هەروەها حەیرانیش وەک هەر ژانرێکی دیکەی سترانبێژی دەکرێ بە نۆتەش بنووسرێتەوه و بخوێنرێتەوە.
باسوخواسی سەرەکی حەیران دەربڕینی ڕاز و نیاز و هیوا و حەسرەتەکانی نێوان کوڕەتیمە حەیران و کچەتیمە حەیرانە، یان بڵیین گێڕانەوەی کورتە چیرۆکێک یان هەڵوێستەیەک یان گفتوگۆیەکی نێوان کوڕەتیمە حەیران و کچەتیمە حەیرانە کە ئەڤینداری یەکترن و بەهۆی دووری نێوانیانەوە یان بەهۆی بەربەستی کۆمەڵایەتی و کولتوورییەوە ناتوانن بەیەک بگەن و بە مرازی دڵی خۆیان بگەن. زۆر کەم لەحەیرانەکان چیرۆکێکی درێژ لەخۆوە دەگرن. هەروەها سەرجەم بەندی حەیرانەکان یان لەسەر زمانی کچەتیمە حەیرانە یان کوڕەتیمە حەیرانە، یان لەنێو خودی حەیرانەکەدا گفتوگۆی نێوان هەردووکیان بەیەکەوه هەیە. واتا حەیرانبێژ چ ژن بێت یان پیاو، یان ڕوو لە کەسە حەیرانبووەکەی خۆی دەکات و حەسرەت و داواکانی خۆی بۆ باس دەکات، یان ڕوو لە گوێگرانی خۆی دەکات و باس لە حەیرانبووەکەی خۆی دەکات. واتا حەیرانبێژ بەردەوام یان بە ڕاناوی (ئەمن) چیرۆک و بەسەرهاتی ساتێکی خۆی لەگەڵ ئەڤیندارەکەی دەگێڕێتەوە، یاخود بە ڕاناوی (ئەتۆ) ڕوو لە کەسە حەیرانبووە کەی دەکات. بۆیە حەیرانبێژان زۆر کەم له حەیرانەکانیاندا چیرۆک و باسوخواسی کەسێکی دیکە دەگێڕنەوە. زۆر کەم لە حەیرانەکاندا باسوخواسی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئایینی تێدا ڕەنگیداوەتەوە. مخابن ماوەیەکە چەند حەیرانبێژێک لەچوارچێوەی ئەقڵییەت و بەرنامەی ڕەوتی ئیسلامی سیاسیدا، هەوڵدەدرێت حەیران لە جەوهەر و ناوەرۆکی ڕاستەقینە و ڕۆمانسیانەی خۆی دووربخرێتەوە و باسوخواسە ئایینیەکانی تێوەدەئاخنرێت و بە فۆرم و ئاوازی حەیران ڕووپۆش دەکرێت. ئەمەش جۆرێکە لە شێواندنی کەلەپووری ڕەسەنی نەتەوەیەک بەگشتی و حەیران بەتایبەتی. ئەگەرنا هەموو ئایین و ئایینزایەک بەگوێرەی هزر و ڕامانی خۆی ئاواز و هونەری تایبەت بەخۆیشی هەیە و چ پێویست دەکات هانا وەبەر شێواندنی بەشێک لە کەلەپوورێکی ڕەسەنی وەکو حەیران ببرێت؟
بەڵام حەیران لەڕووی زمانی دەربڕینە وە؛ بە شێوەزارێکی زۆر سادە و ساکاری ئه و هەرێمەی کە لێی لەدایک دەبێت دەردەبڕدرێت و بە ئاوازێکی زۆر ناسک لەقوڕگی حەیرانبێژەوە چریکەی دێت و کاریگەری خۆی لەسەر گوێگرانی خۆی دەکات. دەکرێ ئه و ڕاستییە گرنگە بخەینەڕوو که؛ شوێنی سەرهەڵدانی حەیران گوند و لادێکانە و تایبەتە بە چین و توێژەکانی ژێرەوەی کۆمەڵگا و هونەری خەڵکی