ناونیشان: پەکەکە وەک خۆی
نووسەر: حەسەن جودی
$بەشی یەکەم$
ڕۆژی #11-27-2009# دا سی و یەک ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان ئێستا بەگەیشتنمان بەرۆژی 11-27-2009 دا سی و یەک ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) تێدەپەڕێت. هەروەها سی و پێنج ساڵیش بەسەر تەمەنی ئه و تەڤگەرە تێدەپەڕێت کەسەرەتا بەئاپۆییەکان و پاشان وەک (پەکەکە) ناسرا. لەم ساڵڕۆژەدا کە گەلی وڵاتپارێزی کوردستان بەجەژنی ژیانەوەی نەتەوەیی خۆیانی دەبینن و ساڵانە بە جۆش وخرۆشەوە ئەو یادە دەکەنەوە. منیش حەزدەکەم بەم وتارە بەشداری لەو جۆش و خرۆشه شکۆدارەی گەلەکەم و شۆڕشگێڕانی ئەو تەڤگەرە بکەم و ئەگەر زۆر بە پووختیش بێت، چەند تیشکێک بخەمە سەر ڕاستینە و جەوهەر و مێژووی ئەو تەڤگەرە.
تەڤگەری (پەکەکە)؛ وەک تەڤگەرێکی ئازاد و سەربەخۆی گەلی کوردستان، بەهەموو ڕەهەندەکانییەوە، تێکۆشانی ئازادیخوازانەی خۆی گەشە پێدەدات. سەرەتا لەساڵانی (1973 - 1976)دا لە ئەنقەرەوە یەکەم چەخماخەی ئەو تێکۆشانە دەبریسکێتەوە، پاشان بەرەو باکووری کوردستان هەنگاو دەنێت، لە(1)ی تەمموزی(1979)دا لەسەر بنەمای تاکتیکی هەنگاوێک بۆ دواوە، دوو هەنگاو بۆ پێشەوە ڕێبەر ئاپۆ کۆچی مێژوویی خۆی بەرەو باشووری ڕۆژئاوا و سوریا و لوبنان دەستپێدەکات و لە کەمپێکی تێکۆشەرە فەلەستینییەکاندا دەگیرسێتەوە. لەوێوە، لەنێو دۆخێکی دژوار و بێ توانستیدا توانست و دەرفەت بۆ تەڤگەرەکە دەخوڵقێنێ. بەمەش تەڤگەری (پەکەکە) لەنێو کوردانی باشووری ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا و لوبنان و وڵاتە عەرەبییەکانی دیکە و لەگەڵیشیدا لە وڵاتانی خۆرئاوا و جوگرافیا دوورەکانی دیکەدا تێکۆشان بەرزدەکاتەوە و بیر و هوشیاری و ڕێکخستنی نەتەوەیی دەژێنێتەوە و پانتایی شۆڕشی ژیانەوە فراوانتر دەکات. لەسەرەتای هەشتاکاندا یەکەمین هەنگاو لەسەر ڕێی گەڕانەوە بۆ وڵات دەهاوێژێت و لەسەر سنووری دروستکراوی نێوان باکوور باشووردا یەکینەکانی گەریلا جێگیر دەبن. بەمەش یەکەم پەیوەندی لەگەڵ خەڵکی باشووری کوردستاندا دەبەستێت و خۆی بەخەڵکانێکی ئەم پارچەیە دەناسێنێت. هەر لەسەر ئەو سنوورەدا ئامادەکاری تەقاندنی یەکەم فیشەکی ئازادی ئەنجامدەدرێت و لە(15)ی ئابی(1984)دا بەتەقاندنی یەکەم فیشەک بڕیاری ژیانێکی ئازاد دەگاتە لوتکە.
لەکۆتایی هەشتاکان و سەرەتای نەوەدەکاندا گەل بەسەرهەڵدانی جەماوەرییانەی خۆی وەڵامی قەڵەمبازە مێژووییەکەی گەریلا دەداتەوە. بەمەش تەڤگەری (پەکەکە) گەوهەری گەلەرییانەی دەردەکەوێتە پێش و گەل و گەریلا ئاوێتەی یەکدی دەبن. لێرەوە سەرەتای پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییەکان، بەپشتیوانی داگیرکەران و هێزە میللیگەرا و بەکرێگیراوەکان، دەستپێدەکات، باشووری کوردستان دەکرێتە گۆڕەپانی پیلانگێڕییەکان و تەڵەزگەیەکی پرمەترسیدار...!! بەڵام تەڤگەری پەکەکە دەستبەرداری ئیرادەی سەربەخۆ و ڕۆحی نەتەوەیی دیموکراتییانەی خۆی نابێت و لەم پێناوەدا قورسترین قوربانی خۆی دەدات و بەدروشمی باکوور، باشوور، ڕۆژهەڵات، یەک وڵات و یەک خەبات لەم پارچەیەدا گوڕ بەتێکۆشانی نەتەوەیی و دیموکراتییانەی خۆی دەدات و هەر لە نەوەدەکاندا بە فەلسەفە و هزری ئازادیخوازانەی خۆی دەپەڕێتەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەکۆتایی نەوەدەکانیشدا تێکۆشانی خۆی لەم پارچەیەشدا دەگەیێنێتە ئاستێکی جەماوەری بەهێز. لەنەوەدەکانیش بەدواوە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی ڕۆح و هزر و تێکۆشانی نەتەوەیی دیموکراتییانەی خۆیدا لەدامەزراندن و لەپێکهێنانی دەزگا نەتەوەییەکانی دەدات و پرۆسەی بەگەلبوون و نەتەوەییبوونی گەلی کورد دەگەیەنێتە ئاستێکی شکۆدار.
ئیدی شۆڕشی ژیانەوە بەدەستکەوت و بەهایەکی پڕ بەبایەخەوە سەردەکەوێت و قۆناخی شۆڕشی دیموکراتی و گەیشتن بەچارەسەری دەکەوێتە ڕۆژەڤەوە. بەمەش لەسەرەتای نەوەدەکان بەدواوە هەوڵدان بۆ گۆڕانی ستراتیژی تادێت چڕوپڕ و قووڵتر دەبێتەوە و لەکۆتایی سەدەی بیستەم و سەرەتای سەدەی بیست و یەکەمیشدا دەگاتە لوتکەی خۆی. تەڤگەری (پەکەکە) لەگەڵ تێپەڕبوونی هەر قۆناخێکی تێکۆشان و دەستپێکردنی هەر قۆناخێکی دیکەدا نوێبوونەوە و هەڵاوێردی لە سیستەمی فەلسەفی، پارادیگمایی، ئایدیۆلۆژی، سیاسی و ژیان و تێکۆشانی خۆیدا دەکات و پووختی دەکاتەوە. بەمەش تادێت گەوهەر و تایبەتمەندییە هەمەلایەنەکەی خۆی دەردەکەوێتە ڕوو، تا ئەو ڕادەیەی تەواوی تایبەتمەندێتی و گەوهەری ئازادیخوازانەی خۆی لەچوارچێوەی سیستەمێکی هزری، ژیانیی و تێکۆشاندا بەروونی و زەلالی نیشان بدات، کە سیستەمی کۆنفیدراڵی دیموکراتییە.
بێگومان لەمیانەی هەڵسەنگاندنی مێژووی ئەم تەڤگەرەدا دەرک بەو ڕاستییە دەکرێت کە تەڤگەری (پەکەکە) هەروا بەئاسانی، بەبێ کۆسپ و تەگەرە، کێشە و گرفت قۆناخەکانی تێکۆشانی خۆی نەبڕیوە، بەڵکو ڕێک بەپێچەوانەوە لەهەر قۆناخێکدا ژان و ئازارێکی بێسنوور، قوربانی و فیداکاری و قارەمانێتییەکی نەوازە، کۆسپ و تەگەرەی تاقەتشکێن، کێشە و گرفتی لەبن نەهاتوو، کەموکوڕی و هەڵەی کوشندە هەبووە، تەنانەت ڕووبەڕووبوونەوەی چەندین تەڵەزگە و پیلانگێڕی ناوخۆیی، هەرێمی و نێودەوڵەتی بۆتەوە. لەبەرامبەر هەر خیانەتێکی مەزندا، بەرخۆدانێکی مەزنیش ئامادەیە، لەبەرامبەر هەر پیلانگێڕییەکەدا قەڵەمبازێک بەرسڤدارە، لەنێو نەبوونی و بێ توانستییەکی دژواردا باوەڕی و هێز و ئیرادەی ئافراندن و مەزنکردنی توانست و توانستەکان دەردەکەوێتە ڕوو. لەبەرامبەر بێ باوەڕی، بێ هێزی، بێ ئومێدی، بێ چارەییدا، کانگای باوەڕی، هێز، هیوا و توانستی چارەسەری دەتەقێتەوە و ملی ڕێ دەگرێ و دەهەڕکێت. ئیدی تەڤگەری (پەکەکە) وەک دیجلە و فورات لەکانیاوە ڕەسەنەکاندا هەڵدەقوڵێ و هیوای ژیانێکی ئازاد لە میزۆپۆتامیای لانکەی لەدایکبوونی مرۆڤایەتییەوە بە گەل، ڕەگەز و چینە ژێردەستەکان دەبەخشێ و هیچ لەمپەر و کۆسپ و هێزێک ناتوانێت بەربەستی بکات یان لەگەوهەر و تایبەتمەندییە ڕەسەنەکانی خۆی دووریبخاتەوە. هەڵبەتە لە قووڵبوونەوەبە مێژووی ئەو تەڤگەرەدا نهێنی مانەوە و مەزنبوونی ئەم تەڤگەرە دەردەکەوێتەڕوو، کە لەگەوهەر و تایبەتمەندییەکانی خۆیدا بەرجەستە دەبێت. لەسەرووی هەمووشیانەوە پەیوەستبوونییەتی بە فەلسەفەی ئازادی، ئیرادەی سەربەخۆ، گیانی بەرخۆدان و خۆهێزی و ئافراندنەوە.
باوەڕناکەم بزووتنەوەیەک لەمێژوو و ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا هەبێت هێندەی بزووتنەوەی (پەکەکە) ڕووبەڕووی پیلانگێڕی و هێرش و شاڵاوی لەناوبردن بووبێتەوە. هەر لەسەرەتای سەرهەڵدانییەوە تاوەکو ئەمڕۆ هەمیشە ئەو بزووتنەوەیە بە مەترسی هەرە مەزن دەبینرێت و هەوڵی لەناوبردنی دەدرێت. هەڵبەتە ئەمەش بێ هۆکار نییە و چەندین هۆکاری هاوبەش و تەنانەت شاراوە لەپشت سەرجەم ئەو پیلانگێڕی و هێرش و شاڵاوانەدا خۆی حەشارداوە. کەواتە ئەو هۆکارانە چیین؟ نهێنی ئەو ترس و فۆبیا مەزنە کە لەبەرامبەر بزووتنەوەی ئاپۆچی و (پەکەکە)دا هەیە چییە؟ ئەگەر هەر لەسەرەتاوە هەوڵی لەناوبردنی ئەو بزووتنەوەیە دەدرێت، بۆچی نەک هەر لەناو نەبردرا، بەڵکو بۆتە گەورەترین بزووتنەوە لەهەر چوار پارچەی کوردستان، تەنانەت بووە بەیەکێک لەگەورەترین بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکانی خۆرهەڵاتی ناوین و جیهان؟ کەواتە نهێنی مەزنبوون و خۆڕاگری (پەکەکە) چییە؟ (پەکەکە) دووژمنی کێیە و کێ دووژمنایەتی (پەکەکە) دەکات؟ جیهانبینی و هەڵوێست و چەمکەکانی (پەکەکە) بۆ ژیان، مێژوو، ئازادی، وڵات، گەل، فیکر، ئایدیۆلۆژیا، شۆڕش، تاک، کۆمەڵگا، دەوڵەت، دەسەڵات، خیانەت، وڵاتپارێزی و...هتد، چییە؟ هەروەها چۆن دەڕوانێتە کێشەی کورد، کێشەی ژن و کێشە مرۆڤایەتییەکانی تر؟ لەم پێناوەدا خاوەن چ پرۆژەیەکی چارەسەرییە؟ (پەکەکە) خاوەن چ سیستەمێکی بیرکردنەوە و ژیان و کارکردنە؟ بۆچی ئەو پیلان و هێرش و شاڵاوانەی لەناوبردن سەرەتا ئۆجەلان و پاشان (پەکەکە) و گەل دەکەنە ئامانجی خۆیان؟ کەواتە ئۆجەلان کێیە و خاوەن چ فیکر و فەلسەفە و سیاسەتێکە؟ ڕۆڵ و پێگەی ئۆجەلان لەنێو ئەو بزووتنەوەیەدا چییە؟ لەبەرامبەر هەموو هەوڵەکانی لەناوبردندا، ئاسۆی داهاتووی بزووتنەوەی (پەکەکە) چییە و چۆن دەبێ؟
گومانم نییە کە ئەم پرسیارانە و سەدان پرسیاری تر لەهۆش و هزری ئەو کەسانە دێت و دەچێت کە خوازیارن لەراستینەی ئەوە تێبگەن کە بۆچی هێندە پیلانگێڕی و هێرش و شاڵاو لەدژی (پەکەکە) دەکرێت؟ بۆچی (پەکەکە)ش هێندە خۆڕاگری و بەرخۆدانی دەکات و تادێت هەر هەنگاوی مەزنتر دەهاوێژێت؟
لێرەدا بۆ گەیشتن بە وەڵامی ڕاستی سەرجەم ئەم پرسیارانە و سەدان پرسیاری دیکە دەتوانین پەنا بۆ کلیلی هەموو دەرگاکان ببەین، ئەویش مێژووە، مێژووی خودی بزووتنەوەی (پەکەکە). بەڵام کاتێک دەرگای مێژووی بزووتنەوەی (پەکەکە)ش دەکەینەوە ئەمجارەیان سەدان پرسیاری دیکە ڕووبەڕووی مرۆڤ دەبێتەوە؛ ئەم بزووتنەوەیە چۆن و کەی و بە چ شێوەیەک لەدایکبووە و دەستی بەجموجۆڵ و تێکۆشان و بەرخۆدان کردووە؟ قۆناخەکانی پێشکەوتنی ئەو بزووتنەوەیە چیین و کەی و چۆن و بە چ شێوەیەک ئەو قۆناخانە بەدوای یەکدا هاتوون؟ چ ڕوویانداوە و چ پێشکەوتنێکیان لەگەڵ خۆیاندا هێناوە؟ کارەکتەرە سەرەکییەکانی هەر قۆناخێک لەو قۆناخانە کێن و خاوەن چ تایبەتمەندی و هەڵسوکەوت و پراکتیکێکن؟ هەر پرسیارێک چەندین کلکە پرسیار و لق و پۆپەی لێدەبێتەوە، لەناواخنی وەڵامی هەر پرسیارێکیشدا چەندین پرسیاری دیکە سەرهەڵدەدەنەوە... لەئاکامدا خۆمان لەنێو دەریایەک پرسیاردا دەبینینەوە، کە دەگەینە وەڵامی هەر پرسیارێک زیاتر سەرسوڕمانی دەمانگرێ و خولیای پرسیاری تر و وەڵامی ترمان لەلا زیاتر دەبێت... ئیدی چەندە لەنێو ئەو مێژووەدا قووڵ دەبینەوە هێندەش سەرسام دەبین، هێندەش لەنهێنی پیلان و هێرش و شاڵاوەکانی نەیارانی تێدەگەین... هێندەش لەنهێنی خۆڕاگری و بەرخۆدان و مەزنبوونەکەی تێدەگەین...
