دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
هەڤاڵان سڵاوی کۆتایی هاتن و سەرکەوتنی دیداری یەکێتیتان لێ بێت..
ئەگەر ساڵان بۆ یادی دامەزراندنی یەکێتیی تەنها ئاهەنگمان دەگێڕا و یادی شەهیدان و مامی ڕێبەرمان دەکردەوە، ئەوە ئەمساڵ جیاوازتر پێشوازیمان لە یادی دامەزراندنی حیزبە تێکۆشەرەکەمان کردەوە.
چ ئاهەنگێک لەوە خۆشتر و جوانتر و باشترە کە لەڕێی دیداری یەکێتییەوە بڕیاری پێداچوونەوە بە سیاسەت و داڕشتنەوەی ڕۆئیا و پلانی نوێ و گونجاو لەگەڵ ویست و داواکاریی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانمان داوە.
چ یادکردنەوەیەکی شەهیدەکانمان لەوە شایستەترە کە بریارمان داوە دیداری یەکێتی بۆ پێداچوونەوە بە سیاسەت و هەڵوێست و داڕشتنەوەی دید و ڕۆئیامان بکەینە نەریتێکی ساڵانە بۆ ئەوەی یەکێتی وەک هەمیشە پێشڕەوی نوێگەری بێت لە کوردستان.
هەروەها چ ڕێزلێگرتنێک لە کادر و تێکۆشەرە دێرین و نوێیەکانمان لەوە ڕاستگۆ و بە نرخترە کە لە دیداری یەکێتیدا ڕاستەوخۆ بەشداردەبن لە دیاریکردنی سیاسەت و هەڵوێستی حیزبەکەیان.
پێمان وایە کۆتاییهاتنی سەرکەوتووانەی دیدار و چەسپاندنی دیدار وەک نەریتێکی ساڵانە نوێکردنەوەی ڕاستەقینەی یەکێتییە و بەمەش لەلایەکەوە جەژنی ئەمساڵمان بووە بە دوو جەژن و لەلایەکیتریشەوە بەم خۆنوێکردنەوەیە بە باشترین شێوە یادی دامەزراندنی حیزبەکەمان و یادی ئەو تێکۆشەرانەمان کردۆتەوە کە گیانی شیرینی خۆیان لەپێناو ئامانجەکانی یەکێتی بەخشی، یان بە یەکێتییەوە ماندووبوون و ڕەنجیان بۆ کێشاوە.
هەڤاڵان دەمێک ساڵ بوو یەکێتی پێویستی بەوەبوو لە دەرەوەی دروشم خۆی نوێ بکاتەوە، دەمێک ساڵ بوو پێویستی بەوەبوو بۆ داڕشتنەوەی سیاسەت و ڕۆئیا بگەڕێتەوە بۆ ناو کادر و تێکۆشەرەکانی خۆی و بەشدارییان پێ بکات، ئەمساڵ لەم دیدارە ڕەسمییە بەسەرپەرشتی هەڤاڵ #قوباد تاڵەبانی#، ئەم هەنگاوە گرنگەمان دەست پێکرد. ئەمساڵ بە کردار سەلماندمان کە یەکێتی حیزبی کادرانە و ڕۆڵی کادران لەمەودوا لەناو حیزبدا زیاتریش دەبێت.
کاتێک حیزبێک دەبێتە حیزبی کادران و بە هەزاران کادر لە شار و ناوچەی جیاوازەوە بەشدار دەبن لە دانانی سیاسەتی حیزبدا، بە دڵنیاییەوە ئەو حیزبە دەبێتەوە بە حیزبی کۆمەڵانی خەڵکیش، چونکە کادرانی یەکێتی هەڵقوڵاوی ناو جەماوەرن و هەڵگری خواست و داواکاری خەڵکن.
یەکێتی کە لەسەر بنەمای دوو چەمکی کوردایەتی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی دامەرزاوە، لەمەودوا هەردوو بنەماکە لەخۆیدا بەهێزتر دەکات. لەم قۆناغەدا کە وڵاتەکەمان بە دەست کێشەی دادپەروەری کۆمەڵایەتییەوە دەناڵێنێت، بۆ لەمەودوا یەکێتی لە هەموو سیاسەت و هەڵوێستەکانیدا پرسی دادپەروەری کۆمەڵایەتی بە بنەما دەگرێت و پەرەی پێ دەدات.
سەبارەت بە پرسی حکومڕانیش، وەک سەرۆک بافڵ #جەلال تاڵەبانی# ڕایگەیاند پێشتر کەموکوڕی زۆرمان هەبووە و هەڵەی گەورە کراوە، بەڵام چیتر یەکێتی نەک هەر ڕێگە بە دووبارەبوونەوەی ئەم هەڵانە نادات، بەڵکو یەکێتی لەسەر هەردوو ئاستی کوردستان و عێراقیش دەبێتە حیزبی پێشەنگ بۆ ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوەی حکومڕانی و بونیادنانی حکومڕانیی تەندروست.
حکومڕانی تەندروست لە ڕوانگەی ئێمەوە تەنها حکومڕانییەکی شەفاف و دەستپاک نییە، بەڵکو حکومڕانییەکی زانستیشە، بەو واتایەی نابێت بەپێی حەز و باوەڕی تاکەکەسی هیچ هەنگاوێک بهاوێژرێت، بەڵکو هەر پلان و سیاسەتێک پێشتر دەبێت لەرووی زانستییەوە لەلایەن خەڵکی پسپۆڕ و ئاکادیمییەوە داڕێژرابێت و لە ئەنجامەکەی تا ڕادەیەکی زۆر دڵنیابین، بۆ ئەوەی چیتر ژیانی خەڵک بەهۆی هەڵەی حکومڕانییەوە نەکەوێتە مەترسییەوە.
لە کۆتاییدا جارێکیتر یادی دامەزراندنی یەکێتی و کۆتاییهاتنی سەرکەوتووانەی دیداری یەکێتی لە هەموو هەڤاڵان و جەماوەری یەکێتی پیرۆز دەکەین و دەستی هەموو هەڤاڵانی یەکێتیی بەگەرمی دەگوشین و پێیان دەڵێین دەستتان خۆش و ماندوو نەبن و سوپاس بۆ هەمووتان
پێکەوە بەرەو جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی دیدار، دوای پەسەندکردنی لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی، و گەشانەوەی بەردەوام و تاسەری یەکێتییە تێکۆشەرەکەتان.
دیدارتان باش و هەمیشە سەرفراز بن
لیژنەی باڵای دیداری یەکێتیی[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!