جووتیار و سەپان و باخەوان و هەژارە و هیچ پەیوەندی بە چینی سەرەوە و باڵادەستی کۆمەڵگاوە نییە و بەهیچ شێوەیەکیش گوزارشت لە ڕاز و نیازی کوڕه دەرەبەگ و ئاغا و میرەوە ناکات. بەڵام ئەگەر لە مەجلیسی کۆشک و دیوەخانی بەگ و ئاغایانیش دەگووترێت، ئەوا سەرچاوەکەی بۆ کاریگەری و ئاستی هونەری حەیران و حەیرانبێژان دەگەڕێتەوه. بەپێچەوانەی ئه و بۆچوون و ڕایەی کە سەرچاوەی بەشێکی حەیران دەگەڕێننەوە بۆ ناو مەجلیسی کۆشک و دیوەخانانی بەگ و ئاغایان. ئەگەر ئه و بۆچوونە لە ڕاستییەوە نزیک بووایە ئەوا ناوەرۆک و باسوخواسی حەیرانیش لەسادەیی و مراز و ڕاز و حەسرەتی ئەڤیندارانەی کارەکتەری کوڕەتیمە حەیران و کچەتیمە حەیران دەگۆڕدرا و لەجێی ئەمەدا باس هەر باسی شانوشەوکەت و جوامێری ئاغا و بەگ و میران دەبوو. تەنانەت زۆرێک له و حەیرانانەی لەناو جەرگەی شاریشەوه سەریانهەڵداوە، مۆرکی سادەیی و مراز و ڕا زەکانی گوندێتی پێوە دیارە. هەڵبەتە پێکهاتەیەکی گرنگی حەیران وەسفی سروشت و جوگرافیایە و لەزۆربەی هەرە زۆری حەیرانەکاندا وەسفی سروشتی گوند و دەشت و چیا و ڕەز و باخ و کانی و مەزارەکانی هەرێمەکە لەخۆوە دەگرێت. ئەگەر باسی شاریش بکات، ئەوا وەک شوێنی ڕووداو و بەسەرهاتی ناو حەیرانەکە نییە، بەڵکو زیاتر وەکو ئەوەیە کوڕەتیمە حەیران چووبێتە شاری ناوبراوەوە، یان نیازی چوونە شارێکی هەبووبێت ناوی شارەکە دێت.
بۆیە ئەگەر باس لە جۆرەکانی حەیران بکرێت ئەوا ناکرێ حەیران بۆ حەیرانی سەرچیایی و حەیرانی مەجلیس و دیوەخانان دابەش بکرێت. ئەم پۆلینکردنە لەگەڵ سروشت و تایبەتمەندییەکانی حەیراندا ناگونجێت. چونکە ناکرێت حەیران بەشێکی لە سەرچیاکان و بەشێکیشی لە نێو مەجلیس و دیوەخاناندا سەریهەڵدابێت. ئەم پۆلینکردنە نە پۆلینکردنێکی تەواو جوگرافییە و نە پۆلینکردنێکی تەواو جڤاکییە. ئەمە لەکاتێکدا ئەگەر بگووترابا؛ حەیرانی سەرچیایی و حەیرانی دەشتایی، یان بگووترابا؛ حەیرانی مەجلیسی و دەرەوەی مەجلیسان، هێشتا لەڕووی لۆژیکی پۆلینکردنەوه ڕاستتر دەبوو. لەلایەکی تریشەوە ئەگەر ناکرێ هەر لەبەر ئەوەی حەیرانبێژ بەدەنگێکی بەرز حەیرانەکەی دەچڕێت بەحەیرانەکەی ئه و بگووترێت حەیرانی سەرچیایی و ئەوەی بە دەنگی نزمیش بیچڕێت پێی بگووترێت حەیرانی مەجلیسی، ئەمە لەکاتێکدا دەکرێ هەمان ئه و حەیرانەی لەسەر چیا گووتوویەتی، لە دەشتایی و تەنانەت لەناو مەجلیسی دیوەخانانیشدا بەدەنگێکی بەرز بیڵێتەوە و گووتراوەتەوەش.