لەمیانەی ئەو قووڵبوونەوەیەدا؛ سەرەتا لەوە تێدەگەین کە بزووتنەوەی (پەکەکە) وەک پشکۆیەک لەژێر خۆڵەمێشی هەزاران ساڵەی مێژوودا خۆی حەشارداوە و هەر پزیسک دەدات، تا لەزەمەنێکی شەوەزەنگی بەستەڵەکگرتوودا بڵێسە دەدات و گڕو کڵپە دەسێنێ و گڕکان ئاسا هەڵدەقوڵێ، هەڵدەقوڵێ و گڕ لەمێژووێکی شووم، لەقەدەرێکی سەپێنراو بەردەدات... مێژووێکی نوێ دەئافرێنێ... ئیدی مێژوو لەسەرووی قەدەرە سەپێنراوەکانەوە ڕێڕەوی خۆی دەگرێ...
لەم چوارچێوەیەدا؛ کاتێک بە هەگبەیەکی پڕ لەپرس و ڕامانەوە دەچیتە نێو دەریای مێژووی بزووتنەوەی (پەکەکە)وە، بەسەرهات و ڕووداوەکان، پێشکەوتن و گۆڕانکارییەکان، پەلکێشی خۆیانت دەکەن و تا قووڵایی مێژووی مرۆڤایەتیت دەبەن، بەجۆش و مۆڕاڵێکی بەرزەوە، بە باوەڕی و ئیرادە و وزەیەکی تۆکمەوە، جارێکی دیکە دەتگەڕێننەوە نێو ڕۆژگاری ئەمڕۆ، لەبانێژەی ئەمڕۆشەوە ئاسۆی داهاتووێکی پرشنگدارت نیشان دەدەن. بەمەش سەفەر بەنێو ئەو مێژووی (پەکەکە)دا، وەک سەفەرە بەنێو سەمفۆنیایەکی نەمردا، وەک سەفەرە بەنێو ڕۆمانێکی بێکۆتاییدا، سەفەرە بەنێو شیعرێکی هارمۆنیدا، داستانێکی پڕ لە ماجەڕادا... بێگومان وەک چۆن لەپشت ئەو سیمفۆنیایەدا؛ ئۆرکسترایەکی مەزن، مایسترۆیەکی دانا، بیسەرێکی عاشق دەبینی، ئەوا مسۆگەر لەناواخنی ئەو ڕۆمانەدا پاڵەوانەکان، بەمەیل و توانستی خۆیانەوە، لەنێو ناکۆکی و ململانێ دان و تادێت گرێی نێو گرفت و ڕووداوەکان ئاڵۆز دەبێت و ڕووەو کردنەوە و چارەسەری دەچێت. هەر بەهەمان شێوەش لەو شیعرەدا لەبری ڕیتمێکی سواو، پانتاییەکی تاریک، چێژ لە هارمۆنیایەکی هەمەچەشنە و پانتایەکی پڕ لە ئیستاتیک وەردەگریت. کاتێک کە بە پەیژەی ڕووداوەکانی ئەو داستانەدا هەڵدەزنێی لەپێشتدا حیکایەتخوانێک بەهەموو مەندی و حیکمەتی خۆیەوە، شێڵگیرانە هەوڵدەدات ئاراستەی ڕووداوەکان بەرەو ئاقاری ئازادی ببات، بە قازانجی هەموو ئەوانەی عاشق و دێوانەی ئازادین بشکێنێتەوە... چونکە بەهانەی یەکەم و کۆتایی بۆ لەدایکبوونی ئەم سیمفۆنیایە، ئەم ڕۆمانە، ئەم شیعر و داستانە تەنیا و تەنیا ئازادییە...
بۆیە کە مرۆڤ بەنێو ئەو مێژووەدا دەگوزەرێ، بەردەوام گوێت لەو زایەڵەیە دەبێت کە بەنەغمەیەکی پڕ لەسۆزەوە دەچریکێنێ و دەبێژێ: ئەگەر ژیانێک هەبێت، با بە ئازادی و بۆ ئازادی بێت، ئەگەر مردنێکیش هەبێت، با هەر بە ئازادی و بۆ ئازادی بێت. ئەمە فەلسەفە و کرۆک و ناوەڕۆکی بانگەوازی ئەو پشکۆیەیە کە لەگەڵ یەکەم پزیسکی خۆیدا جاڕی دا... بێگومان کە مرۆڤ بەنێو مێژووێکی ئاگریندا دەگوزەرێ، موچرک بەدوای موچرک بەگیانی مرۆڤدا دێت، تا ئاستی سەرسامبوون و شۆکبوون دەڕوات؛ چۆن مرۆڤ موچرک نایگرێت و سەرسام و شۆک نابێت کە دەبینێ؛ لەپێناو ئەو بانگەوازییە نەمرەدا هەر جەستەیە دەسووتێ، هەر گیانە و هەڵدەکڕوزێ... کوا چ سیمفۆنیایەک هەیە وەک ئەم سیمفۆنیایە نەغمەکانی گڕ بن؟ کوا چ ڕۆمانێک و شیعرێک و داستانێک هەیە وەک ئەم ڕۆمانە، ئەم شیعر و داستانە حەرفەکانی کڵپە بن؟ چۆن مرۆڤ شۆک نابێت هەر بەتەنیشت ئەو ڕۆح و جەستانەی دەبنە تۆپەڵێک ئاگر و گڕ لە هەموو ناشیرینییەکانی گەردوون بەردەدەن، ڕۆح و جەستەگەلێکیش هەن لەبەرد بەردترن، لەبەستەڵەک بەستەڵەکترن، وەک بڵێی گڕی هەموو گەردوون ناتوانێ خاوێنیان بکاتەوە... ئیدی ئەوە سیمفۆنیایەکە بێهەڵچوون و داچوون نابێت، ڕۆمانێکە بێ ناکۆکی و ململانێ نابێت، شیعرێکە و داستانێکە بێ توخمی نەزۆک و شەڕانگێز نابن...!! بەڵام سیحری ئاگرینی ئەو مێژووە لەچی دایە؟ لەکوێ دایە؟ ئەمە نهێنییەکە و بەتینی گەرم و بڵێسەداری خۆی تا قووڵایی خۆی دەتبات، ئینجا پێت دەڵێت ئەوە منم... ئیدی بمناسە و لێم تێبگە....
$بەشی دووەم$
بۆیە ئەوەی لە مێژووی (پەکەکە)دا دەیبینیت نهێنی لەدایکبوون و مەزنبوونی بزووتنەوەیەکە کە هیچ کەسێک مەزەندەی لەدایکبوونی ناکات، نەخاسمە پێشکەوتن و مەزنبوون و سەرکەوتنەکەی، ئەمە هەر لەدەرەوەی خەیاڵ دابوو... کەچی لەدەرەوەی مەزەندە و شیمانەکان، بەبێ ئەوەی ڕوخسەت لەباڵادەستەکانی ئەو جوگرافیایە و جیهان وەربگرێت، سەریهەڵدا... بەڕوو ئاسا ڕەگی داکوتا و باڵای کرد، چڵ و پۆپەی دەرکرد، چەندە چڵ و پۆپە دەکات ئەوەندەش ڕەگ دادەکوتێ، چەندە بەقووڵایی مێژوودا شۆڕدەبێتەوە ئەوەندەش بەرەو لوتکە هەڵدەکشێ... ئیدی لەنێو دۆزەخی جوگرافیایەکی ونبوودا، ئەو جوگرافیایەی کە لەمێژ ساڵە هەنجن هەنجنیان کردبوو و پاشان سڕیبوویانەوە، درەختێک باڵانما دەکات و خوازیارە لەو دۆزەخەی کە پێی دەگووترێت گێژاو (کائیوس) نسێیەکی فێنک، ساباتێکی دڵڕفێن بۆ گەلانی خێر لەخۆنەدیو، بۆ ژنانی ئازارچەشتوو، بۆ مرۆڤایەتی لەسەر خاکی میزۆپۆتامیا و هەموو جیهان بخوڵقێنێ...
لەجیهان و خۆرهەڵاتی ناویندا بەگشتی و باشووری کوردستاندا بەتایبەتی، بەشێوەیەکی سیستەماتیک و پلان بۆکراودا، هەڵمەتێکی فراوان و چڕوپڕ و بەردەوامی؛ ڕەشکردن، ناوزڕاندن، چەواشەکاری و شێواندن لەبەرامبەر ڕاستینەی بزووتنەوەی (پەکەکە) و ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان و شۆڕشگێڕانی نێو ئەم بزووتنەوەیە ئەنجامدراوە و پێشخراوە، لەبەرامبەر فەلسەفە و هزر و ئایدیۆلۆژیا و سیاسەت و سیستەمی ژیان و بیر و کارکردنی (پەکەکە)دا هەوڵ و تەقەللایەکی بێوچان دراوە و لەمەشدا ئەگەر بۆ ماوەیەکی کورتخایەنیش بێت، تاڕادەیەکی بەرچاو ئەو هەڵمەتانەیان سەریگرتووە. هەڵبەتە دامودەزگاکانی دەوڵەتە زلهێزە ئیمپریالیستەکان، تورکیا و داگیرکەرانی دیکەی کوردستان، هەروەها هێزە بەکرێگیراو و تەسلیمکارەکانی کورد و چەندین نووسەری قەڵەمفرۆش و ویژدانفرۆشی کورد و بیانی ڕۆڵێکی گرنگیان لەو هەڵمەتەدا بینیوە و تەنانەت لەمڕووەوە لەنێو پێشبڕکێیەکی سەرسوڕهێنەر دابوونە و تا ئانوساتی ئێستاش لەسەر پێشخستنی ئەم هەڵمەتە هەر بەردەوامن و چاوەڕێش ناکرێت ئیمپریالیزم داگیرکەرانی کوردستان هێزە وابەستەکانی کورد نووسەرە خودفرۆشەکان هەروا زوو دەستبەرداری ئەم هەڵمەتە هاوبەشەیان ببن. بێگومان زۆر کەمن ئەوانەی بەبێ مەبەست و لەخافڵگیری و نەزانییەوە کەوتوونەتە خزمەتی ئەو هەڵمەتە دژە شۆڕشیەوە. بۆیە گێڕانەوە و هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەی مێژووی بزووتنەوەی (پەکەکە) لەسەر زمانی خودی (پەکەکە)ییەکان، ئەوانەی بەوپەڕی دروستی و ڕاستگۆیی و جورئەتەوە بەردەوامی بەتێکۆشانی ئازادیخوازانەی خۆیان دەدەن، ئەرکێکی گرنگ و پڕ بەبایەخە. بەداخەوە خودی شۆڕشگێڕانی ئەم بزووتنەوەیە لەمڕووەوە کەمتەرخەمیان نواندووە و مێژووی ئەو بزووتنەوەیەیان بەشێوەیەکی فراوان بەهەموو کەسێک نەناساندووە. ئەمەش جێی ڕەخنەیە. چونکە ناسین و تێگەیشتن لە (پەکەکە) لەڕێی خودی (پەکەکە) و (پەکەکە)ییەکان ڕاستترین و زانستیانەترین ڕێگەیە بۆ ناسین و تێگەیشتن لەمێژوو و فەلسەفە و سیستەمی بیرکردنەوە و ژیان و تێکۆشانەکەی.
