ئەو کتێبەی قوتابخانە دەڵێی لە مزگەوتی بەهەشت دانراوە!
نووسین: #محەمەد هەریری#
گرنگترین ئەرکی دەوڵەت بۆ کەسانێک مانای دەوڵەتداری بزانن، نەک هێشتا سنووری عەشیرەت، بەڵکو ماڵباتەکەیان تێپەڕنەکات، بێ ئەوەیە بزانێ لە مەنهەجی قوتابخانە و دەزگا پەروەردەییەکان چی فێری قوتابیان دەکرێت، بە چ پێوەرێک، بە چ ئامانجێک فێریان دەکرێ. بەتایبەتی ماددەی ئایینی کە ناویان ناوە پەروەردەی ئیسلامی! بەڕاستیش پەروەردەیەکی ئیسلامییە بە بارە سەلەفیەکەی و سیاسییەکەی.
کە ئەو پەرتووکەی پۆلی دەیەمی ئامادەیی و قۆناغی یەکەمی پیشەیی و پەیمانگاکان لە کوردیپێدیا بەرچاو کەوت، کە نووسراوە لیژنەیەک لە وەزارەتی پەروەردە ئامادەیکردووە وپێداچوونەوەی زانستی بۆ کردوە! ویستم چاوێکی پێدابخشێنم داخۆ چی تێدایە! چونکە دەزانم ئاشی ئەو دەسەڵاتە گەندەڵە بێباکە دەبەنگە هێندە گێڕ و ناتەواوە خواش نایگێڕێ.
ئێستا گومانم هەیە ڕەنگە ئەو کتێبە لەلایەن لیژنەیەک لە مزگەوتی بەهەشتی سەلەفی و چەند مزگەوتێکی یەکگرتوو و کۆمەڵ بەرهەم هاتبێ، نەک لیژنەیەکی وەزارەتی پەروەردە!
جارێ ناوەکەی هەڵەیە دەبێ ناوبنرێ پەروەردەی ئایینی، و باسی هەموو دیانەتە سەرەکییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان و جیهان بکات، بە شێوەیەکی بابەتی وتەنها نیشاندان، نەک هاندان و بڕوا پێهێنان.
سەیر لەوەدایە لە پێشەکییەکەی دەڵێ ئەو پڕۆگرامەی پەروەردەی ئیسلامییە بە هەنگاوێکی گەورە لە بواری وتنەوەی پەروەردەی ئیسلامی دەژمێردرێت، چونکە پێشتر ئەو بابەتە لە ژێر باری پرۆگرامێکی کلاسیکی دەیناڵاند!
ئینجا دەڵێ پاش ئەنجامدانی چەندەها لێکۆڵینەوەی مەیدانی لەلایەن پسپۆڕانی ئەم بوارەوە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پێویستی زانی پرۆگرامێکی نوێ بۆ ئەم بابەتە دابڕێژێت، کە بگونجێت لەگەڵ پێشکەوتنە کۆمەڵایەتییەکان، ڕێنیشاندەر بێت بۆ قوتابییە خۆشەویستەکانمان لە ناسینەوەی ڕاستی ئایینە. ل 3
تۆ بە تەوحید و یەکتاپەرستی دەست پێبکەیت و بە عەقیقەکردن بۆ منداڵی تازەبوو کۆتایی بهێنیت، چۆن دەتەوێ بگونجێت لەگەڵ پێشکەوتنە کۆمەڵایەتییەکان، ڕێنیشاندەر بێت بۆ قوتابییە خۆشەویستەکانمان؟!
دوایی دەڵێت: هەروەها زانیاریان لەسەر ئاینەکانی دیکەش هەبێت، بۆ دەوڵەمەندکردنی باری ڕۆشنبیرییان، چونکە ئەو ئاینانە زۆربەیان لە کوردستان شوێنکەوتوویان هەیە!