لەراستیدا لە خودی حەیران و دەقی حەیراندا هیچ ئاماژە و تایبەتمەندییەکی وەها نابینریت کە ئەم حەیرانیان بۆ سەرچیا و ئه و حەیرانیان بۆ نێو مەجلیسان ئامادەکراوە، چونکە شوێنی ڕاستەقینەی حەیران بۆخۆی ناخی حەیرانبێژەکەیە، کاتێکیش کە حەیرانبێژ حەیرانەکەی لە ناخ و هزری خۆیدا ئافراندوویەتی هیچ حیسابێک بۆ شوێنی گووتنەکەی ناکات. هیچ بەڵگەیەکیش نییە کە حەیرانبێژان به و حیسابە حەیرانیان ئافراندبێت. تەنانەت ئەگەر بەوردی بڕوانینە ئه و وشە و دەستەواژە و ڕستانەی لەحەیراندا زۆر بەکراوەیی دەردەبڕدرێن، کە ڕەنگە لەگەڵ دابونەیتی داخراوی مەجلیسی دیوەخاناندا نەگونجێت.
بۆیە ئه و پۆلینکردنانەی تاکو ئێستا بۆ جۆرەکانی حەیران کراون، کورتیان هێناوە و نەتوانراوە، وەکو پێویست سروشت و تایبەتمەندییە هەمەلایەنەکانی حەیران ئاشکرا بکرێت. لەسەر ئەم بنەمایە پێویست دەکات کە لۆژیک و شێوازی دیکەی لێکۆڵینەوەی کەلەپوورناسی بۆ پۆلینکردنی جۆرەکانی حەیران بەکاربهێنرێت، کە لەگەڵ سروشتی هەمەلایەنەی حەیراندا یەکانگیر ببێتەوە، ئیدی ئەم پۆلینکردنە چ لەڕووی دەق و ناوەرۆکەوه بێت، یان لەڕووی ڕیتم و ئاواز و پەیژەی مەقامەوە، یان لەڕووی وێنەی شیعریی و وەسف و ئاستی هونەرییەوە، یان لەڕووی شوێن و هەرێمی سەرهەڵدانی هەر حەیرانێکەوە بێت. ئەوەی گرنگە لە پۆلینکردن و دەستنیشانکردنی جۆر و فۆرمەکانی حەیراندا تایبەتمەندییە هاوبەشەکانی حەیران بخرێتەڕوو و سیحر و ئیستاتیکای حەیران و کاریگەرییەکانی زیاتر ئاشکرا بکرێت.
ئەگەر بەمشێوەیە سەرلەنوێ حەیران و پێکهاتەکانی شرۆڤە بکرێت، ئەوا دەتوانرێت ئاسانکاری ئەوەمان بۆ بکات کە لەڕووی کەلەپوورناسییەوە مێژووی سەرهەڵدانی حەیران و جوگرافیای بڵاوبوونەوەی حەیرانیش دەستنیشان بکرێت و کاریگەری هەرێمەکان لەسەر حەیران و کاریگەری حەیرانیش لەسەر کەلەپووری هەر هەرێم و ناوچەیەکدا ببنیریت. بەمەش دەکرێ کەلەپوور و فۆلکلۆری میللیی و نەتەوەیی گەلی کوردیش باشتر بناسرێت. چونکە تا ئێستا بەشێوەیەکی ڕوون و یەکلاییکەرەوە مێژووی سەرهەڵدانی حەیران و پێداویستی دەرکەوتنی له و کاتەدا نەخراوەتەڕوو. ناکرێ وەک هەندێک بۆچوون و ڕا بیربکرێتەوە کە پێیان وایە؛ تەمەنی حەیران سەدەیەک یان دوو سێ سەدە بێت، ئەمە لەکاتێکدا لەڕووی ناوەرۆک و فۆرم و زمانی دەربڕینەوە پێدەچێت ڕەگێکی قووڵی مێژوویی هەبێت و بگەڕێتەوە بۆ ئه و قۆناخەی کە هێدی هێدی بەهۆی دابونەریت و باوەڕییە کۆنەپارێز و غەوارەکانەوە، پەیوەندییە سۆزدارییەکانی نێوان هەردوو ڕەگەزی نێو کۆمەڵگای کوردەواری تاهاتووە بەرتەسک کراوەتەوە و لەئاکامی ئه و چەپاندن و فشارانەی خراوەتە سەر ئه و پەیوەندییانەوە هونەری حەیران وەک پێهەڵگرتنێک ئه و سنووربەندی و کۆتگیرییەی بەزاندووە و وەک کاردانەوەیەکی هونەریانە بە ڕاشکاوی و بێ پەردە باسی ئاستی پەیوەندییە سۆزدارییەکانی نێوان کوڕەتیم حەیران و کچەتیم حەیران کردووە، یان مراز و ڕازیان ئەوەبووە کە به و ئاستە بگەن کە لەحەیراندا گوزارشتیان لێیکردووە.
