بێشکچی، قەڵەمێکی ئازا و ئازاد!
#خەلیل عەبدوڵڵا#
ئیسماعیل بێشکچی، زانا و بیرمەندێکی کۆمەڵناسی تورکە، بەهۆی هەڵوێست و بەرهەمەکانییەوە، لە سەرانسەری گۆی زەویدا وەک سیمبولی ئازایەتی و ئازادیخوازی و داکۆکیکاری سەرسەختی گەلی کوردستان ناسراوە.
بێشکچی زیاتر لە17ساڵی تەمەنی لە کونجی زیندانەکانی تورکیادا بەسەر بردووە، لە زیندان ئازاری قورسی جەستەیی و دەروونی دراوە، چەندین سزای دیکەی دارایی دراوە، بەڵام هەموو ئەوانە کۆڵیان پێنەداوە، خۆی گوتەنی لەپێناوی پرسی rەوای گەلی کوردستاندا زیاتر سوور بووە لە سەر بیروبۆچوونەکانی، ئەو بەتەنها لەرێی هزر و قەڵەمەکەیەوە، چۆکی بەو دەوڵەتە گەورەیە داداوە، ناچاری کردووە تاڕادەیەک واز لە سیاسەتی نکۆڵیکردن و سڕینەوەی گەلی کوردا بهێنێ ، بەناچاری دان بەوەدا بنێ کە لە تورکیا بێ لەگەلی تورک، گەلێکی دیکە بەناوی کورد هەیە.
بەڵێنی داوە
کتێبی (بیرەوەرییەکان) کە لە نووسینی (د.ئیسماعیل بێشکچی)یە، لەنێوان ساڵانی (2019-2020) ئامادە کراوە و ساڵی 2021 بەزمانی تورکی بڵاو کرایەوە، ڕۆژنامەنووسی بە ئەزموون (محەمەد عیزەدین) بەکوردییەکی شیرین و پارا و وەرگێڕاوە و کۆتایی مانگی ئایاری ئەمساڵ بڵاو کرایەوە و کەوتە بەر دیدەی خوێنەران.
ئەم کتێبە کە 654 لاپەڕەیە، تەنها بیرەوەرییەکانی ناو زیندان دەگێڕێتەوە، هەروەک بێشکچی خۆی لەپێشەکی کتێبەکەدا باسی دەکات، لەم کتێبەدا باسی بیرەوەرییەکانی سەردەمی منداڵی و گەنجی نەکردووە، بەڵینی داوە ئەو قۆناغانەی تەمەنی، لە دووتوێی کتێبێکی دیکەدا بخانە ڕوو.
بێشکچی، ئەم کتێبەی پێشکەش بە خاتوو (لەمان بێشکچی) هاوسەری کۆچکردووی کردووە، کە لە12ی نیسانی 2021 ماڵئاوایی لەژیان کردووە.
وەک دەڵێن لە پشت هەر پیاوێکی مەزنەوە، ژنێکی مەزن هەیە، بێگومان، لەمان بێشکچی قەڵایەک بووە لە پشت د. ئیسماعیل بێشکچییەوە، لەبارەی هاوسەرەکەیەوە، بێشکچی دەڵێ : (هێزی من لە هەموو ئەو ڕووداو و زوڵم و زۆرەی بەهۆی نووسین و کتێبەکانمەوە بەسەرم هاتوون، هەر لەئامادەکردنیان و بڵاوکردنەوەیانەوە و کاردانەوەکانیدا، لەسایەی لەمان بێشکچیی هاوژینم بووە، ئەو گوڕ وتینی پێبەخشیم بەسەر زوڵم و ناهەقییەکاندا سەربکەوم، ئەو بەرگەی زۆر ڕووداوی گرت، وایکرد ئەو ڕووداوانە تێپەڕن، بۆیە کتێبەکەم پێشکەش بەو هاوسەرە خۆشەویستەم دەکەم).
بێشکچی، لەوڵاتێکدا دەژیا، کە ئایدۆلۆژیای فەرمیی دەوڵەت، باڵی بەسەر هەموو بوارەکانی ژیاندا کێشابوو، ڕای ڕەسمی دەوڵەت ئەوە بوو کە لەتورکیا یەک گەل و نەتەوە هەیە، هیچ گەل و نەتەوەیەکی دیکە نییە، ئەم ئایدۆلۆژیا ڕەسمییە، باڵی بەسەر هەموو وڵات و تەنانەت زانکۆ و ناوەندەکانی دیکەی ڕۆشنبیری و توێژینەوەدا کێشابوو، هیچ ڕا و دەنگ و نووزەیەکی پێچەوانە نەبوو، هەموو لەگەڵ ئایدۆلۆژیای فەرمی بوون و جەختیان لەسەر ئەو سیاسەتەی دەوڵەت دەکردەوە.
بێشکچی، دوای تەواو کردنی خوێندنی زانکۆ، بۆ خزمەتی سەربازی چووە ناوچە کوردنشینەکانی تورکیا، ئەو کە بەچرای زانستی کۆمەڵناسی مێشکی ڕۆشن بوبۆوە، لەو ناوچەیە، شتێکی دیکەی جیاوازی لەرای ڕەسمیی دەوڵەت بینی، ئەو لە نزیکەوە خەڵکێکی دیکەی بینی کە زمان و کەلتوور و جلوبەرگیان جیاوازە لە خەڵکی تورک، ئەوان گەلێکی دیکەن، تەنانەت لەزمانی تورکەکانیش تێناگەن و پێویستیان بە وەرگێڕە.