ئەوە پێڕستەکەم داناوە کتێبەکە لە پێنج بەش پێک هاتووە 112 لاپەڕەیە،
بەشی یەکەم: باوەڕناسی، یەکتاپەرستی، محەمەد د.خ کۆتا پێغەمبەرە، داوەکانی شەیتان و بەڵگەکانی بوونی ڕۆژی دوایی واتە قیامەت، کارنامەی مرۆڤ لە بەرزەخدا وچەندین بابەتی تر!
بەشی دووەم: ناساندنێکی گشتی ئیسلام! دەرکەوتنی ئیسلام و هاتنی پێغەمبەر، مانای موسڵمانێتی و بابەتی تری تەواو ئیسلامی و غەیبی!
بەشی سێیەم: بەها ئیسلامییەکان!
بەشی چوارەم: خێزان و ژیانی خێزانی لە ڕوانگەی ئیسلامەوە!
بەشی پێنجەم: ئیسلام و پەروەردەی هەرزەکار!
کوا پێشکەوتنە کۆمەڵایەتییەکان و کوا زانیاری لەسەر ئاینەکانی دیکە، بۆ دەوڵەمەندکردنی باری مەعریفیان، چونکە ئەو ئاینانە زۆربەیان لە کوردستان ئەو کتێبە بە بوونی مەسیحی وئێزدی وکاکەیی وعەلەوی و زەردەشتیش تەنها یەک بەشی تەرخان نەکردووە بۆ ئەو هەموو دینە!
پەرتووکی ڕێچکە سەلەفی عەقیدی، هەموو بیروباوەڕ و جیهانبینی ئیسلامی سیاسی سەلەفی وئیخوانی تێکهەڵکێش کردووە، لەسایەی ئەو ماڵباتە گەندەڵ وبێئاگایانە، ئەو پەرتووکە مرۆڤێکی سەلەفی عەقیدە و ئیخوانی سیاسەتباز و پڕ خەباسەتت بۆ دروست دەکات، هیچیتر. پەروەردەی دینی دەوڵەت دەبێ بێلایەن بێت و بابەتخواز و هاوسەنگ بێت، باسی هەموو دینەکان بکات کە لە نیشتیمان لەگەڵت دەژین، باسی هەموو ڕێچکەکانیش بکات وەک شیعە و عەلیلاهی وشەبەک وهتد..
خەباسەتی ئیسلامی سیاسی لەو تێکستەدا لە دەیان شوێن ڕەنگ دەداتەوە بە ڕوحیەتی پەروەردەکردنی گەنجێک نووسراوە ببێتە ئەندامێکی چالاکی جوڵانەوە سیاسییە سەلەفی و ئیسلامییەکان، نەک هاوڵاتییەکی هاوسەنگ و ڕێزگرتوو لە هەموو دین وئۆل و مەزهەبەکانی نیشتیمانەکەی. من دوو مناڵم لە بەریتانیا لە مەکتەب هێندە شارەزاییی تیۆری دینی وکرداریان وەرگرتووە لە قۆناغی سەرەتایی بە قەد قوتابیەکی زانکۆیی کوردستان زیاتر دەزانن دەربارەی دینەکان، چونەتە کەنیسە و پەرستگای هەموو دینەکان بە مزگەوتیشەوە، پرسیاریان لە پیاوانی دینی ئەو پەرستگایانە کردووە تا لە دینەکە تێبگەن! نەک پێنج بەشی کتێبێکی پەروەردەیی لە وڵاتێکی فرەدینی تەرخان کەیت بۆ یەک دین، ئەویش خۆزگە بە شێوەیەکی بابەتیانە بخرایە ڕوو، نەخێر بە ڕوحیەتی بازرگانێکی ئیسلامی سیاسی تووندڕەو نووسراوە.