ئەم ڕوانینە کۆمەڵناسییه؛ ئەوەش دەستنیشان دەکات کە حەیرانبێژ لەهەردوو ڕەگەزدا هەبووە و تەنانەت زیاتر بەلای ئەوەدا دەشکێتەوە کە حەیران زیاتر بەرهەمی ڕاز و مرازی خەفەکراوی ژن بووبێت تا لەوەی گوزارشت لەوەی پیاو بکات. تەنانەت زۆرێک له و حەیرانانەی پیاوانیش دەیچڕن، پڕن لە داخوازی و حەسرەتەکانی ژنان، کە گوایە کچەتیم حەیران بە کوڕەتیم حەیرانی وەها و وەهای گووتووە. تەنانەت زێدەڕۆیی نابێت ئەگەر بگووترێت؛ کارەکتەری سەرەکی و تەوەری سەرەکی زۆرێک لە حەیرانەکان ژن و ڕاز و ئەڤیندارێتی ژنە. ئەمەش ئەوە دەخاتەڕوو کە حەیران تاڕادەیەک مۆرکی ژنانەی پێوە دیاره. پاشان لەگەڵ تێپەڕبوونی قۆناخەکانی باڵادەستی پیاوسالارێتیدا تاهاتووە پیاوانیش داخوازی و ڕاز و حەسرەتەکانی خۆیان تێوە ئاخنیوه و تێکەڵی ڕاز و نیازەکانی ژنان بووه، کە دابونەریت و باوەڕییە کۆنەپارێزەکان خەفە و چەپاندوویانە. تەنانەت هەندێک له و حەیرانانەی کەوا حەیرانبێژانی ژن دەیچڕن تایبەتن بە خودی ژنانەوە و وەک شێوازێکی لاواندندەوە و سەردولکە و شیوەنگرتن لە کۆڕ و مەجلیسی ژناندا گووتوویانە.
لێرەوە پەیوەند بە مێژووی سەرهەڵدانی حەیرانەوە، دەکرێ لەمیانەی شرۆڤەکردنی ئه و باسوخواس و تەوەرە سەرەکییەی کەوا لە خودی حەیراندا بە کراوەیی و بێپەروا لەدەوریدا دەخولێتەوە، بزانین کە مێژووی سەرهەڵدان و گەشەکردنی حەیران ڕەگێکی قووڵی مێژووی هەزاران ساڵەی خۆی هەیە، کە شیمانە دەکرێ لەگەڵ دەستپێکردن و زیاتربوونی قۆناخ بە قۆناخی فشار و چەپاندنەکانی دابونەیتی داخراو و قەدەخەکار بۆ سەر پە یوەندییە سۆزدارییەکانی نێوان هەردوو ڕەگەز، بەتایبەتی بۆ سەر ڕەگەزی ژن، لەگەڵ خۆیدا وەک کاردانەوەیەک چریکەی حەیرانی ئافراند بێت و تا فشار و کۆتگیرییەکان زیاتر تەشەنەی سەندووە، حەیرانیش وەک جۆرە یاخیبوون و پێهەڵگرتنێک لەبەرامبەر به و دابونەریتە، تاهاتووە پەرەیسەندووە و لق و پۆپەی لێبۆتەوە و جۆر و شێوازەکانی زیاتر بووە، تاهاتووە سیحر و کاریگەرییەکەیشی زیاتر بووە. ئیدی وەک هونەرمەندی حەیرانبێژی مەزن حەسەن سیساوەیی دەڵێت:
حەیران تشتەکی گەلەک غەریبه، ئینسان دری پێدەکرێتەوە.