لەمیانەی وردبوونەوە و لێکدانەوەی سەرجەم ئەو هەڵمەتە پروپاگەندەییەی لەدژی ئەو تەڤگەرە بەڕێوە براوە دەبینرێت کە زۆر شێواز و ئوسلوب بەکاربراوە بۆ وێناکردنێکی ناشرین بۆ ئەم بزووتنەوەیە. بەر لەهەموو شتێک خواستوویانە ئەو پەیوەندییە دیالیکتییکەی نێوان گەل، (پەکەکە)، ئۆجەلان بشێوێنن یان بیپچڕێنن و لەیەکدابڕاو سەیربکرێن. ئەو هێز و لایەنانە بۆ ئەوەی ئەو پەیوەندییە دیالیکتکییە بشێوێنن و لەیەکدی بیپچڕێنن هەرچی بەدەمیاندا هاتووە گووتوویانە، هەرچی لەدەستیان هاتووە کردوویانە، لەکەمپینی ناوزڕاندن و ڕەشکردنەوە بگرە تا دەگاتە هەوڵەکانی کوشتن و تیرۆر، لەشەڕ و هێرشبردنەوە تا دەگاتە پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییەکان...هتد، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو هەوڵ و تەقەللا بەردەوامانەیان، کەچی نەک هەر پەیوەندی تۆکمەی نێوان گەل، (پەکەکە) ئۆجەلان لاواز نەبووە و نەپچڕاوە، نەک هەر ئیرادەی ئازاد و سەربەخۆی ئەم سێینەیە بێ کاریگەر نەبووە و نەشکاوە، بەڵکو تا هاتووە ئەم ئیرادەیە بەهێز و تۆکمەتر بووە و ڕۆحی بەرگری و بەرخۆدانی، پەیوەستبوونی گەل بە فەلسەفە و ژیانی ئازادی (پەکەکە) و ڕێبەر ئۆجەلان تا هاتووە مەزنتر بووە، تا هاتووشە باوەڕی (پەکەکە) و ڕێبەر ئۆجەلان بەهێز و توانا و ئیرادەی گەل و مرۆڤایەتی پێشکەوتنخوازیش تۆکمە و بەهێزتر بووە. بۆیە پێویست دەکات هەرکەس و هێز و لایەنێک بخوازێت دۆستایەتی یان دووژمنایەتی ئەو پەیوەندییە دیالیکتیکیانەیەی ئەم سێینەیە بکات، ئەوا پێویستە ئەو ڕاستینەیە بەقووڵی تێبگات کە ئەو پەیوەندییە سەرچاوەی خۆی لەراستینەی فەلسەفە و سیستەمی بیرکردنەوە و ژیان و تێکۆشانی ڕێبەر ئۆجەلان و گەلی کوردستانەوە وەردەگرێت.
لەم ڕوانگەیەوە؛ دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە ناکرێت بەزیهنییەت و چەمک و لۆژیکە باوەکان لە (پەکەکە) و ڕێبەر ئۆجەلان و ئاستی ئەمڕۆی گەلی کوردستان تێبگەین، چونکە بەڕێز ئۆجەلان و (پەکەکە) بەزیهنییەت و چەمکێکی نوێوە سەریانهەڵداوە و تێکۆشاون و پەرەیان سەندووە، بەمەش کەسێتییەکی نوێ و هاوچەرخیان بۆ کورد ئافراندووە. زیهنییەتێک لەسەر بنەمای فەلسەفەیەکی پووخت و سەنتێزی (کۆتێزی)یەوە، لەتیۆری و کرداریدا بەئاوێتەیی پێگەیشتووە و پێشکەوتووە، کە قۆناخ بەقۆناخ خۆی پووخت و هەڵاوێرد کردووە و گەیشتۆتە ئەو ئاستەی وەک واقیعێک و ڕاستییەک ڕەگی خۆی دابکوتێ و لەهەڵکشاندا بێت. بەمەش مێژووی ئەم تەڤگەرە بۆتە قۆناخێکی نوێ و گرنگ لەمێژووی هاوچەرخی گەلی کوردستان و مرۆڤایەتی، پارچەیەکی دانەبڕاو لەمێژووی کوردستان، خۆرهەڵاتی ناوین و کۆمەڵگای مرۆڤایەتی. ئیدی لە ناوەرۆکی مێژووی تەڤگەری (پەکەکە)دا؛ پووختەی مێژووی گەلێک دەبینین، کە دەستبەرداری مەیلی ئازادیخوازانەی خۆی نابێت و لەپێناو گەیشتن بەئازادی لەئاستی هەرە بڵنددا قوربانی، قارەمانێتی و گیانفیدایی هەرە مەزنی نواندووە و بۆتە سەرچاوەی مۆڕاڵ و وزە و توانستێکی بەهادار بۆ گەلانی خۆرهەڵاتی ناوین و جیهان.
ئیدی لەئاکامی تێکۆشانی شکۆدارانەی ڕێبەر ئۆجەلان و تەڤگەری (پەکەکە) و خودی گەلی کوردستان نموونەی تاک و کۆمەڵگایەکی نوێ و هاوچەرخ ئافرێنرا، تا ئاستێکی بەرزیش توانیویەتی قۆناخی بەگەلبوون و بەنەتەوەبوونببڕێت و بەڕادەیەک بتوانێت خۆی ئاوێتەی فەلسەفەی ئازادی بکات و بەجورئەتەوە بێژێ: ئەگەر ژیانێک هەبێت با بەئازادی و بۆ ئازادی بێت، ئەگەر مردنێکیش هەبێت با هەر بەئازادی و بۆ ئازادی بێت و ببێتە نموونەی گەلی سەرکەوتوو، ببێتە ناسنامەیەکی ئازاد بۆ خۆرهەڵاتی ناوینێکی نوێ، ئەو گەلەی لەهەموو ئاستەکاندا نکۆڵی لێدەکرا و دەتوایەوە و قڕدەکرا، تەنانەت گەیەندرابووە ئەو قۆناخەی خۆی نکۆڵی لەخۆی بکات و ڕازی بێت بەم نکۆڵیکردنە و لەململانێ و ناکۆکی و شەڕ و پێکدادانە جیهانی و هەرێمییەکاندا وەک قۆچی قوربانیی هەمیشەیی و وڵاتەکەیشی وەک گۆڕەپانی شەڕی بەردەوام وابوو، ئەمڕۆ لەسایەی ئەو تێکۆشانە چڕوپڕەی خۆی و ڕێبەر ئۆجەلان و تەڤگەری (پەکەکە)دا زۆر بەجورئەت و شێلگیرییەوە دەڵێت:من هەم و جگە لەژیانی ئازادانە و سەرکەوتن بەهیچ شێوە ژیانێکی دیکە و ئەنجامێکی دیکە ڕازی نابم و وەک ئەرکێکی شارستانی و مێژوویی، ئەخلاقی و مرۆڤایەتی ببێتە داینەمۆی دیموکراتیزەبوونی خۆرهەڵاتی ناوین و پزیسکی شۆڕشێکی زیهنی ویژدانی سەرتاپاگیر...
ڕۆژگاری ئەمڕۆ هەر تەنیا بەرهەمی مێژوو نییە، بەڵکو ڕێبەر ئۆجەلان گووتەنی وەک چۆن: مێژوو لەئەمڕۆماندا شاراوەیە، ئێمەش لەقووڵایی مێژوودا شاراوەین ئەوا مسۆگەر داهاتووش هەر لەمنداڵدانی ئەو مێژوو و ڕۆژگارەوە فرچک دەگرێت و دەپژێت. بۆیە مێژوو هەر تەنیا گێڕانەوەی حیکایەتی ڕووداوو و ئاڵوگۆڕەکان نییە، بەڵکو کانگای حیکایەتەکانی ئەمڕۆ و داهاتووشە، سەرەداوی ئەمڕۆ و داهاتووشە، بەهەر سێکیانەوە زەمەن پێکدێنن. زەمەنیش بەم دۆخەیەوە خودان ڕەهەندێکی گشتگیر و ئاوێتەییە. لەم چوارچێوەیەدا تێگەیشتنی ڕاست و زانستیانە لەمێژوو، توانست و وزەی ئەوەمان دەداتێ دەرک بەراستینەی ئەمڕۆش بکەین، ڕوونتریش داهاتوو ببینین. بێگومان ئەمە بەواتای ئەوە نایەت مێژوو خۆی لەئەمڕۆ و داهاتوودا کۆپی دەکات، یان ئەمڕۆ و داهاتوو لەبەرگرتنەوەیەکی قەبای تەواوی مێژووە. ئەگەر وابێت چەمکی پێشکەوتن و گۆڕان بێ واتا دەبێت، سێینەی تێز، دژەتێز، کۆتێز یش بێ ناوەڕۆک دەبێت و شتێک نامێنێت ناوی وزەی جوڵە و هێزی دینامیکی بێت. بەڵکو بەو واتایە دێت مێژوو و ئەمڕۆ و داهاتوو بەناویەکداچوون و ئاوێتە و لەیەکدابڕاو نین. کەواتە مێژوو بناخەیە و ئەمڕۆش هەڵچنینی دیوارەکانییەتی و داهاتووش کۆی ئەو خانووەیە کە نیازمەندین بیئافرێنین، یان بئافرێت. لەڕاستیدا پۆلێنکردنی مێژوو و قۆناخەکانی لەسەر ئەو بنەمایە پۆلێنکردنی هەرە ڕاست و زانستیانەیە.
هەموو شتێک مێژووی خۆی هەیە، تەنانەت خودی مێژووش مێژووێکی خۆی هەیە. کۆی مێژوو بریتییە لەتەواوی قۆناخ و پارچەکانی ئەو مێژووە. مێژووی هەر شتێکیش کۆی تەمەن و ڕەهەند و ئاراستە و ماهییەت و هەبوونی ئەو شتە لەخۆوە دەگرێت. بەڵام لەپێناو دەرککردن بەوەی کە چۆن؟ بۆچی؟ کێ؟ کەی؟ چی؟ هەر قۆناخێکی مێژوو بەتەواوی خۆی پۆلێن دەکات و خۆی لە قۆناخی پێش و دوای خۆی جیادەکاتەوە، ئەوا پێویستمان بە کەرەستەی زانستی گونجاو و گێڕانەوەی متمانەپێکراو و شیکردنەوەی بابەتیانە هەیە. بەتایبەتی بۆ مێژووی شتێک کە بەهەموو هەبوون و قورسایی و مەزنی و ئافراندنەکانی خۆیەوە لەگەڵیدا دەژین و لەئاستی هەرە بەرزیشدا لەنێو جموجۆڵ و تەڤگەر و خۆ ئافراندنەوە و خۆ نوێکردنەوە دایە. هەرگیز ناکرێت بە هەرزانی و بێ بەها و بێ پێوانە مرۆڤایەتییەکان مێژووێک بخوێنینەوە کە لەرۆژگاری ئەمڕۆدا بەهەموو ئاراستە ئاسۆیی، ستوونی، قووڵاییەکانی خۆیەوە لەنێو پێشکەوتن و گۆڕاندایە و پرۆژەی خۆی بۆ داهاتووش هەیە. چونکە هیچ شێواندن و چەواشەکاری و بەلاڕێدابردنێک نەیانتوانیوە ڕاستینە و گەوهەری مێژووێک قووتبدات و لەناویببات. هەزاران ساڵ خۆرئاوا نکۆڵی لەمێژوو و شارستانییەتی جوگرافیای میزۆپۆتامیا و خۆرهەڵات کرد و وێنایەکی شێوێندراویان نەخشاند، کەچی ئەمڕۆ ئەو جوگرافیایە بەهەموو مێژوو و شارستانییەتی خۆی دەبێژێ من هەم و وا بەهەموو سروشت و سیمای خۆمەوە هێشتا دەژیم. ئیدی خودی مێژوو و مێژووی هەر هەبوون و پێکهاتەیەک، سەرەڕای هەموو شێواندن و چەواشەکاری و بەلاڕێدابردنێک گەوهەر و ڕاستینەی خۆی لەرۆژگاری ئەمڕۆ و داهاتووشدا حەشاردەدات و هەر دەبریسکێتەوە و لەدرەوشانەوە ناکەوێت. وەک چۆن خۆدابڕاندن لەمێژوو خۆ خەڵەتاندنە، ئاوا نکۆڵیکردن بەهەموو شێوازەکانییەوە لەمێژووێکیش مایەپووچییە، بۆیە ڕاستگۆیی مێژوویی وەک چۆن ئەرکێکە، ئاوا بەهەمان شێوە بەهایەکی ئەخلاقیشە و هەرگیز ناکرێ دەستبەرداری ببین.
