ڕزگارکەری نیشتمان
ڕوبا ڕێحانی
و: محەمەد عەبدوڵڵا
سەختە ئەمڕۆ کەسێک بدۆزینەوە خۆی لەبیربکات و لەپێناوی نیشتمانیدا قوربانی بدات، بەڵام ئەستەمیش نییە. ئەمەیە کە ئەو داستانە کۆمەڵایەتییە ئیستخباراتیەی سین عەینی نوسەری عێراقی د. ئەیاد تەها دەریدەخات، چونکە لەو ڕۆمانەدا کە خانەی ئەلئەیامی ئوردونی بڵاویکردەوە، نووسەر لە باو دەردەچێت و لە ژیاننامەی خۆی دوور دەکەوێتەوە، هەر لەیەکەم ساتی خوێندنەوەیەوە ئاشکرادەبێت کە خاوەنی دڵێکی بارگرانە بە خەمی گەل و خۆشەویستی نیشتمان، داوای شۆڕشێکی خوێناوی ناکات، بەڵکو شۆڕشی هزری کە چەکەکەی زانست و پلان داڕێژانی تۆکمە بێت بۆ پاراستنی سامان و سەرچاوەکانی نیشتمان لە دوژمنانی.
هەڵبژاردنی ناوی ڕۆمانەکە زۆر زیرەکانە و سەرنجڕاکێشەرە، وەک ئەوەی خوێنەر بدوێنێت و پێیبڵێت فەرموو بەرەو قوڵایی، لەوێ ڕووداوگەلی سەرسوڕهێنەر چاوەڕێتە. هەر کە دەستیش بە خوێندنەوە دەکەیت، دەبینیت لە سەرەتاوە تیشک لەسەر پاڵەوانەکەی سین عەین و کارەکتەرە کەمەکانیەتی، کە گێڕەرەوە مکووڕە لەسەر ئاشکرانەکردنی ناوی ڕاستەقینەی خۆی بۆ وروژاندنی تامەزرۆیی و ئەندێشە یان ڕەنگە بۆ ڕاکێشانی نەوەی نوێ بێت تا هانی خوێندنەوەیان بدات. ئەم ڕۆمانە لەیەک کاتدا هەڵگری گوتارێکی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئایینی، ڕۆشنبیریی و ڕۆمانسیشە، کۆکردنەوەی هەموو ئەمانە دەیکاتە کارێکی داهێنەرانە.
سین عەینی پاڵەوان لە سەرەتای لاوێتیدابوو، هاوسەرگیری کردووە و کوڕێکی هەیە، فەرمانبەرێکی ئاسایی دەوڵەتە، بەرەو پێشچوو تا گەیشتە ئەوەی چالاکی ڕزگارکردنی گەلەکەی پێبسپێردرێت لە کارێکی تیرۆرستی، کە ڕەنگە ببوایەتە هۆی لەناوبردنی ژیانی چەندین ڕۆڵەی بێتاوانی گەل و نەتەوەکەی، ئەم چالاکییە نهێنی و مەترسیدارە بریتیبوو لە بەرگرتن بە تەقاندنەوەی چەکێکی کیمیاوی کە بە نەخشەیەکی تایبەت دروستکرابوو لەلایەن مامۆستایەکی زانکۆوە کە لە یەکێک لەزانکۆکانی وڵاتێکی بێکێشەی دەرەوەی عێراق وانەی دەوتەوە. بەهۆی هەندێک گۆڕانکاری لۆجستی لە نەخشەکەدا، فەرماندەکانی وازیان لێهێنا و ئەو پشتگیرییەی لەدەستدا کە پێویستی بوو بۆ بەئەنجامگەیاندنی چالاکیەکەی، بەڵام ڕزگارکردنی ڕۆحی ڕۆڵە بێتاوانەکانی گەلەکەی سەر بە هەر تائیفەیەک بن ئەو پێشینەیەبوو کە هەرچیەکیش ڕوویبدایە دەستبەرداری نەدەبوو. نووسەر بۆمان ڕووندەکاتەوە کە پاڵەوانەکەمان پیاوێکی بەئیرادە و بیروباوەڕە و وابەستەی بەهاکانیەتی و پیاوی نەهامەتیەکانە. سین عەین وڵاتەکەی بە منارەی زانست و دایکی شارستانیەتەکان و ئایین و نەتەوە جیاوازەکان دەزانی، لە لاپەڕە 305دا پاڵەوانەکەمان لەگەڵ خۆی دەدوێت و دەڵێت: تۆ کەڤاڵێکی مرۆڤایەتیت بە هەموو نەتەوە و ئایین و مەزهەبێکتەوە، بۆیە دەیانەوێت خاکت بە خوێن ڕەنگ بکەن، بەڵام متمانەت هەبێت لەتۆوە شۆڕش و گۆڕانکاریی نەتەوەکەمان دەتەقێتەوە، پەیمانت دەدەمێ هەر ئەمە بیروباوەڕم دەبێت، هەرگیز لە شەڕانگێزی ناترسم و واز لە چەوسێنەر ناهێنم.