ئەوانەی لە هونەری حەیرانیان کۆڵیوەتەوە ڕا و بۆچوونی جیاوازیان سەبارەت بە شوێنی سەرهەڵدانی حەیران هەیە. هەندێک هەرێمی هەولێر و هەندێکی تریش هەرێمی موکریان به کانگای سەرهەڵدانی حەیران دەزانن. هەندێکیش زۆر بەرتەسکتر دەڕوانن و چەند گوندێک یان ناوچەیەکی زۆر بچووک دەستنیشان دەکەن و بە زێدی سەرهەڵدانی حەیرانی دادەنێن. بەڵام لەراستیدا وەک چۆن سیاچەمانە لە هەرێمی هەوراماندا سەریهەڵداوە و پەرەیسەندووە و زیاتر تێنەپەڕیوە و هەورامان جوگرافیای ڕەسەنی سیاچەمانەیە و بەشێوەزاری هەوارمی دەچڕدرێ. ئیدی ناکرێ لەهەوارامانیشدا دەستنیشانی گوندێک یان ناوچەیەکی بچووکی هەورامان بکەینە کانگای سیاچەمانە، ئەوا حەیرانیش لە کوردستاندا جوگرافیایەکی خۆی هەیە؛ کە ئه و جوگرافیایە بەشێوەیەکی لاکێشەیی سنووری هەرێمی موکریان و هەرێمی هەولێر دەگرێتەوه و به و شێوەزارە دەچڕدرێ کە تاڕادەیەک شێوەزاری هاوبەشی هەردوو هەرێمەکەیە. ڕەنگبێ هاوشێوەزاریش هۆکارێک بووبێت بۆ پەرەسەندنی حەیران لەهەردوو هەرێمی هەولێر و موکریان. هەروەها دەکرێ لەقۆناخێکدا، بەگوێرەی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەوە، هەرێمێکیان لەهەرێمەکەی دیکە زیاتر تێیدا حەیران پەرەیسەندبێت و لە هەرێمەکەی تردا هەمان بارودۆخ لەئارادا نەبووبێت و پاشان بە پێچەوانە کەوتبێتەوە و لەهەرێمەکەی دیکەدا دەرفەتی پێشکەوتنی حەیرانی تێدا زیاتر بووبێت. بۆیە ناکرێ لەڕوانگەیەکی ناوچەگەریانە، یان لەبەرئەوەی لەرابردوویەکی نزیکدا یاخود لە ئێستادا حەیران لەهەرێمێکی دیاریکراودا دەرفەتی پەرەسەندنی بۆ ڕەخساوە، ئیدی بگووترێ؛ کانگای حەیران فلان هەرێمە.
ڕاستییەکەی ئەوەیە کە پێویستە بەدواداچوونی هەمەلایەنە بۆ مێژووی سەرهەڵدانی حەیران و قۆناخەکانی پەرەسەندنی بکرێت و حەیران لە هەموو ڕووێکەوە بناسرێت. بۆ ئەمەش پێویست دەکات پەیمانگای تایبەتی بۆ لێکۆڵینەوە له هونەری سترانبێژی و دەنگبێژییە میللییەکان بەگشتی بکرێتەوە و بۆ هەر یەک لە هۆرە، سیاچەمانە، گەلۆ و بەیت، لاوک و مەقامەکان بەشی تایبەتی دابمەزرێت، بەهەمان شێوە بەشی تایبەتی حەیرانیش دابمەزرێت و هەوڵبدرێت تۆمار و ئەرشیف بکرێن و خوێندنگای تایبەتی و بەشی تایبەتی لە پەیمانگا هونەرییەکاندا بۆ فێربوونی حەیران بکرێتەوە و کەناڵە ڕادیۆیی و تەلەفیزیۆنەکانیش شانبەشانی بوارەکانی دیکەی هونەر و کەلەپوووری میللی کورد، گرنگی تایبەتی بە حەیران بدەن و وەک سامانێکی بەهاداری کەلەپووری میللی و نەتەوەیی ببینرێت و بپارێزرێت. [1]
=KTML_Link_External_Begin=https://www.kurdipedia.org/docviewer.aspx?id=417245&document=0001.MP4=KTML_Link_External_Between=کلیک بکە بۆ بینینی ڕوانینێکی نوێ بۆ حەیران=KTML_Link_External_End=