بە ئارەزووی خۆی هەموو خاڵە پۆزەتیڤەکانی باسکردووه، بەڵام وەک ئیسلامی سیاسی قەت بەلای خاڵێکی نێگەتیڤ لای نەداوە! بۆ نموونە کە باسی مافەکانی منداڵ دەکات لە ئیسلام دەڵێ دەبێ ئاهەنگێڕان بکەیت بۆیان بە بۆنەی هاتنیان بۆ دنیاوە، لەوەشدا کوڕ وکچ جیاوازیان نییە ودەبێ خۆشی بۆ هەردووکیان دەربڕیت، بەڵام لەو ئاهەنگە کە عەقیقەی پێدەڵێن خۆی دەدزیتەوە لەو تێرمە و لە خاڵی دووەم باسی ناونانی منداڵ دەکات و دەڵێ دایک وباوک دەبێت بە پێی توانا ئاژەڵێک (عەقیقە) بۆ منداڵەکانیان سەربڕن لە ڕۆژی حەوتەم یان چواردەهەمی لە دایکبووندا وبەگوێی منداڵەکە بانگ بدرێت وهتد! ناڵێ بۆ کوڕ دوو ئاژەڵ و بۆ کچ یەک ئاژەڵ سەردەبڕێ!
لە دروستکردنی خێزان دەڵێ ژن لەبەر دینداری دەبێ هەڵبژێریت، نەک کەسایەتی و ڕەوشت و عەقڵمەندی وحەدسە مەشهورەکە دەهێنێ: تنکح المرأة لاربع، لمالها ولحسبها ولجمالها ولدينها! فاظفر بذات الدين تربت يداک! واتە ژن دەهێنرێ لەبەر دەوڵەمەندی، وبنەماڵەی و جوانی و ئاینداری، تۆ ئایندارەکە هەڵبژێرە براوەی! بە پێوەری ئیسلامی زاتولدین واتە ئافرەتێکی دینداری موحەجەبە و لای سەلەفی تا مونەقەبەش بڕ دەکات، چونکە ئافرەتی سفور لە لوتکەی ڕەوشت ودەستپاکی و داوێن پاکی و بلیمەتی بێت، لای ئیسلامییەکان نابێتە خاوەن دین!
باشە کێشەمان نییە ئەو حەدیسە لە مزگەوت ودەرسی دینی بازنەی بچوک لە مەجلیسێکی حزبی باس بکەیت، بەڵام چۆن دەکرێت تۆ ئەو چەمک وتێگەیشتانە گشتگیر بکەیت بەسەر هەموو هاوڵاتییەک؟! هەیە ژن دەهێنێ لەبەر جوانی و ڕەوشتی، مەرج نییە پابەندی دینی هەبێت بەپێی چەمکی ئیسلامییەکان. لەو بەشە هەموو ئینشایە و هەر باسی یەکسانی ژن و پیاو و کچ وکوڕ کردنە، یەک هەڵوەستەی نەکردووە لەسەر جیاوازییەک لە جیاوەزییەکانی نێوان ژن وپیاو لە دین وشەریعەتدا!
من لە جیاتی سەلەفییەکان و ئیخوانییەکان بم بە خۆڕایی ئەو وانەیەی پەروردەی ئیسلامی بۆ حکومەتە ئیفلاس و دزەکە دەڵێمەوە، لە جیاتی پستە پستی دەرس و دەوری گۆشەکانی مزگەوت، بە ئازادی لەناو پۆلدا ئەو کتێبە پرۆگرامەی خوێندن کاری خۆی بە سەروزیادەوە دەکات، ئیماندارێکی عەقیدە سەلەفی و ئیخوانیت بۆ بەرهەم دەهێنێ، پاڵێکی بچووکی دەوێت بێتە داعشێکی ئینتیحاری! بەڕاستی #مەلا لەتیف سەلەفی# ڕاستی گووت دەربارەی ئەو حکومەتە تاڵانچیەی کوردستان: گووتی ئەو دوو حزبە کوا عەلمانین و دڵنیام هیچ پەیوەندیان بە عەلمانیەتەوە نییە وبۆشی هەوڵ نادەن!
[1]