ڕووداوەکان لە سێ وڵاتدا ڕوودەدەن، لە هەر وڵاتێک ناو و بارودۆخ و ڕۆڵێکی جیاوازی هەیە، کە بووە هۆی جیابوونەوەی لە هاوسەر و خۆشەویستی ژیانی و کوڕەکەی و لە ژیانی دەرهێنران، تەنانەت لە هەڵوێستێکدا ناچاربوو بڵیت مردوون. پاڵەوانەکە ڕۆڵی چوار کەسێتی دەبینێت، جارێک دەیبینین لە چینە نازدارەکەیە و خاوەن موڵک و مۆڵی بازرگانییە، جارێک کرێکارە و جارێکیش فەرمانبەر، چەکی بێ ڕەسیدی ئیمزا کرد و بە قەرز مۆڵەکەی پڕکرد لە کەلوپەل، کاتێکیش ڕاپێچی بەندیخانەکرا، خالید دەرفەتی قۆستەوە تا بەهۆی ئەو ڕق و کینەیەی دڵی تەنیبوو، تۆڵە لە زاواکەی بکاتەوە، چونکە سەرکەوتوو بوو. بۆیە دەستی گرت بەسەر موڵکەکانیدا و چەندین داوای هەڵبەستراوی لەسەر تۆمار کرد، هەوڵیدا خوشکەکەی پێ تەڵاق بدات. هەر لە بەندیخانە هاتە دەرەوە لەسەر ڕێچکەی خۆی بەردەوام بوو بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەرکەکەی لەپێناو پاراستنی نیشتمانەکەیدا، تەنانەت ئەگەر دوا سەربازی ئەم گەردوونەش بێت.
نووسەر ڕووداوەکانی ڕۆمانەکەی وەک ئەو کەسە چنییەوە کە پێویستی زۆری بە وردەکاری و لێوردبوونەوەیە لە نەخشاندنی پۆشاکێکی عەرەبیدا، نووسەر بە مەبەست ڕۆمانەکەی لەڕێی کۆد و ئاماژەوە بنیادناوە تا عەقڵی خوێنەر ناچار بکات تێکستەکە شیبکاتەوە و نێوانی دێڕەکان بخوێنێتەوە، چونکە ڕۆمانێکی ئیستخباراتی ئاڵۆزە، بەمەبەست ویستویەتی لەیەک کاتدا لە ڕێگەی دواندنی سۆز و ئاوەزەوە ڕەگەزی سەرسوڕمان بوروژێنێت. بەدرێژایی ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە، پاڵەوانەکە وەک پیاوێکی ڕۆشنبیری بەئاگا دەرکەوتووە کە لەپێناوی بەرژەوەندی گەلەکەیدایە و بەتەواوی درک بەو مەترسیە دەکات کە دەوری نیشتمان و حکومەتەکەی داوە و لەدەرەوە ئاراستە دەکرێت و وڵاتانی ناحەز فشاری بەسەردا دەسەپێنن.
