دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
23مین ساڵیادی دامەزراندنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان پیرۆزبێت
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بە هیممەت و تێکۆشانی ئەندام و دۆست و هاوکارانی، پێی ناوەتە بیست و سێهەمین ساڵی دامەزراندنیەوە. 22 ساڵ خەباتی بێوچان لە پێناو دۆزی ڕەوای گەلەکەماندا، 22 ساڵ هەوڵ و تێکۆشانی بەردەوام لە پێناو یەکڕیزی و یەکێتی نەتەوەیی. لە پێناو دیپلۆماسیەتێکی نەتەوەیی و پەیداکردن و فراوانکردنی دۆستایەتی لەگەڵ دۆزی ڕەوای کوردستانیان، تێپەڕاندووە. لەو ماوەیەشدا بەبێ دواکەوتن هەموو جڤین و جڤاتە گشتییەکانی خۆی بە شێوەیەکی سیستەماتیک پێکهێناوە. سەدان کۆنفرانسی لە ناو دەزگا نێونەتەوەییەکان و پەرلەمانی ولاتان لەسەر پرسی کوردستان ڕێکخستووە. هەزاران چاوپێکەوتنی دیپلۆماسی بە مەبەستی درووستکردنی لۆببی و ناساندنی دۆزی کوردسان و پشتیوانیکردنی بەڕێوەبردووە. لەسەر ئاستی نەتەوەییش دەیان کۆنفرانس و کۆبوونەوەی ڕاوێژی نەتەوەیی و دیالۆگی ناوخۆیی ڕێکخستووەو، بووە بە پردێک لە نێوان پارت و ڕێکخراوو کەسایەتیی کوردستانیی و پێکهاتە باوەڕی و ئیتنییەکانی کوردستاندا. بێگومان ئەم کارانە هەمووی بە ڕەنج و تێکۆشانێکی بەردەوامی هەموو ئەندام و دۆستانی ک ن ک بەڕێوەچووە.
لە مێژووی کوردستاندا تا ئێستا دەزگایەکی نەتەوەیی وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستانمان نەبووە. کە 22 ساڵ بەردەوام بێ پسانەوە لە خەباتی نەتەوەییدا لە کاردا بێت. بەڵام بێگومان بێ کەموکوڕیش نییە. نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی کە دڵی هەموومان ئەخوازێت. بۆئەوەی ک ن ک بەهێزتربێت و بتوانی زیاتر ڕۆڵی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆی بگێڕێت، پێویست بە هەوڵ و تێکۆشانی بەردەوام و جدییە. پێوست بە دووربینی و ڕوانینی ستراتیژییە، پێویست بە زیاتر لێکتێگەیشتنی سەرجەم کوردستانیانە بە هەموو جیاوازیەکانیانەوە.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان وەک کەناڵێکی گرنگی تێکۆشان لە خەباتی ئازادیخوازیی گەلی کوردستاندا، بەردەوام پشتگیری خەباتی کوردستانیان لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا بووە. لە دژی هێرش و داگیرکاریی داگیرکارانیش هەمیشە لەسەر خەت بووە و ڕۆڵی پێشەنگانەی خۆی بینیوە و ئەیبینێت.
ساڵیادی دامەزراندنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە هەموو گەلی کوردستان پیرۆزبێت. لە گیانی هەموو شەهیدانی کوردستان و سەرجەم خانەوادەی شەهیدان پیرۆزبێت. لە هەموو ئەندامانی پێشووتر و نوێ، لە هەموو زیندانیان و بە تایبەتیش لە بەڕیز عەبدولا ئۆجالان کە پێشنیازی دامەزراندنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستانی کرد و بەردەوام و بە لێبڕاوی ئەو پرسەی ئەهێنایەوە بەر باس، تەنانەت لە زیندنیشدا کە چاوی بە پارێزەرەکانی کەوت، یەکەم داوای ئەوەبوو کە بۆ دامەزراندنی کۆنگرەی نەتەوەیی دەست و برد بکەن. هەروەها لە هەموو شەروانانی ئازادیی، لە گەریلا و پێشمەرگەو هێزەکانی پاراستنی گەل پیرۆزبێت. لە ڕۆحی ئەو ئەندامانەی کە کۆچی دواییان کرد و بەجێهێیان هێشتین. [1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!