یەکێک لەو هەوڵانەی؛ بەمەبەست و بێ مەبەست، لەبەرامبەر تەڤگەری (پەکەکە) دراون، ئەوەیە کە خوازراوە ئەم تەڤگەرە تەنیا وەک تەڤگەرێکی سەربازی نیشان بدرێت و بناسرێت. ئەمە لەکاتێکدا تەڤگەری (پەکەکە) بەر لەوەی تەڤگەرێکی گەریلایی و سەربازی بێت، تەنانەت بەرلەوەی تەڤگەرێکی سیاسیش بێت، لەبنچینەدا تەڤگەرێکە بناخەیەکی فەلسەفی، هزری و ئایدیۆلۆژی خۆی هەیە و خاوەن سیستەمێکی سەربەخۆ و ئازادی بیر و ژیان و تێکۆشانە و تێکۆشانی سیاسی و گەریلایی خۆیشی لەسەر بناخەی ئەو فەلسەفە و هزر و ئایدیۆلۆژیا و سیستەمە پێشخستووە. هەندێک کەس وا پێناسەی تەڤگەری (پەکەکە) دەکەن کە تەنیا تەڤگەرێکی نەتەوەیی یان ناسیۆنالیستییە، یاخود پێیان وایە تەنیا تەڤگەرێکی چینایەتی چەپڕەوە. بەڵام لەراستینەی فەلسەفی و هزر و ئایدیۆلۆژیا و سیستەمی ئەو تەڤگەرەدا تاکڕەهەندی یان تاکلایەنی نابینرێت، بەڵکو فرە ڕەهەند و فرەلایەنە و لەرووی تیۆری و کرداریدا بەئاراستەی ئاسۆیی، ستوونی و قووڵاییدا لەپێشکەوتن و نوێبوونەوە دایە. بۆیە سەرتاپای تێکۆشانی هزری و پراکتیکی خۆی لەئاستی پێنج تەوەری بەیەکەوە پەیوەست و ئاوێتەییدا پێشدەخات کە: تێکۆشانی خود، تێکۆشانی ڕەگەزی، تێکۆشانی چینایەتی، تێکۆشانی نەتەوەیی و تێکۆشانی مرۆیین. ئامانج لەو پێنج تەوەرەی تێکۆشانیش بنیادنانی کەسێتی و کۆمەڵگایەکی ئازاد و سیستەمێکی گەلەری دیموکراتییە. لەم پێناوەشدا تێکۆشانی هزری و ئایدیۆلۆژی، سیاسی و گەریلایی (سەربازی)، کولتووری و کۆمەڵایەتی پێشخستووە. بۆیە بەو ڕادەیەی تێکۆشان لەبەرامبەر خودی دەستەمۆ و بنیادنانی خود (کەسێتی)ییەکی ئازاددا گرنگێتی خۆی هەیە، بەهەمان ڕادەش تێکۆشان لەبەرامبەر سیستەمی باڵادەستی پیاوسالارێتی و کەسێتی ژن و پیاوی باو و کلاسیک گرنگە، هەر بەهەمان ڕادەش تێکۆشان لەبەرامبەر شارستانێتی چینایەتی و فەراهەمکردنی یەکسانی و دادپەروەری گرنگە، هەر بەهەمان ڕادەش تێکۆشانی ژیانەوەی نەتەوەیی کورد و دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگای کوردەواری و گەیشتن بەماف و ئازادی نەتەوەیی، هەروەها بەرگریکردن لەسروشت و ژینگە و تەواوی مرۆڤایەتی و ئەو تەحەدیاتانەی ڕووبەڕووی تەواوی مرۆڤایەتی بۆتەوە، گرنگ و بایەخدارە. بێگومان بەهۆی هەلومەرجی بابەتی و خودی دەرکەوتنی تەڤگەرەکە و هەبوون و قووڵبوونەوەی کێشەی کورد و ئەو سیاسەتە هێرشکارییەی داگیرکەران و هێزە ئیمپریالیستەکان و هێزە باڵادەستەکانی چینی سەردەستی کورد، زیاتر مۆرکی نەتەوەیی و چینایەتی و سەربازی وەک تایبەتمەندێتی سەرەکی تەڤگەری (پەکەکە) بەدیار کەوتووە و پێیەوە ناسراوە، ئەمە تەنیا بەشێکی ڕاستینە و ناسنامەی تەڤگەری (پەکەکە)یە، بەڵام لەگەوهەر و ڕاستینەی ئەم تەڤگەرەشدا؛ بەر لەهەموو شتێک ئافراندنی فەلسەفە و ئایدیۆلۆژیایەک، سیستەمێکی سەردەمیانە هەیە بۆ بیرکردنەوە و ژیان و خەباتکردن. لەسەر ئەو بنەمایەش لەپێناو ئامانجەکاندا شێوە و شێوازەکانی تێکۆشان و بەرخۆدانی لەئاستی کەسێتی، ڕەگەزی، چینایەتی، نەتەوەیی و مرۆڤایەتی بەڕێوەبردووە و پێشیخستووە. لەمیانەی خوێندنەوەیەکی زانستی و بابەتیانەی مێژووی تەڤگەری (پەکەکە)دا دەرک بەهێڵی گشتی ئەو فەلسەفە و سیستەمە دەکرێت و تایبەتمەندی و بنەما سەرەکییەکانی دەبینرێت. هەروەها لەمیانەی خوێندنەوەی سەدان پەڕتووک و نامیلکەی ڕێبەر ئاپۆ و هەزاران پەرتووک و نامیلکەی ئەم تەڤگەرەدا ڕاستینەی ڕێبازێکی فەلسەفی و هزری و ئایدیۆلۆژی و سیاسی دەبینرێت. بێگومان لەچوارچێوەی سەرجەم ئەو شیکردنەوە و لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنە فەلسەفی و هزری و ئایدیۆلۆژییەدا شیکردنەوە و لێکدانەوەیەکی قووڵ و زانستیانەی تاک و کۆمەڵگای کورد دەرکی پێدەکرێت، کە یەکەمجارە لەو ئاستە فراوان و قووڵەدا لەرووی مێژوو و کۆمەڵناسی و دەروونناسیدا گەلی کوردستان بە تاک و کۆمەڵگایەوە بکەوێتە بەر توێژینەوە و هەڵسەنگاندنەوە. ئەوەش بەهایەکی زانستیانەی مەزنی خۆی هەیە.
لەرووێکی دیکەوە کاتێک قۆناخەکانی مێژووی تەڤگەری (پەکەکە) دەخوێنینەوە مێژووییەکی تەواو بەیەکەوە پابەند و پەیوەست دەبینین. ڕووداو و ئاڵوگۆڕەکان، پێشکەوتن و گۆڕانکارییەکان گرێدراوی یەکن و هیچیان لەوەی دیکەیان دابڕاو و پچڕاو نیین و یەکدی تەواو دەکەن. هەڵبەتە ئەوەی ڕۆنەچێتە قووڵایی ئەم مێژووەوە، ناتوانێت دەرک بەراستینەی پەیوەندی نێوان ئەڵقەکانی ئەم مێژووە بکات و لێی تێبگات. بۆیە ڕەچاوکردنی ئەو ڕاستینەیە تێگەیشتنی قووڵ و ڕاست بۆ ئەم مێژووە دێنێتەدی.
$بەشی سێیەم$
یەکێک لەرەهەندە هەرە گرنگەکانی مێژووی تەڤگەری (پەکەکە) ڕەهەندی ئەنتەرناسیۆنالێتی و مرۆڤایەتیبوونییەتی. هەم لەپێکهاتە و سەرهەڵدانیدا، هەم لەروانگە فەلسەفی و ئایدیۆلۆژییەکەیدا خاوەن سروشتێکی ئەنتەرناسیۆنالی و مرۆڤایەتی هەیە. کاتێک ڕێبەر ئاپۆ دەیەوێت ئەوەی لەئەنجامی لێگەڕین و لێکۆڵینەوە هزریەکانیدا ئاکامگیر بووە بۆ هاوڕێ نزیکەکانی خۆی لەزانکۆ بدرکێنێت، دوو هاوڕێی هەرە دەستپێکی لەرۆڵەکانی گەلی تورکن، کە هەڤاڵان حەقی قەرار و کەمال پیر ن. ئەم دوو هاوڕێیەی لەسەر بنەمای چەمکی تا گەلی کورد ئازاد نەبێت گەلی تورکیش ئازاد نابێت هەڤاڵێتی ڕێبەر ئاپۆ دەکەن و یەکەمین گروپی سێ کەسی بۆ سەرهەڵدانی تەڤگەری ئاپۆچیتی پێکدێنن. لەماوەی ئەو سی و شەش ساڵەی تێکۆشانی ئەم تەڤگەرەشدا بەسەدان و هەزاران ڕۆڵەی دیکەی گەلانی خۆرهەڵاتی ناوین تورک، تورکمان، عەرەب، فارس، چەرکەس، ئەرمەن، ئاشووری و سریانی... و گەلانی دیکەی جیهان بەشداری ئەم تەڤگەرە دەبن و بە قارەمانێتی گیانی بێگەردی خۆیان دەبەخشن و تا ئێستاش بەردەوامن لەتەڤلیبوون و تێکۆشاندا و تەڤگەری (پەکەکە)ش شانبەشانی تایبەتمەندییەکانی دیکەی ئەو تایبەتمەندییە ئەنتەرناسیۆنالیستییەی خۆیشی پێشدەخات. لەو باوەڕەدام دوو هۆکاری سەرەکی بۆ تەڤلیبوونی ئەو تێکۆشەرانە لەئارادایە:
یەکەمینیان: پشتیوانی و بەشداریکردنە لەتێکۆشانی ئازادیخوازانەی گەلی کورد، چونکە گەلی کورد وەک یەکێک لە دێرینترین و چەوساوەترین گەل لەمێژوو و ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا، لەکەسێتی گەلی کورددا تەواوی بەها مرۆییەکان ژێرپێ خراون و لەدەستدراون. بۆیە ئازادبوونی ئەم گەلە و گەیشتن بەمافە ڕەواکانی، ئەوا لەهەمانکاتدا گەڕاندنەوەی ڕێز و بەها لەدەستدراوەکانیشە بۆ مرۆڤایەتی، لەسەر ئەو بنەمایە پشتیوانی و بەشداریکردن لەتێکۆشانی ئازادیخوازانەی گەلی کورد تێکۆشانە لەپێناو ئازادی و مرۆڤایەتی و گەڕانەوەی بەها مرۆڤایەتییەکان. ئەمەش گەوهەری ئەو ئەنتەرناسیۆنالێتی و مرۆڤدۆستی و ژیاندۆستییەیە کە (پەکەکە) لەخۆیدا بەرجەستەی کردووە.
دووەمینشیان: گەوهەری مرۆڤایەتییانەی تەڤگەری (پەکەکە) و مژوولبوون(خەریکبوون) و تێکۆشانییەتی لەپێناو چارەسەرکردنی کێشە و گرفتە هەڵواسراو و قووڵەکانی مرۆڤایەتی، وەک کێشە زیهنی و ویژدانییەکان، کێشەی ژن، کێشە کولتووری و شارستانی و ئیکۆلۆژییەکان.
لەرووێکی دیکەشەوە فەلسەفە و پارادیگمای ڕێبەر ئۆجەلان و (پەکەکە) پووختەی بەرهەمی تێکۆشانی هزری و مرۆڤایەتییە، کۆتێزی فەلسەفی و هزرە مرۆڤایەتییەکانە، بەواتایەکی دیکە لەهەموو فەلسەفە و پارادیگما و زانست و داهێنانە هزرییەکان سوودمەندبووە و لەئاکامدا پارادیگمایەکی نوێی داهێناوە. بەمەش (پەکەکە) کۆی بەها هزرییەکانی مرۆڤایەتی لەخۆیدا بەرجەستە کردووە. ئەمەش هۆکارێکی گرنگە بۆ تەڤلیبوونی کەسانی دەرەوەی کورد لەم تەڤگەرەدا.