ئەو ڕاستییەی سەلماند
ئەو بابەتە سەرنجی بێشکچی ڕاکێشا و بووە مەراق و خولیای، کەخزمەتی سەربازی تەواو کرد، چوەوەوە زانکۆ، ئەو پرسەی کردە بابەتی توێژینەوەی زانستیی نامەکانی ماستەر و دکتۆرا، ئیدی پرسی کورد بووە خەون و خولیای و خۆی بۆ تەرخانکرد، لەبەر ڕۆشنایی چرای زانستدا، بەهێمنی ئەو ڕاستییەی سەلماند، کە گەلێکی دیکەی جیاواز هەیە و نابێ نکۆلی لێبکرێ و هەوڵی توانەوەی بدرێت.
ئەو بۆچوونانەی کە بە وتار و کتێب و لێکۆڵینەوەی زانستی پێشکەشی کرد، وەک بۆمبای سەردەم دەنگی دایەوە، وەک خۆی باسی دەکات، بۆچوونەکانی ئەو بە بۆمبڕێژکردنی پایەکانی دەوڵەت لەقەڵەم درا.
ئیدی لەسزای ئەوەدا وەک هەنگاوی یەکەم لە زانکۆ دەرکرا و بە یەکجاری دوور خرایەوە.
لەشەست ساڵی ڕابردوودا، دادگاکانی ئاسایش و سەربازی وڵات بەدوایەوە بوون، زیاتر لە 17 ساڵی تەمەنی لەو دیوی شیشی زیندانەکانەوە بەسەر برد، لەسەر وتارێک کتێبێک زیندانی دەکرا و حوکم دەدرا، ئازاد دەکرا، لەسەر نامەیەک، وتارێک، کتێبێکی دی، لێدوانێک، کۆڕێک، دەستگیر دەکرا و حوکمی دیکەی بەسەردا دەدرا، ئەو زیاتر لەنیو سەدە لەزیندان و بەرێی زیندان و دادگاوە بوو، ئیدی زۆربەی بەرێوەبەرانی زیندان، دادوەرەکان، زیندانییەکان دەیناسی، ئەو هیچ زەبر و زەنگ و سزا و ئازاردانێکی جەستەیی و دەروونی، کۆڵیان پێنەدا و لەسەر بیروباوەڕی خۆی سوور بوو، ئەو بەهێمنی و لێکدانەوەی زانستیی بەڵگەدار، کۆڵی بەوان دا و ئەو دەوڵەتە گەورەیە هاتە سەر ڕوانینەکانی ئەو و دانی بەوەدا نا گەلێکی دیکە هەیە.
بێشکچی، خولیای خوێندنەوە و نووسین بوو، تەنانەت لە ناو زیندانە تاریکەکانیش، وێڵی دوای کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامە بوو، لەم زیندان بۆ ئەو زیندان دەیگواستنەوە، هەندێ جار دەیناردنەوە بۆ ماڵەوە.
لەدەرەوەی زیندان، بواری زیاتری بۆ خوێندنەوە و نووسین هەبوو، خولیا و ئاشقی ئەو بوارە بوو، لەم کتێبەدا شتێکی خۆش باس دەکات، دەڵێ : ئێوارەیەک پارەی کڕینی ڕۆژنامەیەک و پارەی پاسەکەم پێبوو، ڕۆژنامەیەکم کڕی، دواتر ناوونیشانی وتارێکی ڕۆژنامەیەکی دی، سەرنجی ڕاکێشام، ئەویشم کڕی و پارەی پاسەکەم پێ نەما، بڕیارم دا بەپێ بڕۆمەوە بۆ ماڵەوە، بەڵام لەشانسی من، کردی بە باران و تۆفانێک نەمتوانی بەپێ بڕۆمەوە، چوومە عیادەی دکتۆرێکی هاوڕێم پارەم لێوەرگرت بۆ گەڕانەوە.
بێشکچی، لەزیندان دەیان کەسایەتیی سیاسی و ڕووناکبیری ناسی، زیندان بۆ ئەو بوو بە قوتابخانە و ئاسۆی بیرکردنەوەی فراوانتر کرد و وەک ئازادیخوازێک بووە جێی ڕێزی ڕێکخراوەکان و ئازادیخوازانی جیهان.
ئەو دەرگای وڵاتانی ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسا و چەندین وڵاتی دیکەی بۆ واڵا بوو، بەرێزەوە پێشوازیان لێدەکرد و بەتاسەوە گوێیان لە بیرو بۆچوونەکانی دەگرت، لەدوو زانکۆ دکتۆرای فەخری پێدرا.
ئەو بوو بەباڵوێزی ناساندنی پرسی کورد لەسەرانسەری جیهاندا، ئەوەی ئەو بیرمەندە تورکە بۆ کورد کردوویەتی شتێکی ناوازەیە، شێرکۆ بێکەس وتەنی: نموونەی وەک بێشکچی، کە هەموو ژیانی پێشکەش بەگەلی کورد کردووە، لەناو نەتەوە سەردەستەکاندا دەگمەنە، بێشکچی وەک پیاوی داستانە گەورەکان، هەتا هەتایە بەپیرۆزی لەناو دڵ و دەروون و ویژدانی گەلی کوردستاندا دەمێنێتەوە.[1]