دەقی پەیامەکەی بافڵ تاڵەبانی:
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
یەکێتییە قارەمان و تێکۆشەرەکان
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەکان، زیندانیانی سیاسی و کەمئەندامانی سەنگەر.
لە یادی 47 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و (46)هەمین ساڵەی هەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان، لە دڵەوە پیرۆزبایی ئەم یادە مەزن و ڕۆژە مێژووییەتان لێدەکەم.
لەم ڕۆژە پیرۆزەدا دروود و سڵاو بۆ ڕۆحی پاکی ئەو شەهیدە قارەمانانە دەنێرین کە خوێنی خۆیان کردە قوربانیی ئامانجە باڵاکانی یەکێتی کە خەبات بوو لەپێناو سەرفرازیی خەڵکی کوردستان. سوپاس و پێزانینی زۆرمان ئاڕاستەی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان دەکەین کە نموونەی وەفاداریی و خۆڕاگرین. ڕۆڵی سەرکردە قارەمان و تێکۆشەرەکانی ڕۆژانی خەبات لەیاد ناکەین و بەڕێزەوە یادیان دەکەینەوە. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەناوی ڕەنجدەران و هەژارانەوە گەشەی کرد و هەر ئەوانیش بەردەوامییان بە کاروانی خەباتدا، بۆیە ئەم ڕۆژە مەزنە بەتایبەت لە ئەوان پیرۆز دەکەین و سەری ڕێزمان بۆ قوربانیدان و تێکۆشانیان دادەنەوێنین. لە ساڵانی ڕابردوودا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە چەند قۆناغێکی سەخت و دژواردا تێپەڕی، بەڵام ڕۆحی بەرەنگاریی یەکێتییە دڵسۆز و قارەمانەکان بوو کە شکستی گۆڕی بۆ سەرکەوتن. بۆیە خۆمان بە قەرزار و سوپاسگوزاری ئێوە دەزانین و ئەو هەڵوێستە جوامێرانە و مێژووییەتان لەیادناکەین.
هەڤاڵانی سەربەرز، لە دوای دیداری یەکێتییەوە حزبەکەمان دەچێتە قۆناغێکی نوێی کاری سیاسییەوە. نوێبوونەوە و چاکسازی بنەمای کارکردنمان دەبێت و داڕشتنەوەی سیاسەتێکی نوێ بۆ بونیادنانی داهاتوویەکی سەقامگیر و حوکمڕانییەکی تەندروست کاری لە پێشینەمان دەبێت.
ئێمە بەڵێنمان بە خەڵکی سەربەرزی کوردستان داوە خزمەتیان بکەین و قەرەبووی ساڵانێکی پڕ لە قەیران و سەختییان بۆ بکەینەوە. ئەمەش هاوکاری و هەماهەنگی هەموولایەکمانی پێویستە و دەبێت لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتییە مێژوویی و نیشتمانییەدا بین.
لەم بۆنە پیرۆزەدا جەخت لەوە دەکەینەوە کە پارێزەری بنەما نەگۆڕەکانی یەکێتی دەبین کە خۆی لە پاراستنی مافی مرۆڤ، ئازادی ڕادەربڕین و پتەوکردنی پایەکانی دیموکراسیدا دەبینێتەوە. جەخت لە قووڵکردنەوەی ڕۆحی تەبایی نێوان نەتەوە، پێکهاتە و ئاینزاکان دەکەینەوە و فرەڕەنگی کوردستانمان دەپارێزین. گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن لەگەڵ هێز و لایەنەکانی هەرێمی کوردستان دەکەینە بنەمای کارکردن تاوەکو هەموومان پێکەوە بتوانین خزمەتگوزارییەکی شایستە و داهاتوویەکی سەقامگیر بۆ خەڵکی کوردستان دەستەبەر بکەین. لەسەر ئاستی عیراقیش دەستوور دەکەینە پێوەری کارکردنمان بۆ بەدەستهێنانی ماف و داوا ڕەواکانی میللەتەکەمان. لە ڕوبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بەردەوام دەبین و ڕێگری لە بەهەدەردانی سامانی گشتی دەکەین. پشتیوانی گەنجە دڵسۆزەکانمان دەبین و هاوکاریان دەبین بۆ پەرەپێدان و گەشەکردنی تواناکانیان. سروشتی جوانی کوردستان و ژینگەمان لەیاد نەکردووە و دەمەوێت لێرەوە بۆ هەموولایەکی ڕابگەیەنم لە ئەمڕۆوە تاوەکو یادێکی تری دامەزراندنی یەکێتی، یەک ملیۆن نەمام لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان دەچێنین و سەوزکردنی کوردستانمان لە ئەستۆ دەگرین.
سڵاو لە ڕۆحی پاکی سەرکردە و ڕابەڕمان سەرۆک مام جەلال و دروود بۆ گیانی هەموو شەهیدانی ڕێگای خەبات و شکۆمەندی.
هەر شاد و سەرفرازبن
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
1ی 6ی 2022 [1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!