بێگومان هەبوونی دیاردە و کێشەی کورد هۆکار و هەلومەرجی سەرەکی دەرکەوتنی تەڤگەری (پەکەکە) بووە، بەڵام وەکو دەردەکەوێت ئەو دیاردە و کێشەیەش بەدەرنییە لەکۆی کێشە مرۆڤایەتییەکانی دیکە. بۆیە دەبینین کاتێک ڕێبەر ئۆجەلان بەدوای گەوهەری سۆسیالیزمدا دەگەڕێ و لێکۆڵینەوە لەسەر مێژووی پێشکەوتنی کۆمەڵگاکانی مرۆڤایەتی دەکات، لەمیانەی ئەو لێگەڕین و لێکۆڵینەوەیەشدا مێژووی کورد و دیاردە و کێشەی کورد قووڵتر دەناسێت. چونکە تا ئەوکاتە لەهەلومەرجی ساڵانی حەفتاکانی تورکیادا بچووکترین زانیاری سەبارەت بەکورد و کوردستان دەست ناکەوێت، بەڵام دەرک بەوەش دەکات کە کورد وەکو گەلێک خاوەن کێشەیەکە. بۆیە لەرێگەی تێگەیشتن لەهزری سۆسیالیزم و مێژووی مرۆڤایەتی لەمێژووی کورد و ڕاستینەی دیاردە و کێشەی کورد تێدەگات و دەگاتە ئەو ڕاستییەی کە کوردستان داگیرکراوە و سۆسیالیزمیش ڕێگای ئازادی گەلی کورد و ڕزگاری کوردستانە. لەمەشەوە بۆی ڕووندەبێتەوە کە چینی باڵادەستی کوردیش گرێیەکی نێو ئەو کێشەیەیە و بەشێکە لەسیستەمی داگیرکەری و سیستەمی داگیرکەریش بەشێکە لەسیستەمی سەرمایەداری جیهانی. بۆیە پێشەنگایەتیکردنی کۆمەڵگای ژێرەوە (چین و ڕەگەزی ژێردەست) لەشۆڕشی ڕزگاری کوردستان دەبێتە مەسەلەیەکی لێبڕاوانە. بێگومان چەندە لەو لێگەڕین و لێکۆڵینەوەیەی خۆی قووڵ دەبێتەوە لەئاکامدا دەگاتە ئەو دەستنیشانکردنەی کە؛ کێشەی کورد قووڵترین کێشەی نەتەوەییە لەجیهاندا، بەڵام کێشەیەکی دیکە لەکێشەی کورد قووڵتر و دێرینتر و ئاڵۆزتریش هەیە، ئەویش کێشە ڕەگەزی ژنە. هەروەها ئەو تایبەتمەندییانەی کەوا داگیرکەری و سیستەمی سەرمایەداری جیهانی بەتاک و کۆمەڵگای کوردی داوە لەگەڵ خۆیدا زۆر گرفتی کۆمەڵایەتی دروستکردووە، لەسەرووی هەمووشیانەوە گرفت و پرسی کەسێتییە. لەئاکامدا هەموو ئەو تەوەرانە دەبنە تەوەری لێگەڕین و لێکۆڵینەوەکانی ڕێبەر ئۆجەلان و قووڵبوونەوە بەناخی کێشە و گرفتە مرۆڤایەتییەکاندا. ئەمەش تایبەتمەندێتی فرە ڕەهەندی و فرە تەوەری فەلسەفە و پارادیگما و ئایدیۆلۆژیای ڕێبەر ئۆجەلان دەئافرێنێت و دەبێتە تایبەتمەندێتی فەلسەفە و پارادیگما و ئایدیۆلۆژیای تەڤگەری (پەکەکە) و تاک و کۆمەڵگای نوێی کوردیش.
بەر لەسەرهەڵدانی تەڤگەری (پەکەکە)، کێشەی کورد پاوانی دەستی چینی باڵادەستی کورد بوو، ئەو چینەش بەهۆی تایبەتمەندێتی عەشیرەتگەرایی و بەکرێگیراوێتی خۆیەوە کێشەکەی قووڵتر و ئاڵۆزتر کردبوو و لەئاکامدا ببووە هێز و پشتیوانییەکی مەترسیدار بۆ ئەنجامگیربوونی سیاسەتی نکۆڵی و توانەوە و قڕکردنی کوردان. ئەو چینە بە ئایدیۆلۆژیای میللیگەرای سەرەتایی خۆیەوە، بەهەر دوو ئاراستەکەیەوە (فیوداڵێتی بەکرێگیراو بۆرژوازی مشەخۆر) تێکۆشانی ئازادیخوازانەی گەلی کورد دووچاری چەندین شکست و کۆمەڵکوژی کردبۆوە، کە لەئاکامدا دەروازەی تەسلیمکاری و بەکرێگیراوێتی و خیانەتی خستبووە سەرگازەرەی پشت و زەمینەی سەرخستنی سیاسەتی داگیرکەرانەی زیاتر ڕەخساندبوو. ئەو چینە سەرەڕای ئەوەی پارچەبوونی کورد و کێشە قووڵەکەی بەچەمکی پارچەگەرێتی، ناوچەگەرێتی و عەشیرەتگەرایی پارچە پارچەتر و قووڵتر کردبووەوە، لەهەمانکاتیشدا ڕێگای سەرهەڵدانی هیچ تەڤگەرێکی ئازادیخوازیان نەداوە و هەمیشە بەلۆژیکی ئەگەر شۆڕشمان پێناکرێت، ناهێڵین کەسیش شۆڕش بەرپا بکات هەڵسوکەوتیان کردووە و پاشانیش لەگەڵ دەرکەوتنی تەڤگەری (پەکەکە)شدا بەشداری سەرجەم هێرش و پیلانگێڕییەکانی داگیرکەران و زلهێزە سەرمایەدارەکانی جیهانیان لەدژی تەڤگەری ئازادیخواز کردووە. بۆیە لەگەڵ دەرکەوتنی تەڤگەری ئاپۆچێتی و (پەکەکە)دا چینی باڵادەستی کورد و هێزە میللیگەرا سەرەتاییەکانی بەهەموو شێوەیەک لەنێو هێرش و پیلانگێڕی دابوونە، یەکەم پەیامی ئەو هێزە میللیگەرا سەرەتاییانە بۆ تەڤگەری ئاپۆچێتی کە دەخوازن ڕووی تێکۆشانیان لە ئەنقەرەوە بەرەو کوردستان ئاراستەگیر بکەن پێیان دەڵێن:ئەگەر بکەونە کوردستان قاچتان دەشکێنین. ئیدی چینی باڵادەستی بەکرێگیراو و هێزە میللیگەرا سەرەتاییەکان لەسەرەتای دەرکەوتنی تەڤگەری (پەکەکە)وە تاکو ڕۆژگاری ئەمڕۆ، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، لەبەرەی سیستەمی داگیرکەری و ئیمپریالیستیدا شوێنگیر بوونە و زۆر جار زەبری مەزنیشیان لەم تەڤگەرە داوە.
بە قووڵبوونەوەلەمێژووی تەڤگەری (پەکەکە)دا ئەم ڕاستییە بەروونی دەردەکەوێتە ڕوو؛ بەتایبەت لەسەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابڕدووەوە تاوەکو ڕۆژگاری ئەمڕۆ، هێرش و پیلانگێڕییەکانی میللیگەرای سەرەتایی مۆرکی خۆی لەرووداوەکان دەدات. وادیارە مورید و پابەندانی هێڵی میللیگەرای سەرەتایی، پێشکەوتن و هەڵکشانی ڕێبازی ئازادیخوازی تەڤگەری (پەکەکە) بەهەڕەشە و مەترسییەکی مەزن بۆ سەر خۆیان و بەرژەوەندییەکانیان دەبینن، بۆیە ئیدی لەزۆر دۆخدا زۆر بەڕاشکاوی و بێ باکانە پەرە بەهێرش و پیلانگێڕییەکان دەدەن و بەشدارییەکی بەرچاو و ئاکتیڤی سەرجەم هێرش و پیلانگێڕی و کەمپینەکانی ڕەشکردن و ناوزڕاندنی تەڤگەری (پەکەکە) دەبن، بەمەش خۆیان بەهێز و باڵادەست دەکەن و لەباشووری کوردستانیشدا قەوارە و نیمچە دەوڵەتێکیش سازدەکەن و پشتگیری داگیرکەران و زلهێزەکانی دونیاش بەدەستدەهێنن.
بێگومان ڕێبەر ئاپۆ و تەڤگەری (پەکەکە) لەتاوتوێکردن و دەستنیشانکردندا کێشەی کوردیان بەدابڕاوی و لەدەرەوەی مەسەلە ڕەگەزی و چینایەتییەکان و کێشە مرۆڤایەتییەکانی دیکەدا نەبینی، تەنیا وەک کێشەی گەل و وڵاتێکی ژێردەستە و داگیرکراو و دابەشکراو سەیریان نەکرد. چونکە کێشەی گەلی کورد، سەرەڕای پارچەبوون و دابەشبوون یەک کێشەیە و چوار شێوەی وەرگرتووە و بەهەزار پەتەوە پەیوەستە بەکێشە و گرفتە مێژوویی و شارستانییە مرۆڤایەتییەکانەوە، پابەندە بەسیستەمی هەزاران ساڵەی داگیرکەری و سیستەمی پلەداری (هیرارشی) دەوڵەتگەرایی پیاوسالاری. لەسەر ئەو بنچینەیە، تەڤگەرێکی ئازادیخوازی ئەم گەلە ناتوانێت هەر تەنیا لەبۆتەی ماف و ئازادییە نەتەوەییەکاندا قەتیس بمێنێت و خۆی بەرتەسک و سنووردار بکات. لێرەدا چەمکی شۆڕش واتایەکی فرە مەودایی و فرە ڕەهەندی و سەرتاپاگیری بەدەست دەهێنێت. بۆیە شۆڕش واتای باوی خۆی، کە تەنیا تەڤگەر و تێکۆشانێکی چەکدارییە لەدەستدەدات و لەتەوەری تاک، ڕەگەز، چین، نەتەوە و مرۆڤایەتیدا واتاگیر دەبێت و لەئاستی زیهنییەت و ئاکار و ویژدانیشدا خۆی بەرپا دەکات، لەم چوارچێوەیەدا شۆڕشی ژیاندنەوەی گەلی کورد و شۆڕشی دیموکراتی و دیموکراتیزەکردنی تاک و کۆمەڵگای کورد خۆی بەرۆژەڤی تەڤگەر و گەلی کودستان دەکات، کە لەئاکامدا زەمینەی بەرپاکردنی شۆڕشێکی زیهنی و ویژدانی دەڕەخسێنێ و دەگاتە لوتکە. لەسەر ئەو بنچینەیە؛ شۆڕش وەک پرۆسەیەکی داڕووخاندن و سەرلەنوێ بنیادنانەوە، یان سەرلەنوێ ئافراندنەوە لەتەوەری خود (تاک)، ڕەگەز (ژن پیاو)، چین (کۆمەڵگای ژێرین کۆمەڵگای سەروو)، نەتەوە (ماف و ئازادی نەتەوەیی) و مرۆڤایەتی (سەرجەم کێشە مرۆڤایەتییەکانی وەک مەسەلە زیهنی و ویژدانییەکان، مەسەلە ژینگەییەکان و شارستانییەکان) بەردەوامی بەخۆی دەدات و هەڵدەکشێت.
لێرەدا پێویست دەکات لەمیانەی وردبوونەوەلەم مێژووەدا دەرک بەو ڕاستییەش بکەین کە لەروانگەی ئەم تەڤگەرەوە ئیدی چەمکی شۆڕش دەستبەرداری لەپابەندبوونی خۆی بەچەمکی زەبروزەنگ توندوتیژی دەکات و بەتایبەتمەندییەکی سیستەمی دەوڵەتگەرایی دەبینێت و جگە لەپرەنسیپی بەرگری ڕەوا هیچ کاتێک پەنای وەبەرنابات. لەمڕووەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەم دوو تایبەتمەندییەی چەمکی شۆڕش واتا فرە ڕەهەندی و دەستبەرداربوون لەزەبروزەنگ، دەکرێت لەخوێندنەوەی ئەم مێژووەدا بەرپاکردنی شۆڕشێک لەچەمکی کلاسیکی شۆڕشدا ببینین، کە خۆی لە تیۆری گۆڕەپانی سێیەم و بنیادنانی سیستەمی کۆنفیدراڵی دیموکراتی گەلدا دەبینێتەوە. لەمیانەی ئەو تایبەتمەندییە فرە ڕەهەندییەی خۆیەوە دەستبەردانی لەچەمکی زەبروزەنگ، وەک تاکە بژارێک پرۆسەی پەروەردەکردن، هوشیارکردنەوە، خۆ ڕێکخستەکردن، نواندنی چالاکی دیموکراتییانە و مەدەنییانە، بەبنەما وەردەگرێت، کە دەکرێت گۆڕان و وەرچەرخانی ڕیشەیی لە زیهنییەت و ئاکار و ویژداندا بێنێتەدی. ئەمەش بۆخۆی دەستکەوت و بەهایەکی هێژایە و ڕێک دوورکەوتنەوەیە لەو زیهنییەت و سیستەمە باڵادەستەی دەسەڵاتگەرایی و دەوڵەتگەرایی پیاوسالاری.
لێرەدا گرنگە بڕێک لە سروشت و کرۆکی پیلانگێڕییەکان بدوێین، چونکە لەخوێندنەوەی تەواوی مێژووی تەڤگەری (پەکەکە)دا تەون و تەڵەزگە پیلانگێڕییەکان گرەو لەسەر لەناوبردن، بێ کاریگەرکردن، پارچەکردن، مارژیناڵکردن و بەلاڕێدابردن و بەخۆوەگرێدانی ئەم تەڤگەرە دەکرێت. لەراستیدا؛ بەبێ تێگەیشتن لەناواخن و ئامانجە شاراوەکانی کۆنسێپتە پیلانگێڕییەکان ناکرێ لەقووڵایی ئەم مێژووەش تێبگەین.