کۆتایی ڕۆمانەکە بەکراوەیی دەبینین، وەک ئەوەی نوسەر ئەیاد تەها بڵێت بەشی دووەمیشی ماوە، هەروەها بیەوێت بڵێت ئەوەی دادێت بۆ دواڕۆژی نەتەوەکەم باشترە، بۆ پاڵەوانەکەمان لە ڕۆمانەکەدا سەرکەوتن لە شەڕدا نییە، بەڵکو بەئاشتییە، ئاشتیش بەوە دەبێت ڕۆڵەکانی نیشتمان بە زانست و ڕۆشنبیری لە ڕێی ڕزگارکەرەکانەوە سەر پێ بخرێن، دوای ئەوەی پاڵەوانەکەمان چالاکیەکەی بە ئەنجام گەیاند بە لەناوبردنی پرۆفیسۆرەکەی داهێنەری چەکە کیمیاویەکە بوو، کۆمەڵیک دەستەبژێری لە ڕۆشنبیر و خوێندەوارانی بە سەرکردایەتی ئەفسەر زیاد کۆکردەوە، پاڵەوانەکە فەرمانی پێکرد بیانکات بە چوار گرووپەوە، ڕاگەیاندن، ئاینیی، کۆمەڵایەتی و هێزێکی ئامادە، چوار کەسی بەتوانای تەکنۆکراتی لێهەڵبژاردن بۆ دامەزراندنی حکومەتی سێبەر یان ئەوەی بە حکومەتی ڕزگاری نیشتمانی دەناسرێت.
لەکاتی چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئەو گرووپە بچووکەی پێکهاتبوو لە زیاد و ژنێک و سێ پیاوی دیکە، پاڵەوانەکە بەخێرهاتنی کردن، سەرەتا خاتوونە گەنجە سی ساڵانەییەکە خۆی ناساند بە ناوی شیارەوە کە لە زمانی کوردیدا بەمانای شۆڕش دێت، نووسەر لە ڕۆمانەکەدا بە مەبەست ئاماژەی پێداوە، چونکە کوردەکان نەتەوەیەکی دێرینن، بەو پێیەی میدیاکار بوو، پاڵەوانەکە داوای لێکرد سوپایەکی ئەلەکترۆنی دروست بکات بۆ هاندانی خۆپیشاندان لە ژێر ناوی گێڕانەوەی وڵات و پاککردنەوەی لە گەندەڵکاران و حیزبەکان، هەروەها لە دەست تێوەردانی وڵاتانی دراوسێ و ڕێگەگرتن لێیان لە جێبەجێکردنی ئەجێنداکانیان لە عێراقدا. هەرچی ڕەعد و تەها و عیسای مەسیحیش، تا جەخت کردنەوە بێت لە بوون و مێژووی مەسیحیەکان لە عێراقدا، هەر یەکێکیان ڕۆڵێکی لە سنووری دەسەڵات و پسپۆڕی خۆیدا پێسپێردرا، چاوپێکەوتنەکەش بەوە کۆتایی پێدێنێت هانیان بدات کە خاوەنی ورەی پتەو بن و واز لە پۆستی سەرۆکی بێنن و ببنە سەرکردەی سەرکەوتوو، چونکە سەرۆک جەخت لە وشەی من دەکاتەوە، بەڵام سەرکردەی سەرکەوتوو لە نێو گرووپدا کاردەکات و جەخت لە وشەی ئێمە دەکاتەوە.
ڕۆمانێک شایستەی خوێندنەوەیە بۆ بەرفراوانکردنی تێڕوانینەکان بۆ داهاتوو، چونکە هەر خوێنەرێک لە هەر ڕەگەزێک بێت پێویستی پێیەتی، بە تایبەت کە وەرگێڕدراوە بۆ چەند زمانێک، لەوانە زمانی کوردی و لە هەموو وڵاتانی عەرەبی بەردەستە.[1]