ناونیشانی پەڕتووک: دۆگماتیزم و شارستانییەت
ناوی نووسەر: #حەسەن جودی#
شوێنی چاپ: #سلێمانی#
چاپخانە: چاپی ئەلکترۆنی
ساڵی چاپ: 2018
ئەوەی لەم نامیلکەیە دەیخوێنیتەوە بریتییە لە کۆمەڵێک وتار کە لەساڵی 2004دا هەفتانە لە گۆشەی ڕامانگەی هەفتەنامەی (رۆژی وڵات)دا بڵاوکراونەتەوە. کۆی وتارەکان چەند تەوەرەیەکی هاوبەش سەبارەت بە دۆگماتیزم و شارستانییەت لەخۆوە دەگرێت و لەم چوارچێوەیەشدا هەندێک لە پرسەکانی تاک و کۆمەڵگە ڕاڤە دەکات. ئەم وتارانە؛ هەرچەندە هەفتانه نووسراون، بەڵام بەیەک نەفەس و قووڵبوونەوه داڕێژراون. هەر وتارێک سەربەخۆیە و لەهەمانکاتیشدا لەگەڵ وتارەکانی تردا یەکتر تەواو دەکەن.
پێویستە ئەوە بخەمەڕوو کە لەم وتارانەدا، بەهۆی پێویستیی دەربڕینەوە، کۆمەڵێک زاراوە و دەستەواژەم بۆ جاری یەکەم داڕشتووە، داڕشتنەکەش زیاتر لە تەسریفکردن (تصريف)ی چاوگی وشەیەکی کوردی ئاساییەوە وەرمگرتووه. بۆیە ئه و زاراوە و دەستەواژانە ئەوەندەی داڕێژراو و تەسریفکراون ئەوەندە داتاشین و داتاشراو نیین. هەرچەندە زۆربەی ئه و زاراوە و دەستەواژانەم پێش یان دوای ئەم کۆمەڵە وتارانەش بەکارهێناون. بەڵام زۆرترینیان بۆیەکەمجار لەم کۆمەڵە وتارەدا بەکارهێنراون. هیواخوازم تەسریفکردن و داڕشتنەکە شوێنی خۆیان گرتبێت و واتا و مەبەستەکان بگەیەنن.
مسۆگەر کۆکردنەوە و چاپکردنەوەی ئەم کۆمەڵە وتارە بەیەکەوە سوودی زیاتر هەیە وەک لەوەی ئەوکاته هەفتانە بڵاو دەکرانەوە. لەڕووی هزریشەوە؛ ئەوەی لەم وتارانەدا هاتووە تاڕادەیەک دەربڕی ئاستی بیرکردنەوەی زەمەنی نووسینی وتارەکانە، ڕەنگبێ لە زۆر مژاری باسکراودا قووڵبوونەوەی بیر و ڕوانینەکانم فراوانتر بووبن، بەڵام نەمویست بەهیچ شێوەیەک گۆڕانکاریی تێدا بکەم. جگە لەهەندێ دەسکاریی زۆر بچووک لەڕووی وشەسازی و ڕستەسازی و ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی چاپ.[1]