پیلانگێڕێتی؛ تایبەتمەندییەکی هەرە بنچینەیی زیهنییەتی دەسەڵاتخوازێتی و سیستەمی داگیرکەرێتییە. ڕەگی پیلانگێڕێتی تا قووڵایی مێژوو ڕۆچووە و لق و پۆپەیشی تا ڕۆژگاری ئەمڕۆش هاتووە. لەکوێ چەوسانەوە و نادادی و نایەکسانی هەبێت، لەوێ تێکۆشان بۆ ئازادی، دادپەروەری و یەکسانی پێشکەوتووە، بەڵام هەمیشە لەبەرامبەر ئەو تێکۆشانەشدا تەونی پیلانگێڕێتی دەچنرێ. لەگەڵ یەکەم هەنگاوی دابەشبوونی نێو کۆمەڵگا سەرەتاییەکاندا پیلانگێڕێتییش وەک شێوازێکی چەوساندنەوە، باڵادەستێتی و کۆیلایەتیکردن تاهاتووە پەرەی سەندووە و شێوە و چوارچێوەی جۆربەجۆری وەرگرتووە. هەرچەندە شێوە و شێواز و ئامانجەکانیان جیاوازیش بن، بەڵام سروشت و ناواخنی هەموو پیلانگێڕییەکان یەکن.
لەو باوەڕەدام هیچ گەلێک بەڕادەی گەلی کورد پیلانگێڕێتی لەدژدا ئەنجامنەدراوە. ڕەنگبێ سروشت و پێکهاتەی ئەم گەلە و وڵاتەکەی و مەیلە ئازادیخوازانەکەی، کە لەنێو قۆناخی نیۆلۆتیکەوە سەرچاوە دەگرێت، هۆکارێکی بنچینەیی چنینی پیلانگێڕییەکان بێت لەدژیدا.
(پەکەکە)ش وەک تەڤگەرێکی سەربەخۆی ئازادیخوازی هەڵقوڵاوی نێو ئەم گەل و وڵاتە لەبەرامبەر مەیلە ئازادیخوازنەکەیدا زۆرترین و چڕوپڕترین و مەترسیدارترین پیلانگێڕێتی لەدژدا ئەنجامدراوە. سەرجەم ئەو هەوڵە پیلانگێڕییانەی ئەنجامدراون؛ چ لەناوخۆییدا بێت، یان دەرەکی بێت، لەناوەندێک یان لەچەند ناوەندێکی هاوبەشدا چنراون و بەڕێوەبراون، ئەو پیلانگێڕییە دەرەکییانەی ئەنجامدراون هەوڵدراوە زەمینە و پشتیوانی ناوخۆیی لەناو کوردان (هەم لەناو تەڤگەر و هەم لەناو هێزە کوردییەکاندا) بەدەستبخات. بەهەمان شێوە؛ پیلانگێڕییە ناوخۆییەکانیش بەزەمینە و پشتیوانی دەرەکی (هێزە داگیرکەرەکان، زلهێزە ئیمپریالیستەکان) ئەنجامدراون. کرۆک و ئامانجی سەرجەم پیلانگێڕییەکان؛ سەرەتا دەستپێکردنی کەمپینی ناوزڕاندن و ڕەشکردنی تەڤگەرە، ئەگەر ئەمەش ئەنجامگیر نەبوو ئەوا هەوڵی بێکاریگەریکردن و مارژیناڵکردن، ئەگەر ئەمەش ئەنجامگیر نەبوو، هەوڵی پارچەکردن و بەخۆوەگرێدان و بەلاڕێدابردن دەدرێت، ئەگەرنا هەوڵی لەناوبردن و تەسفیەکردنی دراوە.
دەکرێ لەو پیلانگێڕییانەی کە لەبەرامبەر ڕێبەر ئاپۆ و (پەکەکە) و گەلی ئازادیخوازی کورددا ئەنجامدراون کۆی ئەزموونی پیلانگێڕێتی مێژووی مرۆڤایەتی ببینین. واتا لەناواخن و شێوازەکانی ئەو پیلانگێڕییانەدا سەرجەم شێواز و تاکتیک و نەخشە و ئامرازە بەکاربراوەکان بەکارهاتوون. بۆیە پیلانگێڕییەکان نموونەی گڵاوترین، هۆڤانەترین و مەترسیدارترین پیلانگێڕیین. لەکۆی ئەو پیلانگێڕییانەدا پەیامێک یان ئامانجێکی زلهێزە باڵادەستەکانی جیهانی و داگیرکەرانی کوردستان خۆی حەشارداوە، ئەویش ئەمەیە: نابێ لە خۆرهەڵاتی ناوین بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی هیچ هێز، تەڤگەر و سیستەمێکی سەربەخۆ و ئازاد سەرهەڵبدات، ئەگەر سەریشهەڵبدات ئەوا مسۆگەر مەحکومی ناوزڕاندن، بێکاریگەرکردن، مارژیناڵکردن (بچووککرنەوە)، پارچەکردن و بەخۆوەگرێدان، بەلاڕێدابردن و لەناوبردنە سەرجەم ئەو شێواز و تاکتیکانەش شێواز و تاکتیکی پیلانگێڕیین. لەم پێناوەشدا هەمیشە چینی باڵادەستی کورد و چینە باڵادەستەکانی نێو گەلانی خۆرهەڵاتی ناوین و ئەو هێزانەی نوێنەرایەتییان دەکەن دەست لەسەر سنگ ئامادەی هەموو تێوەگلان و تێوەخزان و بەشداریکردنێکن لەو پیلانگێڕییانەدا. ئیدی ئەوەی لەبەرامبەر ڕێبەر ئاپۆ، (پەکەکە) و گەلی کورددا ئەنجامدراوە و بەڕێوەبراوە، ڕێک لەگەڵ ئەو ڕاستییەدا یەکانگیر دەبێتەوە. بێگومان پیلانگێڕان هەمیشە بێباک بوونە لەو گەمە گڵاوانەی ئەنجامیان داوە، گرنگ پاراستنی بەرژەوەندییە کاتی و هەمیشەییەکانیان بووە.
ئەگەر ئەمڕۆ دوای هەموو ئەو پیلانگێڕییانەی لەبەرامبەر گەلی کورد بەگشتی و (پەکەکە) و ڕێبەر ئۆجەلان بەتایبەتی ئەنجامدراون، بەوردی لەئاکامەکانی ئەو پیلانگێڕییانە بکۆڵینەوە، دەکرێ بپرسین: داخوا گەلی کورد، (پەکەکە) و ڕێبەر ئاپۆ ملکەچی پیلانگێڕان بوون؟ بێکاریگەر و پارچە و مارژیناڵ کران؟ بەوانەوە گرێدران و بەلاڕێدابردران؟ لەناوچوون؟ پیلانگێڕان ئەنجامگیربوون؟ پیلانەکانیان سەرکەوت؟ لێرەوە دەتوانین بڵێین: هەرچەندە پیلانگێڕان زەبریان لە گەلی کورد و (پەکەکە) و ڕێبەر ئۆجەلان داوە و زۆر زەرەرمەند بوون، چەندین کۆسپ و تەگەرە و ئێش و ژان و کێشە و گرفتی زۆریان بۆ دروستکردوون و ڕێگای گەیشتن بەئازادی و مافەکانیان دوورتر کردۆتەوە. بەڵام هەرگیز نەیانتوانیوە گەلی کورد، (پەکەکە) و ڕێبەر ئۆجەلان بێکاریگەر و پارچە و مارژیناڵ بکەن یان بەخۆیانیانەوە گرێبدەن و بەلاڕێیاندا ببەن، یاخود لەناویان ببەن. هیچ کاتێک نەیانتوانی باوەڕی و هیوا و ئیرادەی ئازاد و سەربەخۆیان تێکبشکێنن، یان لەفەلسەفەی ئازادی و ژیانێکی شکۆمەند بەدووریان بگرن. ڕاستە گەلی کورد و (پەکەکە)یان دووچاری چەندین شەڕ و پێکدادانی دەستەویەخە کرد، گەلێک دەرفەتی بەهاداریان لەدەست کورد و (پەکەکە) بەفیڕۆدا، زۆر توانستی ماددی و مەعنەوی گەلی کورد و (پەکەکە)یان بەهەدەردا، ڕێبەر ئاپۆیان بەگڵاوترین شێوەی پیلانگێڕێتی دەستگیرکرد، تەنانەت لەرۆژگاری ئەمڕۆدا، لەنێو دۆخی گۆشەگیری لەناو گۆشەگیریدا بەقێزەونترین ڕەفتار ژەهرخواردیشیان کرد... مسۆگەر لەمەو دواش پیلانگێڕان دەستبەرداری پیلانگێڕێتی خۆیان نابن... بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو گورزە کوشندانە، گەلی کورد، تەڤگەری (پەکەکە) و ڕێبەر ئۆجەلان لەهەموو کاتێکی دیکە زیاتر بەکاریگەرتر، تۆکمەتر، بەهیواتر و بەباوەڕتر و بەئیرادەترن، لەهەموو کاتێک زیاتر پەیوەستی یەکدی و پەیوەستی ئازادین، ئەمڕۆ گەلی کورد لەرووی چۆنایەتییەوە گۆڕان و وەرچەرخانێکی مەزنی بەخۆیەوە بینیوە و بانگەشەی ئازادیخوازانەی خۆی لەهەر کاتێکی دیکە زیاتر بەرزتر و بەهێزترە. تەڤگەری (پەکەکە)ش ئیدی لەتەڤگەرێکی کادیران و نوخبە دەرچووە و بۆتە تەڤگەرێکی جەماوەری گەلەری هەرە مەزنی جیهان. فەلسەفە و پارادیگمای ڕێبەر ئاپۆش سنووری تەواوی کوردستانی بڕیوە و بەرەو خۆرهەڵاتی ناوین و جیهان هەڵدەکشێ و وەک بەهایەکی هەرە هێژای مرۆڤایەتی لێیدەڕوانرێ. ئەمڕۆ گەلی کورد بەسروشت و تایبەتمەندی شارستانی و هاوچەرخانەی خۆیەوە ڕۆڵی داینەمۆی ڕێنسانس، ڕۆشنگەری، دیموکراتیزەکردن و کۆنفیدراڵێتی خۆرهەڵاتی ناوین دەگێڕێت. تەنانەت لەدۆخی تەڤلیبوونی تورکیا بۆ یەکێتی ئەوروپا گەلی کورد بەو سروشت و تایبەتمەندییەی خۆیەوە، کە تەڤگەری (پەکەکە) تێیدا ئافراندوویەتی وەک چوارەمین گەورەترین گەل لە ئەوروپا توانستی ڕێڕەوکردنی لەگەڵ گەلانی ئەوروپادا هەیە. بەمەش هەم بە ناسنامەی خۆرهەڵاتییانەی خۆی و هەمیش بە ناسنامەی ئەوروپاییانەی خۆییەوە ڕۆڵگیر دەبێت. ئیدی ئەو گەلەی بەهەموو شێوەیەک نکۆڵی و قڕدەکرا و لەنێو بۆتەی گەلی سەردەستدا دەتوێنرایەوە، ئەمڕۆ بەو وزەو توانستە شاراوەیەی کە ڕێبەر ئاپۆ و (پەکەکە) لەم گەلەدا دەریخستۆتە ڕوو، بەو شێوەیە ئاراستەگیر بوو. هەڵبەتە ئاستی پیلانگێڕییەکان وەک چۆن گوزارشت لەئاستی کێشەی گەلی کورد دەکات ئەوا بەهەمان شێوە گوزارشت لە ئاستی پێشکەوتن و بەرزبوونەوەی تێکۆشانی گەلی کورد، (پەکەکە) و ڕێبەر ئاپۆش دەکات، ئەم تێکۆشانە سەرەڕای هەموو مەترسییەکان و ئەگەری ڕوودانی پیلانگێڕێتی کوشندەتر و گڵاوتریش، بەڵام کۆتایی بەسەرکەوتنی سەردەمی پەیماننامە و ڕێککەوتنە شوومەکانی قەسری شیرین، سایکس بیکۆ، لۆزان، سەعد ئاباد، سەنتۆ، بەغداد، جەزائیر، دبلن و واشنتۆن و...هتد هێنا و سەردەمی گەلی سەرکەوتن دەستیپێکردووە و هاوار و بانگەشەی ئازادیخوازانەی تادێَت جیهانی کەڕ، ڵاڵ، کوێر تێدەپەڕێنێت و وێنای جیهانێک کە کوردی ئازادیش هەرسبکات، دەنەخشێنێت.
بێگومان ئەمە بەو واتایە نایەت کەچیدی لەبەرامبەر کوردان و تەڤگەر و ڕێبەرە ئازادیخوازییەکەی پیلانگێڕێتی ئەنجام نادرێت. ڕێک بەپێچەوانەوە ئێستا پیلانگێڕێتی هەرە مەزن بەڕێوە دەچێت. تەنانەت ئەو پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییەی کە لە(15)ی شوباتی (1999)دا ڕێبەر ئۆجەلانی تێدا ڕفێنرا و ڕادەستی ڕژێمی تۆتالیتاری تورکیا کرایەوە، ئێستا لەمیانەی ژەهرخواردکردنی ڕێبەر ئۆجەلان، هێرشی ئاسمانی و زەمینی بۆ سەر بناری قەندیل و دانانی ئابڵۆقەی ئابووری و ڕاگەیاندنی بۆ سەر مەخموور و قەندیل، دواخستنی ماددەی (140) و پەراوێزخستنی پێگەی کورد لە بەغدا و تەواوی خۆرهەڵاتی ناوین و چەندین ئیجرائات و هەڵوێستی دیکەی دژ بە گەلی کورد لە ئاستی ئێراق و هەرێمەکە و جیهان سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە لە ئانوساتی ئێستادا پیلانگێڕێتی هەرە مەزن و کۆی هەموو پیلانگێڕییەکان لەئارادایە. بەڵام ئەو پیلانگێڕییانەی ئێستاش و داهاتووش مەحکومی شکست و دۆڕانن. چونکە گرەوە مێژووییەکەیان دۆڕاندووە و ئەوەی مێژووش بدۆڕێنێ ئەمڕۆ و داهاتووش دەدۆڕێنێ...!!
$بەشی چوارەم$
ئەوەی لەدووتوێی مێژووی سی و شەش ساڵەی ئەو تەڤگەرەدا دەبینرێت هەبوونی بەردەوامی پیلانگێڕێتی ناوخۆیی، یان تەسفیەگەری ناوخۆیی نێو تەڤگەری (پەکەکە)یە. بێگومان تەسفیەگەرێتی وەک پرۆسەیەکی بەردەوامی نێو تێکۆشانی ئازادیخوازی تەڤگەری (پەکەکە)، ئۆبژێکتیڤ یان سۆبژێکتیڤ، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، هەمیشە بۆتە زەمینەی پیلاگێڕێتی دەرەکی و کەوتۆتە خزمەتی پیلانگێڕان و جورئەتی پێداون. تەسفیەگەرێتی (تەسفیەچێتی) واتا لادان یان شێواندنی فەلسەفە، ئایدیۆلۆژیا و سیاسەت و پێوانە بنچینەییەکانی ژیانی ڕێکخستنی و تێکۆشانی تەڤگەر، تەسفیەگەرێتی یاریکردنە بەرێبازی تێکۆشان، بەها ماددی و مەعنەوییەکانی گەل و شۆڕش و مرۆڤایەتی، تێکدانی یەکێتی ڕیزەکانی ڕێکخستن و تەمومژاویکردنی ژینگەی تێکۆشان و هزری کادیران و گەل، ڕووخاندنی پردی باوەڕی و متمانەی پەیوەندی نێوان گەل تەڤگەر ڕێبەر، شکاندنی باوەڕی، هیوا، ئیرادەی ئازاد و سەربەخۆ، پەرشوبڵاوە پێکردنی توانست و وزەی سەرکەوتن، سەپاندن و تەشەنەسەندنی زیهنییەت و چەمکەکانی هێزە پاشڤەڕۆ و دۆڕاوەکانی ناوخۆ و داگیرکەرێتی و سیستەمی باڵادەستی سەرمایەداری جیهانی. لەژێر ناوی نوێکردنەوە و گۆڕانکاریدا دوورکەوتنەوە لەچەمکی ڕەنج، هەڤاڵێتی، خزمەتکردن، بەرخۆدان، هەرەوەزکاری و قارەمانێتی، پێشدەخات. لەبەرامبەر ئەمەشدا پەیوەستبوون بەگیانی دەسەڵاتخوازێتی، مشەخۆرێتی، تاکڕەوێتی، تەسلیمکاری، بەکرێگیراوێتی و خیانەتکارێتی پەرەپێدەدات.
تەسفیەگەرێتی لەنێو خودی شۆڕشدا وەک جموجۆڵێکی دژە شۆڕشی پەنا وەبەر هەموو شێواز و ئامراز و ڕێگایەک دەبات بۆ ئەوەی خۆی لەنێو تەڤگەری شۆڕشگێڕێتیدا باڵادەست بکات، تەواوی دەستکەوت و بەها ماددی و مەعنەوییەکان بۆخۆی گلدەداتەوە. لەم پێناوەشدا هێز و وزەی خۆی لەگەشەپێدانی پێڕپێڕێتی، گروپچێتی، پارچەگەرێتی و ناوچەگەرێتی خەرج دەکات و پشت بە وروژاندنی لاوازییەکانی مرۆڤ دەبەستێت و خیتابی لایەنە غەریزەیی، سۆزداری و هەستەکان دەکات و سوکایەتی بە فەلسەفە و هزر و ژیرایەتی، یەکێتی نەتەوەیی و بەرژەوەندییە گشتییە باڵاکانی گەل و تەڤگەر دەکات. بەمەش مەکیاڤیلیستیانە هەموو شتێک دەخاتە خزمەتی نەوسنێتی (چڵێسی) و داخوازی شەخسی و پێڕپێڕایەتی و گروپێچێتی خۆیەوە و پاساو بۆ گرتنەبەری هەموو شێواز و ڕێگایەک دێنێتەوە، تەنانەت بەهەڵاتن، تەسلیمبوون و خەیانەتکردنیشەوە...
تەسفیەگەرێتی لەنێو تەڤگەری (پەکەکە)دا واتا دووبارەکردنەوەی مێژوو و قەدەرە شوومەکانی نێو مێژووی گەلی کورد و چارەنووسی تەڤگەرە ڕاپەڕیو و سەرهەڵداوەکانی ڕابردوو، واتا سەرخستنی هێڵی شکست، تەسلیمبوون و خیانەتکارییە بەسەر هێڵی سەرکەوتن، بەرخۆدان و قارەمانێتیدا. بەدرێژایی مێژووی ئەم تەڤگەرەش؛ هاوشانی ڕێبازی تێکۆشان و بەرخۆدان، تەسفیەگەرێتیش وەک زیهنییەت، چەمک و جموجۆڵ دەرکەوتووە و لەزۆر ڕووەوە گورزی لە گەل و (پەکەکە) داوە، بەڵام نەیتوانیوە وەک هێڵێک باڵادەستێتی خۆی بەسەر تەڤگەر و گەلدا بسەپێنێت. هەرچەندە تەسفیەکاران لەئاستی جیاواز و بەزیهنییەت و چەمکی تەسفیەگەرێتی جیاوازەوە جموجۆڵیان کردووە، بەڵام سەرتاپایان لەگەوهەر و ئامانجدا یەکانگیر بوونەتەوە. گەوهەر و ئامانجی تەسفیەگەرانی نێو تەڤگەری (پەکەکە) هەمان گەوهەر و پیلانگێڕێتی دەرەکیان هەبووە، بۆیە لەزۆر قۆناخی ئەم مێژووەدا بەیەکەوە جموجۆڵیان کردووە و هەوڵ و تەقەللاکانی یەکتریان تەواو کردووە، لەگەڵ شکستی یەکێکیان ئەوەیتریش شکستیهێناوە، لەگەڵ پەرەسەندن و بەهێزبوونی یەکێکیان ئەوەیتریش پەرەیسەندووە و بەهێزبووە. لەئاکامدا قەدەر و چارەنووسی خۆیان بەیەکەوە بەستراوەتەوە و هێزبەخشی و ئومێدبەخشی یەکتربوونە.
ئەوەی لێرەدا گرنگە؛ تێگەیشتن لەهۆکار و زەمینەی دەرکەوتنی کەسێتی تەسفیەگەرا و زیهنییەتی تەسفیەگەرێتییە. هەڵبەتە بەبێ تێگەیشتنی زانستیانە لەسروشت و پێکهاتەی کۆمەڵگای کورد و ڕاستینەی تەڤگەری (پەکەکە) ناکرێ شیکردنەوەیەکی ورد و زانستیانەمان هەبێت بۆ ئەقڵییەت و چەمک و جموجۆڵە تەسفیەگەراییەکان. هەڵبەتە ئەگەر ڕێبەر ئۆجەلان و پێشەنگانی تەڤگەری (پەکەکە) وەک فاکتەرێکی خودی (ژاتی) وەڵامی هەلومەرجە بابەتییەکە دەدەنەوە، ئەوا مسۆگەر تەسفیەگەران و تەسفیەگەرێتیش لەنێو خودی سروشت و پێکهاتەی کۆمەڵگای کورددا دەرکەوتووە، ئەو کۆمەڵگایەی لەمیانەی باڵادەستبوونی سەدان ساڵەی سیستەمە داگیرکەرەکان لە کوردستاندا شێوەی گرتووە و کارەکتەرێکی تەسفیەگەرێتی پێدراوە. کارەکتەرێک دووژمنایەتی و نکۆڵی لە ناسنامە و هەبوونی خۆی دەکات و دەستەمۆی سیستەمی باڵادەست بووە.
کۆمەڵگای کورد بەهۆی باڵادەستی یەک بەدوای یەکی سیستەمە داگیرکەرەکان و سروشت و تایبەتمەندێتی خۆیەوە نەیتوانیوە بەشێوەیەکی سروشتی پێشبکەوێت، بۆیەش یەکلاییبوونەوەیەکی چینایەتیانەی بەخۆیەوە نەبینیوە و زۆر کەم ململانێکان کەوتوونەتە چوارچێوەی ململانێی چینایەتی. ئەوەی هەیە و یەکلایی بۆتەوە، باڵادەستبوونی چینێکی بەکرێگیراو و تەسلیمکار و پاشکۆی سیستەمە داگیرکەرییەکانە و خۆی وەک چینێکی سەرووی کۆمەڵگا نیشان دەدات. بۆیە ناکۆکی و ململانێی کۆمەڵگا (گەل)ی کورد لەگەڵ ئەو چینە باڵادەستەدا ڕاستەوخۆ ناکۆکی و ململانێ بووە لەگەڵ سیستەمە داگیرکەرییەکاندا. چونکە بەرجەستەکەری ئەقڵییەت و چەمک و کولتووری داگیرکەری بووە لە کوردستاندا، بەڵام لەگەڵ دەرکەوتنی تەڤگەری (پەکەکە) و بەرزکردنەوەی تێکۆشانە فرە ڕەهەندی و فرە تەوەرییەکەیدا، ناکۆکی و ململانێییەکانی لەگەڵ ئەقڵییەت، چەمک، کولتوور و ڕەفتاری ئەو چینەدا خەست و قووڵتر کردەوە. ئەمە هەم لەئاستی کۆمەڵگادا بەگشتی و هەمیش لەنێو تەڤگەردا بەتایبەتی، یەکلایی بوونەوەیەکی لێبڕاوانەی لەرووی کەسێتی، ئەقڵییەت، چەمک، کولتوور و جموجۆڵدا پێشخست. بۆیە ناکۆکی و ململانێیە چینایەتییەکان زیاتر لەزەمینەی ئایدیۆلۆژی، سیاسی و کولتووری و کۆمەڵایەتییدا پەرەیسەند. لەبەر ئەوەی تەڤگەری (پەکەکە) تەڤگەری کۆمەڵگای ژێرینە و لەپێناو بەرژەوەندی و هیوا و ئامانجەکانی ڕەگەز و چینەکانی ژێرەوەدا لەنێو تێکۆشان و بەرخۆدان دایە، ئەوا ئەمەش ڕاستەوخۆ ناکۆک و دژبەری بەرژەوەندی و هیوا و ئامانجەکانی چینە باڵادەستەکەی نێو کۆمەڵگایە. ئیدی تەڤگەری (پەکەکە) وەک دینامیکێکی بەهێزی هەڵاوێردکردنی یەکلاییکردنەوەی کەسێتی، ئەقڵییەت، چەمک، کولتوور و جموجۆڵی چینەکان بووە بە خاکێکی بەپیت و فەڕی ئەو هەڵاوێرد و یەکلاییکردنەوەیە و چڕ و قووڵکردنەوەی ناکۆکی و ململانێییەکان.
لەم چوارچێوەیەدا؛ هەڵگرانی کەسێتی، ئەقڵییەت، چەمک، کولتوور و تایبەتمەندییەکانی ئەو چینە باڵادەستە لەنێو تەڤگەری (پەکەکە)دا، لەمیانەی پێداگیری و سەپاندنی کەسێتی ئەو کارەکتەرەی لەکۆمەڵگاوە لەگەڵ خۆیاندا هێناوە بۆ نێو تەڤگەر، وەک زەمینە و پاڵنەری سەرەکی دەرکەوتنی کەسێتییە تەسفیەگەراکانە. بۆیە دەرکەوتنی تەسفیەگەرێتی لەسەر بنەمای چەمکی فیوداڵ پیلانگێڕی بەکرێگراو، بۆرژوازی لیبڕالیزەبووی تەسلیمکار، چەتەگەرێتی، لومپەنێتی و گروپچێتی، پیاوسالارێتی و پارچەگەرایی وەک چەندین خەتی تەسفیەگەرێتی لەقۆناخە جیاوازەکانی مێژووی تێکۆشانی تەڤگەری (پەکەکە)دا دەرکەوتووە و پێشکەوتنی تەوەرە و ڕەهەندەکانی تێکۆشانی (پەکەکە)ی ئاستەنگ کردووە و خواستوویەتی تەواوی تەڤگەر بەلاڕێدا ببات، مارژیناڵ و پارچەی بکات و قەدەری شوومی شکست و تەسلیمکاری بەسەر تەڤگەر و گەلدا بسەپێنێتەوە.
هەڵبەتە ئەو زەبرانەی تەسفیەگەرێتی بەتەڤگەر و گەلی گەیاندووە، ئەگەر زیاتر نەبێت، کەمتر نەبووە لەو زەبرانەی کە پیلانگێڕییە دەرەکییەکانی داگیرکەران و هێزە پاشڤەڕۆکانی کورد و زلهێزە ئیمپریالیستەکان بە تەڤگەر و گەلیان گەیاندووە. هەرچەندە ڕێبەر ئاپۆ و (پەکەکە) تێکۆشانی فەلسەفی، ئایدیۆلۆژی و ڕێکخستنیان لەبەرامبەر چەمک و ئەقڵییەتە تەسفیەگەراییەکان بەبنچینە وەرگرتووە، بەڵام تەسفیەکاران بە پیلانگێڕییەتی و شێوازە مەکیاڤیلیستییەکان و جموجۆڵی شاراوە و دەست تێکەڵکردن لەگەڵ پیلانگێڕانی دەرەکی پەرەیان بە تەسفیەگەرێتی خۆیان داوە. بەمەش تەسفیەگەرێتی بەپێداگری لەسەر سەپاندنەوەی سروشت و کارەکتەری کۆمەڵگای باوی کورد و چینە باڵادەستەکەی خواستوویەتی گەوهەر و فەلسەفە و ستووندەکانی شۆڕش بەدینامێتی تەسفیەگەرێتی هەپڕوون بە هەپڕوون بکات و بیسڕێتەوە.
بەڵام سەرەڕای هەموو ئاستەنگ و ئێش و ئازارەکان و لەدەستدانە ماددی و مەعنەوییەکان و بەفیڕۆدانی دەرفەتە زێڕینەکان، پیلانگێڕێتی ناوخۆیی و تەسفیەگەرێتییەکان نەیانتوانیوە دیالیکتیکی پێشکەوتن و مەزنبوونی تەڤگەری (پەکەکە) ڕابوەستێنن، (پەکەکە) و گەل لە فەلسەفەی ژیانی ئازاد و شکۆمەندێتی بەدوور بخەنەوە و بەلاڕێییدا ببەن. ئیدی بۆ یەکەمین جار لەمێژووی گەلی کورددا مەیل و هێڵی تەسلیمکاری و بەکرێگیراوێتی و خیانەتکاری لەبەرامبەر مەیل و هێڵی ئازادیخوازێتی و بەرخۆدان و وڵاتپارێزێتی سەرناکەوێ و شکست دێنێ.
ئەمەش پێگەیەکی شکۆداری بە ڕێبەر ئاپۆ و تەڤگەری (پەکەکە) لەمێژوو و ڕۆژگاری ئەمڕۆ و داهاتووی گەلی کورد و مرۆڤایەتیدا بەخشی.
لەمێژووی تەڤگەری (پەکەکە)دا، ڕۆڵ و پێگەی ڕێبەر ئۆجەلان وەک ئافرێنەرو بنیادنەری تەڤگەری (پەکەکە) دەردەکەوێتە ڕوو، ڕێبەر ئاپۆ بەتێکۆشانی مەزن و بەردەوامی فەلسەفی، هزری، ئایدیۆلۆژی، سیاسی و ڕێکخستنی خۆی سیما و گەوهەری بەم تەڤگەرە داوە و پێشیخستووە و مەزن و فراوانی کردووە. سەرچاوەی بنچینەیی هزری، باوەڕی، مۆڕاڵ، جورئەت و فیداکاری و قارەمانێتی هێز و ئیرادەی تەڤگەر و گەل ڕۆڵگیربووە و ڕێبەرایەتی و سەرۆکایەتی سەرجەم قۆناخ و قەڵەمبازەکانی کردووە. هەروەها لەکەسێتی خۆیدا سیستەمێکی هزر و ژیان و پراکتیکی هاوچەرخ و ڕادیکاڵی بەرجەستە کردووە و خۆی لەنێو ڕۆح و هزر و ژیان و پراکتیکی تەڤگەر و گەلیشدا تواندۆتەوە و وەک فەلسەفە و پارادیگمایەک بۆ ژیانەوەی نەتەوەیی و ئافراندنی کەسێتی و کۆمەڵگایەکی ئازاد ئاوێتەگیر بووە.
لەگەڵ هەڵکشانی تێکۆشانی تەڤگەری (پەکەکە)دا؛ پیلانگێڕییە دەرەکی و نێوخۆییەکان لەبەرامبەر ئەو تەڤگەرە بەگشتی و کەسێتی ئۆجەلان بەتایبەتی، تا هاتووە چڕوپڕ و شەڕانگێزتر بووە. تەوەری سەرەکی زۆربەی پیلانگێڕییەکان لەدەوری کەسێتی ئەودا خولاوەتەوە. چونکە ئەو ڕاستییە دەرکی پێکراوە کە ئافرێنەری فەلسەفە و سیستەمی تێکۆشان و ژیانی ئەم تەڤگەرە (رێبەر ئۆجەلان)ە. بۆیە ئۆجەلان بۆ سیستەمی سەرمایەی جیهانی (ئیمپریالیستی) و داگیرکەران و هێزە وابەستە کوردییەکان بۆتە فۆبیای هەرە مەترسیداری دواچارەکی سەدەی بیستەم و ئێستای ئەم سەدەیە...
لەپێناو ڕەواندنەوەی ئەو فۆبیایەدا تەواوی هەوڵ و تەقەللاکانیان کردۆتە یەک و لەرێگەی ناوزڕاندن، بێکاریگەرکردن، هەوڵی تیرۆرکردن، دەستگیرکردن... و لەرۆژگاری ئەمڕۆشدا ژەهرخواردکردنی دەیانەوێت ئەنجامگیر ببن. بەڵام لەدوا ئاکامدا مایەپووچ بوونە. هۆکارێکی زۆر بنچینەیی ئەو مایەپووچییەش فەلسەفە و پارادیگمای سەربەخۆ و ئازادیخوازانەی خودی بەڕێز ئۆجەلانە، کە لەدەرەوەی بازنەی ئەقڵییەت، لۆژیک و چەمکی باو و باڵادەست و سەپێنراودا دینامیکی پێشکەوتن و گۆڕانکاری خۆی ئافراندووە و دەستبەرداری لە دیالیکتیکی بنچینەیی خۆی نەکردووە و نەکەوتۆتە ژێر ڕکێفی هیچ زیهنییەت، دەسەڵات و هێزێک. بێگومان ئەگەر بخوازین لەم هۆکارە سادەیە قووڵ ببینەوە و لێی تێبگەین ئەوا پێویست بە خوێندنەوە و لێتۆژینەوەی قووڵی سەرجەم بەرهەمە فەلسەفی، ئایدیۆلۆژی، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی بکەین و قۆناخەکانی ژیان و تێکۆشانیشی بخەینە ژێر لێکدانەوە و شیکردنەوەوە.
خاڵی هەرە سەرنجڕاکێش لەکەسێتی بەڕێز ئۆجەلاندا ئاوێتەبوون و یەکانگیربوونی نێوان فەلسەفە و ژیانی، هزر و تێکۆشانی، تیۆری و پراکتیکەکەییەتی. هەروەها لەتەواوی قۆناخەکانی ژیان و هزر و تێکۆشانیدا سیمای فەلسەفەیەک، پارادیگمایەک لەگەشە و نەشونماکردن دایە و تادێت چڕ و قووڵ و فراوان دەبێتەوە، کە لەگەڵ هەر ئەزموون و هەنگاوێکی کرداریانە (پراکتیزەکردن)دا خۆی هەڵاوێرد دەکاتەوە و خۆی لەبێژینگ دەداتەوە. لەرووێکی دیکەشەوە؛ ڕەخنە و ڕەخنە لەخۆگرتن وەک گرنگترین پرۆسەی ئەو هەڵاوێردکردن و لەبێژینگدانەدا هەمیشە ئامادە و بەردەوامە.
بێگومان لێرەدا دەرفەتی ئەوە نییە قسە لەسەر ئەو مەسەلانە و خودی کەسێتی بەڕێز ئۆجەلان، لەهەموو ڕووێکەوە، بکرێت، ئەمە لەتوانستی منیشدا نییە. بەڵام دەکرێ تێخوێندنەوەیەکی وردی ئەو مێژووە ببێتە دەروازەیەک بەرووی تێگەیشتن لەکەسێتی بەڕێز ئۆجەلان. چونکە کارەکتەری بنچینەیی و سەرەکی ئەو تەڤگەرەیە. لەو باوەڕە دام تێگەیشتنێکی قووڵی هەمەلایەنە لەکەسێتی ئەودا، خۆی لەخۆیدا دەبێتە وەڵامێک بۆ ئەو پرسیارەی کە؛ ئەنجامدانی ئەم هەموو پیلانگێڕییە و گردبوونەوەی ئەم هەموو پیلانگێڕانە لەدژی بەڕێز ئۆجەلان بۆچی؟ لەوانەیە زۆر وەڵام بۆ ئەو پرسیارە ئامادەبکرێت، بەڵام لەو باوەڕەدام وەڵامی هەرە سادە و یەکانگیر لەگەڵ ڕاستینەی ئۆجەلان و ڕاستینەی ئەوانەی لە ئۆجەلان دەترسن و وەک فۆبیا و نوێنەری مەترسیدارترین تەڤگەر و گەل دەبینن ئەوەیە؛ ئۆجەلان دەخوازێت خۆی و گەلەکەی و تەواوی مرۆڤایەتی، لەژینگەیەکی سروشتی خاوێندا، بە ئیرادەی ئازاد و سەربەخۆی خۆیان بژین، هەموو کەسێک، گەلێک، ڕەگەزێک، ئایینێک، ئایینزایەک و هەموو پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکی تر بە ناسنامە و تایبەتمەندییەکانی خۆی بژیت. ئەو تەڤگەرەی ئافراندوویەتی و ئەو گەلەی سەرلەنوێ خستییەوە سەر شانۆی ژیان، هەموو ئەو تێکۆشان و بەرخۆدانەی کردوویەتی لەپێناو گەیشتن بەو ئامانجە ئاراستەگیربوونە. سەرجەم ئەوانەش کە مەرگی خۆیان لەبەدیهێنانی ئەو ئامانجەدا دەبیننەوە، ئۆجەلان وەک هۆکار و هێز و مۆراڵی بەدیهاتنی ئەو ئامانجە دەبینن، بە سەرچاوەی زیندووکردنەوەی سەرجەم خەون و یۆتۆپیا جوان و فردۆسییەکانی مرۆڤایەتی دەبینن. ڕاستییەکەیشی هەر وایە. بۆیە ئۆجەلان وەک ئیرادەیەک کە بەهیچ شێوەیەک ڕامناکرێت و دەستەمۆ و دەستخەڕۆ نابێت، بۆتە کانگای باوەڕی و هیوا و مۆڕاڵ و وزە و توانستی هەموو ئەوانەی هەمان خەون و یۆتۆپیا و داخوازی ئۆجەلانیان هەیە. ئیدی ئۆجەلان بۆتە ڕەمزی هەموو ئەوانەی دەخوازن بەئازادی و بۆ ئازدی بژین و بمرن. مسۆگەر ئازادیخوازان، گەلی کورد، ژنان، لەپێشەنگی ئەوانەن کە لەدەوری ئۆجەلان گرددەبنەوە. چونکە هێشتا تام و چێژی ژیانە سروشتی و ئازادییەکەی زەمەنی نیۆلۆتیک (چەرخی بەردینی نوێ) لەقووڵایی کەسێتی کورد و ژندا خۆی حەشارداوە و هەزاران ساڵە لێی بێبەشکراون. بۆیە کورد و ژن ئاشق و شەیدای هەرە مەزنی ئازادیین. هەڵبەتە ئازادیخوازانی نێو گەلانی خۆرهەڵاتی ناوین و جیهانیش کە ئازادی خۆیان لە ئازادی کورد و ژناندا دەبیننەوە، بێدوودڵی لەدەوری ئۆجەلان گردبوونەتەوە و لەمەودواش گرددەبنەوە. ئیدی بەو هزر و فەلسەفە و سیستەمەی باوەڕی پێی هەیە و لەخۆیدا بەرجەستەی کردووە، لەپێناویدا تا ئاستی دەستگیرکردن و ژەهرخوارکردن بردراوە، دەمێکە لەوە دەرچووە تەنیا گوزارشت لەخودی خۆی وەک کەسێک بکات، بەڵکو لەپێناو ئازادیدا خۆی لەنێو قووڵایی مێژووێکی پڕ لەتێکۆشان و بەرخۆدانی ملیۆنان مرۆڤدا تواندۆتەوە، مسۆگەر ئەوەی لەنێو قووڵایی مێژووێکی وەها شکۆداردا توابێتەوە ئەوا لەرۆژگاری ئەمڕۆ و ئاییندەیەکی شکۆداریشدا هەر دەبریسکێتەوە. حیکمەتە نەمرەکەی مێژووش لەمەدایە.[1]